ھەرێمی کوردستان، ھێشتا وەک ڕەگەزی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و جڤاکی تەماشا دەکرێت بۆ ئەمریکاو ھاوپەیمانان، ئەوە گرنگەو پێویستە پارێزگاری لێبکرێت، بێگومان ئەو سەقامگیرییە بەدڵی “بەغدادو ئەنکەرەو تاران” نییەو ماوەیەکە بە تۆپزی خەریکی پەیماننانەی تازەی وەک سایکس پیکۆو لۆزان و جەزائیرن، بۆیە زۆر کێشەیان لەگەڵ ھێرشی درۆنەکانی سەرئاسمان و ئامانجە مەدەنیەکانی شارەکانی کوردستان نییە، پاشان ئێستا ھەرێم و کێڵگە نەوتیەکانی وەک بەشێک لە دابینکەری ستراتیژیی گازی سروشتی و نەوتی خاو، بۆ بازاڕەکانی ئەوروپاو جیھان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن وەک ئەڵتەرناتیڤی ڕوسیا، ئەوە ڕەھەندی دوەمی پرسەکەیەو دیسان ئێراق و ھاوپەیمانە تەقلیدیەکانی پێیان خۆش نییە.
بۆیە ھێرشی درۆن و کردەی موشەکباران بۆ سەرخاکی ھەرێم بەبیانووی جۆراوجۆر، لێدانە لە خودی ئەو سەقامگیریی و سەبرە سیاسیەی سەرکردایەتی کورد، یانژی بۆ ئەوەیە دۆخەکە بەتەواوی بشێوێت و لەو گەشەکردنە بدرێت و فەزای سەربازی دروست بکەن دژی قەوارەی ھەرێم و کردنی بە مەیدانی ئاڵۆزی و نائارامی تەنھا بۆ مەبەستی ھەموارکردنەوەی دەستوور بەدڵی ئەقتابگەلە فاشیستە نوێکانی گۆڕەپانی سیاسی و مەندوبەکانیان کە ماوەیەکە لە درۆن خراپتر فەزای سیاسیان شێواندوەو ئابڵوقەیان خستۆتە سەرھەرێم و نیازەکانیان نەشاردۆتەوە دژی کوردو فەرمانبەرانی، بۆیە ھێرشی درۆنەکان بەبێ ئاگاداری ئێراق نەک ڕوونادات، بەڵکو بیریشی لێناکرێتەوە، ئیدانەکردنی دوسێ بەرپرسی سەربازی و ئەمنی ئێراقیش تەنھا بۆ چەواشەی ڕای گشتی و میدیاکانە.
لەپەلامارە مووشەکییەی شەوی (١٢-١٣ی ئاداری ٢٠٢٢) کە کرایە سەر ئامانجە مەدەنییەکانی ھەولێر تا ڕوداوی دڵتەزێنی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی سلێمانی لەئێوارەی (١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٣) ھێشتا ئێراقیەکان نایانەوێ بەیاسا ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوەو ناگەڕێنەوە بۆ وەرەقەو دیباچە دەستووریەکان و سنورێک بۆ ئەو پاشاگاردانییەی دەوڵەتانی جیرانی دژە ھەرێم دابنێن. پێویست ناکات ئێراق بەیاننامە دەربکات و ئیدانەی ھەڕەشەکان بکات، دەبێت ڕاستەوخۆ لێپرسینەوە بکات لە باڵوێزو نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی کە بوونەتە مەتبەخی گەرم و حەوشەی پشتەوەی درۆنەکان.
بەڕاست ئەی مەندوبەکانی خولگەی حەشدو دژە ھەرێم، بۆچی ئەو نوێنەرو باڵوێزانە بانگھێشت ناکەنە پەڕلەمان بۆ ئیستجوابی ئەو پێشێلکاری و سنوربەزاندن و سەروەری شکاندنەی ئێراق و ھەرێم؟