–بەدەر لەوەی ڕيفراندۆم کێ وچۆن وبەچ نيەتێک کرا، کاتەکەی گونجاو بوو یا نا… هەموو ئەو پرسيارانە خوێندنەوە وڕای جياوازی لەسەر هەیە، بەڵام لە ڕيفراندۆمدا هەقيقەتێک هەیە کە نکۆڵی لێ ناکرێت، ئەويش بريتييە لە پرسيارێکی ڕوون وسادە بۆ کوردانی باشور، ئایا دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆت دەوێت یا نا؟ ئەم پرسيار کردنە ووەڵامەکەی، بە ڕەهایی مافی کوردە لە هەر کات وهەر کەسێک بيکات وئەنجامی بدات. هەر لایەنێک، ئەگەر هەموو جيهانيش بێت دژی ئەو پرسيارکردنە بێت، ئەوا هەموو جيهان هەڵەیە نەک کورد، ڕيفراندۆم لوتکەی ديموکراسييە، ئامرازێکی جێبەجێ کردنی ديموکراسی ڕاستەوخۆیە. کورد لە ڕيفراندۆم ئەو ئامرازە ديموکراسيەیی بەکارهێنا، زۆربەی جيهان لەگەڵی نەبوون، مانای ئەوە نييە ئەوەی ديموکراسيترين ئامراز بەکاردەهێنێت بۆ دەڕبڕينی سەرەتايترين مافی خۆی، هەڵە بێت، بەڵام ئەو لایەنەی کە دژی ديموکراسيترين ئامرازی سياسی وسەرەتايترين وبنەڕەترين مافی گەلانە، ئەم بەرەیە ڕاست بێت ولەسەر هەق بێت… تەنها لەبەر ئەوەی، بەرەی یەکەم ژمارە وهێزيان کەمترە وبەرەی دووەم زیاترن وبەهێزترن.
–ڕيفراندۆم دەڕبڕينی ويست وخەونی کروپێکی مرۆیی بوو، بە جيهانی وت دەمەوێت وەک ئێوە سەربەخۆ بم ودەوڵەتی خۆم هەبێت. بەڵام دەوڵەتەکەی درووست نەکرد. هەر کەسێک ولایەنێک ئەمە بە هەڵە بزانێت، رێک وەک ئەوەیە ڕێ لە مرۆڤێک بگريت تەنانەت باسی ويست وئاوات وخەونەکانيشی بکات، وەک ئەوەیە پرسيار کردن ووەڵامدانەوە لە مرۆڤ قەدەغە بکرێت. ئەوەی دژایەتی ريفراندۆم دەکات بە پاساوی کاتەکەی، مانای وایە پرسيار کردن وڕادەربڕين هەڵەیە وکاتی خۆی هەیە! ئەو کاتەش دەبێت ئەوانی تر و دووژمنانت بۆت دياری بکەن، نەک خۆت. واتە ئەوەی ڕێ نادات مرۆڤێک پرسيار بکات وڕای خۆی ئاشکرا بکات، لەسەر هەقە، بەڵام ئەوەی دەيەوێت پرسيارێک بکات وڕای خۆی دەرببڕێت هەڵەیە، چونکە یەکەم هێزی هەیە وقبولی ناکات ودووەم لاوازە. ئەم نزمکردنەوەی مرۆڤە بۆ ئاستێکی ئەوەندە نزم، وا دەکات ئيتر ژیان مانایەکی نەمێنیت.
–رێکەوتننامەی سيڤەر١٩٢٠ کە تا ئێستاش، بەڵگەنامەیەکی گرنگ ومێژووییە بۆ پرسی سەربەخۆیی کورد ، یەکێ لە گرنگيەکانی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە مافی بە کورد دابوو ريفراندۆم ئەنجامبدات بۆ سەربەخۆیی، بە تايبەت لە باشووری کوردستان. ريفراندۆمی٢٥/٩/٢٠١٧ کورد خۆی ئەو مافەی بە خۆیدا و ريفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، نەک چاوەڕوانی دەرەوە بێت وەک ئەوەی لە سيڤەر ڕوويدا.
–هەموو ئەوانەی ئەنجامدانی ريفراندۆم بە هەڵە دەزانن، خاڵێکی زۆر گرنگ فەرامۆش دەکەن، ئەويش لایەنی سايکۆلۆژيە. نەتەوەیەکی وەک کورد، کە سەد ساڵە کار لەسەر شکاندنی ئیرادە وخەونەکانی دەکرێت لە لایەن چوار دەوڵەتی ستەمکار وبە ڕەزامەندی زلهێزەکانی جيهان، تاکی کورد گەيشتبووە ئاستێک وای دەزانی تا فارس و عەرەب تورک ڕازی نەبن ئەم ناتوانێت بە زمانی خۆی بخوێنێت وگۆرانی بڵێت وسەرەتايترين مافی ژیانی هەبێت… زۆر گرنگ بوو ئەم نەتەوەیە کارێکی ئەنجامدا بێ ڕەزامەنەدی جيهان لەسەری، کورد بۆی دەرکەوت،دەکرێت کارێک بکات سەرەڕای ئەوەی زۆربەی جيهان دژی دەوستن ورێی لێ دەگرن، بەڵام ئەو کارەی کرد وباجەکەی هەر چيش بێت، لە ڕووی دەروونیەوە مرۆڤی کورد متمانە وئيرادەیەکی نوێی ئەزموون کرد، توانی تەحەدای ئەو سيستەمە زاڵمەی جيهان بکات کە شوێنی کورد ناکاتەوە.
–ڕيفراندۆم هەندێ خاڵی لاوازی کوردی پيشاندا، کە دەکریت ببێتە وانەیەکی گرنگ، ئەوەی پێوتين ئەگەر پلان وستراتيجێکی ورد نەبێت، ئيرادە بە تەنيا ناتوانێت بگاتە کۆتا ئامانجی خۆی، وانەیەکە دەکرێت نەوەکانی ئايندە سودی لێ ببينن و ئەو هەڵانەی لە کاتی ڕيفراندۆم کرا، دوبارە نەکرێنەوە و دەکرێت بەوەش بگەين بە ئامانجە ڕەوا وخەونە لەمێژينەکەی خۆمان. بە کورتی تەنانەت لایەنە نێگەتيڤەکانی ڕيفراندۆميش سودی هەیە بۆ کورد، ئەگەر بە وردی خوێندنەوەی بۆ بکەين.
–لە کاتی ڕيفراندۆم کورد چەواشە نەکرا بە بەڵێنە درۆیينەکانی ئەمريکا وزلهێزەکان، کە زۆر کات کورديان چەواشە کردوە، وەک نامە بێ ماناکەی تيلرەسون و هەوڵە قێزەوەنەکانی بێرت مەکورگ. ئەو جۆرە بەڵێن ونامانە هيچ گرەنتيەکی تێدا نييە کە جێبەجێ بکرێت، ڕێکەوتنامەی سيڤەر زلهێزەکان و تەنانەت خودی دەوڵەتی عوسمانی ئيمزایان لەسەر کردبوو ورێکەوتبوون لەسەری، (جگە لە ئيتاليا، دەوڵەتەکانی تر پەرلەمانەکانيان پەسەنديان نەکرد) هەر وەها ڕێکەوتنامەیەکی نێودەوڵەتيش بوو، بەڵام بۆ پرسی سەربەخۆیی کورد جێبەجێ نەکرا وبەڵێنەکەیان نەبردە سەر، ئیتر دەبێت ئەو نامە بێ قيمەتانەی تيلەرسۆن چ گرنگيەکی هەبێت.
–ڕيفراندۆم بەڵگەیەکی میژوویی وگرنگە بۆ نەوەکانی داهاتووی کورد، بەهێزتر لە ڕێکەوتنامەی سيڤەر، دەکرێت لە هەر کاتێکدا ئەگەر ئامادەیی و پلانی گونجاو هەبێت، ودەرەفەتێکی نێودەوڵەتی وئيقليمی هەبێت، بگەرێينەوە سەر ئەنجامەکەی.
–ڕيفراندۆم تاکە بەڵگەنامەی مێژووە دەيسەلمێنێت کە خەڵکی کەرکوک نەک لەگەڵ ئەوەن بێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ ئەوەن ببن بە شارێک لە دەوڵەتی کوردستان.
–ڕيفراندۆم دۆزی سەربەخۆیی کوردی بە باشترين شێوە کردە بابەتێکی نێودەوڵەتی، ئەو دۆزەی لە قۆناغێکەوە گواستەوە بۆ قۆناغێکی تر.
– ڕيفراندۆم خەباتێکی جياواز بوو بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی کورد، نە شۆرشی چەکداری بوو، نە چووينە شاخ… بەڵکو بە ديموکراسيترين ئامراز کورد داوای مافی خۆی کرد، لەوەشدا خەباتی کوردی لە قۆناغێکەوە گواستەوە بۆ قۆناغێکی نوێ. ڕيفراندۆم ئەوەی سەلماند، دەکرێت ئامرازی مەدەنی وديموکراسی زۆر کاريگەرتر بێت لە شۆرشی چەکداری وپارتيزانی بۆ کورد.
–ئەوانەی دەڵێن ريفراندۆم پلانیکی تورکيا بوو، ئەوەی لە سياسەتی تورکيا وعەقلی تورک تێبگات، ئەوا دەزانێت بنەمایەکی سەرەکی ئەو سياسەت وعەقلە، بريتييە لە دژایەتی هەر ئامانج وخەونێکی کورد بۆ سەربەخۆیی، ئێستا چۆن تورکيا خۆی دێت بە مليۆن کورد دێنێتە سەر کەڵکەڵەی سەربەخۆیی، کە بينيمان ريفراندۆم کاريگەری هەبوو بەسەر کوردانی هەر چوار پارچەکە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاهەنگ گێرا بۆ ئەنجامدانی ريفراندۆم، تورکيا چ سوودێک لەمە دەبينێت کە دوای سەد ساڵ کورد بێنێتەوە سەر باسکردن وهەوڵدانی سەربەخۆیی؟ پاشان گريمان تورکيا لە پشت ئەنجامدانی ريفراندۆم بووە، ئەوا مانای وا نييە ريفراندۆم دەستکەوتێکی مێژووی نەبوو بۆ کورد، هەندێ کات ڕوودەدات پلانی دووژمنەکەت لە دژت، سوودی تۆی تيا دەبێت لە ئەنجامدا، وەک پەلاماری کوێت وپاشان خەڵکی ڕاپەڕيوی کوردستان لە ٩١ لە لایەن سەدامەوە، بێ گومان پلانێک بوو دژ بە کورد، بەڵام لە ئەنجامدا بە سوودی کورد شکایەوە. واتە ريفراندۆم ئەگەر پلانێکی تورکياش بێت دژ بە کورد، ئەوا لە ئەنجامدا دەستکەوتێکی مێژووی بوو بۆ کورد.
– لە دەستدانی نيوەی خاکی کوردستان بە هۆی ريفراندۆمەوە؛ سەد ساڵە کورد بێ ئەوەی باسی ريفراندۆم بکات، خاکی داگير دەکرێت ودەکوژرێت وکولتوری دەسڕدرێتەوە، ئەو کاتەی کورد باسی فيدرالی ناکرد، ئيراق ئەنفالی کرد وکيمياوی پيا کرد، ئەو کاتەی هەموو کوردستان داگير کرا لە لایەن بەعسەوە، کورد داوای فيدراليشی ناکرد.
ئەی داگيرکردنی عفرين بە هۆی ريفراندۆمەوە بوو؟ لەسێدارەدانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پەلامارە بەردەوامەکانی تورکيا بۆ سەر باکور ورۆژئاوا وباشور هەر بە هۆی ريفراندۆمە؟ تەعريبکردنی ئێستای کەرکوک وناوچەکانی تر لە لایەن کازمی وعيراقەوە، هەر لەبەر ريفراندۆمە؟ گريمان نيوەی خاکی کوردستانمان لە دەستدا بە هۆی ريفراندۆمەوە، ئەوا دەستکەوتێکی گەورە بوو بەرامبەر باجێکی گەورە، کە باجی زۆر لەوە گەورەتريشمانداوە، لە کاتێکدا داوای فيدراليشمان ناکرد، ئێستا داوای سەربەخۆييمان کردوە، ئەو باجە، جارێ بچوکترە لەو باجەی کوردانی رۆژئاوا دەيدەن چەندين ساڵە، بێ ئەوەی باسی لە ريفراندۆم وسەربەخۆیی بکەن.
– ئەگەر ريفراندۆم زیانی بۆ کورد هەبوایە، بە دڵنياییەوە، ئۆردۆگان وخامنئی وبەشار وئيراقيەکان دژی نەدەبوون.
–لەگەڵ ئەو هەموو هەڵە وتاوان خەوشەی لە ڕێکخستن وبەڕێوبردن وپاراستنی ريفراندۆمدا هەبوو، لەگەڵ ئەوەی خيانەت کرا وبەڕێوبەرانی ريفراندۆميش شکستيان هێنا لە ڕێ گرتن لەو خيانەتە، لەگەڵ هەموو ئەو پاشەکشێ کردنەی لە لایەن بەرەی ريفراندۆمەوە کرا، لە دوای ريفراندۆمەوە تا ئەمرۆ.
هەر وەها بەرکارهێنانی پرسە نيشتيمانی ونەتەوەييەکانی وەک سەربەخۆیی وريفراندۆم، زۆر کات، لە لایەن پارتی وبارزانيەکانەوە بۆ مەرام وبەرژەوەندی خۆیان، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ڕيفراندۆم دەستکەوتێکی مێژوویی گەورەیە بۆ نەوەکانی ئايندە، دواجار، دوای سەد ساڵ لە دەم کوتکردن وژێردەستەیی نەتەوەیەک، ريفراندۆم هەلێکی پێدا، بە جيهان ڕابگەيەنێت کە جارێ کورد نەبووە بە عيراقی وتورکی وسووری وئێرانی، جارێ کورد هەر سەربەخۆیی دەوێت.