“تۆ قسەم لەگەڵ دەکەیت؟ باشە من تاکە کەسم لێرە”
“ترەڤیس بیکڵ لە فیلمی شۆفێری تەکسی”
ئەوە دوا دێڕە، “باشە، من تاکە کەسم لێرە”، کە هەرگیز لە فیلمەکەدا دانەنراوە. ڕاستترین دێڕی فیلمەکەیە. “تراڤیس بیکڵ” لە فیلمی “تەکسی درایڤەر”دا وەک کارەکتەرێک بوونی هەیە کە پێویستییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی دروست بکات، بۆ بەشداریکردن یان لاسایکردنەوەی ئەو کارلێکەی کۆمەڵایەتییە ئاسانەی هەمووان لە دەووروبەری دەیبینن، بەڵام خۆی بەشدار نیە تیایاندا. فیلمەکە دەتوانرێت وەک زنجیرەیەک لە هەوڵە شکستخواردووەکانی بۆ پەیوەندی بەستن سەیر بکرێت، کە هەر یەکێکیان بە شێوەیەکی بێ هیوا هەڵەن. داوا لە کچێک دەکات بچێتە دەرەوە لەگەڵی بۆ ژوانێک و بینینی فیلمێکی پۆرنۆ. لەفیلمەکەدا کاندیدێکی سیاسی چوکی بۆ دەمژرێت، پاشان بە زەنگ لێدانی کۆتایی دێت. لە شوێنێکی تردا هەوڵدەدات لەگەڵ ئەفسەرێکی نهێنی قسەی سەرزارەکی بکات. تا لەمەوە هاوڕێیەتی منداڵێکی لەشفرۆش بکات، هەرچەندە دەیترسێنێت دووری دەخاتەوە لە خۆی. ئەوەندە تەنیایە کاتێک پرسیار دەکات، “لەگەڵ کێ قسە دەکەیت؟” لە ئاوێنەدا قسە لەگەڵ خۆی دەکات.
ئەم تەنیاییە ڕەهایی “ترەڤیس” بە درێژایی فیلمی شۆفێری تەکسی، دەیکاتە یەکێک لە باشترین و بەهێزترین فیلمەکانی ناو مێژووی سینەما، ڕەنگە ئەوەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی زۆر کەس خۆیانی لەگەڵ هاوشوناس بکەن، هەرچەندە وادەردەکەوێت “تراڤیس بیکڵ” نامۆترین پاڵەوانی فیلمەکە بێت. هەموومان وەک تراڤیس هەستمان بە تەنیایی کردووە. زۆربەمان باشتر مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین. فیلمهكهی مارتن سکۆرسێزی ساڵی ١٩٧٦ (لە سینەماکان و بە ڤیدیۆ پێشکەش کرا دواتر لە ساڵی ١٩٩٦ بە خامێکی ڕەنگاوڕەنگی نۆژەن کراوەتەوە، لەگەڵ دانانی موزیکێکی نوێ لەلایەن بێرنارد هێرمان) ئەوەش وای لێدەکات فیلمهکە هەرگیز کۆن نەبێت و هەندێ لایەنی بە نادیاری بمێنێتەوە. وەک خۆم دەیان جار فیلمەکەم بینیوە. هەموو جارێک کاری لێمکردووە؛ من بۆ ناو جیهانی ژێرزمینی تراڤیس ڕادەکێشرێم کە پێکهاتووە لە نامۆبوون، تەنیایی، بەدبەختی و توڕەیی. ئەوە لایەنێکی بەرفراوانی زانستی سینەمایی پاوڵ شرادەرە، کە بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی Taxi Driver ئیلهامێکی لە فیلمی The Searchers وەرگرتووە. فیلمی جۆن فۆرد لە ساڵی (١٩٥٦) لە هەردوو فیلمەکەدا پاڵەوانەکان وەسوەسەیان بۆ “ڕزگارکردنی” ئەو ژنانە هەبوو، کە لە ڕاستیدا نەیاندەویست ڕزگار بکرێن. چیرۆکی ئەوان وەک ئەو کوڕە دیدەوانە پەند ئامێزە وایە کاتێک یارمەتی خانمە پیرەکانیان دەدا، تاکوو لە شەقامەکە بپەڕێتەوە یان نا. جۆن واین لە فیلمی The Searchers سەربازێکی جەنگی ناوخۆیە و ساڵانێک زۆری ژیانی تەرخان کردوە بۆ گەڕان بەدوای خوشکەزا گەنجەکەیدا، بەناوی دێبی، کە لەلایەن هۆزێک لە هۆزاکانی هیندە سورەکان ڕفێنراوە. بیردەکاتەوە چۆن دێبی لە دەستی هیندییەکان ڕزگار بکات، چوون ئەو وردە وردە لێی دوردەکەوێتەوە.
کاتێک لە کۆتاییدا دەیدۆزێتەوە، پێی دەڵێت هیندییەکان ئێستا خێزانی ئەون، دێبی لێی ڕادەکات. پاشان “واین” پلانی کوشتنی خووشکەزاکەی دادەنێت، بە تاوانی ئەوەی بووەتە “ژنێکی هیندی سوور”. ئیدی دواجار دەیگرێت و، بەرزی دەکاتەوە (لە گرتەیەکی بەناوبانگدا) و پێدەڵێت: “با بگەڕێینەوە ماڵەوە دێبی”. داینامیکی فیلمەکە لێرەدا ئەوەیە پاش ئەوەی “واین” بەشداری لە کوشتنی خەڵکانێکی زۆردا دەکات، ئینجا لە خوشکەزاکەی خۆش دەبێت، ئەو خەڵکانە بۆ ماوەی زیاتر لە پانزە ساڵ خێزانی بوون. لەگەڵ تەواوبوونی فیلمەکەدا، خوشکەزاکەی شاد دەبێتەوە لەگەڵ ئەو خێزانە بایۆلۆژییەکەی کە لە ژیاندا ماون، لە دوا گرتەدا واین بەشێوەی تارمایی لە دەرگایەکدا دەردەکەوێت، ئەمەش جارێکی دیکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی واین پەلکێشکراوەته جیهانە کراوەکان. بە شێوەیەکی بەرچاو هیچ دیمەنێک نییە تیایدا نیشانمان بدات خوشکەزاکەی هەستی چۆنە و چی بەسەر هاتووە. بەهەمان شێوە “تراڤیس بیکڵ” لە فیلمی Taxi Driver دا سەربازێکی دێرینی جەنگە لە دوای گەڕانەوەی جەنگی ڤێتنام توشی نەخۆشیەکی دەروونی ترسناک بووە. دواتر چاوی بە لەشفرۆشێکی تەمەن دوانزە ساڵان دەکەوێت بە ناوی ئایریس (جۆدی فۆستەر)، کە لەلایەن دەیوسێکەوە بە ناوی سپۆرت (هارڤی کایتێڵ) کاری لەشفرۆشی پێدەکرێت. سپۆرت پەڕۆیەکی هیندیە سورەکانی لەنێوچاوان بەستووە و تراڤیسش بڕیار داوە ئایریس “ڕزگار” بکات، ئەو کارەش بە خوێنڕشتنێک ئەنجام دەدات، کە تەنانەت لە فیلمەکانی سکۆرسێزیشدا بێ وێنەیە. نامەیەکی لە دایک و باوکی ئایریس بۆ دێت تیایدا سوپاسی دەکەن کە کچەکەیانی ڕزگار کردووە. دواتر دیمەنێکی پێشووتری گرنگی نێوان ئایریس و سپۆرت ئەوە دەردەخات، کە ئایریس ڕازی بووە ئەو کارەی لەگەڵدا بکات، بەڵام هۆکاری هەڵاتنی لە ماڵەوە بۆ دەرنەخستووە.
پەیامی شاراوەی هەردوو فیلمەکە ئەوەیە؛ پیاوێکی نامۆ ناتوانێت پەیوەندی ئاسایی هەبێت، پیاوێکی نامۆ دەبێتە کەسێکی تەنیا و سەرگەردان، کە بە ئەرکی خۆی دەزانێت کچێکی گەنجی بێتاوان ڕزگار بکات لەو ژیانەی لە ڕابردوودا تووشی لادانی کردووە. لە فیلمی شۆفێری تەکسیدا، ئەم چیرۆکە ناوەندییە بە چەندین هێڵی بچووکتر دەورە دراوە و، هەموویان لەسەر یەک بابەت بوونیاد نراون. چیرۆکەکە لە کاتی بانگەشەی سیاسیدا ڕوودەدات و تراڤیس دوو جار خۆی لەگەڵ کاندیدکراوەکە (پالاتین) لەناو تاکسیەکەیدا دەبینێتەوە. ئەو بە ڕەفتار و پیاهەڵدانە گوماناوییەکەی هەستێکی هەڵە لای بینەر و پالاتین درووست دەکات. دوای ماوەیەکی کەم تراڤیس هەوڵدەدات یەکێک لە فەرمانبەرەکانی بانگەشەی پالاتین “ئازاد” بکات. (سایبیڵ شێپەرد)، فەرمانبەرێکی پالاتینە و شۆخێکە ئایدیالیە کە تراڤیس حەزی لێکردووە. بیرۆکەی تراڤیس گەمژانەیە و بە عەقارێکی هەڵەدا دەڕوات کاتێک دەچن بۆ تەماشای فیلمە پۆرنۆکە. پاشان، دوای ئەو پرۆڤە ترسناکە لە بەردەم ئاوێنەدا دەیکات، دەبێتە پاشخانێک بۆ تیرۆرکردنی پالاتین. دیمەنەکانی پالاتین وەک ژووری پرۆڤە وایە بۆ کۆتایی فیلمەکە. لە ژوانێکی خەیاڵی لەناو قاوەخانەیەکدا گفتوگۆیەکی دۆستانە لەگەڵ هەردوو بێتسی و ئایریس دەکات، واهەستی دەکرد هێرش دەکاێتە سەر ئەو پیاوانەی کۆنتڕۆڵی کردبوون؛ شکستی هێنا لە تیرۆرکردنی پالاتین، دوای شکستەکەی دەچێتە مەیدانێکی نیشانە شکێنی و ڕاهێنانی وەرزش بە دەمانچەکەی دەکات. لە فیلمەکەدا تەوژمی شاراوەو کاریگەری هەیە دەتوانیت هەست پێ بکەیت بەبێ ئەوەی بتوانیت پەنجەت لەسەریان دابنێت. بۆ نموونە هەستە ئاماژەپێکراوەکانی تراڤیس سەبارەت بە ڕەشپێستەکان، لە شوێنی وەستانی شۆفێرانی تاکسیدا بە دوو گرتەی درێژ دەردەکەون، کاتێک لەگەڵ پیاوێکی تردا تاماشای یەکتری دەکەن کە ڕەنگە بازرگانی ماددە هۆشبەر بێت.هەستە دووفاقیەکانی سەبارەت بە سێکس (ئەو لە جیهانێکی پۆرنۆگرافیدا دەژی، بەڵام ئەو چالاکییە سێکسییەی کە لە شاردا چاودێری دەکات، پڕی دەکات لە ڕق و کینە). ئەو ڕقی لە شارەکەیەتی، چونکە کەسانی “خوێڕی” تێیدا نیشتەجێیە. حەز و ئارەزووی کارکردنی شەوانە، شێوازی سینەماتۆگرافەری “سکۆرسێزی”، مایکل چاپمان تاکسیە زەردەکە دەکاتە کەشتییەک کە تراڤیس بەهۆیەوە بە جیهانی ژێرزەمیندا دەگەڕێت، کاتێک هەڵم لە دەرچەی هەواگۆڕکێی شەقامەکانەوە دەردەچێت و تاکسییەکە لە ئاوی بۆری ئاگرکوژێنەرەوەکان سەر شەقامەکە دەدات و ئاو دەپرژێنێت- وەک ڕێڕەوێکی دۆزەخی دەردەکەوێت. فیلمەکە ستایلێکی زرنگدانەوەی شێوە لە یەک چووی لەگەڵ فیلمی Mean Streets (1973) هەیە، یەکەم فیلمی سکۆرسێزی کە تێیدا کیتێڵ و دی نیرۆ پێکەوە کاریان کردووە. لە فیلمی پێشووتردا سکۆرسێزی سلۆمەوشنە جیاوازەکانی جووڵە بەکاردەهێنێت بۆ پێشنیارکردنی ئاستی بەرزبوونەوەی چاودێری لەلایەن کارەکتەرەکانییەوە و لێرەدا ئەو تەکنیکە بە شێوەیەکی دراماتیکتر پەرەی پێدراوە؛ لە کاتێکدا تاکسییەکە بە شەقامەکانی مانهاتندا دەڕوات، ئێمە لە کاتی ئاساییدا دەیبینین، بەڵام لە گرتەی (پۆینت ئۆف ڤیوی) تراڤیس خاو کراوەتەوە: ئەو لەشفرۆش و پیمپەکان لەسەر شەقامەکان دەبینێت و، بەرزبوونەوەی هۆشیاری لە ڕێگەی سلۆمەشنەوە ڕێکخراوە. تەکنیکی سلەومەوشن بۆ بینەران ئاشنایە، بەزۆری لە دیمەنە ڕۆمانسیەکاندا بیبینراوە، یان بۆ دیمەنێک بەکاردەهێندرێت کە پەشیمانی و خەمۆکی تێدایە، یاخود هەندێکجار بۆ دیمەنی کارەساتێک لە ئارادایە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. بەڵام سکۆرسێزی گرتەی پی ئۆ ڤی جیاوازی بەکارهێناوە، ئەوەش پێشنیازێکە بۆ گوزارشت لە دۆخێکی سەبجێکتی.
لە دیمەنەکانی خواردنگەی ناو شۆفێرانی تاکسی، ئەو گرتەی نزیکی (close-ups) بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن سەرنجی تراڤیس جیاوازە لە گفتوگۆکە، سەرنج دەخاتە سەر ڕەشپێستێک کە ڕەنگە پیمپ بێت. یەکێک لە قورسترین کارەکان بۆ دەرهێنەر پێشنیارکردنە لە دۆخی دەرونی کارەکتەرێک بەبێ بەکارهێنانی دیالۆگ؛ یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی سکۆرسێزی لە فیلمی Taxi Driver ئەوەیە؛ ئێمە بباتە ناو دیدگای تراڤیس بیکڵەوە. چەندین پەیوەندی دیکە هەیە لە نێوان Mean Streets و Taxi Driver کە لەوانەیە بێ سەرنج بمێنێتەوە. یەکێکیان “دیدگای چاوی قەشە”یە کە زۆرجار گرتەی سەرەو سەر(overhead shots) بەکاردەهێنرێت، “سکۆرسێزی” وتوویەتی مەبەست لێی ڕەنگدانەوەی قەشەکەیە کە بە چاوێکی سووکەوە سەیری قەبارەی کەلوپەلی پێشەوەی سەر مێزی کەنیسەکە دەکات. ئێمە لە چاوی تراڤیسەوە بەشێکی سەرەوەی رەفەی وێسگەی بەکرێ دانی تەکسی دەبینین، هەندێک شیرینی لەسەر بۆکسی فیلمەکان دانراوە، لە کۆتاییدا دەمانچەیەک لەسەر جێگایەکەیە کە کامێرا بە ڕواڵەت لە سەقفەوە دەبینێت، گرتەیەکی لە سەرو سەرەوە (overhead shots) ئاماژەیە بۆ کۆمەڵکوژییەکەی ناو بینای گڵۆپە سوورەکە
ئەگەر بتەوێت بە شێوەیەکی گونجاو دەریبڕین، گەورەترین کۆتایی قوربانیدانە. لە Mean Streets بوو کە کیتێل چەندین جار پەنجەی دەخستە بەر گڕی مۆم یان شقارتە، وەک تاقیکردنەوەی ئاگری دۆزەخ: لێرەدا شۆفێری تەکسی “دی نیرۆ” دەستی دەخاتە بەر گڕی غازکە. باسێکی زۆر لەسەر کۆتاییەکەی کراوە، کە تێیدا بڕگەی ڕۆژنامەکان دەبینین سەبارەت بە “پاڵەوانێتی” تراڤیس، و پاشان بێتسی دەچێتە ناو تاکسیەکەیەوە و پێدەچێت لەبری بێزاری ڕابردووی ئەمجارە سەرسام بێت. ئایا ئەمە دیمەنێکی خەیاڵییە؟ ئایا تراڤیس لە تەقەکردنەکە ڕزگاری بوو؟ ئایا ئێمە ئەزموونی بیرۆکەی مردنی ئەو دەکەین؟ ئایا دەتوانرێت زنجیرەکە وەک ڕاستییەکی بابەتی وەربگیرێت؟ دڵنیانیم وەڵامی ئەم پرسیارانە هەبێت. زنجیرەی کۆتایی وەک مۆسیقا یاری دەکات نەک دراما: چیرۆکەکە لەسەر ئاستێکی سۆزداری تەواو دەکات نەک بابەتی. کۆتایی نایەت لەسەر کوشتار بەڵکو لەسەر ڕزگارکردن، ئەمەش ئامانجی زۆرێک لە کارەکتەرەکانی سکۆرسێزییە. ئەوان ڕقیان لە خۆیانە، لە گوناهدا دەژین، لە شەقامە خراپەکان دەژین، بەڵام دەیانەوێت لێیان خۆش ببن و پێیان سەرسام بن. ئایا تراڤیس ئەو پێگەیە لە واقیعدا بەدەست دەهێنێت یان تەنها لە مێشکیدا، مەسەلەکە هەر ئەوەش نییە؛ بە درێژایی فیلمەکە، باری دەروونی ئەو واقیعەکەی لە قاڵب داوە و لە کۆتاییدا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئارامی بۆ هێناوە.
سەرچاوە:
Scorsese by Ebert / Roger Ebert
نووسین: ڕۆگێر ئیبێرت
وەرگێڕانی له ئینگلیزییهوه : هۆگر جەزا