“ڕانانێک بۆ فیلمی تامی گێلاس”
هاوشێوەی ئەو فیلمانەی بابەتەکانیان جەنگییە و تەحدای ئەخلاقین بۆ سەربازەکان، ئەمجارە باس لە پیاوێک دەکەین بە جێبە داشقهکەیەوە دەورانێ بەشارێکدا دەسوڕێتەوە تا شەرەفمەندانە مردنێک هەڵبژێرێت، کە خۆی بە شایستەی دەزانێت، لەم خاڵەوە دەتوانین جیاوازی بکەین و دیارە چەمکی شەرەف لە جەنگدا دەتوانێت بابەتێکی ئاڵۆز و مانادار بێت، بە بەراورد بە شەرەف لە ئاشتیدا مرۆڤ هەرنا لەئاشتیدا دەکرێت زۆر کاری بە مردنیش ناگات، چ جای بگات بەوەی کە بە شوێن مردنێکی شەرەفمەندانەدا وێڵ بێت. تامی گێلاسی “عەباسی كیا ڕۆستهمی” تەنها فیلمێکی سادە و ساکار و بێ گرێ نیە، بەڵکوو فیلمێکە لەگەڵ هەر وەستانێک و ڕۆشتنیکی ئۆتۆمبێلەکەی “هومایۆن ئەرشەدی”دا تۆ پڕ دەکات لە پرس و زۆرجاریش بابەتەکە وەک نیهلێستێکی بێ مانا دەردەخات.
زۆرێک لە سەرباز و نەریتە داکۆکیکارە نەتەوەییەکان جەختێکی بەهێز لەسەر شەرەف دەکەنەوە، دەکرێت بنەماکانی وەک ئازایەتی و دەستپاکی و ئەرک لەخۆ بگرێت. لەوانەیە سەربازەکان لە پێناو وڵاتەکەیان، هەڤاڵەکانیان، خێزانەکانیان یان هەستکردن بە ئەرکدا بجەنگن، کە ئابڕوو مەندانەیە لە لایان و تەنیا لە ئەوانی ترەوە هەستی پێدەکرێت. بە شێوازێکی دیکە واتە لە پێناو ئەو کەسەندا دەمرن کە توانایان هەیە لە پاش ئەوان دان بە شەرفیاندا بنێن، یانی ئەوان بۆ ئەوەی لەژێر ئەم ئاسمانە پڕلەکینەدا بە ئارامی بنوون، شایەێکیان دەوێت تا ناویان بەرز ڕاگرێت، ئەم بەرز ڕاگرتنەش پێویستی بەوی دیکەیە تا مۆری خۆی لێبدات، ئێمە نەک بۆ ژیان بەڵکو بۆ مردنیش یان بۆ شایەتی مردنێکی پڕشکۆش پێویستمان بەوی دیکەیە، بۆیە لەفیلمەکدا کارەکتەر بەدوای پرسێکی وجوودی خۆی کەوتووە، دەیەوێت بیکوژن، هەر ئەم وویستن لەلایەن ئەوی دیکەوە بەسە تا تا گوێبیستی عەباس بین کاتێک پێمان دەڵێت: تەنانەت لەسەرە مەرگیشدا ڕای ئەویدکە گرنگە، دەبێت ئەوی دیکەش حەزبکات بمرم، ئینجا دەمرم، فیلمەکە بێ پاساو ئاماژە بە ئەڵتوریزمی تاکی ئێرانی دەکات، تاکی ئێرانی بەوە دەناسێنت کە لەدوالیزمی کێبڕکێی بەرامبەر ڕزگاری نابێت، ئەمە بەلای فەڕەنسیەکانەوە سیگناڵێکی سەرنجڕاکێش بوو، ئەوان وەک فیلمێکی گرنگ لێیان ڕوانی و ئاست و پێگەی عەباسیش بەم دەرخستە ناوەکیە بەرەو جیهانی ڕۆشت و لای سەرەوە دانیشت.
بیستوومانە بابەتی مردن بۆ شەرەف لە جەنگدا، چەندین سەدە لە ئەدەب و فەلسەفە و ئەخلاقدا لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و بۆچوونەکان دەربارەی دەتوانن زۆر جیاواز بن، بەڵام بابەتی شەرەف لە ئاشتیدا زۆر کەم ئاماژەی پێکراوە، دەگوونجێت فیلمەکە لەم تێڕوانینە قوڵەیدا بۆ ئەو کاتەی هەمووشتێک باشە پێکابێتی، چونکە ڕێک ئەوکاتەی هەموو شتێک باشە، هیچ شتێک باش نەبێت، واتە کاتێک ئێمە لە سەر سفرەی خوانێکی بەتاڵیش دابینیشین، هەر لەسەرمان حیسابە، هەر ئابڕوومان دەچێت و گومانێک لە ناوبانگمان درووست دەبێت، لەبەر ئەمەیە کارەکتەرەکە واهەست دەکات لەم باردۆخەی هەمووان بەشتێک ڕازین و ناوبانگیان لە ژێر پرسیاردایە، ئەم ڕازی نیە، لەناو کولتووری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا مەسەلەی لە کەدار بوونی ناوبانگ ئاسان نییە و مرۆڤ هەر شتێک بکات لە پێناو ئەوەدایە کە خێزان و بنهماڵە و ناوبانگە کەسییەکەی بپارێزێت، عەباس گەرچی لە ناوی کارەکتەرەکەیمان پێ ناڵێت، بەڵام تا ئەو جێیە زۆر گرنگە کە ئێمە بێ ناویش بین هەر خۆمان بۆ ناوێک بەخت دەکەین. ئەو تێمایەش زۆر گرنگە لەسەر شوناسی کەسی، لەسەر پارێزگاریکردن و بەرگریکردن لەناو، ناکرێت وەک بێ شەرەفێک ببینرێم.
لایەنێکی دیکەی فیلمەکە کە لەلایەن عەباسەوە بەرزکراوەتەوە؛ دەکرێت زۆر ناڕوون بێت و نادیار بێت، بەڵام بەلای ئەوانەی سینفیل و ڕەخنەگرن زۆر ڕوونبێت، ئەویش «ڕێزگرتنە لە خۆ» کە دەزانین لای زۆربەمان تۆزی لەسەر نیشتووە ئەم قسانە و لەناو کۆمەڵگاکانی خۆڕهەڵاتدا بەڕاستی ڕێزگرتن لە تاک و بەتایبەتیش تاک لە خۆی زۆر دەگمەنە، هەندێک لە تاکەکان پێیان وایە شەڕکردن بۆ دۆزی دادپەروەرانە ڕێگایەکە بۆ پاراستنی ڕێزگرتن لەخۆیان، وەلێ کاتێک ئەمەیان بۆ ناکرێت و ناتوانن مافی خۆیان بستێنن، پەنا دەبەنە بەر یەکپارچەیی کەسیی خۆیان. لەوانەیە هەست بکەن کە پاشەکشەکردن لە بەرامبەر ناخۆشیدا بێشەرەفیە، بۆیە ئەم گەڕانەوە ئەبەدییە بۆ خۆ بەدرێژەی فیلمەکە ڕێزێکی بێ ئەندازەمان بۆ ناوەوە نیشاندەدات، بەو واتەیەیی ئێمەش مرۆڤین و دەکرێت بریارەکانمان لە دەستی خۆماندا بێت، یا هەڵبژارندنەکانمان بە وویستی خۆمان بێت، با وویستیشمان لە مردن بێت، خۆ هەر گرنگە لە دەستی خۆماندا بێت.
“تامی گێلاس” جوان کار لەسەر گەڕان دەکات، گەڕانێکی مانادار بۆ مردن، وەک ئەوەی بیرمان بخاتەوە چەندە ژیان گرنگ بێت، هێندەش مردن گرنگە، چونکە واباوە لای ئێمە کە هەر گرنگی بە ژیان بدەین و تیایدا هەر چۆنێک بێت، هەرچەنێک ڕیسواش بین هەر بژین، کە لەڕاستیدا ئەمەش پێچەوانەی بەهای مرۆڤایەتیمانە و ژیانیش هێندە قەدری نیە وەک ئەوەی ئێمە بیرمان لێ کردۆتەوە، بۆیە هەر کات مرۆڤ نەیتوانی بەهاکانی بپارێزێت باشترە، بەشەرەفەوە پێشوازی لە مردن بکات، چونکە ژیانێک لە ژێر هەڕەشەی بێشەرەفیدا بەسەری ببەی، ناتوانیت ناوی بنێن ژیان.
لە کەسێک بۆ کەسێک، لە تاقمێک، لە گروپێک، لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر، دەگونجێت مانای ژیان جیاواز بێت، بەتەواوی نازانین چۆن کارەکتەرەکە بیر لە مانای ژیان دەکاتەوە، بەڵام مانای ژیان زۆر “سوبژێکتیڤییە” پشتبەستن بە ئەزموون و بیروباوەڕ و بەها و پاشخانی کولتوورییە کەسییەکان دەگۆڕێت، هەندێکجار لە پەیوەندییە کەسییەکاندا دەگۆڕێت، هێنانی کەسێک بۆ ژیانت و مانەوە و خۆشەویستیەکانتان بۆ یەکدی ئیماکانی گۆڕانی مانای ژیان، بۆیە ژیان تەنیا و بێ دەستەکەوتیش هەر ژیان، بۆ کەسێک پەلکەزێڕنەکان خۆڵەمێشی دەبینێ، کەسێک کە ڕەنگیش نابینێت هەر ژیانە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەگشتی مانای ژیان بۆ دەستکەوتە کەسییەکان کورتکراوەتەوە، ئەوی بە دەستی نەهێنێت بە پووچی دەزانێت و ئەویشی پێیدەگات بە پڕی دەزانێت، لێرەدا یارمەتی کەسانی تر مانایە و هەشە هەر نازانێ مانا چییە، لەبەر ئەمەیە عەباس پێشنیازی گەڕانمان بۆ دەکات، تێکەڵبوون و ئاشنا بوونی بەوانی تر، ئێستا کاتی ئەوەیە بڵێین فیلمەکە نەک نیهلێستێکی بێ مانا نیە، بەڵکوو لە کەدار کردنی نهیلیستیە بەوەی هێشتا گرنگە گووێ لەوانی تر بگرین، تەنانەت لەو پەڕی مردنیشدا کە بڕیارمان دابێت بڕیارەکە نەگۆڕین، هێشتا گرنگە چەند شتێکی تر لەسەر ژیان بزانین. بەتایبەت مانای ژیان.
هەرچەندە ژیرانە نیە، جیاوازی مەرگ و ژیان لای خۆرهەڵاهەت و خۆرئاوا بکەین، جیهان بەسەر ڕەش و سپیدا دابەش بکەین، هێندەی ئەوەی گرنگە لە ژێر ڕکێفی دینەکاندا بێنە دەرێ و لە عابەسیش بترازێت ئەو دەستەی هەڵگری ڕوونکردنەوەی مانای مردنە لە ئایینەکاندا، هیشتا لە جوڵەدایە، لەم فیلمەدا بە ناڕاستەوخۆی گوتاری تاک بەوە خۆی تەواو دەکات، ئیشتیهای لە مردنە وەک لە ژیان، ئەمەش بەر ماوەی ئەو نەریتە زاڵە دینیە نیشان دەدات، کە لە ناوچەکەدا باڵا دەستە، یانی ئێمە گەر بمانەوێت و نەمانەوێت تاکی ڕوو لە مەرگین بە گوێرەی عەباس، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی دینیمان، لەم پەروەردەیەدا زۆر ژیان هێڵێ بەژێردا نەهاتووە و ژیان زۆر گرنگ نیە.
بەنزیکەیی لەکۆتایی سێ چارەکی فیلمەکەدا کارەکتەری باقری دێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە ئەم کارەکتەرە گرنگترین بەشی چیرۆکەکەمان پێ ئاشنا دەکات، لەڕێی دیالۆگەکەیەوە کە باس لەوە دەکات ویستووێتی خۆی بکوژێت، بەڵام بە هۆی تامی دەنکێک گێلاس ڕزگاری بووە، ئەم ڕزگار بوونەش وەک ئاماژەیەک دێتە بەر گوێمان چۆن ئێمە بەر لەوەی تامی ژیان بکەین، بڕیاری خۆ کوشتنمان داوە، هەڵبەت ئەوەی دەخوازێت ژیان بێتام بێت، کاتێکە تاک لە چوارچێوە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکەی بۆ فەراهەم ناکات و، ڕوانگە ڕۆحانییە دینەکانیش یارمەتیدەر نین لەوەی تامە ڕاستەقینەکەی ژیان بکەین، بۆیە عەدەمیەتێکی تەندرووست لە دایک دەبێت تیاماندا وابیر دەکەینەوە، ژیان لە بنەڕەتدا مانایەکی نییە و تاکەکانیش ناتوانن ئامانجی خۆیان بدۆزنەوە. گەرچی بیرۆکەی ژیان “بە-تام” مێتافۆریکە و هەندێک جار مێتافیزکێکی وەهمی کەسییە، یان ڕێگەیەکی شیعرییە بۆ دەربڕینی پێزانینی مرۆڤ بۆ ئەو ئەزموون و خۆشی و چێژانەی کە ژیان دەتوانێت پێشکەشی بکات، وە یاخوود زۆرجار مرۆڤەکان مێتافۆڕی زمانی مەجازی بەکاردەهێنن بۆ وەسفکردنی ئەو دەوڵەمەندی و چێژەی کە لە ژیانیاندا دەیدۆزنەوە، کت و مت هاوشێوەی ئەوەی کە ڕەنگە ئێمە چۆن باسی گێلاسێکی بە تام بکەین.
لە ڕاستیدا “عەباسی كیا ڕۆستهمی” تەواوی بیروبۆچوونە فەلسەفییەکانی باس لەمردنە بایۆلۆژییەکان دەکەن، بە تێکڕای هەموویان وەلا دەنێت، پاشان ئەو دیدگا سواوەی پێی وایە کۆتایی ئەرکەکەمانە، هیچ کارێکمان نەماوە، بەڵکوو ئەو باس لەمردن دەکات وەک پرسێکی کەسیی وەک میتۆدێک بۆ بەردەوامی سوڕانەوەی ژیان، کە بەترسێک بیری لێدەکرێتەوە و هیچ کاتێک نەبۆتە ڕامانێکی قوڵی فەلسەفی، یان ڕامانێکی هۆشیاری، لەفەلسەفەدا مرۆڤ لایەنە هۆشیارییەکەی مردن تاو و توێدەکات، لەبەر ئەمەیە هەر چەشنە مانایەکی بەدەستەوە بێت گوزارشتی لێدەکات، چونکە خودی فەلسەکە کاری دۆزینەوەی مانایە، گەرچی ئەم مانایە بۆ زۆربەمان بەهای نیە، بەڵکوو ئامانجی هەیە ئیدی ئەو ئامانجە هەرچییەک بێت، بە نموونە لە فیلمەکەدا ئامانج مردنێکی شەرەفمەندانەیە و شەریعەت نەدانە بە ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری، کە لایەکەوە بەڕاستی ژیان پڕ بێت لە ساتی ئەزموونێکی دڵخۆشکەر و چێژبەخش و مانادار و، لایەکی ترەوەش بەهەمان ڕادە دەتوانێت پڕبێت لە تەحەدا و سەختی، ئێمە وەک چۆن ژیانمان قبووڵە گرنگە مردنیشمان قبووڵبێت، ئەو چاوەڕوانییە زۆرەمان لە ئەویش بێت، واتە بەسادەیی نە ژین و داوای مردنێکی سادەش نەکەین، بەڵکووبەدوای مردنێکی شەرەف مەندانەدا ڕابکەین، تا لەم سۆنگەیەوە گەر بۆ ئەوانیش گرنگ نەبوو بیری خۆمانی بخەینەوە کە مرۆڤین و لەگەڵ ئەوەی پاڕادۆکسەکە لەوەشەوە سەرچاوەی گرتووە، کە مرۆڤ بۆ ژیان بەنرخترە بە بەراورد مرۆڤ بۆ مردن.
سهرچاوهكان:-
- Taste of Cherry (1997) , director Abbas Kiarostami.
- Abbas Kiarostami: Interviews, which includes conversations from 1991 to 2016.
- Cinematic Lessons From ABBAS KIAROSTAMI Paperback – August 18, 2018, (Author) by Mahmoud Reza Sani