چه‌ند ڕۆژێكه، به‌تایبه‌تیش پاش لێدوانه‌كانی “حه‌یده‌ر عه‌بادی و یوسف كیلابی” و چه‌ند كه‌سێكی تر، له‌ناو میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردیدا، ئه‌و قسه‌یه هاتووه‌ته‌وه به‌رباس، كه گوایه به‌غدا ئاماده‌یه ڕاسته‌وخۆ مووچه بدات به مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێم ڕازی نییه. چه‌ند په‌رله‌مانتار و سیاسییه‌كی كوردیش پێدانی مووچه ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه به مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، به چاره‌سه‌ری گونجاو ده‌زانن و به بایه‌خه‌وه باس له هه‌نگاوێكی له‌و جۆره ده‌كه‌ن، باس له‌وه‌یش ده‌كرێت، كه هه‌وڵێك بۆ ئه‌وه له په‌رله‌مانی ئێراق خراوه‌ته‌گه‌ڕ. تا ئێستا قسه‌كردن له‌م بابه‌ته له‌ناو میدیای كوردیدا، ته‌نیا له‌سنووری ڕووكاری بابه‌ته‌كه‌دایه و خۆی له‌قه‌ره‌ی ناواخن و ڕه‌هه‌نده گرنگه‌كانی نه‌داوه.
هێشتا ڕوون نییه ئه‌و قسانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه ده‌كرێن، ته‌نیا لێدوانی په‌رله‌مانتاران و سیاسییه‌كانن، یان له ناو پلان و به‌رنامه‌ی حكوومه‌تی بهغدایشدان؟ ئایا تا ئێستا به‌غدا به فه‌رمی ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه و داوای له حكوومه‌تی هه‌رێم كردووه بۆ ئه‌و كاره یان نا؟ ئه‌گه‌ر داواكه‌ی كردووه، ئه‌ی میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی چۆن دیاری كردوون؟ ئه‌ی هه‌ڵوێستی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌و باره‌یه‌وه چییه؟ پاساوی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ ڕه‌تكردنه‌وه یان قبوڵكردنی داوایه‌كی له‌و جۆره چییه؟ له‌كاتی قبوڵكردندا پێشنیازی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ شێواز و میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردنی چییه؟ ئه‌ی له‌كاتی ڕه‌تكردنه‌وه‌یدا ئه‌ڵته‌رناتیڤ چییه؟ ئه‌م كاره چه‌ند دروسته و چه‌ند ڕێی تێده‌چێت و چه‌ند شیاوی جێبه‌جێكردنه؟ پێم وایه سیاسی و په‌رله‌مانتار و میدیا و شرۆڤه‌كارانی ئێمه له هیچ كام له‌و بابه‌تانه ورد نه‌بوونه‌ته‌وه و، له‌مه‌یشدا ته‌نیا به‌سه‌رپێیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووكاری بابه‌ته‌كه ده‌كه‌ن.
ئه‌م بابه‌ته نوێ نییه و ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم له ٢٠١٦ه‌وه تاكوو ئێستا چه‌ند جارێكی تریش چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورد هه‌وڵیان بۆ داوه و بۆ ماوه‌یه‌ك بیری مووچهخۆرانیشیان پێوه سه‌رقاڵ كردووه و، دواجار بێ ئه‌نجام بووه. ئێستا، كه گه‌ڕێكی نوێی ئه‌و باسوخواسه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه، ئه‌مجاره‌یان باسی هه‌ژماری بانكی و كارتی زیره‌ك و میكانیزمه نوێیه‌كانی پێدان وه‌ك به‌شێك له چاره‌سه‌ری سیحریی كێشه‌كه بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرێت. واته هه‌روه‌ك پێشتر و بگره بهسادهتریش له‌و بابه‌ته تێده‌گه‌ن و باسی لێوه ده‌كه‌ن. به‌ر له هه‌موو شتێك ئه‌وه ڕوونه، كه كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی له پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بریتییه له نه‌بوونی ته‌مویل و ته‌رخانكراوی دارایی، نه‌ك كێشه‌ی چۆنیه‌تی پێدان و دابه‌شكردنی مووچه به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا، تاكوو وابزانرێت له‌ڕێگه‌ی كارتی بانكی و هه‌ژماری بانكییه‌وه به‌غدا ده‌توانێت ڕاستەوخۆ مووچه بداته مووچه‌خۆرانی هه‌رێم و ئیدی گرفته‌كه چاره‌سه‌ر بێت.
كارتی زیره‌ك و هه‌ژماری بانكی و وه‌رگرتنی ڕاسته‌وخۆی مووچه له‌لای ژمێریاری فهرمانگهكهكان ته‌نیا سێ ڕێگه‌ی جیاوازن بۆ شێوازی پێدان و وه‌رگرتنه‌كه و هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری كێشه‌كه نییه، كه نه‌بوونی ته‌رخانكراو و ته‌مویله. پێم وایه ئه‌گه‌ر به‌غدا ته‌مویلی بانكه‌كان بكات بۆ پێدانی مووچه به مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، ئه‌وا ده‌كرێت زۆر به‌ئاسانی یه‌كێك له گونجاوترینی ئه‌و سێ ڕیگه‌یه به‌كاربهێنرێت، بۆ گه‌یاندنی مووچه به‌ده‌ستی مووچه‌خۆر، ئه‌گه‌ر ئاماده‌یش نه‌بێت ئه‌و ته‌مویله بكات، ئه‌وا قسه‌كردن له‌و ڕێگه‌یانه هیچ سودی نییه. بۆ ئه‌وه‌ی بانكه‌كان بتوانن به یه‌كێك له‌و سێ ڕێگه‌یه مووچه بده‌ن به مووچه‌خۆرانی حكوومه‌ت چ له هه‌رێم یان له به‌غدا و خوارووی ئێراقیش، ئه‌وه ده‌بێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی ئێراق یان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمه‌وه پاره‌دار بكرێن، ئێستا كه حكوومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ئه‌و كاره بكات، ئایا وه‌زاره‌تی دارایی ئێراق ئاماده‌یه به‌بی ئه‌وه‌ی بڕی ته‌رخانكراوه‌كه بخاته سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، ڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی بانكه‌كانه‌وه مانگانه بڕی پێویست بخاته سه‌ر هه‌ژماری مووچه‌خۆرانی هه‌رێم؟
به‌پێ ده‌ستووری ئێراق، هه‌رێم قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورییه له‌ناو ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی ئێراق و، حكوومه‌تی فیدڕاڵی مامه‌ڵه‌ی فه‌رمی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانیدا ده‌كات. ئه‌ركی ڕاسته‌وخۆی به‌گه‌ڕخستنی فه‌رمانبه‌ران و دابینكردن و پێدانی مووچه بە مووچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌گشتی له ئه‌ستۆی حكوومه‌تی هه‌رێمدایه، ئه‌وه‌ی له ئه‌ستۆی به‌غدایه به‌پێی ماده‌ی ١٢١ی ده‌ستور بریتییه له ته‌رخانكردنی پشكێكی شایسته بۆ هه‌رێم، كه به‌شی پێویستی و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی و په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كه بكات. گریمان به‌غدا باز به‌سه‌ر هه‌موو به‌ربه‌سته سیاسی و ده‌ستووری و یاسایی و داراییه‌كاندا ده‌دات و بڕیار ده‌دات مانگانه خۆی ڕاسته‌وخۆ بڕی مووچه‌ی هه‌ر مووچه‌خۆرێكی هه‌رێم بخاته سه‌ر هه‌ژماره بانكییه‌كه‌ی، لێره‌وه به‌ربه‌ستێكی كرده‌نیی گه‌وره دێته به‌رده‌م پڕۆسه‌كه، كه زاڵبوون به‌سه‌ریدا ئاسان نییه، ئه‌ویش سیسته‌م و پێكهاته‌ی كارگێڕی و دارایی و ڕێكاره ته‌كنیكییه‌كانه، كه به ته‌واوی ده‌بنه ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و كاره‌دا. له سیسته‌می دارایی ئێراقدا مووچه له‌ناو دوو به‌شی بودجه‌دا ته‌رخانكراوی بۆ دابینكراوه، ئه‌وانیش قه‌ره‌بووی فه‌رمانبه‌ران و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیین. كه بۆ دوو توێژی جیاوازن، توێژی فه‌رمانبه‌ران و توێژی خانه‌نشین و ئه‌وانه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یانگرێته‌وه، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیاریكردنی شایسته‌ی مووچه و پێدانی به هه‌ریه‌ك له‌و دوو توێژه جیاوازه.
دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پڕۆسه‌یه‌كی دینامیكییه، مانگانه گۆڕانكاریی زۆر و جۆراوجۆر له بڕی شایسته‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا ڕووده‌دات، له ئاماده‌كردنی لیستی مووچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ر فارمانگهیهكدا، هه‌موو به‌شه‌كانی كارگێڕی و میلاكات و ژمێریاری و وردبینی به‌شداری ده‌كه‌ن له دیاریكردنی بڕی شایسته‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك، هه‌ر له دامه‌زراندن و دیاریكردنی مووچه و ده‌رماڵه‌كان و هه‌ژماركردنی ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه فه‌رمانبه‌ر شایسته‌ی پێدانی مووچه و ده‌رماڵه‌كانه، تاكوو لێبڕینه‌كان، به‌هۆی ده‌وام نه‌كردن و مۆڵه‌تی بێمووچه و مۆڵه‌تی خوێندن و نه‌خۆشی و … هتد، تاكوو گۆڕانكاری له ده‌رماڵه‌كان به‌هۆی له‌ئه‌ستۆگرتنی ئه‌ركی جۆراوجۆر و یان وازهێنان لێی، هێنانی بڕوانامه‌ی نوێ و سه‌رمووچه و… هتد. ئاماده‌كردنی لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن خودی فه‌رمانگه‌كانیانه‌وه، هه‌موو ئه‌و ڕێكارانه له‌خۆده‌گرێت، پاشان لیسته ئاماده‌كراوه‌كه ده‌نێردرێت بۆ گه‌نجینه‌ی تایبه‌تمه‌ند، پاش وردبینیكردن و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن گه‌نجینه‌وه و له‌كاتی هه‌بوونی ته‌رخانكراوی داراییدا، له‌وێوه نووسراوی ته‌مویلكردن بۆ بانك دەکرێت، به بڕی دیاریكراو بۆ كۆی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه، به‌پێی لیسته په‌سه‌ندكراوه‌كه، كه بڕی مووچه‌ی شایسته‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی تێدا دیاریكراوه، له‌وێوه هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك بڕی مووچه‌ی شایسته ده‌چێته سه‌ر هه‌ژماره‌كه‌ی و بانك ده‌توانێت بۆی خه‌رج بكات.
واته بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراو و لیستی ئاماده‌كراو و په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن گه‌نجینه‌كانه‌وه ده‌درێته بانكه‌كان، ئینجا بانكه‌كان ده‌توانن به‌كاری خۆیان هه‌ستن، كاره‌كه‌یشیان ته‌نیا بریتییه له ڕاده‌ستكردنی بڕی مووچه‌كه به فه‌رمانبه‌ران، ئه‌وه‌یش چ به‌و جۆره‌ی كه بانك ڕاسته‌خۆ بیدات به یه‌ك به یه‌كی فه‌رمانبه‌ران، یان كۆی مووچه‌ی فه‌رمانگه‌كه بداته ژمێریاری فه‌رمانگه‌كه و له‌وێوه دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، یان بانكه‌كه بیخاته سه‌ر هه‌ژماری مووچه‌خۆران و ئه‌وانیش له‌ڕێگه‌ی كارتی زیره‌كه‌وه به‌كاریبهێنن. ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا له هه‌رێم، به‌ڵكو له سه‌رانسه‌ری ئێراقیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات كه ئایا به‌غدا دان به لیستی مووچه‌ی فه‌رمانگه‌كان وردبینی و په‌سه‌ندكردنی گه‌نجینه‌كانی هه‌رێمدا ده‌نێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بانكه‌كان ته‌مویل ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وه هیچی جیاواز نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه‌ی تاكو ئێستا كاری پێ ده‌كرێت، له كاتێكدا باسه‌كه‌ی ئێستا ئه‌وه‌یه كه به‌غدا به‌بی حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ڕاسته‌وخۆ مووچه بداته مووچه‌خۆرانی هه‌رێم. گریمان به‌غدا ده‌یه‌وێت به‌سه‌ر ئه‌و كۆسپهیشدا زاڵ بێت و باز به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی له‌و جۆره بكرێت، پێویسته سه‌ره‌تا حكوومه‌تی به‌غدا چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و لقێكی گه‌نجینه له شاره‌كانی هه‌رێم بكاته‌وه، كه سه‌ر به گه‌نجینه‌ی گشتی بن له به‌غدا، له ڕێگه‌ی تۆڕێكی كارگێڕییه‌وه، فه‌رمانگه‌كان و گه‌نجینه‌كان و بانكه‌كان پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌یش ده‌بێت یان بانكه‌كانی هه‌رێم له ڕووی كارگێڕییه‌وه بچنه سه‌ر به‌غدا، یان بانكه‌كانی ئێراق چه‌ند لقێكیان له هه‌رێم بكه‌نه‌وه، یانیش سوود له‌و بانكه بازرگانییانه وه‌ربگیرێت كه لقیان له هه‌رێم هه‌یه.
لێره‌وه به‌ربه‌ستێكی تر سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئایا گه‌نجینه‌كانی سه‌ر به به‌غدا چۆن لیستی مووچه‌ی فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم وردبینی و په‌سه‌ند ده‌كه‌ن و پشت به كام ڕێنمایی ده‌به‌ستن، له‌كاتێكدا ده‌یان ساڵه جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه له‌و بواره‌دا، له نێوان ڕێنماییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا. ئه‌و لیستی مووچانه‌ی ده‌نێردرێن بۆ گه‌نجینه‌كان گرنگرترین به‌شیان بریتییه له لیستی گۆڕانه‌كان، گه‌نجینه‌كان دۆسیه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان له‌لا نییه و خۆیان به وردی ئاگاداری میلاك و گۆڕانكارییه‌كانی مووچه و ده‌رماڵه و شایسته‌كانی تر نین، بۆ وردبینی و په‌سه‌ندكردنی لیستی مووچه‌ی هه‌ر مانگێك پشت ده‌به‌ستن به لیستی مانگی پێشوو و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه به‌پێی دۆكیۆمێنته هاوپێچهكان ده‌خرێته به‌رده‌ستیان. ئایا وه‌زاره‌تی دارایی و گه‌نجینه‌كانی سه‌ر به به‌غدا دان به لیستی مانگه‌كانی پێشوو و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌دا ده‌نێن، كه مانگانه وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌تی هه‌ریم ئه‌نجامی ده‌ده‌ن؟ بیگومان نه‌خێر.
بۆ دووركه‌وتنه‌وه له‌و هه‌موو كێشه و به‌ربه‌ستانه یان ده‌بێت واز له‌و ڕێكاره بهێنرێت و، ته‌رخانكراوی پێویست بخرێته سه‌ر هه‌ژماری وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و گۆڕانكاری به‌سه‌ر ڕێكارهكاندا نه‌هێنرێت، یانیش ده‌بێت بۆ هه‌موو دامه‌زراندن و گواستنه‌وه و سه‌رمووچه و موڵه‌ت و گه‌ڕانه‌وه و گۆڕانكاریی ده‌رماڵه و خانه‌نشینكردن و هه‌ر گۆڕانێكی تر، بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ڕه‌زامه‌ندیی به‌غدا وه‌ربگیرێت، بۆ ئه‌وه‌یش ده‌بێت هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه و هه‌موو فه‌رمانگه‌كان وابه‌سته‌ی وه‌زاره‌ته جیاجیاكانی ئێراق بكرێن. واته به هه‌موو جۆرێك حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه، كه ئه‌وكاتیش هێشتا گره‌نتی نییه مووچه‌ی هه‌موو مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه وه‌ك پێویست خه‌رج بكرێت.
به‌شی دووه‌می مووچه‌خۆران بریتین له خانه‌نشینان و ئه‌وانه‌ی تر كه چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یانگرێته‌وه، ئه‌وان مووچه‌كانیان نه‌گۆڕه، مانگانه پێویستی بهئامادهكردنی لیستی مووچه و پڕۆسه‌كانی تر نییه و، له ڕوواڵه‌تدا واده‌رده‌كه‌وێت كه تاڕاده‌یه‌ك مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌و توێژانه بۆ سه‌ر به‌غدا ئاسانتره، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌ویش ده‌یان كیشه‌ی هه‌یه، كه زۆر كه‌مترنین له هیی توێژی فه‌رمانبه‌ران. لێره‌دا له‌به‌ر ماندوونه‌بوونی خوێنه‌ران، نامه‌وێت زیاتر درێژه به‌و بابه‌ته بده‌م و دەکرێت لە دەرفەتی دیکە بەتایبەت هەڵوەستەی لەسەر بکەین.