“ره‌فیق سابیر و مێدیتاسیۆن”
(رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ “رووبه‌ری کراوه” له‌پێگه‌ی بووندا)
هه‌روه‌کوو له‌سه‌ره‌وه و به گشتی باسمان کرد “بوون” له تێڕوانینی هایدیگه‌ر دا له چه‌شنی فه‌زا و رووبه‌رێکی کراوه پێناسه ده‌کرێت و دواتر ئه‌م رووبه‌ری کراوه پانتاکه‌ی ته‌نکتر و تایبه‌تیتر ده‌بێت بۆ سه‌ر چوار رووبه‌ر که ناونراوه به رووبه‌ره چوارینه‌کان و بریتیین له: زه‌مین، ئاسمان، فانییه‌کان و خودا. شیعری مێدیتاسیۆن رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ئه‌زموونێکی ده‌روونییه که له هه‌مبه‌ر رووبه‌ری کراودا ده‌رکه‌وتووه و بێبه‌ری نییه له توخمه‌کانی ناو رووبه‌ره چوارینه‌کان. مێدیتاسیۆن (Meditation) که ئه‌زموونێکی ده‌روونی کو‌لتوور و بوونی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیایه، هه‌ڵتۆقاوی کو‌لتوور و بوونێکه که بوودا و دائۆ ئه‌زموونیان کردووه و هایدیگه‌ریش گه‌ڕاوه‌ته سه‌ریان. ئه‌م شیعره وه‌کوو پێکهاته له پێنج ئه‌پیزۆد پێکهاتووه و هه‌ر ئه‌پیزۆد یان به‌شێکی، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی جه‌مسه‌رێکی زه‌مانی تایبه‌ت که بگێڕ یان دازاین، تێیدا له هه‌ڵچوون و داچوون دایه، ده‌ست پێ ده‌کات.
له سه‌ره‌تای ده‌سپێکی شیعره‌که‌دا بگێڕ(راوی)ی ناو ده‌قه‌که ده‌ڵێی له‌خه‌ون یان زیندهخهونێکی میتافیزیکی تایبه‌ت، سره‌وتن و هێورییه‌کی قووڵ له فه‌زایه‌کی دهرهزهمانیدا ئه‌زموون ده‌کات. “راکشاو له‌ناو سرهوتندا وه‌ک سێبه‌ر/ بێ‌دار وه‌ک دره‌وشانه‌وی ئاگر، ده‌ڕوانم و/ یاده‌کان برووسکه ئاسا به پڕتاو ره‌ت ده‌بن”. له‌م سه‌ره‌تایه‌دا که بگێڕ یان”ئاخێوه‌ر” که دوو دۆخی دژ له‌یه‌کی بۆ گێڕانه‌وه‌ی خۆی هه‌ڵبژاردووه، واته وه‌ک سێبه‌ر و وه‌ک دره‌وشانه‌وه‌ی ئاگر و هه‌ر کام له‌م دوو پێشوبهێندراوه(مشبه‌به) دوو تایبه‌تمه‌ندی جیاواز و تایبه‌ت به خۆیان له پێشدا بۆ هاتووه. راکشاو له ناو سره‌وت بۆ سێبه‌ر و بێ‌دار بۆ وه‌ک دره‌وشانه‌وه‌ی ئاگر هاتووه، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه دژانه که هاوکات بۆ یه‌ک بگێڕ وه‌ک یه‌که‌یه‌ک کۆ کراوه‌ته‌وه، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که ئێمه له‌گه‌ڵ جیهانێکی ناسرووشتی و به‌ده‌ر له یاسا هه‌مه‌کی و رۆژانه‌ییه‌کانی ناو واقیع دا رووبه‌ڕووین و هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا “غه‌رقی ئاو و ئاگرین”١٨ درێژه‌ی شیعره‌که هێمایه بۆ سه‌رده‌مێک که له‌ناو بازنه‌ی زه‌مان و واقیعی وشیاری دا ژیاوه …ده‌ڕوانم و/یاده‌کان برووسکه ئاسا به پڕتاو ره‌ت ده‌بن/ ده‌روازه‌کانی روانین ئاواڵه به رووی غه‌یبدا، به رووی ئه‌به‌دییه‌تدا که وه‌ک به‌یان/ له تافی لاویدایه”، ئه‌م دێڕانه به‌شێوه‌یه‌کی سه‌یر ده‌رخه‌ری رووبه‌رێکی کراوه‌ن که هه‌م جیهانی ناوزهمانی “به‌یانی تافی لاوه‌تی” ده‌گرێته‌وه و هه‌میش “ئه‌به‌دییه‌تی ده‌ره زه‌مان” ئه‌مانه هه‌مووی له …شوێن: هه‌موو جێیه‌ک و هیچ شوێنێک/ فه‌زا: سارا/ کات: هه‌موو ساتێک و هیچ کاتێک. رووده‌ده‌ن. تا ئێره دوو رووبه‌ر له رووبه‌ری کراوه به راشکاوی و رووبه‌رێک له قه‌واره‌ی ئاماژه دا ده‌ر که‌وتوون.
ئه‌م رووبهرانه که له جیهانی هایدیگه‌ر دا جێگه‌ی خۆیان هه‌یه، هه‌ر به ریزه‌وه فانییه‌کان، شوێن و کات واته زه‌مین له خۆ ده‌گرێت. “من له‌خۆمدا بۆ سێبه‌ره‌کانی بوون ده‌ڕوانم/ ریشه‌ی خۆڵه‌مێشی رابردوو ده‌پشکنم و/ گوێ لهپهیڤینی رازه‌کان ده‌گرم،” له‌م چه‌ند دێڕه‌دا ئیراده و وزه‌ی کردارییانه‌ی وه‌گێڕ له‌هه‌مبه‌ر رووبه‌ری کراوه ده‌که‌وێته روو، ئه‌گه‌ر رووبه‌ری کراوه واته پانتای بوون به زه‌ینی نا وشیار بشوبهێنین، ئه‌م زه‌ینه ناوشیاره ناتوانێت به بێ زه‌ینی وشیار بوونی هه‌بێت و دیالیکتیک و دانوستان یاسایه‌کی حاشاههڵنهگریانه، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به‌دواداهات و ئه‌نجامی دانوستانه‌که‌ش نادیار بێت، به‌ڵام تا ئێسته‌ی شیعره‌که وه‌گێڕ له هه‌مبه‌ر بووندا وشیار بۆته‌وه و ده‌یه‌وێت بۆ هه‌ڵکۆڵینی په‌یڤینی رازه‌کان بکه‌وێته چالاکی، بۆیه؛ “له خۆمدا بۆ سه‌ره‌تاکان ده‌گه‌ڕێم/ که وه‌ک زه‌مان بێ سه‌ره‌تا و/ وه‌ک خه‌ون و زایه‌ڵه بێ شوێنه‌وارن/ له‌و دیو شته‌کانه‌وه چاو بۆ روونی ده‌گێڕم/ ده‌سته‌کانم له سپێده هه‌ڵده‌کێشم و/ گزینگ بێ‌دار ده‌که‌مه‌وه” دوای که‌وتنه گه‌ڕی وزه‌ی وشیاری له هه‌مبه‌ر بووندا و پێوانی چه‌ند وێستگه‌یه‌کی شوێنکاتی، وه‌گێڕ تووشی داچڵه‌کان و سه‌رسووڕمانێک ده‌بێت له هه‌مبه‌ر رازاوی و رووت بوونه‌وه‌ی هاوکاتی رووبه‌ری کراوه و وه‌کوو بڵێی به‌رگه‌ی بوون ناگرێت و له‌م هه‌رێمه به‌رفراوانه‌ی بووندا خه‌ریکه ون ده‌بێت؛”ئه‌ی تاکبوونه‌وه‌ی رۆح مهوداکانم چێ بکه!/رووه‌و لووتکه‌ی درهوشانهوم به‌ره! من گه‌ڕانم بۆ دۆزینه‌وه‌ی ونبوونه/ دیالۆگه له‌گه‌ڵ رووناکی،/ دابڕانم رامانه له راماندا/سه‌فه‌رێکی ئه‌به‌دییه به گوماندا” ئه‌م ونبوون و داچڵهکانهی ئه‌و له هه‌مبه‌ر بووندا ده‌بێته چرای رێگای:”له تاکبوونهوهمدا رازه‌کان ئازادم ده‌کان/ په‌یڤینم: هێمایه/ ته‌نیاییم: سه‌ربه‌ستی روانین و پرسین.” و له‌ئاکامدا زه‌ین یان رۆح(Geist) باوه‌ڕ به بوونی جه‌سته دێنێت و ده‌یدۆزێته‌وه؛ ئه‌ی خولیاکانی جه‌سته سه‌روه‌ری خۆتان ده‌رخه‌ن/ به‌هانه‌ی مانه‌وه و مانای چاوه‌ڕوانی و سه‌فه‌رم بدرکێنن!” به گه‌ییشتنی سووژه(دازاین) به ئاوه‌ها قۆناغێک که تێگه‌ییوه له سه‌ره‌تای سهفهرێکدایه تا ژووری مه‌رگ پرسیاره‌کان له دایک ده‌بن؛”به‌ڵام چۆن به ته‌نیا تینووێتی گڵ بشکێنم؟چۆن به‌هانه‌ی سه‌فه‌ر و مانای مانه‌وه‌م بسه‌لمێنم؟” و هه‌ر دوای ئه‌م پرسیارانهشه که ئه‌زموونی خۆی له ناو بوون دا ده‌ست پێده‌کات و ده‌که‌وێته دڵه‌ڕاوکێی چاکه‌و خراپه؛ “وه‌ک تاڵه تیشکی گومڕا له سێبه‌ری ته‌ڵخی دارستان و تاریکی ئاڵاوین/…ئه‌وه چاره‌نووسی جه‌سته‌یه که له داڵانی گوناه و له‌زه‌تدا/ مه‌ودایه‌کان ونده‌کات و/ پشت ده‌کاته سه‌ره‌تا و کۆتایی خۆی،” به‌سه‌رنجدان به‌وه‌ی که له‌م دێڕانهده جێناو له تاکه‌وه ده‌بێته کۆ واته له‌منه‌وه بۆ ئێمه ده‌گۆڕێت.
بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که سووژه بوونی گشتی لێردا بۆ ده‌رکه‌وتووه و خۆدی “بوون” وه‌کوو رووداوێکی نه‌رێنی پێناسه ده‌کات که یه‌خه‌ی کۆی مرۆڤی گرتووه؛ چۆن رازه‌کان بدوێنین کاتێک په‌یڤه‌کان له مانا تهنگترن/ چۆن ئاماده بوون بۆ به‌سه‌ر چوون،/فۆرم بۆ روانین دابێنین” تا ئه‌م قۆناغه سه‌ره‌تا و کۆتایی سه‌فه‌ره‌که ئاسۆی خۆی له رووبه‌ری کراوه‌دا بۆ سووژه ده‌رخستووه و ژیان و مه‌رگ و عه‌ده‌م و هه‌رمانه‌وه ده‌هۆنێته‌وه و بووه به که‌ڵکه‌ڵه و دڵه‌ڕاوکێی و له ئاکامدا ده‌ڵێت ؛ “بڕوانه چ نه‌هاتێک رووی تێکردووین!” و درێژه‌ی هه‌وڵی مه‌عریفی سووژه به فراوانی و ناکۆتا بوونی “بوون” شڵه‌ژان و ونبوونی به دیاری بۆ دێنێت؛ ” شته‌کان ئاوێنه‌ی سه‌ره‌تاکانیان بوون/ راستیش به ئاو کردنی سهراب/ من وه‌ک چاوه‌کانت روونی ئاو و شینی ساماڵم پۆشیبوو/ له لێواری ونبووندا/ مات وه‌ک په‌لکه‌زێڕینه چاوه‌ڕێ بووم/ تۆ شێوه‌ی شته‌کان بوویت و نوورت ئاسۆ و ئاوه‌دانی.” له‌م سه‌فه‌ری بوون و”نه‌بوونه‌دا” دازاین(سووژه) شتێک ده‌دۆزێته‌وه و داده‌به‌زێته هه‌رێمێک که به وشه‌ی بانگکردن واته “تۆ” ده‌یگێڕێته‌وه، ئه‌مه قۆناغی ئه‌ڤین و عه‌شقه که له چاوه‌کانی”تۆ” وه ده‌ست پێده‌کات و له لێواری ونبووندا چاوه‌ڕوانی ده‌کات، “تۆ” بڵێی ئه‌م قۆناغه بوونێکیتره یان قۆناغێکه له‌و سه‌فه‌ره‌ی؟! که ده‌ڵێت؛ ” خۆت رووت که‌وه!/ با جیۆگرافیای رۆح ببینم/ به له‌سه‌ر جه‌سته‌ت شوێنه‌واری خۆم بخوێنمه‌وه./ خۆت رووت که‌وه!/تا روونی غه‌یب و کؤتاییهکان ببینم” ئه‌پیزۆدی یه‌که‌م به جه‌مسه‌رێکی زه‌مانی”نازهمانییهوه”١٩ درێژه‌ی ده‌دات؛ ” هه‌وا باراناوی/ به‌یان ره‌نگه‌کانی خۆی ده‌چنێته‌وه،/ سارا ماوه‌ی نێوان من و بوون پڕ ده‌کاته‌وه/… من سه‌فه‌رم له وه‌ستاندا/ دره‌وشانه‌وی هه‌قیقه‌تم له گوماندا/…ئه‌م ده‌ربڕینانه له چه‌مکی ئه‌لسێئیا نێزیکمان ده‌که‌نه‌وه که مه‌به‌ستیانه بڵێن تاریکی بۆیه دیاره چونکوو رووناکی و رۆژ له‌و ساته دا نییه‌ن و به پێچه‌وانه‌شه‌وه؛ “من کوژانه‌وه‌م هه‌ڵبوونه/ زایه‌ڵه‌یه بێده‌نگیم/ بوونم جه‌وهه‌ری بوونه، من پارسه‌نگی شته‌کانم به هارمۆنیای رۆح راگرتووه.” که‌واته ئه‌پیزۆدی یه‌که‌م له خه‌ونی “بوون”ه‌وه تا تێگه‌ییشتن له بوون و ئه‌زموونه رۆحییه‌کانی “مرۆڤ” له ئاوێنه‌ی “تۆ” دا سه‌فه‌ر ده‌کات.
ئه‌پیزۆدی دووه‌م به تێگه‌ییشتن له زه‌مان ده‌ست پێده‌کات، زه‌مانێک که به‌ده‌ره له مانا رێکهوتوویهکهی و ناخرێته بازنه‌ی پێوه‌ر و پێوانه‌ی ژماره‌کانه‌وه؛ زه‌مان لای هایدیگه‌ر نه درێژاییه و نه ئه‌ندازه‌یی و هێڵییه، به‌ڵکوو قووڵبوونهوهیهکه بۆ فام و د‌رکی”بوون”. شه‌و وه‌ک منداڵێک له‌سه‌ر باسکم پاڵکه‌وتووه/ من شه‌ونخوونی شه‌و ده‌خوێنمه‌وه/ ده‌مه‌وێت مه‌ودایه‌ک چێبکه‌م بۆ سه‌فه‌ر…/…روو له داهاتوو بکه‌م که غه‌یبی هه‌ڵگرتووه/ ده‌شێت زه‌مانی من له‌و دیو زه‌مانه‌وه سه‌رهه‌ڵبدات/ مێژووی من له‌و دیو مێژووه‌وه ده‌ست پێ‌بکات/ من له ناخی خۆم راده‌مێنم تا رازه‌کانی جه‌سته بدرکێنم.” لێره‌دا هه‌مدیس تێڕامنه له بوون و زه‌مان به‌تێکڕایی؛ “بێهووده بوو کاتێک ئاسۆم ده‌خسته سه‌ر ڕان و/ جه‌سته‌م وه‌ک مێرگێکی تینوو بۆ باران راده‌خست، زه‌مانیش وه‌کوو یاده‌کان به پڕتاو ره‌ت ده‌بوو/ داڵانی سهرابی مه‌حاڵم ده‌پشکنی و…/به نیازی خۆرووناک کردنه‌وه به قووڵایی/ تاریکیدا رۆدهچووم/ له ناخی به‌سته‌ڵه‌ک دا خۆم گه‌رم ده‌کرده‌وه.” لێره‌ش دیسانه‌وه ئاماژه‌یه‌ک به ئه‌لسێئیا هه‌یه ؛ ” بۆ رووناک بوونه‌وه به قووڵایی تاریکی ده‌بێت رۆ بچێت؛ واته تاریکی ده‌بێت باش بناسرێت تا هێزی رووناکیمان بۆ ده‌رکه‌وێت.” به‌ڵام هه‌ر دوای ئه‌م ئهزموونهشه که پرۆتێست و ناڕازی بوونی دازاین له “هاتنه بوون” ده‌رده‌که‌وێت؛ ئه‌و خۆی ته‌نانه‌ت به جه‌سته‌ش که وه‌کوو جه‌سته‌ی مێرمنداڵێک نیگاری ده‌کات، ته‌یار و ئاماده‌ی ئه‌م سه‌فه‌ره نه‌بینیوه.؛ “کوا ره‌وا بوو به جه‌سته‌ی مێرمنداڵانهم په‌ناگه‌یه‌ک له ونبوون و بۆشایی،/ ئارامگه‌یه‌ک له ترس چێبکه‌م! به پێیه ساواکانم مێژوویه‌ک له‌سه‌ر به‌رد بنووسمه‌وه، یان به‌تاقی ته‌نیا ته‌رمه شپرزه‌کان ئارام که‌مه‌وه، مردووشۆر و گۆڕهه‌ڵکه‌ن و زێوان هه‌ر ته‌نیا خۆم بم!/ چ شه‌ڕێکی نابه‌رابه‌ر و دۆڕاو بوو!/گه‌ڵایه‌کم وه‌ک شمشێر له رووی ئاسماندا هه‌ڵده‌بڕی و هاوارم ده‌کرد: کوا ره‌وای هه‌قه؟که من نازانم بۆ لێره‌م!/ که په‌نا ده‌به‌م بۆ مردن داڵده‌م نادات!/ بڕوانه! رێکه‌وت چ ئاژاوه‌یه‌کی ناوه‌ته‌وه، زه‌روره‌ت چ به‌ڵایه‌ک.” ئه‌م دوو دێڕه‌ی کۆتایی واته دیالیکتیکی نێوان زه‌رووره‌ت و رێکه‌وت که ده‌رخه‌ری هاوکێشه‌ی ململانێی بوون-زه‌روره‌ت-رێکه‌وته، زه‌ینی ئێستێفان مالارمهشی به خۆوه سه‌رقاڵ کرد بوو و له ئه‌نجامدا به‌ره‌و چه‌شنێک له میتافیزیک و پرسی فه‌لسه‌فی خۆکوژی رایکێشا، هه‌ر ئه‌و پرسه فه‌لسه‌فییه‌ی که ئالبێر کامۆی نووسه‌ریش به ره‌سه‌نترین پرس و تاقانه‌ترین پرسی فه‌لسه‌فی دایده‌نێت. ئایا زه‌رووره‌ت رێکه‌وته یان رێکه‌وت زه‌رووره‌ته؟
با رێگای شیعره‌که بگرین؛ “باسکه‌کانم وه‌کوو دوو لقه رووناکی به‌ره‌و رووت راگرتووه./ تۆ له دایکبوونێکی دیکه‌یت و / شێوه‌ی غه‌یبت گرتووه/ تۆ شتێکت له‌گه‌ڵ خۆت هێناوه نه له به‌یان ده‌چێت/نه‌له شێوان/ نه له بوون ده‌چێت نه له نه‌بوون/ من خۆم داوه‌ته ده‌سته رازگرهکانت/ هه‌ر خۆت چاره‌نووسی منیت.” تۆ” وه‌کوو ئارکی تایپێک(Arche taype)٢٠ که له مێژووی بوونی مرۆڤدا ده‌شێت باسی لێبکرێت و به یه‌کێک له قودسی و پیرۆزییه‌کانی مرۆڤ ناوزه‌د ده‌کرێت و دواتر ده‌چێته بازنه‌ی ئه‌فسانه و په‌رستشه‌وه و یاساکانی ده‌توانن پاساوهێنهوهی بوون و به‌دواداهاته‌کانی بن. لێره‌ش “تۆی ئه‌ڤین” خه‌ریکه راز و پرسیاره‌کانی دازاین ده‌کاته‌وه و ئه‌مه‌ش دازاین خۆی گه‌ییشتۆته ئه‌و قه‌ناعه‌ته که خۆی “بداته ده‌سته رازگرهکانت” و رازی بوون و زه‌مانی بۆ بگیڕدرێتهوه. به‌ڵام ره‌وتی زه‌مان بۆ دازاینی ده‌رده‌خات که ئه‌م رووگه‌یه ده‌بێت پرسیاری له سه‌ر بکرێته‌وه، چوون بوونی ئه‌ویش له ناو بوون و رووبه‌ری کراوه دایه و “تۆ” داهێنه‌ری بوون نییه. “رێگایه‌کان به داڵانی تاریکیدا شۆڕ ده‌بنه‌وه/ هه‌ق ره‌شماڵی سه‌رکه‌وتووانه/ مێژووش ئاوێنه‌ی ده‌سه‌ڵات./بۆ هه‌ر په‌یامێک به خه‌ون ده‌ست پێده‌کات که‌چی به خوێنباران ته‌واو ده‌بێت؟/ چه‌ند پێک ده‌چن په‌یامه‌کانی ئاسمان و زومین! بۆ تا ئێسته زه‌مین دیلی ئاسمانه؟/راستی: سهراب/ بۆ تا ئێستا زه‌مان ته‌ختی بکوژانه؟/ که وێنه‌ی لێڵ و سه‌ره‌وخواری خۆم رواڵه‌تی بوونمه/ که بیرچوونه‌وه رووناکترین هه‌قیقه‌ته…/ مه‌رگ تاکه شایه‌ته و ئێمه‌ش نازانین له کوێین، ئه‌مه ئه‌ڤینه یان ونبوون؟” هه‌ر وه‌کوو له‌م دێڕانه‌دا سهرابییهت و زهمنییهت و کۆتایی بوون باڵی به‌سه‌ر ئه‌م تۆیه‌ی ئهڤینیشدا کێشا و رووبه‌ڕووی پرسیاری کرده‌وه، بۆیه دازاین هه‌مدیسان له داڵانه‌کانی ونبووندا شۆڕ ده‌بێته‌وه و نۆستالۆژیایهک بۆ سه‌رچاوه‌ی بوونی جه‌سته‌یانه و بایۆلۆژیکانهی خۆی واته دایکی دێته ئاراوه؛ ” رێگاکان به کۆڵانی ونبووندا شۆڕده‌بنه‌وه/ وه‌کوو جۆگه‌له باران له که‌ناری هیچدا کوێر ده‌بنه‌وه/ئه‌گه‌ر ئێستا له‌وێ مانگه‌شه‌وه یان ئه‌نگوسته چاو، به‌یانه یان شێوان/ بهمن چی!/ من بیری باوه‌شی دایکم ده‌که‌م/ … من چیم داوه له ناو و شێوه‌ی بته‌که‌م/ چیم داوه له ره‌نگی کفنه‌که‌م/ له ناسنامه‌ی بکوژه‌که‌م/… من بیری باوه‌شی دایکم ده‌که‌م./کوا ئه‌م کۆچه سه‌ره‌تا بوو؟” هه‌ر وه‌کوو دیاره له‌م قۆناغه‌ی ته‌منی زه‌ینی و رۆحی دازاین دا به زه‌خت و ونبوون و شڵه‌ژانێک که بوون به‌سه‌ری دا هێناوه، تووشی نۆستالۆژیای رابردوو ده‌بێته‌وه و ئامێزی دایکی ده‌کاته په‌ناگه و وه‌ک له ده‌ربڕینی شیعریانه‌ی دازاینیشدا دیاره له‌م قۆناغه وه‌کوو منداڵێکه که په‌ڵپ و وڕک ده‌گرێت و به رووبه‌ری کراوه که خۆیشی به‌شێکه له‌و رووبه‌ره منداڵئاسا ده‌ڵێت: کوا ئه‌م کۆچه سه‌ره‌تا بوو؟ واته بیانوو له ده‌سپێکردنی سه‌فه‌ر ده‌گرێت.
ئه‌پیزۆدی سێیه‌میش به جه‌مسه‌ر و ده‌روازه‌یه‌کی زه‌مانی ده‌ست پێده‌کات ئه‌گه‌ر له ئه‌پیزۆدی یه‌که‌مدا جه‌مسه‌ری زه‌مان شه‌و بوو لێره‌دا رۆژه، که وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت له‌م دوو ئهپیزۆدهدا ئه‌لسێئیا له نێوان شه‌و و رۆژ، تاریکی و رووناکی له سووڕدایه و ده‌کرێت هه‌ر کام له‌م حاڵه‌تانه رێگه و ده‌ربیجه‌یه‌ک بۆ ناسین و د‌رکی ئه‌ویدی بکه‌نه‌وه. “رۆژه‌کان ره‌تده‌بن و ته‌مێکی په‌مه‌یی وه‌ک سێبه‌ر دامده‌پۆشێت/ شه‌و به‌سه‌ر ده‌ستمدا ده‌چه‌مێته‌وه./ تاریکی سنووری خۆی ده‌به‌زێنێت،/ رۆژه‌کان بۆشایی نێوان من و بوون پڕ ده‌که‌نه‌وه/.. من له‌و دیو تاریکییه‌وه چاو ده‌گێڕم…/ئه‌و رازانه ده‌خوێنمه‌وه که خۆڵ و ئاو و هه‌تاو له سه‌ر هه‌ڵچوونی دره‌خت، تینووێتی/ له‌سه‌ر گه‌ڵا ده‌ینووسنه‌وه/له‌و دیو چاکه و گوناهه‌وه خولیاکانی جه‌سته ده‌لاوێنمه‌وه/ به بۆشاییدا ده‌ڕوانم/ …په‌نا ده‌به‌م بۆ کیمیای شته‌کان که به خۆم نامۆ ده‌که‌ن./ من خۆمم و خۆشم نیم/ شته‌کانیش ته‌نیا وێنه‌ی کاڵ و به‌خۆ نه‌چووی خۆیانن” ئه‌مه سه‌ره‌تای نیهیلیزم و پووچی و بۆشایهتییه له درێژه‌ی ئه‌زموونی دازایندا” من چرایه‌کی تاریک و پشکۆیه‌کی سه‌هۆڵینم، تاوێرێکی نه‌رم و هه‌ورێکی ره‌قهه‌ڵاتوو، ته‌رمێکی گه‌ڕۆکم ته‌نراوم به نه‌فره‌تی خودا و په‌شیمانی،/ به مه‌ترسییه‌که‌وه که له ژیان سه‌رچاوه ده‌گرێت.” دیسانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌و بۆ پرسیارگه‌لێک که په‌یام و مانای جیاوازیان پێیه؛ ” سه‌ر له نوێ ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ پهنایهکانی رۆح، که پڕن له گومان و حه‌سره‌ت، پڕن له پڕی و بۆشایی، مه‌ودای نێوان خۆم و ئاینده به پرسیار دهتهنم/ من کێم؟ له‌کوێڕا هاتووم؟ کو سنووره‌کانی نێوان بوون و نه‌بوونم داپۆشیوه./ من چیم؟ که ئه‌م بۆشاییه‌م پڕ کردۆته‌وه و سێبه‌ره‌که‌م رواڵه‌تی بوونمه!/ چۆن رێم که‌وتۆته ناو ئه‌م قوڵاییه” هه‌ر وه‌کوو دیاره په‌یامی ئه‌م پرسیارانه که هه‌ندێکیان که پێشتریش کراون جیاوازه و تێمێکی پووچ خوازانه‌ی تێدایه، وه‌ک بڵێی دازاین دوای ماوه‌یه‌ک تێپه‌ڕاندنی سه‌فه‌ره‌که‌ی و ئه‌زموونی ئاڵۆز و پێچه‌ڵپڵووچی، له پڕێکدا که‌وتۆته سه‌ر خۆ و هه‌ڵوێسته و رامانێکی قووڵتری کردووه و هه‌ستێک له سووک بوون و بابراوی دایده‌گرێت.
“هه‌ڵه بوو یان سیسته‌می ته‌بایی دژه‌کان، رێکه‌وت بوو یان سزا: سزای خوێندنه‌وه‌ی تاریکی و پڕکردنه‌وه‌ی بؤشایی، … سزای گوناهی باوهشلێکدانی من و خه‌ون./ ئه‌مه رێکه‌وته یان زه‌رووره‌ت؟” ئه‌گه‌ر چی ئه‌م وشانه جۆرێک بانگه‌شه‌ی ئیمان و باوه‌ڕیان تێدایه و دازاین پانتای رووبه‌ری کراوه‌ی دابه‌زاندووه بۆ یه‌ک رووبه‌ر و ره‌هه‌ند که ئه‌ویش ئاسمانه؛ ” من عه‌وداڵی فڕینم، فه‌زام سه‌ردابه و… وێڵی رووناکی و ره‌هابوونی رۆحم” به‌ڵام ئه‌م باوه‌ڕه به ئاسمان باوه‌ڕیشه به زه‌مین، ئیمان به مه‌رگ و ماهییه‌تی مه‌رگ، ئیمان و باوه‌ڕێکی قووڵیشه به ژیان و لێره‌دایه که سێ رووبه‌ر له رووبه‌ره چوارینه‌کانی هایدیگه‌ر ده‌رده‌که‌وێت؛ واته ئاسمان، زه‌مین، فانییه‌کان، ئه‌گه‌ر درێژه‌ی شیعره‌که بگرین رووبه‌ری چواره‌میش که خودایه ده‌رده‌که‌وێت و به ده‌ربڕینێکی سکاڵا ئامێزه‌وه بوونی ره‌نگده‌داته‌وه و “تۆ” یه‌ک دێنێته ئاراوه که بانگی خودای ده‌کات؛ ” مردن هات و تۆ نه‌هاتی،/ده‌شێت من له ونبوون و چاوه‌ڕوانیدا به‌ند بم، به‌ندی گومان، به‌ندی گوناه و په‌شیمانی، به‌ندی په‌یڤه بێده‌نگ و ماناکان، یان به‌ندی ته‌نیایی و خه‌یاڵاتی خۆم.” ئه‌م دۆخه که به‌م وشانه نیگار کراوه ده‌توانین به قۆناغی “نیهیلیزمی متافیزیکی” ناوزه‌دی بکه‌ین که به جۆرێکی سۆفیانه و عه‌بدانه، گله‌یی له بوونێک ده‌کات که خراوه‌ته ناوی و تاسه‌ی دووری و هیجرانی خۆی له خودا ده‌رده‌خات. به‌ڵام ئه‌مه‌ش شتێکی تێپه‌ڕ و کاتییه و پرسیار و گومانی دازاین کۆتایی بۆ نییه، بۆیه ده‌ست به داوێنی میتۆلۆژیا و خودایه‌کی ئووستووره‌یی یۆنانی که‌ونارا ده‌بێت که ناوی سیبیله و خودا و ئیلاهه‌ی پێشگۆیی و پێشبینییه؛ ” سیبیل! ئه‌مه پێش بینییه، یان راستی؟/ سه‌ره‌تایه یان کۆتایی؟ که من نازانم له کوێم!/ بۆشاییه‌ک به جێدێڵم قووڵاییه‌ک له‌سه‌ر رێمه/ قووڵاییه‌ک ده‌که‌مه شوێن بۆشاییه‌ک چاوه‌ڕێمه/ که‌چی…” لێره به‌دواوه وه‌گێڕ هه‌ندێ میتافۆڕ یان خوازه ده‌خاته روو که به‌ده‌رن له سرووشت و هه‌ناوی بنه‌ڕه‌تی “بوون” به‌ڵکوو ده‌سکرد و سازێندراوی هێزگه‌لێکه که گوتار و مانیفێستی جۆربه‌جۆر ده‌یخه‌نه به‌رده‌می تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا و زۆربه‌ی کات له سرووشت و حه‌قیقه‌تی بوون دایانده‌بڕن.
بۆ نموونه “با” و “شه‌و” لێره دا مانای چه‌شنێک هێز و هه‌یمه‌نه و ده‌سه‌ڵاته که به‌سه‌ر دازاین دا ده‌سه‌پێت ؛ ” له ئێواره‌وه “با” دوام که‌وتووه/ “با” یاری به سێبه‌ره باراناوییهکهم ده‌کات/ شه‌ویش باڵای خۆی وه‌ک ئاوێنه‌یه‌کی لێڵ له روومدا راگرتووه…/ یاده‌کان تێکه‌ڵاوی یاده‌کان ده‌بن، زه‌مان تێکه‌ڵاوی زه‌مان، دیمه‌نه‌کانیش برووسکه ئاسا تێده‌په‌ڕن….گه‌له سه‌گێک که به وه‌ڕین شه‌و ده‌پشکنن/ یاری به شۆڕه لقی دره‌خته‌کان ده‌که‌ن و بۆن به تریفه‌وه ده‌که‌ن…/ من بۆ لێره‌م؟/ بۆ (با) به‌رۆکم به‌رنادات؟/ کۆردێلا! ئه‌گه‌ر ژه‌هراوت هێناوه بێنه بینۆشم/ ئه‌مه زینده خه‌ونه، یان راستی که من نازانم بۆ لێره‌م…/کوا ئه‌مه پیشه‌ی منه؟/ کوا ئه‌مه جێگه‌ی منه؟” وه‌کوو باسمان کرد دازاین له ئاڵمانیدا به واتای “له‌وێنده‌رێ بوون” دێت و ئه‌م زاراوه‌یه هه‌ڵگری یه‌که‌م بیرۆکه و تاقانه گریمانه‌یه‌که له هه‌مبه‌ر “بوون” دا ئه‌ویش به‌و واتایه‌یه که پێش مه‌رجی “بوون” له‌وێنده‌رێ بوونه، له ئێستای شیعره‌که‌دا دازاین شه‌که‌تی پێوه دیاره و بۆن وبه‌رامه‌ی نیهیلیزمی هێشتا لێ نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه، بۆیه دوو جار پرسیار له جێگه و “ئهمێندهرێ بوون” که مه‌به‌ست هه‌ر هه‌مان له‌وێنده‌رێ بوونه، ده‌کات، من بۆ لێره‌م؟ کوا ئه‌مه جێگه‌ی منه؟ ئه‌م هه‌ڵچوون و داچوونه دازاین به باوه‌ڕێکی ره‌ها ناگه‌یه‌نێت و بوار بۆ خواستێکی پۆزیتیڤیستیانه و یه‌قینی که له ناخیایه‌تی ناکاته‌وه، بۆیه بڕیار ده‌دات؛ ” کوا ئه‌مه شێوه‌ی منه؟کوا ئه‌مه رێگای منه؟/ با رێگام به‌ره‌و هه‌ر گۆشه‌یه‌کی دنیا بێت/ ته‌رمه‌که‌م خۆڵه‌مێش و گۆڕه‌که‌م ده‌ریا بێت.” ئه‌م دێڕانه که کۆتایی ئه‌پیزۆدی سێهه‌من، تێهه‌ڵچوونه‌وه و نۆژهنبوونهوهیهک له وه‌گێڕ ده‌خاته روو و خواستی تێکه‌ڵبوونه‌وه و رژانهناو رووبه‌ری کراوه له قه‌واره‌ی میتافۆڕی ده‌ریا و خۆڵه‌مێش دا شه‌پۆلان ده‌دا.
ئه‌پیزۆدی چواره‌م و کۆتایی وه‌کوو باقی ئهپیزۆدهکانیتر به زایه‌ڵه‌ی زه‌مانه‌وه ده‌ست پێده‌کات، بوونی ئه‌م هێما زهمانییانه له سه‌ره‌تا و دێڕی سه‌ره‌تای سێ ئه‌پیزۆدی کۆتایی و پێشتر له دووتوێی ئه‌پیزۆدی یه‌که‌مدا به شێوه‌کی راشکاوانه و له قه‌واره‌ی پێکهات دا، زه‌مان به ره‌هه‌ندێکی به‌رین له بوونایه‌تی دازاین و وه‌گێڕ ده‌زانێت. له سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه‌دا و دواتر له درێژه‌شدا گۆڕانێک دێته به‌رچاو، که دازاین له ناو سره‌وتن و هێورییه‌کی سۆفیانه‌دا دادهسکنێت، ته‌نانه‌ت وشه‌ی شه‌و که هێمایه بۆ زه‌مان له گه‌ڵ وشه‌ی بخوور دا لێکدراون و تێکه‌ڵ کراون، که واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت دازاین ماهییه‌ت و چییه‌تییه‌کی بۆ زه‌مان دۆزیوه‌ته‌وه. “بخووره شه‌وێک، دارستانێک له ئه‌ستێره/ که له قووڵایی ساماڵدا وه‌ک پاپۆڕ مه‌له ده‌کات/ ته‌خته‌خه‌وێک له تریفه و زهردهگهڵا که بۆنی جه‌سته‌ی گرتووه/ راکشاوم له ناو سرهوتندا بێباک وه‌ک ته‌رم،” … له‌م به‌شه‌دا گۆڕان به زه‌قی ده‌رکه‌وتووه و زایه‌ڵه و وێنه‌کان و مێتافۆڕهکانی ئه‌م به‌شه به ته‌واوه‌تی له به‌شه‌کانی پێش جیاوازن. “گژه‌با له گه‌ڵ خۆی گه‌ڵا وه‌ریوه‌کان و شه‌پۆلی تاریکی ده‌شڵه‌ژێنێت/ رازه‌کان و پاشماوه‌ی یاده‌کان ده‌ورووژێنێت./ شه‌وێکی ئاوێنه به‌نده، شته‌کان سه‌رمه‌ستی دره‌وشانه‌وه‌ن…/ شه‌و به‌له‌مێکی سرهوتگرتوویه و منیش له ناویدا/ وه‌ک ماسیگرێکی ماندوو له سه‌ر پشت راکشاوم/ خه‌ونه‌کان دێن و به‌خێرایی له کۆڵانی بێداریدا ون ده‌بن/ ئاخۆ زه‌مان خه‌ونئاسا ئاواڵه‌یه یان وێنه‌ی بێداری ته‌نراو/ سه‌فه‌ره‌که‌م سه‌ره‌تایه یان کۆتایی؟” له‌م به‌شه‌دا ماهییه‌ت و په‌یامی ئه‌م پرسیارانه له هێمنی و سره‌وتنه‌وه دێت نه‌ک شڵه‌ژان و گومانه‌وه، ئه‌و ده‌یه‌وێت بزانێت ئه‌م سه‌فه‌ره چه‌ندی ماوه که ئه‌و له بێدارییهکهیدا خه‌ونه‌کانی ببینێت و بیهۆنێته‌وه. “گژه‌با یاری به ره‌نگه‌کان ده‌کات و چه‌ند گه‌ڵایه‌ک له‌سه‌ر جه‌سته‌م به‌جێدێڵێت/ دیمه‌نه‌کان له تافی درهوشانهوهیاندا، ده‌ڵێی ده‌چنه ژوان/ به پڕتاو ره‌تده‌بن: منداڵیم که وه‌ک نه‌ناسێک بۆم ده‌ڕوانێت/ مردن، که به نێو شه‌پۆله‌کاندا دێت/ نیوه‌ی شه‌وین/ نیوه‌ی وه‌ک تریفه زیوین”. له‌م دێڕانه‌دا مه‌رگ که به‌رده‌وام مۆته‌که‌ی فهناکهر و کۆتاییهێنی دازاین بوو، لێره‌دا جێگه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت و مانایه‌کی ئه‌رێنی و سرهوتئاسا به خۆی ده‌گرێت، هه‌ر چه‌ند هۆکاری ئه‌مه‌ش ره‌نگه له دوا رسته‌ی هایدیگه‌ر دا ببینینه‌وه که گووتبووی: مه‌گه‌ر له ئه‌نجامدا خودایه‌ک به هانامانه‌وه بێت. له تێڕوانینی هایدیگه‌ر دا مردن یه‌کێکه له تواناییه‌کانی دازاین و ئه‌وه‌ی که دازان ده‌مرێت خۆی شتێکی ئه‌رێنییه و مردن(نه‌ک مه‌رگ) هیچ کات یه‌کێک نییه له کێشه چاره‌نه‌کراوه‌کانی مرۆڤ.
له‌م به‌شه‌ی شیعردا وا ده‌رده‌که‌وێت که خودا به هانای دازاینه‌وه چووه و له درێژه‌شدا هه‌ر ئه‌م تێم و مانایه به‌رده‌وامه “رۆژه سیما پایزییه‌کان، که له شه‌قامی نههاتدا بێ شوێنه وار ون ده‌بن/ روخساری دۆستێکی دێرین: ئه‌به‌دییه‌ت،/ که له فه‌زای ئه‌ندێشه‌دا خه‌رمانه‌ی داوه.” و ئێستا که له درێژه‌دا دیسان به شێوازێکی زه‌قتر دۆزینه‌وه و ئهلسێئیای خوا بۆ دازاین ده‌سه‌لمێت و ته‌نانه‌ت حاشا له گومان و پرسیارگه‌لێک ده‌کات که له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نییه‌وه گه‌ڵاڵه‌ی کردبوون، ته‌نانه‌ت لێره‌دا به هاوردنه‌وه‌ی دێڕه شیعرێکی مه‌ولانا خالیدی نهقشبهندی٢١ عارف و سۆفی کورد به‌ندایه‌تی و عه‌بدایه‌تی خۆی بۆ خودا ده‌رده‌خات. ” من چۆن به‌سه‌ر ئه‌م رێکه‌وته دا که‌وتم؟/ له کوێ ساته کورته‌کانی ئازادیم ون کرد؟/ چۆن له سۆراخی خه‌ون و مه‌حاڵدا/ بوومه سه‌رحه‌ڵقه‌ی گوناهکاران؟ چۆن هه‌قیقه‌تم گۆڕییه‌وه به گومان؟/ خۆت رووت که‌وه! تا له‌به‌ر ئاوێنه‌ی جه‌سته‌تدا رۆح ببینم،/ خۆت رووت که‌وه!/ من له روونیدا پێده‌گه‌م، له روونیدا راده‌بمه‌وه”.
دێڕی”خۆت رووت که‌وه!” ئه‌گه‌ر له به‌شه‌کانی پێشودا ئاماژه و هێمایه‌ک بوو به ئه‌ڤین و عه‌شقێکی زه‌مینی لێره‌دا ئاماژه‌یه به خۆشه‌ویستییه‌کی ئاسمانی و ژوورهزهمینی، که سه‌رچاوه‌ی رووناکییه و ده‌بێته هۆی پێگه‌یین و رابوونی دازاین. ” له سۆراخی پارچهکانمدا بێ ئاگا ده‌ڕژێمه ناو ته‌وژمی رووناکییه‌وه./ تۆ وه‌رزێکت داهێنا بۆ پرسین و سه‌فه‌ر، پهیڤینت پێشنیاری خه‌ون و ئازادی بوو./ بدوێ! تا شته‌کان دره‌وشانه‌وه‌ی خۆیان ده‌ربخه‌ن،/ تا له سه‌ر لووتکه‌ی بێ‌کۆتایی بتبینین و راستی وه‌ک مه‌شخه‌ڵ هه‌ڵببڕین…./ بدوێ تا ژیان بێته په‌یڤین./ ئیدی له کوێ بۆت بگه‌ڕێم؟/ خۆتیت جه‌وهه‌ری شته‌کان/ خۆتیت سه‌ره‌تا و کۆتایی،/ مانای بوون و مان و زه‌مان…/ خۆت زه‌رووره‌ت، جه‌بری رێکه‌وت به‌تۆوه ژیانه، ژیان./ ئه‌م رسته و دێڕانه له دۆزینه‌وه و که‌شف و شهوودێک هه‌ڵده‌قوڵێن و مانایه‌کی کۆتایی و هه‌تاهه‌تایی بۆ حه‌قیقه‌ت بینراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر له‌م به‌شه‌دا دێڕگهل و رسته‌گه‌لێک که له قۆناغی ئه‌ویندا دهربڕابوون، لێره‌ش و بۆ نموونه له‌و دێڕانه‌ی که ئێستا دێمه سه‌ریان دووپات ده‌بێته‌وه، به‌ڵام واتایه‌کی زه‌مینی به‌و وشانه ناهێڵێته‌وه و له رووی ئیستاتیکا و جوانی ناسییه‌وه، شتێکی ئه‌فسووناویه که له رێگه‌ی میتافۆرێکی زه‌مینییه‌وه ته‌عبیر له بوونێکی ئاسمانی و دهرهزهمینی بکرێت، واته رێگه‌ی گه‌ییشتن به ئاسمان له زه‌مینه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ی. ” باسکم وێنه‌ی دوو لقه رووناکی/ به‌ره‌و رووت هه‌ڵده‌بڕم./ تۆ سپێدهیت له شێواندا/ دره‌وشانه‌وه‌ی حهقیقهتیت له گوماندا/ له تۆ دا ماناکان یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن/ وه‌کوو شه‌پۆل یه‌کتری ده‌سڕنه‌وه/ ئاینه‌کان به‌یه‌ک ده‌گه‌ن/ دژه‌کان ته‌با ده‌بنه‌وه.” وه‌کوو دیاره ئه‌م “تۆ” یه لێره‌دا “تۆ” یه‌کی جیاواز و میتافیزیکێکی دهرهزهمینییه و له‌و تۆیه دایه که رووبه‌ری کراوه هه‌موو پانتای خوی ده‌گوشرێت و ده‌گوشرێت تا ته‌نکتر بێته‌وه بۆ دازاین، تا بیکات به رووبه‌ره چوارینه‌کان و له رووبه‌ره چوارینهکانیشدا که بریتین له زه‌مین، ئاسمان، فانییه‌کان(مرۆڤ یان دازاین) و خودا، به یه‌کیه‌تی و یه‌کانگیرییه‌ک بگات که هه‌مووی له میتافۆڕی “تۆ” یه‌کی ئه‌فسووناوی و رازاویدا چڕ ده‌بێته‌وه. درک و تێگه‌ییشتنی دازاین له‌م یه‌کیه‌تی و هاوتهباییهی “بوون” که ته‌نانه‌ت دژه‌کانیش ته‌با بوونه‌ته‌وه، رێبازێک و رێگایه‌ک ده‌خاته به‌رده‌می دازاین که زۆر جیاوازتره له رێگا گوماناوی و دواتر یه‌قین خوازه‌کانی پێشوو.
با بزانین له کۆتایی شیعره‌که‌دا و به‌و پێناسه و تێگه‌ییشتنه‌ی که دازاین له‌و “تۆ” یه چڕ و ته‌ژییه ده‌یکات، دازاین چی به سه‌ر دێت. ” تۆ له دایکبوونێکی دیکه‌یت شێوه‌ی غه‌یبت گرتووه/ منیش له‌سه‌رده‌مێکی دیکه‌دا وه‌ک زارۆکێک بۆ باوه‌شت هاتوومه‌وه./وه‌نه‌وشه‌یین په‌ڵه شهونماوییهکانی رووم/ هه‌تاو گرن نسارهکانی دڵ./ هاتوومه‌وه له خه‌ڵوه‌تدا سۆز ده‌که‌م و له به‌ر چۆڕاوگه‌ی رووناکیتدا داده‌گیرسێم و ناسووتێم،/ ده‌سووتێم و وه‌کوو قه‌قنه‌س جارێکی دی راده‌بمه‌وه/ به‌ده‌م ژانی سووتان و شه‌که‌تیی به‌رزه فڕییه‌وه/ له فه‌زای تۆ دا سۆز ده‌که‌م…/ تۆ وه‌ک زه‌مان بێ سه‌ره‌تا و بێ کۆتاییت/ وه‌ک رووناکی بێ شێوازیت…/ بهمن چی سه‌ره‌تا گوڵ بووبێت یان هه‌وا…/ سه‌ره‌تای من: له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌ست پێده‌کات/ سه‌ره‌تای من: له‌و دیو تۆوه ته‌واو ده‌بێت.” ئه‌م کۆتاییه‌ی که دازاین وه‌کوو رێگه و رێباز بانگهشهیچی بۆ ده‌کات، هه‌مان باوه‌ڕ و ئیمان و میتافیزیکی خۆرهه‌ڵاتییه، که هایدیگه‌ر به‌ره‌و بوودا و دائۆ و رێبازی “زێن”٢٢ راکێشا، چڕ بوونه‌وه و یه‌کانگیری بوون له “تۆ” دا. که خه‌ون و واقیعی رۆژهه‌ڵات بووه به گشتی، سه‌رزه‌مینی شیعر و سۆفیگه‌ری و قه‌قنه‌س و ئه‌فسانه. ره‌نگه ئه‌م شیعره دوا وته‌که‌ی هایدیگه‌ر (له چاوه‌ڕوانی خودایه‌کدا که ده‌بوایه به هانامانه‌وه بێت)، هاوردبێته دی. هه‌ر بۆیه‌شه لێکۆڵه‌ران هایدیگه‌ر به دواهه‌مین میتافیزیک خوازی رۆژئاوایی ناوزه‌د کرد و برایان مهگیش به شتێکی “پێش مه‌زهه‌بی” ناوی لێده‌بات.
پەراوێزەکان:
1- مه‌به‌ست ئانتۆلۆژی و ئیگزیستانسیالیزمه که له کورتکراوه دا روونم کرده‌وه.
2- رۆخی ئاسیای بچووک
3- پرۆفیسۆر محه‌مه‌د که‌ماڵ، بوونخوازی بۆ داناوه به‌ڵام به به‌راوردکردنی هایدیگه‌ر و سارته‌ر ده‌رده‌که‌وێت هه‌بوونخوازی باشتره هه چه‌نده له هه‌ندێ شوێن که به شیاوم زانیوه بوونخوازیم به‌کار بردووه.
٤- دێڕه شیعرێکی مامۆستا هێمنه.
٥- بڵاوکراوه‌ی رۆمانه‌که مه‌به‌ست بڵاوکراوه‌یه‌کی واقیعی نییه به‌ڵکوو ئه‌م بڵاوکراوه‌یه به‌شێکه له پێکهاتی ئه‌و رۆمانه.
٦- ئه‌و وشه‌ی له شاره‌که‌م سنه‌ی موحهیهدین حه‌ق شناس بیستووه.
٧- وشه‌یه‌که له زاراوه‌ی جافی ناوچه‌ی سه‌لاسی باوه‌جانی و به‌واتای بواردن و تێپه‌ڕاندن دێت.
٨-مه‌به‌ست جیهانی میتافیزیکییه
٩- مه‌به‌ست جیهانی مه‌تریاڵ و فیزیکییه
١٠- پۆل ریکۆر له وتووێژێکدا له گه‌ڵ فیلیپ فرای پێوه‌ندی نێوان شیعر و ئیمکانی به‌تێروته‌سه‌لی لێکداوه‌ته‌وه.(زندگی در دنیای متن).
١١- هه‌بوون خوازه‌کان به چوار جه‌بر و داسه‌پاوی وجوودی قایلن و باسی ده‌که‌ن؛ ئەلف-له دایک بوون ب- له جیهاندا بوون پ- له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدا بوون ت- مه‌رگ
١٢- گوتاری شیعری که ده‌مێکه له نووسینه کوردییه‌کاندا به‌کار ده‌برێت، گوتارێکه که زۆرترین و ده‌توانم بڵێم تاقانه‌ترین ده‌سه‌ڵاتی له گوتاری نڤیساریی کوردی‌دا هه‌یه، که ئه‌م حاڵه‌ته خه‌ساره‌کانی له لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌کانی زۆرتره.
١٣- که‌س به ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆکوردییه، خۆکردییه- هه‌رکه‌سێ نادان نه‌بێ خۆی تالیبی مه‌عنا ئه‌کا .نالی.
١٤- هه‌ڵبه‌ت من مه‌به‌ستێکی رادیکاڵم نییه لێره‌دا ته‌نها ویستم ئاماژه دانه به توندوتیژی و بهدهوییهتێکی نێگه‌تیڤه که کراوه به هه‌ناوی زماندا.
١٥- “با” میتافۆڕێکه بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی نابه‌رهه‌ست که کۆنترۆڵی لایه‌نێک بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ به‌ده‌ست ده‌گرێت و رۆح و گیانی داگیر ده‌کات.
١٦- ئاماژه‌یه بۆ دوارۆمانی بڵاوکراوه‌ی به‌ختیار عه‌لی که شوناسی کورد له ژێر ناوی جه‌مشید خانی مامم که هه‌میشه “با” له گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد، وه‌کوو داگیرکراوێکی ده‌ست هێزی نادیار و نابه‌رهه‌ستی “با” ده‌بینێت و جه‌مشید به‌رده‌وام “با” ده‌یبات.
١٧- نێرۆڤانا، دواهه‌مین قۆناغی عیرفانی بووداییه و له عیرفانی ئیسلامی‌دا هاوواتای پله‌ی که‌ماڵ دێت، نیرۆڤانا به واتای “رزگار بوو’ دێت
١٨- ئاماژه‌یه به شیعری سۆفی و عارفێکی کورد که ناوه‌که‌یم له بیر نییه.
١٩- واته نازهمانی ده‌بێته پێوه‌ری پێشڤه‌چوون له ناو زه‌ماندا،
٢٠- چه‌مک و تێزێکی ده‌روون ناس و وه‌ک ديڵێن فه‌یله‌سووفی سویسی کارێل یۆنگ، که به واتای پێکهاتگهل و رۆنراوگهلی کۆیی بیچم گرتوو له به‌ستێنی مێژوو دا
٢١- من که سه‌ر حه‌ڵقه‌ی گوناهکارانم – سهرتۆقی جه‌رگه‌ی شهرمهسارانم
سه‌رتا پا غه‌ریق لوججهی عوسیانم _ سفته‌ی نائیرهی نار حیرمانم
٢٢- رێبازێکی فه‌لسه‌فی و یان عیرفانی که یه‌کێکه له رێبازهکهنی لقی مههیانهی ئایینی بوودا، و وه‌کوو نه‌ریتیش ده‌ڵێن زێن بریتییه له کردار و ئه‌زموونگه‌لی سۆفییه‌کی پارێزکار به ناوی “بۆدی دارمایه”.
ژێده‌ره‌کان:
1- هایدگر- جف کالینز، هاوارد سلینا- ترجمه صالح نجفی
2- شعر، زبان و اندیشهی رهایی، مارتین هایدگر- ترجمه:د.عباس منوچهری
3- اگزیستانسیالیسم و اصالت بشر، ژان پل سارتر، ترجمهی مصطفی رحیمی
4- مردان اندیشه، برایان مگی، ترجمه: عزت الله فولادوند
5- هایدگر و شاعران، ورونیک،م، فوتی، ترجمهی عبدالعلی دست غیب
6- به ته‌نیا جێی مه‌هێڵن، سه‌رجه‌می شیعره‌کانی ره‌فیق سابیر
7- تا ماته‌می گوڵ تا خوێنی فریشته، به‌رهه‌مه شیعرییه‌کان- به‌ختیار عه‌لی
8- ئۆنتۆلۆژی بنه‌ڕه‌تی و بوونی مرۆڤ، پرۆفیسۆر محه‌مه‌د که‌ماڵ
9- خوێنه‌ری کوشنده، به‌ختیار عه‌لی
10- زه‌وی سه‌خت و ئاسمان دوور، مارف ئاغایی
11- ژماره‌یه‌کی؟ رۆژنامه‌ی ئێران