له پاش خستنه‌ڕووی زاراوه‌ی گوندی جیهانیی(Global Village) له لایه‌ن “مارشال مه‌ک لۆهان”ه‌وه له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م تاکوو ئیستا، میدیاناسی و لێکۆڵینه‌وه‌کان له سه‌ر کاریگه‌ریی میدیا و لێکه‌وته‌کانی له‌سه‌ر جیهان و ژیار و کو‌لتووره جۆراوجۆره‌کان و به‌گشتیی ئه‌زموونی ژیانی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌یان قۆناغیان بڕیوه و له هه‌ر قۆناغێکیشدا ده‌یان تێز و چه‌مکی مه‌عریفی و مرۆڤناسانه و کۆمه‌ڵناسانه خراونه‌ته ڕوو که به‌داخه‌وه هه‌ر هه‌موویان ده‌لاله‌ت له مه‌ترسییه‌کی هێزه‌کی و ئاماده له ناخی میدیاکاندا ده‌که‌ن که له سه‌ر کۆمه‌ڵگاکان جێبه‌جێ ده‌کرێت، بێگومان نه‌ک میدیا به‌ڵکوو هیچ دیارده‌یه‌ک له جه‌وهه‌ردا ڕه‌ش یان سپی یان چاک و خراپ نییه، به‌ڵکوو ئێمه ئه‌و به‌هایانه‌یان ده‌ده‌ینێ. میدیاکان تێگه‌یشتن و شێوه‌ژیانی مرۆڤه‌کان ده‌خه‌نه ژێر کاریگه‌ریی خۆیانه‌وه.
ڕه‌نگه ئه‌و شته‌ی که فرانکفۆرتییه‌کان و له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه دوو بیرمه‌ندی دیاریان واته تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماکس هورکهایمه‌ر له “دیالیکتیکی ڕۆشنگه‌ری”دا له ژێر ناوی “پیشه‌سازیی کو‌لتوور” باسی ده‌که‌ن قووڵایی و ناسککاریی کاریگه‌ری و ڕۆڵی میدیامان زیاتر بۆ ده‌ربخه‌ن، به ئاڕاسته‌ی تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندیی میدیا و پیشه‌سازیی کو‌لتووری، ده‌توانین بڵێین که هه‌نووکه یه‌ک ده‌ستکردنه‌وه و هاوشێوه‌کردنی کو‌لتووریی له جیهاندا زۆر په‌ره‌ی سه‌ندووه و ئه‌مه بۆ کو‌لتووره خۆنه‌گرتووه زه‌نگین و که‌ونینه‌کانی وه‌کوو کورد زه‌نگێکی مه‌ترسییه، هه‌مووان ده‌زانن که کۆی شارستانییه‌تی ئه‌مریکا زیاتر له سێسه‌د ساڵ ته‌مه‌نی نییه، به‌ڵام به‌ها ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتووری و هونه‌رییه‌کانی له ڕێگه‌ی میدیا زه‌به‌لاحه‌کانی هۆلیوود له دراما و ئه‌نیمه‌یشێن و فیلم و کورته فیلمه‌وه بگره تاکوو ده‌زگا نه‌شره ناودار و کاریگه‌ره‌کانیان و تاکوو که‌ناڵه زه‌به‌لاحه ته‌له‌ڤیزیۆنه ئاسمانی و لۆکاڵییه‌کانیان، به جیهاندا بڵاو ده‌که‌نه‌وه. ئه‌م خۆ به هه‌ژموون کردنه ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به ئه‌مریکاوه، به‌ڵکوو هه‌موو ئه‌و وڵاتانه ده‌گرێته‌وه که له ناو یه‌کێتیی ئه‌ورووپادا ئه‌ندامن و وه‌کوو مه‌نزوومه‌یه‌کی کو‌لتووری، سیاسی و ئابووری به‌هاگه‌لی هاوبه‌ش پێڕه‌و ده‌که‌ن و هه‌ر ئه‌و به‌هایانه‌ش به دونیادا بڵاو ده‌که‌نه‌وه، تا شوێنێک بابه‌ته‌که په‌یوه‌ست بێت به به‌ها واڵا و مه‌زنه مرۆییه‌کان که به زۆری بیرمه‌ندانی ئه‌ورووپی به‌رهه‌میان هێناوه و ئه‌مڕۆکه له چوارچێوه‌ی ڕێکخراوه و دامه‌زراوه جۆراوجۆره کو‌لتووری، مرۆیی و مافپه‌روه‌رانه‌کانی وه‌کوو ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، یونسکۆ، ڕێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، رێکخراوی ڕۆژنامه‌نووسانی بێ‌سنوور و ده‌یان و سه‌دان ڕێکخراوی تایبه‌ت به چالاکیی له بواری ژنان و بواره‌کانی دیکه بۆ وڵاته پێشنه‌که‌وتووه‌کان به تایبه‌تی وڵاتانی ڕؤژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌رکه‌وتوون و کاریگه‌ریی خۆیان له ئه‌م چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا نیشان داوه، بابه‌ته‌که ئه‌رینی و پۆزه‌تیڤه، به‌ڵام کێشه‌که لێره‌دایه ئه‌م یه‌کده‌ستکردنه‌وه و هاوشێوه‌کردن یان هاوشێوه‌بوونه به بێ به‌ریه‌ککه‌وتن و پیداهه‌ڵشاخان نایه‌ته ئاراوه. ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌که‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕاده و ئاستی پێشکه‌وتنی ئه‌و وڵاتانه که به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌هاکانن و ڕاده و ئاستی پێشنه‌که‌وتنی ئه‌م وڵاتانه‌ش که به‌رخۆر و مه‌سره‌فکاری به‌هاکانن.
ئه‌و وڵاتانه که سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنی به‌هاکانن پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی، سیاسی، کو‌لتووری و ژیارییان تێپه‌ڕاندووه که پشتئه‌ستوور بووه به زانست و فه‌لسه‌فه و ئه‌گه‌ر بابه‌تێک له وڵاته‌که‌یاندا وه‌کوو یاسا جێگیر ببێت له سه‌ر ئه‌م مه‌عریفه چه‌ند ڕه‌هه‌نده ده‌بێت که دواتر له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌وه له زه‌ین و ناخی هاووڵاتیانیاندا ره‌گئاژۆ و داکوتراوی ده‌که‌ن. بۆ نموونه به‌هایه‌کی وه‌کوو ڕاستبێژی لای ئه‌وان له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده و یاساوه له ناخی هاووڵاتیان جێگیر ده‌بێت، به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه‌ش شتێکی ره‌ها نییه و پێده‌چێت له ناو هه‌ندێ وڵات و کۆمه‌ڵه جیاوازه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌دا جیاواز و ڕێژه‌یی بێت، کاتێک ڕاستبێژی و دوورکه‌وتنه‌وه له درۆ به‌و شێوه‌یه په‌ره‌ی پێده‌درێت، هه‌م مرۆڤه‌کان سایکۆلۆژییه‌تێکی هێورتر و جێگیرتریان هه‌یه و هه‌میش مه‌ترسیی سه‌ر تێکدانی بنچینه‌ی خێزان و یاساشکێنی ده‌گاته که‌مترین ئاستی خۆی، به‌ڵام ئایا ئه‌م بابه‌ته هه‌ر وا به ئاسانی ده‌گوازرێته‌وه بۆ وڵاتانی دیکه و له‌وانه وڵاتانی ڕؤژهه‌ڵاتی ناوین؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به نه‌خێره‌وه ڕوونه و ئه‌مه‌ش کۆمه‌ڵێک هۆکاری ده‌ره‌کی(په‌یوه‌ست به‌و وڵاتانه‌وه که به‌رهه‌مهێن و بکه‌رن) و هۆکاری ناوه‌کی(په‌یوه‌ست به‌م وڵاتانه‌وه که به‌رخۆر و به‌رکارن) هه‌یه.
ڕاسته پێکهاته‌ی کو‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و وڵاتانه له زۆر ڕووه‌وه پێشکه‌وتوو و پێشه‌نگ و به‌پێی پێوه‌ره‌کانی زانست و ئه‌قڵه به‌ڵام ئه‌م پێکهاتانه زه‌مینه و ڕێچکه‌ی خۆی له هه‌رێمی خۆیدا ته‌ی کردووه و وه‌کوو ئۆرگانێکی سرووشتیی په‌یوه‌ستن به ڕۆح و جه‌سته‌ی مێژوویی ئه‌و وڵاتانه‌وه، ئه‌م بابه‌ته له پنتێکی هاوبه‌شدا ده‌لاله‌ته بۆ هه‌ر دوو هۆکاره ده‌ره‌کی و ناوه‌کییه‌که، واته زه‌مینه‌داربوونی ئه‌و به‌هایانه له‌و کولتوورانه‌ی ڕۆژئاوا و بێزه‌مینه‌بوونی ئه‌م به‌هایانه له‌م کولتوورانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، و دواتر کاتێک له ڕێگه‌ی نێونج و ناوکۆیه‌ک به ناوی میدیاوه ئاوێزانی یه‌ک ده‌بن ئه‌و به‌ریه‌ککه‌وتن و پێداهه‌ڵشاخانه دێته ئاراوه که باسمان کرد. هه‌ر ئه‌و نموونه‌یه‌ی ڕاست‌بێژیی که وه‌کوو به‌هایه‌کی تایبه‌تمه‌ند له ناو پێکهاتی کو‌لتوور و مێژوویی ڕۆژئاوادا باسمان کرد له پێکهاتی کو‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕۆژهه‌ڵاتدا به‌ر له هه‌ر شتێک سۆنگه‌یه‌کی ئایینی و مه‌زه‌وی هه‌یه واته تاک به‌ر له‌وه‌ی بیر له به‌دواداهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی درۆ وه‌کوو پێچه‌وانه‌ی ڕاستبێژی بکاته‌وه، وه‌کوو گوناهێکی که‌بیره و لێبوورده هه‌ڵنه‌گر ده‌یخوێنێته‌وه، بۆیه هاوکات که درۆیه‌ک ده‌کات دوو گورزی له ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه لێده‌که‌وێت:-
یه‌که‌م، ئه‌وه‌ی که بێ ئه‌مریی شه‌رع و فه‌رمانه‌کانی خودای کردووه و دووه‌میش، ده‌بێت ئاماده‌ی سزای دواڕۆژ بێت و له‌م نێوانه‌دا ئه‌وه‌ی بووه‌ته قوربانیی و که‌وتووه‌ته ناو بازنه و ڕایه‌ڵه‌یه‌کی ئازارکێشان و خۆئازاردان هه‌ر ئه‌و تاکه‌یه که نازانێت بۆ ده‌بێت ڕاستبێژ بێت و بۆ ده‌شێت نه‌بێت! ئه‌م ئاڵۆزییه له ده‌رکه‌تنی به‌هاکان له دوو پێکهاته‌ی جیاوازی کو‌لتووری،کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی بۆ زۆربه‌ی زۆری به‌هاکانی دیکه ڕاسته، له کو‌لتووری ڕۆژئاوایی پاش شۆڕشی کۆپه‌رنیکی ئیتر ئاسمان وه‌کوو ناوه‌ند چاوی لێ نه‌کرا و مرۆڤ کرا به ناوه‌ند و ته‌وه‌ری مانابه‌خشیی به جیهان، مرۆڤ بوو که خودا و ده‌قی پێغه‌مبه‌ره‌کانی مانا ده‌کرده‌وه و چاک یان خراپ جێبه‌جێی ده‌کردن، به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که هێشتا پێکهاته‌که به شێوه‌یه‌کی پته‌و و ڕادیکاڵ له ناو دۆخی پێش کوپه‌رنیکیدایه هاوکاتیش جۆره خودئاگاییه‌کی بچووک و به‌رته‌سک له لای که‌مینه‌یه‌ک(خوێنده‌وار یان نه‌خوێنده‌وار، ڕۆشنبیر یان هاووڵاتیی ئاسایی) هه‌یه که بووه‌ته هۆی جۆره دابڕان و قه‌ڵشتێکی به‌رزه‌خی، ئه‌م دۆخی دابڕان و قه‌ڵشته له پێکهاته‌ی کو‌لتووری ڕۆژهه‌ڵات له ڕێگه‌ی میدیا و گه‌ڕیان و ڕه‌وتی ئازادی زانیاریی و مه‌عریفه و کرانه‌وه‌ی کو‌لتوور و کۆمه‌ڵگا جۆراوجۆره‌کان به ڕووی یه‌کدا، قووكتر بووه‌ته‌وه، بۆیه ده‌شیت بڵێین؛ دۆخی ئه‌م کو‌لتووره به هۆی میدیا و له ژێر هه‌ژموونی به‌ها ڕۆژئاواییه‌کاندا له دۆخێکی نیوه کۆپه‌رنیکیی شه‌قارشه‌قار ده‌چێت، به‌رزه‌خێک که هه‌موو هێزه‌کانی دوو به‌ره له هه‌مبه‌ر یه‌ک خیتاب ده‌ده‌ن و ده‌وه‌ستنه‌وه و لانیکه‌م بۆ چه‌ند ده‌یه زیاتره ئه‌م پێکداهه‌ڵشاخانه بێسوود و سواوه له ئارادایه، هۆکاره‌کانی ئه‌م یه‌کلانه‌بوون و خولانه‌وه له ناو بازنه‌یه‌کی چه‌ند پاته و نابه‌رهمهێندا زۆر و زه‌به‌ندن به‌ڵام ڕۆڵی هه‌ره سه‌ره‌کیی ده‌سه‌ڵات و جومگه سیاسییه‌کانی ئه‌م وڵاتانه ده‌یگێڕێت.
دیاره کاتێک باسی جومگه سیاسییه‌کان و ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان هێزێک نییه له مه‌ریخه‌وه هاتبێت و نه‌هێڵێت کۆمه‌ڵگا به‌هاکانی نوێ بکاته‌وه و کاژ بخات و به‌ره‌و پێشه‌وه بجمێت، به‌ڵکوو مه‌به‌ستمان ئه‌و هێزه‌یه که له قووڵایی مێژوو و هه‌ناوی هه‌ر ئه‌م پێکهاته‌یه‌وه هاتووه‌ته ده‌ر، به‌شه تاریک و سێبه‌ره‌که‌یه‌تی که به‌هۆی جێگیریی و دانیشتن له سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات به وه‌همی هه‌رمان و نه‌مرییه‌وه کۆمه‌ڵگای ته‌واو به‌ند و یه‌خسیر کردووه، بۆ نموونه وڵاتێکی وه‌کوو ئێران له ڕووی کو‌لتووریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ساڵانێکه پرسی باڵاپۆشی و هه‌ڵبژاردن یان هه‌ڵنه‌بژاردنی باڵاپۆشیی تێپه‌ڕانده‌وه به‌ڵام له شۆڕشی ساڵی 1979دا به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی ڕادیکاڵی ئایینییه‌وه ئیرتیجاع و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ به‌ها کۆنه‌کان پێناسه و ده‌ست پێ کرایه‌وه، ده‌یان ملیۆن دۆلاریان له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه بۆ ناساندن و به کولتوورکردنی ئه‌و به‌هایانه خه‌رج کرد، ده‌یان ملیۆن پاره و سه‌دان شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆ و چه‌ندین شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆیان دژی به‌ها ڕؤژئاواییه‌کان بۆ بووژاندنه‌وه و پاراوکردن و مانابه‌خشیی به به‌هاکانی خۆیان له ڕێگه‌ی دوالیزمی دژ و دژبه‌ر و کردار و په‌رچه‌کردار سه‌رف کرد و ئه‌نجامه‌که‌ی بوو به‌چی؟
هه‌ر به هۆی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و به‌هایانه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و به‌هایانه له لایه‌ن زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکه‌وه له ئێران له ڕووداوێکی وه‌کوو کوشتنی ژینا ئه‌مینیدا ئاگری شۆڕشێک داییسا که هێشتا بڵێسه‌که‌ی نه‌کوژراوه‌ته‌وه به‌ڵام ده‌سه‌ڵات هیچ کات و به هیچ شێوه‌یه‌ک مل نادات به‌م جۆره به‌هایانه، به‌هایه‌ک که به‌ر له‌وه‌ی گوناه و پاداشتی له پشته‌وه خه‌وتبێت به‌هادان به مرۆڤ و هه‌ڵبژاردنه‌کانی به گریمانه گیراون، ئه‌م ململانێ ئایدۆلۆژی و به‌هاته‌وه‌ره سه‌رتاپای وڵاته ئیسلامی و پێشنه‌که‌وتووه‌کانی گرتووه‌ته‌وه بۆ نموونه وڵاتێکی وه‌کوو ئه‌فغانستانیش نموونه‌یه‌کی بچووک و فۆرمێکی دیکه‌ی ئێرانه(ئه‌گه‌رچی له زۆر ڕووه‌وه له ئاستی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووری و سیاسیی‌دا جیاوازییان هه‌یه) واته ململانێی به‌ها شه‌یتانییه ڕؤژئاواییه‌کان و به‌ها ڕه‌حمانییه ئیسلامییه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان له ناو شه‌قام و کۆڵان و گه‌ڕه‌ک و خێزان و ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا ڕۆژه‌ڤه و بنه‌مای سه‌ره‌کیی مانه‌وه و ژیان یان مه‌رگ ونه‌مانه. دۆخی کوردستان وه‌کوو هیچ کام له‌م وڵاتانه نییه، نه ده‌سه‌لاتێکی ته‌واو سه‌ربه‌خۆی هه‌یه و نه سیسته‌می به‌هاکانیش له ئاستی میدیا و ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا به‌و پته‌وی و ڕه‌خنه‌هه‌ڵنه‌گرییه‌یه که له دوو وڵاتی ئێران و ئه‌فغانستاندا هه‌یه، به‌م حاڵه‌ش ده‌سه‌ڵات له قه‌یرانێکدا ده‌ژی که ناتوانێت له ململانێی نێوان به‌هاکاندا هه‌نگاوی یه‌کلاکه‌ره‌وه بهاوێژێت چون ده‌سه‌ڵات به ته‌نها ناتوانێت ئه‌م ئیشه به‌کات به‌ڵکوو جومگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات واته ڕێکخراوه کۆن و نوێکان، مزگه‌وت و ته‌کیه و خانه‌قا، قوتابخانه و زانکۆ و په‌یمانگاکان نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات وه‌ها دیالۆگ و هاوسه‌نگییه‌ک دروست بکه‌ن که دۆخی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کلا بکرێته‌وه یان لانیکه‌م هه‌نگاوانێک بهاوێژرێت که ئێمه هێنده داعه‌شی نوستووی بانگخوازمان له مزگه‌وته‌کان نه‌بێت که هه‌موو دونیا و مرۆڤ ڕه‌ت که‌نه‌وه چون مه‌رجه‌عه‌که‌ی ئه‌و ڕه‌هایه و هیچ گومانێکی لێ ناکرێت و، له‌و لاوه‌ش ئه‌و گوتار و سیسته‌مه سیکولاره‌ی که له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌دا نه‌یتوانیوه گوتارێکی ئالنگاریسازی مه‌عریفی و فیکریی وه‌ها به‌رهه‌م بهێنیت که هێزه ڕادیکاڵ و تووند ئاژۆ کۆنه‌کان په‌لکێشی دیالۆگی زانستی و ڕاسته‌قینه بکات و به گویره‌ی ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریی و لێکه‌وته‌کانی له ناو کۆمه‌ڵگا و جومگه پراکتییه‌کانی کایه‌کانی کوردستان ببینین. بێگومان له‌م نێوانه‌شدا دیسان میدیا چ وه‌کوو میدیای فه‌رمیی حیزبی و چ وه‌کوو په‌یج و ئه‌کاونته‌کانی فه‌یسبووک و ئاپه‌کانی دیکه‌ی ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به که‌مترین شێوه به ئاڕاسته‌ی دروستکردنی دیالۆگێکی هێمن و ئاوه‌زمه‌ندانه‌دا ئیشیان کردووه و ده‌یکه‌ن.
ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌ن زیاتر بۆ ختووکه‌دان و خرۆشاندنی هه‌ست و سۆز و ڕق و عاتیفه‌ی جه‌ماوه‌ره بۆیه له ناو ئه‌م هاوكێشه چه‌ند جه‌مسه‌رییه‌دا زیاتر له هه‌ر شتێک ئێمه جوێن و ڕه‌تکردنه‌وه و فه‌توا و سووکایه‌تیکردن ده‌بیستین، نموونه‌ی ئه‌م تێڕوانینه گیرخواردووه له‌ناو ئه‌م که‌وانه ڕه‌ش و سپییه‌دا قسه‌کردنی زۆربه‌ی به‌کارهێنه‌رانی تۆڕی فه‌یسبووکه له سه‌ر نووسه‌ران، بۆ نموونه نووسه‌رێکی وه‌کوو به‌ختیار عه‌لی تا چه‌ند ساڵ پێش وه‌کوو بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووف و ئه‌دیبێکی جیهانیی له ناو کورددا ناوی ده‌هات(که بێگومان ئه‌دیبێکی گه‌وره‌یه و بیرمه‌ندێکیشه و ئه‌ده‌بی کوردیی برده ناو کۆشکی دیموکراتیکی ئه‌ده‌بیاتی جیهان) به‌ڵام ئێسته به‌هۆی ململانێی دو فاقی و دوو جه‌مسه‌ریی ئایدۆلۆژیی ئایینی و عه‌لمانی له لایه‌ک و دوالیزمی حیزبی له لایه‌کی دیکه‌وه، قوربانیی قه‌زاوه‌ت و خیتابدانی ئه‌م و ئه‌و ده‌بێت! چون ڕه‌خنه ده‌گرێت و شێوه‌یه‌کی دیاریکراوی نووسین و بیرکردنه‌وه‌ی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م نووسه‌ره ئێسته به‌هۆی ئه‌وه‌ی که کتێبه‌کانی وه‌رده‌گێڕدرێن بۆ زمانی فارسی و به فارسی بڵاو ده‌کرێنه‌وه(که بێگومان هه‌ر خزمه‌ته به ئه‌ده‌ب و مه‌عریفه‌ی کوردی و له ناو فارسانیشدا هۆگر و لایه‌نگری زۆره) له لایه‌ن به‌شێک له خه‌ڵکه‌وه(زیاتر له رۆژهه‌ڵات) بێڕێزیی بێ بنه‌مای پێده‌کرێت و به‌م لۆژیکه‌وه “چون فارس داگیرکه‌ره نابێت ئه‌و بوار به‌و کاره بدات”.
ساویلکه‌بوونی ئه‌م لۆژیکه به‌ڕاده‌یه‌که که له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستیشدا نموونه‌ی نه‌بووه! به‌ڵام کاتێک ململانێی حیزبی و دوفاقیی ئایدۆلۆژی خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌ها په‌رش و بڵاو و له‌ت و په‌ت کردووه و میدیاش به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک و چاوبه‌ستکارانه هه‌مان شت پێره‌و ده‌کات چۆن ده‌توانین به‌هاکانمان بخه‌ینه به‌ر ڕه‌خنه تا باشتریان بکه‌ین، چۆن پێمان ده‌کرێت به‌ها کۆنه‌کان هه‌ڵسه‌نگێنین و باشه و خراپه‌یان بنرخێنین به‌و مه‌به‌سته‌ی یان بیانگۆڕین یان لایان ده‌ین و به‌های نوێ بخه‌یه‌نه جێگایانه‌وه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ڕه‌خنه‌کردنی شیوازی ئیش‌کردنی میدیاکان و پێناسه‌یانه بۆ کاری میدیایی که من له وتاری تردا ده‌په‌رژێمه سه‌ری.