بەڵگەنەویستە کە گەشەی تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد، چەندە چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت کارئاسانی بۆ ژیان فەراهەم بکات، بەڵام هیچ کام لە پسپۆرانی بواری سۆسۆلۆژی و کۆمەڵایەتی دڵخۆش نین و زۆربەیان بەتوندی رەخنەی لێدەگرن و بە هەرەس و کۆتاییهاتنی شارستانیەت و فەنابوونی مرۆڤی دەزانن. ئەوەش روونە، کە دابەشبوونی تەکنەلۆجیا بە یەکسانی بەسەر کۆمەڵگەکانی جیهاندا و لە شوێنێک داهێنانێک دەکرێت و سەر هەڵدەدات، گەرچی خواست و پێداویستیی ئەو قۆناغەیە، کە ئەو کۆمەڵگەیەی تیادایە، بەڵام زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە و دەگاتە دەست هەموان لە جیهاندا.
بێگومان کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان و ئەوانەی کۆمەڵگەکەیان بە یاسا و دەستوور رێک خراوە و هەر زووش لە سەرهەڵدانی هەر ئامێرێک رێ و شوێنی یاسایی و پەروەردەیی دەگرنە بەر، جگە لەوەش، قۆناغی گەیشتنیشیان بە ئامێرە تەکنەلۆجییە بەرهەم هاتووەکان قۆناغی پێداویستییە،ئیتر پێداویستییەکە بازرگانی، سیاسی، پەروەردەیی و زانستی یان کۆمەڵایەتی بێت.
بۆیە هێندەی بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە دەچێتە بورای پێداویستی و لە هەمان کاتیشدا توانایان بۆ سنووربەندکردنی لەبەردەستی ئەو کەسانەی پێویستیان پێی نییە، یان رێگری لێکردنی لەوەی بۆ زیانگەیاندنی بەکۆمەڵگە و تاکەکان بەکاری بهێنێت، وا دەکات، كە وەک ئێمە زۆر سەریەشە و گرفتیان لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکە بۆ دروست نەکات، بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمە، چونکە بە قۆناغبەندی ناگەین بە شتەکان، زۆربەیان، ئامێرەکان نەگەشتوونەتە ئاستی پێویستبوونی گشتی لە بوار و دامەزراوەکاندا پێیان، بەکارهێنانیان دەبێتە بابەتی کەسیی بۆیان و کەسەکانیش و کۆمەڵگەکەشمان نە بە یاسایی و نە بە پەروەردەیی و ئیتیکی ئامادەسازیمان بۆیان نییە، یان هەرچی زووترە ناکەوینە خۆمان ئەو ژینگە یاسایی و پەروەردەییە پێویستەی بۆ فەراهەم بکەین و سنووری بەکارهێنانی بۆ دابنێین.
بۆیە زۆربەی ئەو ئامێرانە کە بەردەستمان کەوتوون، بەتایبەتی لە سەرەتاوە بووەتە سەریەشە و بارگرانی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و چەندین کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ دروست کردووین. هەر بۆ نموونە، ئامێری پەیوەندیکردن لە هاتنی تەلەفۆنی نۆرماڵی ماڵانەوە هەندێک بۆ بێزارکردن و پەیوەندیی نادروست و کێشەنانەوە بەکاریان دەهێنا، مۆبایل و سۆشیاڵ میدیا، کە دەبینین دادگاکان پڕن لە کەیسی سکاڵای ئەم پەیوەندییانە، ئێستاش زەنگی مەترسیی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و بەردەست بوون و ئاسان بەکارهێنانی لەلایەن تاکەکانەوە بۆ مەبەستی جۆراوجۆر سەرهەڵدەدات، کە لە هەموو ئامێرەکانی دیكە مەترسیدارترە، چونکە تەواو دەتوانێت مرۆڤێک بەرهەم بهێنێت و هەموو رەفتارێکی پێ بکەیت، شت بشێوێنیت،گۆرانیی پێ بڵێت، نمایشی جۆراوجۆری پێ بکەیت، قسە و رەفتاری جۆراوجۆری پێ بکەیت.
دەبێ لەمەولا بکەوینە ئەوەی، کە ئەمە راستییە یان زیرەکی دەستکردە، واتە هەموومان دەبینە دووان، هەم خۆمان و هەم کۆپییەکەمان و هاوشێوە زیرەکەکمان، کە وەک خۆمان دەتوانێت رەفتار و قسە بکات. ئەمەش جگەلەوەی زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابڕووبەری دەنێتەوە،بەتایبەتی کە ئێمە ململانێیەکی توندمان لە ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەدا هەیە.
جگە لەوەش، وریا نەبین فەرهەنگ و ناسنامە و مێژوومان دەسڕێتەوە، گۆرانیبێژێکی رەسەن دەهێنرێتەوە سەر سەکۆ و گۆرانییەکی رەنگە پێ بگوترێت نەیگوتبێت، یان گوتبێتیشی لە بەهای گۆرانییە راستەقینەکەی خۆی کەم بکاتەوە، سیاسییەک، یان هەر کارەکتەرێکی دیكە دروست بکرێت، قسە و رەفتارێکی پێ نمایش بکرێت، کە کێشە بنێتەوە، تەنانەت ئاشکراش بێت کە خۆی نییە و زیرەکی دەستکردە، هەر رازی نەبێت و کەسایەتیی پێ لەکەدار بکرێت و بچێتە خانەی ناوزڕاندن و سووکایەتی پێ کردن.
بۆیە تا سەرەتایە و کێشەکان زۆر نەبوون، باشترە بە یاسا رێگری لەم بەکارهێنانە کەسییانە بەم ئامێرانەوە بکرێت، یان بەو یاسا بەرکارانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و سنووردار بکرێن، کە دەگونجێن و دەتوانرێت دادگایی ئەو کەسانەی پێ بکرێت. ئەگەر زۆر زوو دەستوبرد لە سنوورادرکردنی ئەم بەکارهێانانە نەکەین، کاتێک بەئاگا دێینەوە، کە ئەو ئێمەی سنووردار کردووە، وەک چۆن ئێستا زۆربەمان لە ترسی سۆشیاڵ میدیا و هەڵمەتی سۆشیاڵ میدیا و زەقکردنەوە و شێواندنی قسەکانمان و هەڵمەتەکانی دژمان لە سۆشیاڵ میدیا خۆمان سنووردار کردووە.