ڕێكخستنى كاروباره‌كانى كۆمه‌ڵگا پێویستى به ئامرازێك هه‌یه كه ئه‌م كاره ئه‌نجام بدات، ئامرازى پێویستیش بۆ ئه‌م ڕێكخستنه ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه. له‌م باسه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه تیشك بخه‌ینه سه‌ر چه‌مكى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و مه‌شروعییه‌ت و جۆره‌كانى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌و پره‌نسیپانه‌ى كه ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته له سه‌رى دامه‌زراوه و به پێى ئه‌م پره‌نسیپانه‌ش پلانه سیاسییه‌كان و كاروبارى گشتیى كۆمه‌ڵگا جێبه‌جێ ده‌كات.
یه‌كه‌م: چه‌مكى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى
مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت پێداویستییه‌كانى مانه‌وه‌ى دابین بكات پێویستى به‌وه هه‌یه كه له چوارچێوه‌یه‌كى كۆمهڵیدا بژێت. ژیانى كۆمهڵییش پێویستى به ڕێژه‌یه‌كى دیار له كۆمه‌ڵێك یاسا‌و ڕێسا ههیهتا بتوانێت به باشترین شێواز ئه‌م پێداویستیانه فه‌راهه‌م بكات و كۆمه‌ڵیش به‌ڕێوه ببات. له لایهكیترهوه داخوازیه‌كانى مرۆڤ به حوكمى غه‌ریزه‌ى سرووشتى مرۆڤ سنووردار نییه و هه‌موو جۆره هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ك وه‌گه‌ڕ ده‌خات تا ئه‌م داخوازییانه ده‌سته‌به‌ر بكات. پێویستى بۆ ژیانى كۆمه‌ڵى له لایه‌ك و گوشارى داخوازییه‌كان له لایهكیترهوه دوو پاڵنه‌رى سه‌ره‌كین بۆ دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵگه. هه‌روه‌ها به هۆى زۆر بوونى ژماره‌ى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه و ته‌شه‌نه‌ى داواكارییه‌كان، كۆمه‌ڵگا بۆ ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانى تاك و كۆمه‌ڵ پێویستى به ئامرازێك هه‌یه تا ئه‌م كارانه ڕاپه‌ڕێنێت، ئه‌م ئامرازانه‌ش خۆیان له دینامیكیهتى ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بیننه‌وه.
كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان بچوك بن یان گه‌وره، ته‌قلیدیى بن یان مۆدێرن، پیشه‌سازیى بن یان كشتو‌كاڵى، بۆ به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانی كۆمه‌ڵگا پێویستیان به حكومه‌ت هه‌یه تا ئه‌م ئه‌ركه به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، زیاد له‌مه‌ش ڕاستیهیهكى حاشا هه‌ڵنه‌گره كه له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا، تاقمێكى بچووك ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ده‌گرنه ده‌ست و فه‌رمانڕه‌وایى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها حه‌قیقه‌تێكى گومان لێنهكراویتر ئه‌وه‌یه كه ئامانجى هه‌ر سیسته‌مێكى حكومه‌تى به پله‌ى یه‌كه‌م پاراستنى پێگه و ده‌سه‌ڵاتى خۆیه‌تى. له ڕووى زمانه‌وانییه‌وه، زاراوه‌ى ده‌سه‌ڵات له ڕیشه‌ى لاتینى زاراوه‌ى ئۆسۆریته (AUTHORITY) كه تایبه‌ت به ئه‌نجوومه‌نى پیرانى رۆما بووه وه‌رگیراوه، ئه‌نجوومه‌نى پیرانى رۆما له ئیعتبارى یاسا په‌سه‌ند كراوه‌كانى گه‌ل پشتگیرى ده‌كرد، رۆمیهكانیش ده‌سه‌ڵات (ئۆسۆریته)ى ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌یان په‌سه‌ند كردبوو. ده‌سه‌ڵاتیش به ماناى هێزى ره‌وایه.
مه‌به‌ست له ده‌سه‌ڵاتى سیاسى مافێكى جێگیر بووه، كه له هه‌ر سیسته‌مێكى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، بۆ دیاریكردنى ڕێڕه‌وى كۆمه‌ڵگا، ڕا ده‌ڕبرین سه‌باره‌ت به پرسه‌كانى، نه‌هێشتنى مشت‌ومڕ و، به گشتی بۆ رێبه‌رایه‌تى و رێنهماییكردنى خه‌ڵك بوونى هه‌یه. كاتێك باس له ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین مه‌به‌ست تاك یان تاقمێكه كه مافى ڕێبه‌رایه‌تى كردنیان هه‌یه و له میانه‌یدا جه‌خت له سه‌ر ماف ده‌كرێت نه‌ك هێز. واته ئه‌و مافانه‌ى كه ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگا به ڕه‌زامه‌ندى خۆیان به نوخبه هه‌ڵبژێردراوه‌كانیان سپاردووه تا له چوارچێوه‌ى ئه‌م مافه‌دا ده‌سه‌ڵات به ده‌ست بگرن. هه‌روه‌ها پێویسته به‌كارهێنانى هێزیش له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه تا ئه‌و ڕاده‌یه بێت كه ئه‌م مافه ڕێى پێداوه. ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌گه‌ڵ له دایكبوونى كۆمه‌ڵدا سه‌ریهه‌ڵداوه، چونكه به بێ بوونى ده‌سه‌ڵات سیسته‌م وهدى نایه‌ت و ئازادى بوونى نابێت، كه واته ده‌سه‌ڵاتى سیاسى به پله‌ى یه‌كه‌م دیارده‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تییه، چونكه له ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵدا ناتوانین وێناى بكه‌ین، هه‌روه‌ك چۆن كۆمه‌ڵ، به بێ بوونى ده‌سه‌ڵات بوونى نابێت. بۆیه به پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵى مرۆڤایه‌تى دیارده‌ى ده‌سه‌ڵات، پشتگیریى لێكراوه و گۆڕدراوه به یاساى ڕێكخه‌رى كۆمه‌ڵگا.
لێره‌وه ده‌سه‌ڵات له پاشكۆى نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پشت به‌ستن به هێزى میتافیزیكیه‌وه ده‌رده‌چێت و له سه‌ر ئه‌و ڕێسایانه داده‌مه‌زرێت كه به پێى ڕێككه‌وتن له نێوان زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگاوه داڕێژراون، بۆیه ده‌سه‌ڵات ڕێرهوێكى یاسایى وه‌رده‌گرێت و ده‌بێت به یه‌كێك له پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانى مانه‌وه و به‌رده‌وامبوونى كۆمه‌ڵگا. له‌م باره‌یه‌وه (دوركاهیم) ده‌ڵێت:”ده‌سه‌ڵات پێویسته بۆ هێنانه‌دى هاوسه‌نگى و سه‌قامگیرى له ناو بنیاتى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌و به‌شێكى دانه‌بڕاوى هه‌موو سیسته‌مێكى كۆمه‌ڵایه‌تییه، هه‌روه‌ها خودى سیسته‌م ده‌سه‌ڵاته له موماڕه‌سه كردن‌دا، چونكه ده‌سه‌ڵات به بنیاتى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گرێدراوه و لێى جیا نابێته‌وه”. (جۆرج باڵاندیه) واى بۆ ده‌چێت كه: “ده‌سه‌ڵاتى سیاسى بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك پێویسته و هانى ڕێز گرتن له‌و ڕێسایانه ده‌دات كه كۆمه‌ڵگا له سه‌رى دامه‌زراوه و، له‌هه‌مبه‌ر كه‌م و كوڕییه‌كان پارێزگاری لێ ده‌كات و، له ورووژاندنى به‌ربه‌ره‌كانێ له نێوان تاكه‌كان و كۆمه‌ڵه‌كاندا سنوورێك داده‌نێت”. كه‌واته ده‌سه‌ڵات حه‌قیقه‌تێكى كۆمه‌ڵایه‌تییه و بایه‌خێكى تایبه‌تى له گۆڕان و گه‌شه‌كردنى كۆمه‌ڵگادا هه‌یه، به‌شێكى هه‌ره زۆرى مێژووى مرۆڤایه‌تى بریتى بووه له ململانێ كردن و ناكۆكى له نێوان ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتیدا، به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات ڕۆڵى گرنگیى له دابینكردنى پێداویستیه‌كانى مرۆڤایه‌تیدا گێڕاوه. ده‌سه‌ڵاتیش بۆ ئه‌وه‌ى كه بتوانێت ئه‌ركه جۆراوجۆره‌كانى له كۆمه‌ڵگه‌دا به باشترین شێوه به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، پێویستى به هه‌ندێ ڕێسا و بنه‌ما هه‌یه بۆ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌م ئه‌ركانه. ده‌توانین ئه‌م بنه‌مایانه به‌م شێوه‌ى خواره‌وه كورت بكه‌ینه‌وه:-
- بنه‌ماى دانایى و زانین(الحكمه والمعرفه): بۆ ئه‌وه‌ى كه ده‌سه‌ڵات بتوانێت ئامانجه‌كانى ده‌سته‌به‌ر بكات پێویسته پشت به‌ستراو به ڕاده‌یه‌كى فراوان له دانایى و زانین بێت ئه‌گینا ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى توشى ئاژاوه ده‌بن.
- بنه‌ماى یاسایى ڕه‌وایى: واته كۆمه‌ڵێك ڕێساى ڕێكخه‌رى ڕه‌فتارى سیاسى، ئه‌م ڕه‌فتاره‌ش تاكى بێت یان كۆمه‌ڵى.
- بنه‌ماى مه‌شروعییه‌ت(ڕه‌زامه‌ندى و په‌سند كردن): واته ڕه‌زامه‌ندى ده‌ربڕین له لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه بۆ موماره‌سه‌ى ده‌سه‌ڵات ڕه‌وایى یاساییه و، مهشروعییهتیش سیاسییه.
- بنه‌ماى هێز و توانایى(پاڵه‌وانییه‌تى): به‌پێى ئه‌م بنه‌مایه ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر خه‌سڵه‌ته‌كانى كه‌سایه‌تى داده‌مه‌زرێت.
- بنه‌ماى به‌شداریكردن: واته ده‌سه‌ڵات ده‌ربڕى ویستى هاوبه‌شى گشت هێزه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌یه.
- بنه‌ماى هاوسه‌نگى: أ. هاوسه‌نگى به ماناى چاره‌سه‌ر كردنى ناوه‌ندى دێت، یاخود خاڵى ناوه‌ندى له نێوان دوو لایه‌ن یان زیاتر له دوو لایه‌ن. ب. هاوسه‌نگیى له نێوان دوو لایه‌ن یان زۆرتر له دوولایه‌ندا به ئاراسته‌ى ئامانجى هاوبه‌ش.
ئه‌گه‌ر له‌م بنه‌مایانه‌ش ورد بینه‌وه، ده‌بینین كه ده‌سه‌ڵات گۆڕاوه بۆ سیسته‌مێكى سه‌ربه‌خۆ له كه‌سى فه‌رمانڕه‌وا و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى كه ده‌سه‌ڵاتى له‌خۆوه گرتووه و، ئه‌م له‌خۆ گرتنهش به‌رده‌وامیى هه‌یه. هه‌روه‌ها فه‌رمانڕه‌وایان شتێك نین ته‌نیا به‌كارهێنه‌رى ده‌سه‌ڵاتن كه هه‌ڵده‌ستن به موماره‌سه‌كردنى ده‌سه‌ڵات به ناوى ده‌وڵه‌ت و له پێناوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گشتیدا. هه‌روه‌ها له گشت ڕێباز و ڕا و بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌كانى سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتى سیاسی‌دا ده‌بینین كه جۆره هاودهنگییهك له ئارادایه له‌باره‌ى ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ى كه ده‌سه‌ڵات، به‌لانى كه‌مه‌وه، له ڕووى تیۆرییه‌وه له خۆ ده‌گرێت. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش بریتین له:-
- بوونى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له بهكارهێنانیدایه نه‌ك له خاوه‌ن بوونیدا. واته له خاوه‌ندارى مرۆڤدا نییه، به‌ڵكو له په‌یوه‌ندیى نێوان مرۆڤه‌كاندا بوونى هه‌یه.
- ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، ده‌سه‌ڵاتى هه‌مووانه و به گشت خه‌ڵكه‌وه به‌نده.
- ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ئامانجى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه و له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا كارى پێده‌كرێت.
- ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ده‌سه‌ڵاتى ناچاركهره.
- ده‌سه‌ڵاتى سیاسى گشتگیره و ده‌یه‌وێت هه‌ر دهسهڵاتێكیتر له هه‌مبه‌ریدا لاوه‌كى بێت.
- ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، ده‌سه‌ڵاتێكى جێگیر بووه.
- ده‌سه‌ڵاتى سیاسى جۆره ڕهواییهكى له خۆوه گرتووه.
دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له روانگه‌ى لیبرالیزم و ماركسیزم
- لیبرالیزم:-
كرۆكى لیبرالیزم، لێك جیا كردنه‌وه‌ى پانتایى حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگایه. لیبرالیزم هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، هه‌وڵێكى هزرى بووه به مه‌به‌ستى دیاریكردنى پانتایى تایبه‌تى(تاكى، خێزانى، ئابوورى) له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ت. وه‌كو ئایدۆلۆژیاى سیاسیش، له پانتایى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نیدا هه‌مبه‌ر پانتاى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ت، له حكومه‌تى مه‌رجدار و پابه‌ند به یاسا و ئازادییه‌كانى تاك و مافى مه‌ده‌نی، به تایبه‌تیش خاوه‌ندارێتى تایبه‌ت پشتگیرى كردووه. به‌پێى پره‌نسیپه‌كانى لیبرالیزم ده‌بێت مافى حكومه‌ت بۆ ده‌ستێوه‌ردان له ژیانى تایبه‌تى و مه‌ده‌نیدا به به‌ربه‌ستى به‌هێز و دیار سنوردار بكرێت. یه‌كێك له بنه‌ماكانى لیبرالیزم بریتییه له باڵایى ئازادى به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا و له بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتێك شه‌رعییه‌تى هه‌بێت كه بتوانێت چه‌ند په‌یمان و ڕێككه‌وتنێك بسه‌پێنێ و، به هۆیه‌وه زۆرترین ئازادى بۆ زۆرترین ژماره‌ى مرۆڤ دابین بكات. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه سیاسه‌ت، یاسا، ئایین، ره‌وشت و سیسته‌مى په‌یوه‌ندى له كۆمه‌ڵگاى لیبرالدا به جۆرێك ڕێكده‌خرێ كه ئه‌و باڵا بوون و پێشخستنهى ئازادى بریندار نه‌كات. له ڕوانگه‌ى لیبرالیزمه‌وه، حكومه‌ت یان هه‌مان كۆمه‌ڵه تاكێك كه به‌پێى بنه‌ماى گرێبه‌ستى كۆمه‌ڵایه‌تى پێكه‌وه كۆ بوونه‌ته‌وه، مافێكى زۆرتر له مافى تاكه پێكهێنه‌ره‌كانیان نییه، هه‌ربۆیه‌ش له‌حكومه‌تى لیبرالدا تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ى كه بوار هه‌بێت ده‌رفه‌ت ده‌دات كه هاوڵاتیان راسته‌وخۆ ئه‌ركه تاكى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى خۆیان ده‌ستنیشان و جێبه‌جێ بكه‌ن.
له لیبرالیزمدا، گرنگترین فاكته‌رى ڕه‌وایى به‌خشین به حكومه‌ت ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتیانه، له‌م بیرۆكه‌یه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌و له نێوان گوێڕایه‌ڵى و ڕه‌زامه‌ندیدا بوونى هه‌یه ته‌نیا به ڕه‌زامه‌ندیى تاكه كه ده‌توانین خوازیارى گوێڕایه‌ڵى بین، چونكه حكومه‌ت له ئه‌نجامى داواكارى و حه‌زى ئه‌و هاووڵاتیانه‌یه كه دایانمه‌زراندوه. بۆیه ماناى لیبرالیزمى سیاسى كۆنترۆڵى ده‌سه‌ڵاته، له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ى كه له ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتن.
- ماركسیزم:-
بۆچوونێكیتر بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى بریتییه له فه‌لسه‌فه‌ى ماركسیزم، كه فه‌لسه‌فه‌یه‌كى شۆڕشگێڕانه‌یه و هه‌وڵده‌دات بۆ له ناو بردنى ده‌سه‌ڵاتى به‌رقه‌رار و گۆڕینى گشت بواره‌كانى ژیان. ئه‌م ڕێبازه زۆرتر باس له ململانێى چینایه‌تى له چوارچێوه‌ى به‌رهه‌مهێنان و باس له فه‌لسه‌فه‌ى بوونى ده‌وڵه‌ت ده‌كات، تاكو تێڕوانینێكى ورد بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و ڕه‌گ و سه‌رچاوه‌كانى. له جیهانبینى ئه‌م ڕێبازه‌دا ده‌بینین كه:-
- په‌یوه‌ندیى چینایه‌تى بریتییه له په‌یوه‌ندى ده‌سه‌ڵات.
- چه‌مكى چین و ده‌سه‌ڵات پێكه‌وه گرێدراون، چونكه هه‌ر دووكیان له چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دێنه ئاراوه.
به بۆچونى ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه ده‌سه‌ڵاتى ئابوورى له بوارى په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌رهه‌مهێناندا، ده‌بێته هۆى هێنانه‌دى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى. بۆرژوازى له ڕێگه‌ى خاوه‌ندارێتى ئامرازه‌كانى به‌رهه‌مهێنانه‌وه، نه‌ك ته‌نها كاروبارى به‌رهه‌مهێنان به‌ڵكو ئۆرگانى ده‌وڵه‌تیشی خستۆته ژێر كۆنتڕۆڵى خۆیه‌وه. ئه‌م ڕوانگه‌یه تێڕامانێكى دوژمنكارانه‌ى هه‌مبه‌ر به ده‌وڵه‌ت هه‌یه و هه‌وڵى له ناو بردنى ده‌دات تا نه‌توانێت گشت بواره‌كانى كومه‌ڵگا له پێناو مانه‌وه‌ى خۆیدا بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆیه‌وه. هه‌ر بۆیه سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌ت واى بۆده‌چێت كه ده‌وڵه‌ت هیچ نییه، ته‌نیا ئۆرگانێك نه‌بێت كه بۆرژوازى بۆ گه‌ره‌نتى كردنى خاوه‌ندارێتى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى، چ له ڕووى به‌رژه‌وه‌ندیى ناوخۆیى و چ له ڕووى به‌رژه‌وه‌ندییه دهرهكییهكانییهوه دایمه‌زراندووه. ده‌وڵه‌ت سیمبۆلى ئاشت نه‌بوونه‌وه‌ى ناكۆكى چینایه‌تییه. ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه له‌و بڕوایه‌دایه كه، هزرى چینى ده‌سه‌ڵاتدار له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا، هزرگهلى به‌رقه‌راره به سه‌ر گشت كۆمه‌ڵگادا، واته ئه‌و چینه‌ى كه له ڕووى هێزى ماددییه‌وه زاڵه به سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، ئه‌و چینه‌یه كه ئامرازه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى ماددى به ده‌سته‌وه‌یه و، ئامرازه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانى هزریش كۆنترۆڵ ده‌كات.
سێیه‌م: مه‌شروعییه‌تى سیاسى:-
پێویسته چه‌مكى مه‌شروعییه‌ت وه‌ڵامى دوو پرسیار بداته‌وه:-
یه‌كه‌م: به چ هۆكارێك كه‌سێك یان كه‌سانێك مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه فه‌رمانڕه‌وایى به‌سه‌ر كه‌سانیتر دا بكه‌ن و بڕیاره سیاسییه‌كان دابڕێژن؟
دووه‌م: بۆچى پێویسته كۆمه‌ڵگا بڕیاره‌كانى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى جێبه‌جێ بكات؟
به‌پێى ئه‌م دوو پرسیاره له نێوان مافى حكومه‌ت و پێویستى ملكه‌ج بوون جۆره په‌یوه‌ندییه‌كى لۆژیكانه هه‌یه. كه‌واته مه‌شروعییه‌تى سیاسى بریتییه له: قبول كردنى رهزامهندانهى حكومه‌ت و سیسته‌مى سیاسى له لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه. ئه‌مه‌ش كاتێك دێته‌دى كه شێوه‌ى به‌رقه‌رارى سیسته‌مى سیاسى له‌گه‌ڵ به‌ها و بڕوا گشتییه‌كانى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا یه‌ك بگرێته‌وه، به‌م جۆره‌ش ژماره‌یه‌كى زۆرى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگا ملكهجى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ده‌بن و پشتگیرى له ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كه‌ن. مه‌شروعییه‌ت به ماناى یاسایى بوون یان به پێى یاسا بوون دێت. بۆ یه‌كه‌مجار “ماكس ڤێبر” ئه‌م چه‌مكه‌ى به ماناى هاوچه‌رخ به‌كار هێنا. به بڕواى ڤێبر مه‌شروعییه‌ت پشت به بڕوا ده‌به‌ستێت و داواى ملكه‌ج بوون له خه‌ڵك ده‌كات، بۆیه ده‌سه‌ڵات كاتێك كاریگه‌ره كه مهشرۆعییهتى هه‌بێت. له‌م باره‌یه‌وه (جان لۆك) ده‌ڵێت كاتێك ده‌سه‌ڵات ڕه‌وایه كه تاكه‌كان مل كه‌چى ده‌سه‌ڵاتێك بن كه به پێى ڕێككه‌وتن و ده‌سه‌ڵاتى خودى ئه‌وان بێت و ته‌نیا حكومه‌تێك كه هاوڵاتیان ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر هه‌بێت، ئه‌و حكومه‌ته‌یه كه یاساكانى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى یاسادانانه‌وه داڕێژرابێت و پارێزگارى له ماف و ئازادییه‌كانى گه‌ل بكات، واته سیسته‌مێك كه بۆ من ئازادى په‌یڕه‌و كردنى ئیراده‌ى خۆم له هه‌موو شتێك‌دا دابین بكات به مه‌رجێك ئه‌م ئیراده‌یه دژى یاسا نه‌بێت.
كه‌واته ڕه‌زامه‌ندى فاكته‌رێكى سه‌ره‌كییه بۆ به‌رقه‌رار بوونى ده‌سه‌ڵاتى سیاسی. ڕه‌زامه‌ندیش واته متمانه پێكردنى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگا به ده‌سه‌ڵات و ئه‌و ڕێبازه‌ى كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته په‌یڕه‌وى لێ ده‌كات بۆ به‌جێ گه‌یاندنى ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه ده‌سه‌ڵات به‌ڵێنى هێنانهدییانى داوه. هه‌روه‌ها ڕه‌زامه‌ندى له ئه‌نجامى دابینكردنى پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانى بوارى ماددى و مه‌عنه‌وی ژیانى مرۆڤه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه. ئه‌گه‌ر بێت و ده‌سه‌ڵات ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتیان له ده‌ست بدات، ده‌سه‌ڵات تووشى قه‌یرانى ڕه‌وایى ده‌بێته‌وه. بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌ش یان ده‌سه‌ڵات ده‌گوازرێته‌وه بۆ لایه‌نێكی تر یاخود كۆمه‌ڵگا پێویسته بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخى پێش سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یران. كه ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ى دووباره سه‌قامگیر كردنى كۆمه‌ڵگا و گۆڕانكارى كردن له ڕێڕه‌وى ده‌سه‌ڵاتدا دێته‌دى. كه واته هه‌موو ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگا له به‌ڕێوه‌بردنى ده‌سه‌ڵاتدا هاوبه‌شن.
هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى مه‌شروعییه‌ت
چه‌ندین هۆكار ده‌بنه هۆى دروست بوونى قه‌یرانى سیاسى كه ئاماژه به هه‌ندێك له‌م قه‌یرانانه ده‌ده‌ین:
- پشتگۆى خستنى ده‌ستوور.
- سنوورداركردنى به‌شداریى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى.
- ناتوانایى حكومه‌ت له جێبه‌جێ كردنى به‌ڵێنه‌كانى.
- به‌رزبوونه‌وه‌ى داواكارییه‌كانى خه‌ڵك و كه‌مى سه‌رچاوه‌كانى به‌رده‌ستى حكومه‌ت.
- دروست بوونى بۆشایى له نێوان حكومه‌تى به‌رقه‌رار و حكومه‌تى ویستراوى خه‌ڵك.
جۆره‌كانى مه‌شروعییه‌ت:-
د‌یڤید ئیستن سێ جۆرى مهشرۆعییهت لێك جیا ده‌كاته‌وه:-
یه‌كه‌م: مه‌شروعییه‌تى ئایدیۆلۆژیك: له‌م جۆره‌دا سه‌رچاوه‌ى مه‌شروعییه‌ت ئایدیۆلۆژیاى زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادایه. له‌م مهشرۆعییهتهدا سیسته‌مى سیاسى ئامانجه‌كانى كۆمه‌ڵگا دیار ده‌كات و بڕیار له‌سه‌ر داهاتووى كۆمه‌ڵگا ده‌دات. ره‌تى هه‌رجۆره بیروبۆچوونى دژ به خۆى ده‌كات.
دووه‌م: مه‌شروعییه‌تى ستراكتۆریى: واته ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له رێگه‌ى ستراكتۆرهكانى ناو كۆمه‌ڵگا و به پێى ره‌زامه‌ندى هاوڵاتیان كاره‌كانى ئه‌نجام ده‌دات و ناتوانێت له‌و یاسایانه‌ى كه به‌سه‌ر ئه‌م ستراكتۆرانهدا زاڵه ده‌ركه‌وێت.
سێیه‌م: مه‌شروعییه‌تى كه‌سى: واته كاتێك كه كۆمه‌ڵگا بڕوا به تواناییه‌كانى تاكه كه‌سێك(سه‌ركرده) دێنن و ئه‌م كه‌سه‌ى به پێى بۆچوونه‌كانى خۆى كۆمه‌ڵگا به‌ڕێوه ببات.
به‌گشتى چه‌مكى مه‌شروعییه‌ت هێز و ده‌سه‌ڵات لێك جیا ده‌كاته‌وه، واته كاتێك كه هێز مه‌شروعییه‌تى له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌م هێزه بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕدرێت و هاووڵاتیان پشتگیرى لێ ده‌كه‌ن. كه واته له بابه‌تى مه‌شروعییه‌تدا جه‌خت له‌سه‌ر راستى و دروستى سیسته‌مى سیاسى ناكرێت، به‌ڵكو جه‌خت له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندیى هاووڵاتیان ده‌كرێت.
چواره‌م: جۆره‌كانى ده‌سه‌ڵاتی سیاسی
هه‌ر بیرمه‌ندێك خوێندنه‌وه‌ى بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كردبێ به پێى تێگه‌یشتنى خۆى ده‌سه‌ڵاتى پۆلین كردووه، ئێمه‌ش له‌م بابه‌ته‌دا سوودمان له دابه‌شكردنى (ماكس ڤێبر) بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى وه‌رگرتووه.
یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى
له بنه‌ڕه‌تدا، ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته تایبه‌ت به‌و كۆمه‌ڵگایانه‌یه كه له بارودۆخێكى سه‌ره‌تایى یان خێڵه‌كیدا ده‌ژین، واته ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ى كه له ڕووى پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه جۆره خه‌سڵه‌تێكى هۆزگهرێتى و ئینتیما بۆ به‌هایه‌كى داخراو به سه‌ریدا زاڵه. به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌و مانایه نییه كه ئه‌م چه‌شنه ده‌سه‌ڵاته له كۆمه‌ڵگاكانى سه‌رده‌م و سیسته‌مه سیاسییه‌كاندا به‌رچاو ناكه‌وێت، هه‌ر بۆ نمونه‌ش له زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه خاوه‌ن به‌ها و نه‌ریتى كۆمه‌ڵایه‌تى دواكه‌وتوون ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته فه‌رمانڕه‌وایى به سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ده‌كات.
ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى كاتێك سه‌ر هه‌ڵده‌دات كه
1. زاڵبوون و ده‌سه‌ڵات پشت به خه‌سڵه‌تێكى پیرۆزى به‌هاكان ده‌به‌ستێت، كه ئه‌م پیرۆزییه به درێژایى زه‌مه‌ن بوونى هه‌بووه و له لایه‌ن گه‌لیشه‌وه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته په‌سند كراوه.
- ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، له به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره گشتییه‌كاندا ده‌سه‌ڵاتێكى میراتیى ڕه‌هایه تا پارێزگارى له نه‌ریته جێگیر بووه‌كان بكات و3. له ڕێگه‌ى بیر و باوه‌ڕ و نه‌ریته‌كانه‌وه، نه‌ك له ڕێگه‌ى یاساوه كاریگه‌رى له سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه داده‌نێت.
- به‌م جۆره‌ش فه‌رمانڕه‌وایى سروشتێكى به كه‌سى بوون و ده‌سه‌ڵات خوازى و ته‌قلیدى وه‌رده‌گرێت. په‌یوه‌ندیى هاووڵاتیش به فه‌رمانڕه‌واوه په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وه له میانه‌ى هه‌ست كردن به وه‌لاى بۆ فه‌رمانڕه‌وا، كه ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به‌و بیر و باوه‌ڕانه‌ى كه پشتگیرى له پله و پایه‌ى فه‌رمانڕه‌وا ده‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى به‌رده‌وام هه‌وڵى مانه‌وه‌ى سیسته‌مى سیاسى ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رده‌وام بوونى ده‌دات، هه‌روه‌ها له‌هه‌مبه‌ر هه‌ر جۆره گۆڕانكارییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیدا تووشى گیر و گرفت ده‌بێت.
به گشتیش ده‌توانین ئاماژه به كۆمه‌ڵێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته بكه‌ین وه‌ك:-
- فه‌رمانڕه‌وا یان پاشا كه وه‌ك باوكى خێزان ده‌ژمێردرێت، ڕه‌وایى له ڕێگه‌ى په‌یڕه‌و كردنى نه‌ریته‌كانى كۆمه‌ڵگا وه‌ده‌ست دێنێت. كۆمه‌ڵگاش خاوه‌ن نه‌ریتى باوه كه له لایه‌ن گه‌له‌وه په‌سند كراوه.
- دام و ده‌زگاكانى بیرۆكراسى ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته له خێزانى خودى فه‌رمانڕه‌وا پێكهاتووه.
- چونكه گواستنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌م سیسته‌مه‌دا به شێوازى میراتى ئه‌نجام ده‌درێت و گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات له ده‌ست خێزانى فه‌رمانڕه‌وادایه، بۆیه ئه‌گه‌رى كڕین و فرۆشتنى پله و پۆسته كارگێڕییه‌كان بوونى هه‌یه.
- له ڕوانگه‌ى (ڤێبر)ه‌وه، داب و نه‌ریته‌كان فاكته‌رى مه‌عنه‌وین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیاره‌كانى گه‌ل.
له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین كه ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى ده‌سه‌ڵاتێكى چه‌ق به‌ستوى ناوهندگهراى پشت به‌ستوو به پاشكۆ مێژووییه‌كانه. تا ئه‌و كاته‌ى كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ڕێز له‌و ڕێسا و بنه‌مایانه بنێت كه له‌سه‌ریان دامه‌زراوه و جه‌خت له باڵا بوونیان له كۆمه‌ڵگه‌دا بكات، گه‌ره‌نتى به‌رده‌وامى و ده‌سه‌ڵاتدارێتى خۆى ده‌كات و ره‌زامه‌ندیى گه‌لیش ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. به‌ڵام لادان له‌م پره‌نسیپانه هۆكارى ورووژاندنى جه‌ماوه‌ره دژ به ده‌سه‌ڵات.
دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتى كاریزمى
ده‌سه‌ڵاتى كاریزمى* له هه‌ر كۆمهلگایهكدا سه‌ر هه‌ڵبدات، خه‌سڵه‌تى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه كه سه‌ركرده له سه‌رووى كۆمه‌ڵگا و ئهندامهكانیهتى، بۆیه گشت كۆمه‌ڵگا به دیدێكى سیحرئامێزهوه ده‌ڕواننه سه‌ركرده‌ى كاریزما. لێره‌وه ئه‌م سه‌ركرده‌یه خه‌سڵه‌تێكى ڕۆحى وه‌رده‌گرێت و كۆمه‌ڵگا له میانه‌ى ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌بات و كه‌س بۆى نییه ڕه‌خنه‌شى لێ بگرێت. له كاتى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته‌دا زۆرینه‌ى جه‌ماوه‌رى كۆمه‌ڵگا پشتگیرى لێده‌كات، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌م پشتگیرییه به‌رده‌وام و نه‌گۆڕ بێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه گۆڕانكارییه هه‌مه ڕه‌هه‌نده‌كانى ژیان بۆچوونى هاووڵاتیان له‌هه‌مبه‌ر به سه‌ركرده‌ى كاریزمادا ده‌گۆڕێت.
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تى هه‌یه كه بریتین له:
- ده‌سه‌ڵاتى كاریزمى، ده‌سه‌ڵاتێكه پشت به هێزى تاكه كه‌س ده‌به‌ستێت، واته هێزى ئیلهام به‌خشى كه‌سه‌كه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته پشت به‌وه ده‌به‌ستێت داخۆ فه‌رمانده یا خود سه‌ركرده، تا چ ڕاده‌یه‌ك توانا و لێهاتوویى ده‌بێت وه‌كو پاڵه‌وانێك یان كه‌سێكى پیرۆز فه‌رمان بۆ په‌یڕه‌و كه‌رانى ده‌ربكات.
- له ده‌سه‌ڵاتى كاریزمیدا، مرۆڤ به هۆى داب و نه‌ریت یان یاسا له كاریزما په‌یڕه‌وى ناكات، به‌ڵكو به هۆى باوه‌ڕ بوونى به كاریزما په‌یڕه‌وى لێده‌كات و په‌یوه‌ندیى سۆزایهتى یان نائه‌قڵانى له نێوان په‌یڕه‌وان و سه‌ركرده‌دا بوونى هه‌یه
- له‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته‌دا، به پێچه‌وانه‌ى هه‌موو دامه‌زراوه بیرۆكراتییه‌كان هیچ مێتۆدێكى سیستماتیك بۆ دامه‌زراندن یان له كار لابردن به‌كار ناهێنرێت.
- چاودێرى و دیاریكردنى وردى قه‌ڵه‌مره‌وى ئیختیارات و دادوه‌رى له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى ڕوون بوونى نییه.
- له هێزه ناسرووشتیهكانهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه له‌وانه‌یه ئایینى یان نائایینى بێت.
- په‌یامێكى له‌خۆوه گرتووه كه ده‌كرێت دووباره نوێ كردنه‌وه‌ى باوه‌ڕێكى له‌ناو چوو یان گه‌ڵاڵه كردنى ئامانجێكى نوێ بێت.
ده‌سه‌ڵاتى كاریزماتیك سرووشتى بێت یان ناسرووشتى به گومانه‌وه سه‌یر ده‌كرێت. ئه‌م ڕوانینه له ئه‌نجامى ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتى كاریزماتیك له‌گه‌ڵ دهسهڵاتگهرایى (ئۆسۆریتاریانیزم) واته خواستى گوێڕایه‌ڵى بێ چه‌ند و چون یان سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵات به بێ ڕه‌چاو كردنى ره‌زامه‌ندیى هاووڵاتیان په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وى هه‌یه. چونكه ده‌سه‌ڵاتى كاریزماتیك له سه‌ر كه‌سایه‌تى تاك بنیات نراوه نه‌ك له سه‌ر بنه‌ماى پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى یان پله و پایه‌ى كه‌سه‌كه، هیچ جۆره ڕێسا و پرهنسیپێكیش سنووردارى ناكات. ده‌سه‌ڵاتى كاریزماتێك به ڕاشكاوى هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ته‌قلیدى یان ئه‌قڵانى ده‌وه‌ستێت، چونكه نه عه‌قڵ و نه نه‌ریت پایه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نییه. به‌ڵكو سوز و نه‌ریت شكاندن له پێداویستییه‌كانى ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته‌یه.
سێیه‌م: ده‌سه‌ڵاتى ئه‌قڵانى
ده‌سه‌ڵاتى ئه‌قڵانى له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌و سیسته‌مه سیاسییانه‌ن كه تیایدا كار و ئه‌ركه‌كان به ڕوونى دیاریكراون و پێشكه‌وتنى هه‌مه ڕه‌هه‌ند له بواره‌كانى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕۆشنبیریدا ده‌سته‌به‌ركراوه. ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه خه‌سڵه‌تى هه‌ره سه‌ره‌كییان كارایى سیسته‌مى بیرۆكراسییه و، ئهقڵانییهتیش له به‌ڕێوه‌بردنى بواره‌كانى ژیاندا شوێن په‌نجه‌ى دیاره. هه‌روه‌ها له‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته‌دا به هۆى فراوانیى زانیارییه‌كان و قۆرخ نه‌بوونى ئامرازه‌كانى ڕاگه‌یاندن به ده‌ست لایه‌ن یان تاقمێك و ئازادیى یاسایى له دامه‌زراندنى ئه‌نجوومه‌نه گشتییه‌كاندا وه‌ك پارت و ڕێكخراوه جه‌ماوه‌رییه‌كان، گشت ئه‌م فاكته‌رانه نه‌ك ته‌نیا ئامرازێكن بۆ سنورداركردنى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و گۆڕانكارى له ئه‌ركه‌كانیدا،(به پێى پێداویستییه‌كانى ڕۆژ) به‌ڵكو له لایهكیترهوه یارمه‌تیده‌رى ده‌سه‌ڵاتن له ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كانیدا. له‌م سیسته‌مه‌دا هه‌ر جۆره چالاكیه‌ك له هه‌ر بوارێكدا پێویسته به پێى یاسا ڕێكخرا بێت كه كه‌س بۆى نه‌بێت پێشێلى بكات.
ڕه‌وایه‌تى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌قڵانى- یاسایى پشت به‌ستراوه به داڕشتنى ڕێسا و بڕیاره‌كان له سه‌ر بنه‌ماى یاسا كه هه‌م فه‌رمانڕه‌وا هه‌میش هاووڵاتى به نۆرمگهلى هاوبه‌ش پابه‌ند ده‌كات. له‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا كرده‌ى سیاسى له ڕێگه‌ى ده‌ستوور و یاساوه ئاراسته ده‌كرێت و یاساسالارى و ده‌ستوور سالارى(Constitutionality) به به‌شێك له كرده‌ى سیاسى داده‌نرێت. له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌قڵانیدا، گوێڕایه‌ڵى بۆ كه‌سێكى دیاریكراو نییه به‌ڵكو بۆ كۆمه‌ڵێك بنه‌ماى بابه‌تییانه‌یه و له‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته‌دا گشت ماف و ئه‌ركێك له ویستى گشتیى خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و له ده‌ره‌وه‌ى ویستى خه‌ڵك هیچ ماف و ئه‌ركێك بوونى نییه، كه‌واته خه‌ڵك ئه‌رك ومافه‌كانى ده‌سه‌ڵات دیاریده‌كات.
به گشتى ده‌سه‌ڵاتى یاسایى -ئه‌قڵانى له‌سه‌ر ئه‌م پره‌نسیپانه‌ى خواره‌وه دامه‌زراوه:-
- له ڕووى ئه‌قڵانییه‌وه، ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه كه هه‌ر یاسایه‌ك له ڕێگه‌ى ڕێككه‌وتنه‌وه به‌رقه‌رار بكرێت.
- هه‌ر یاسایه‌ك له جه‌وهه‌ردا بریتییه له كۆمه‌ڵێك ڕێساى كه به ئامانجهكى له‌مه‌و پێشتر نوسراوه‌ته‌وه بۆ داهاتوش به‌كار دێت.
- خاوه‌نانى ده‌سه‌ڵاتى یاسایى په‌یڕه‌وى له دیسپلینى خۆیان ناكه‌ن، به‌ڵكو په‌یڕه‌ویى له یاساكان ده‌كه‌ن.
- كه‌سى گوێڕایه‌ڵ وه‌كو ئه‌ندامێكى كۆمه‌ڵگا، گوێڕایه‌ڵى له‌و یاسایانه ده‌كات كه به جه‌وهه‌رى بۆچوونى كۆمه‌ڵگا ده‌ژمێردرێن.
- به‌و جۆره‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ى كه گۆێڕایهڵن به پێى به‌ندى سێیه‌م، له كه‌سى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات گوێڕایه‌ڵى ناكه‌ن به‌ڵكو گوێڕایه‌ڵى ڕێسا بابهتییهكانن.
كه‌واته له‌م سیسته‌مه‌دا تاكى ده‌سه‌ڵاتدار ڕه‌وایه‌تیى نییه، به‌ڵكو ڕه‌وایه‌تى به دامه‌زراوه‌كان ده‌درێت ئه‌ویش له ڕێگه‌ى یاساوه، هه‌ر له‌م ڕێگایه‌شه‌وه تاك پله و پایه وه‌رده‌گرێت یا خود لێى ده‌سێنرێته‌وه. له ئه‌نجامدا، له سیسته‌مى ئه‌قڵانیدا گشت كرده‌وه‌كان له میانه‌ى ئه‌و یاسایانه‌ى كه كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ریان رێككه‌وتوه ئه‌نجام ده‌درێن كه نه ده‌سه‌ڵات و نه كۆمه‌ڵگا بۆیان نییه به ته‌نیا گۆڕانكارى تیایدا ئه‌نجام بده‌ن.
“پوخته”
- له ئه‌نجامى ئه‌م بابه‌ته‌دا، به‌و ئامانجه ده‌گه‌ین كه شیكردنه‌وه‌ى چه‌مك و ناوه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى كارێكى دژوار و سه‌خته.
- ئه‌م چه‌مكه جۆره په‌یوه‌ندییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى له خۆوه ده‌گرێت كه بۆ به‌رده‌وام بوونیى پێویستى به چه‌ندین فاكتهریتر هه‌یه. وه‌ك هێزى ناچار كردن، ڕه‌زامه‌ندى، دابینكردنى پێداویستییه‌كانى مرۆڤ، رێكخستنى كۆمه‌ڵگا، وه‌دیهێنانى ئازادى و دادپه‌روه‌رى. ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ئه‌م په‌یوه‌ندییه، په‌یوه‌ندییه‌كى ئاڵۆز و چڕ بێت و سنووره‌كانى ده‌سه‌ڵات به پێى كات و شوێن ئاڵوگۆڕى به سه‌ر دابێت
- چونكه په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كان به‌رده‌وام له گۆڕاندایه ئه‌مه‌ش واى كردووه په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌رده‌وام له گۆڕاندا بن.
- ده‌سه‌ڵاتى سیاسى كۆڵه‌كه‌ى ژیانى هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك پێكدێنێ و له ده‌رهاویشته‌ى پێداویستییه‌كانى مرۆڤ بۆ ڕێكخستنى كاروباره‌كانى ژیانى تایبه‌تى و كۆمه‌ڵایه‌تى خۆیه‌تى.
- ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندى و ڕه‌وایى له ده‌سه‌ڵات بسێندرێته‌وه ئه‌مه ده‌بێته هۆى جوڵانه‌وه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى مه‌شروعییه‌ت.