لەماوەی حکومڕانییەکەدا تاوەکو ئێستا ڕووبەڕووی سەختترین ئاڵنگارییەکان پێش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەوە، لە بارودۆخێکی ناهەمواری سیاسیی و ئابووریی و ناوچەییدا گوزەری بە حکومڕانیدا کرد، مەسرور بارزانی هەر زوو جیاوازی خۆی سەلماند، چاکسازی و ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی و یەکدەنگی نیشتمانی لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانەکان کردە بنەمای ڕێگە دروستەکەی.
سەڕەرای هەموو ئەوانە؛ ڕەخنەی زۆری لێگیرا، بەڵام دەرکەوت سینگفراوانی مەسرور بارزانی لە هەموو ڕەخنە و تۆمەتە ناڕەوایانەی کە ڕووبەڕووی حکوومەتەکەی دەکرایەوە زیاترە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەپێناو قووت و مووچە و بژێوی خەڵکدا، هەموو ڕێگەکانی تاقیکردەوە، بە هەموو داخوازییەکانی ئێراق لەپێناو چارەسەری کێشە چەقبەستووەکانی چەندین ساڵەی نێوان هەولێر و بەغدا ڕازیبوو، سەڕەرای ئەوەی دەیزانی کە بەشێک لە داواکاریی و فشاری سیاسییەکانی ئێراق ناڕەوایە و دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
بەڵام دەرکەوت؛ مەسرور بارزانی دیدگایەکی زۆر فراوانتر و زۆر کراوەتری لەپێناو هاونیشتمانیانی هەرێمدا هەیە، ئەوکاتەی پێویستی کرد لەپێناو ژیانی تاک بە تاکی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بچێتە بەغداد چوو، ئەوەتا بینیمان هەر بە هەوڵ و سیاسەتی مەسرور بارزانی، شاندی حکوومەتی هەرێم بەوپەڕی یەکڕیزیی و یەکدەنگیەوە چوونە بەغداد، تەنانەت لەوێش کۆدەنگییەکی بەهێز و کاریگەری نیشتمانی لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان هاتە ئاراوە و هەمووان بە شادمانییەوە لەپێناو پاراستنی ماف و داخوازییەکانی هەرێم شانبەشانی یەکدی شانیان دایە بەر هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی کە بەدەستی ئەنقەست ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگرەکەی بۆ بەغداد، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە کە مەسرور بارزانی خەمخۆری ڕاستەقینەی یەکدەنگی و پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان. چاوەڕوان دەکرێت؛ شاندی حکوومەتی هەرێم بە دەرەنجامی باشەوە بگەڕێنەوە، چونکە ئیدی حکوومەتی ئێراق و لیژنە پێوەندیدارەکانی عێراق، ڕێگەیەکیان جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا نەماوە، بەو هۆکارەش کە شاندی نێردراوی حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکیان بەو ڕێککەوتنانە نیشاندابوو کە لەماوەی ڕابردوو لەگەڵ شاندەکانی عێراقدا ئیمزایان کردبوو.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین؛ هەندێک خەڵک و بەشێک لە ڕەخنەگران زۆر هەڵە لە مەسرور بارزانی تێگەیشتبوون، ئەو دەمێکە سەلماندوویەتی زوڵم و ستەمی ناڕەوا بەرامبەر هەرێم قبووڵ ناکات، بەڵام بۆ ماف و داخوازیی و بژێوی خەڵک هەموو ڕێگایەک لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و شکاندنی کۆسپ و تەگەرەکان تاقیدەکاتەوە.