ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان یەکەمین هەنگاو بوو لە رێگەیەوە کورد بە ئاشکرا لە تەواوی ئاستەکان بڵێ نا بۆ پێکەوەژیانی بەزۆر و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی! ریفراندۆم وەرچەرخانێکی مێژووییە کە ئاراستەی رێگە ڕاستەکەی نیشانی هەر تاکێکی کوردستانی دا؛ لەمەش گرنگتر، ریفراندۆم ئەو دەسەڵاتەی بە خەڵکدا کە دەبووایا لە کاتی دروست کردنی ئێراق لە لایەن بەریتانیا و فەرەنساوە بدرایە. ریفراندۆم دێموکراسیترین رێگەیە بەهۆیەوە خەڵک یان نەتەوە پرسێکی چارەنووسساز یەکلایی بکاتەوە. جوانترین خەسڵەتی ریفراندۆم بریتیە لە راستەوخۆیی بڕیاری خەڵک لەسەر خواست و ویستەکانیان؛ ریفراندۆم بە هەڵبژاردنی ڕاستەخۆ لەقەڵەم دەدرێت، کە دەنگدەر بەخۆی لەبارەی چارەنووسی بە راستەوخۆیی دەنگ دەدات نەک دەنگ بە نوێنەرێک بدات یانیش لە بڕی ئەو بڕیار بدرێت.
لەو وڵاتانەی دیموکراسی تیایاندا گەشەکردووە، ریفراندۆم یان راپرسی بۆ گۆڕینی ناوی شەقام و یاریگە و هێڵەکانی گواستنەوەش دەکرێن، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی نەبوونی فەرهەنگی رێزگرتن لەبەرامبەر هەموو پرس و بابەتێک بە زەبر و زەنگ و هێز یەکلایی دەکرێتەوە. بە داخەوە، نزیکەی یەک سەدە لەمەوبەر، وەک ئەمریکیەکان دەڵێن وڵاتێکی هەمپتی دەمپتی (هاکەزایی) دروستکرا.
لەسەر پێشنیازی گێرترود بێڵ و ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، وینستن چێرچڵ، سایکس و پێکۆ بە نوێنەرایەتی بەریتانیا و فەرەنسا ئێراقیان داتاشی؛ لە پەیوەندیەکی بە زۆردا کورد و عەرەبە شیعەکان و سونەکان و پێکهاتەکانی تریان لە هاوسەرگیریەکی سیاسی نائارەزوومەندانە کۆکردەوە. ئەو پێکهاتانە پێشووتر وەک هاوتاکانیان لە نیمچە کیشوەری هیندستان (زۆربەی جیهانی داگیرکراو و ژێردەستی ئەوروپیەکان) بۆ یەکەمین جار لە مێژوو ناچاری پێکەوەژیان کران. لەو ساتەوە تا ئێستا، چەند ملیۆن کەسێک کوژراون و ئێراقی دروستکراو و بێ ناسنامەیان جێهێشتووە. ئێراق نەک تەنیا دۆزەخی کەمینەکان و پێکهاتە ژمارە کەماکان بووە، بەڵکو بۆ هاوسێکان و جیهانیش بەڵاو سەرئێشە بووە، بۆ نمونە ئەگەر رێگری لە سەدام حوسێن نەکرایا، خوا دەزانێ پیلانی داگیرکردنی کوێی تری هەبوو بێت دوای کوەیت.
نەک ئێراق، لە تەواوی وڵاتانی داگیرکراوی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی و فەرەنسی کێشەی خاک، ماف، پارێزراویی، ئارامی و ئاساییش، ئابوری، ئایینی و نەتەوەیی مەزهەبیش هەیە. ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە داگیرکارەکان دوای رۆیشتنیان لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی “دابەش بکە و دەست بەسەردا بگرە” وڵاتانێکی لەرزۆک و لێوانلێو لە جیاکاری و دژایەتیان جێهێشتووە، چونکە بەم شێوەیە ئەوان دەتوانن لە دواتر و لەم سەردەمەی کۆڵۆنیالیزمی نوێ (نیۆ-کۆلۆنیالیزم) سوود لە شلۆقیی وڵاتان وەربگرن. ئەوەشمان لە دوای ناپاکییەکەی ١٦ ی تشرینی یەکەم /ئۆکتۆبەر لە بەریتانیا تێبینی کرد، کە چۆن دوای ڕوداوەکان ڕێکەوتنی وزەی بۆ نەوتی کەرکوک لەگەڵ ئێراقی بەناو فێدراڵی واژۆکرد! پەیام و شێوازی ئاخافتنی بەغداد بەر لە ریفراندۆم و تەنانەت لە سەردەمی مالکیەوە بەرامبەر بە کوردستان ڕوون بوو، مەگەر لە کەموکورتی خۆمان نەبێت وامان هەست کردبێت تێناگەین. عەرەبە پان-عەرەبستانیەکان و پان-ئێرانیەکانیش زوو هەڕەشەیان لە نەمانی ماددەی ١٤٠ دەکرد؛ ئەو مادەیە ئەگەر بۆ کورد چەکێکی دوو سەر یان دەستکەوت بێت بۆ عەرەبەکانیش بۆمبێکی چندراوە.
بۆیە تا ئێستاش خۆیان لەو ماددەیە نادەن، لەبەرامبەردا کورد بە پێشێلکردنی دەستوور لە پرسی نەوت و بودجە تۆمەتبار دەکەن! نمونەی سەحوە و سوپای دیجلە و دواتر حەشدی شەعبی نمونەی زەقی چاوتێبڕینی عەرەبن لە بەشێک لە خاکی کوردستان کە دەوڵەمەندە بە ژێرخانەکەی، کەواتا دەبووایا کوردستانیان چی بکەن؟ دوای هاتنی داعش، کوردستانیان دەرفەتێکی زێڕینیان هاتە بەردەم، دەرفەتێک کە رەنگە لە کەرکوک لە سەردەمی هاوچەرخەوە دەرفەتی وەها دروست نەبووبێت. بۆیە سوود وەرگرتن لە کات و شوێنی بەردەست لە لایەن سەرکردایەتی کوردستان هەنگاوێکی پێویست بوو. ئەوەی جێی سەرنج و سەرسوڕمان بوو، لە ماوەیەکی کەمدا هەرچی پێویست بوو بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدرا؛ هەلومەرجی وەها لەبار بۆ کوردستانیان رێککنەکەوتووە و رەنگە ئەمەش هەرگیز دووبارە نەبێتەوە. ئەو کات دوو بژاردە لەبەردەم سەرکردایەتی کوردستان بوو: یەکەم لەدەستدانی ئەو دەرفەتەش وەک ساڵی ٢٠٠٣ یان بژاردەی دووەم و قۆستنەوەی دەرفەت.
جیاواز لە هەموو رووداوێکی مێژووی هاوچەرخی کورد، کوردستانیان لە ژێر سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو زۆرینە کۆک بوون کە دەبێت کورد بە دەستی خۆی برینەکانی خۆی تیمار بکات، تیماریش کرا، چونکە بەشداری بەرفراوان لە ریفراندۆم و ئەو رێژە بەرزە سەدیەی دەنگدەران دوژمنانی ناوچەکە و جیهانی شڵەژاند؛ ئەو کات کەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریکی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە بەرهەڵستی کورد بۆ هەموو جیهان لەقەڵەمدا و بە بوێریەکی بێوێنەی ناوبرد! ئەو بوێرییە لە خراپترین دۆخدا دوژمنەکانمانی یەکخست، بەڵام بەداخەوە، دیسان خەنجەری ناپاکی نەتەوەیی و نیشتمانی و بیستەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوو چەندبارە بووەوە. ئەو ناپاکییە تاکلایەنە و باڵ-لایەنە نەبووایە بێگومان وەک چۆن پێشمەرگە شکۆی کوردستان و دامەزراوەکانی لە پردێ پاراست لە کەرکوکیشی باشتر دەپاراست.
بێجگە لەوەش، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، کە هاوتای خاڵەکانی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانە (کە لە خاڵەکانی ودرۆ ویڵسن ـ یش ئاماژەی پێدرا بوو) و تەنانەت دەچێتە چوارچێوەی خاڵەکانی نەتەوە پۆست-کۆلۆنیالەکان، کە خاکیان بەسەر نەتەوە و وڵاتانی تر دابەشکراوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەنجامدانی ریفراندۆم یەکەمین هەنگاوی کردارەکی و ئاشکرای کورد بوو بە ئامانجی سەربەخۆیی. ئەو هەنگاوە پرسی نەتەوەیی کوردی بە تەواویی لە پرسی گەلێکی شەرمن و چەوساوە و ملکەچ بۆ پرسی گەلێکی متمانە بە خۆو و سەربەرز و هەرێمی و نێودەوڵەتی گۆڕی. لە هەمووشی گرنگتر تاکی کوردی بە ئاگا هێنا و هەستی شانازیی کردنی کوردی بۆ خۆییبوون دروست کرد.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەو هەنگاوە دواخراوە بوو، کە دەبووایە ساڵی ٢٠٠٣ بنرایە. سەرەڕای ئەوەش، ئەنجامدانی ریفراندۆم هەندێک شتی بەرجەستە و نا بەرجەستەی بە کورد و کوردستانیان بەخشی کە پێوستیان بوو؛ بوێریی و متمانە بەخۆبوون. لە هەموو شتێکیش گرنگتر، دوای ئەزمونی شکستخواردووی ٩٠ ساڵەی کورد لە گەڵ بەغدا و دووبارە دروستکردنەوەی و لە ساڵی ٢٠٠٣؛ دروستکردنەوەی سوپا و پەرلەمان و هێنانەدەرەوەی ئێراق لەژێر بەندی حەوتی سەروەریی، کورد و کوردستانیان بۆ یەکەمینجار بە کردارەکی و فەرمی و بە ڕێکوپێکی بە ئێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان راگەیاند کە سەربەخۆییان دەوێت، نەک مانەوە لە “هاوسەرگیریەکی بەزۆرەملێ”! دەرئەنجامی ڕێفراندۆم بەڵگەنامە و ماندێیت و ڕاسپاردەی هاوڵاتیانی هەرێمێ کوردستان بوو بۆ سەربەخۆیی؛ ئەوە دەستکەوتە گەوهەریەکەیە! کەواتا با لەخۆمان بپرسین، لەوانەش بپرسین کە نەرێ بوون لەو هەڵمەتە نیشتمانیە، ئەگەر ریفراندۆم لەو کات و سات و شوێنانە (کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) ئەنجام نەدرایا دەستکەوتی کورد چی دەبوو؟ ئایا پرسیار نەدەکرا بۆ ئەو دەرفەتە لە دەست چوو؟ ئایا جێگرەوەیەکی ژیر هەبوو؟ هیچ بەڵێن و پەیماننامەیەک لەگەڵ کوردستانیان واژۆ کرا لە پێناو دەوڵەتی سەربەخۆ؟ ئایا لایەنی بەرامبەر ئەوەندە ژیرییان هەیە دەستوور جێبەجێ بکەن؟ نەخێر، چونکە تەنانەت ئەکادیمیە پەرتوکیەکانیشمان، کە رەخنەیان لە سەرکردایەتی کوردستان گرتبوو کە گوایا بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کێشەکان چارەسەر ناکەن و خۆیان چوونە بەغداد و نەجەف و کەربەلا، بەڵام لە لایەن نوێنەری سیستانی و ئەوانی تریش هەڕەشەی شەڕ لە دژی سەربەخۆیی و ناشتنی تەرەمەکانیان کردبوو، کە هەرگیز قاییڵ نابن بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان! ئایا لۆژیکی ڕێفراندۆم هەڵە بوو یان گونجاوترین چارەسەرە لە دوێنێ و ئیمڕۆ و سبەینێ بۆ جیابوونەوە لەوانەی باوەڕیان بە مافی بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی و خۆ-رێبەریی کورد نیە.
لە هەمان کاتیش بە داخەوە، کە هەندێ کەسایەتی و پارتی کوردیی کە باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان نیە و بە خەونی لەقەڵەم دەدەن، کەچی خەڵکی کوردستان بە دروشمە باق و بریقەکانیان فریو دەدەن یان پاساوی کات و ئایدۆلۆجی و تەنانەت ئایینیش دەهێننەوە. ئەوانە لە مێژووی تۆمارکراوی هاوچەرخ دەچنە زبڵدانی مێژوو، نەوەکانی داهاتووش بە هۆی بەرژەوەندیخوازیی ئەو تاقمانەوە، نەفرەتیان لێ دەکەن.