ئەمڕۆ (١٣ / ٩ / ٢٠٢٣) لە درێژەى چالاکیەکانیدا، (ناوەندی چاوی کورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی) پانێڵێکی ڕێکخست بۆ هەردوو مامۆستای زانکۆ بەڕێزان (دکتۆر هەردی مەهدی) و (مامۆستا یاسین تەها)، بەناونیشانی (پێگەى مەزهەب لە سیاسەتى ئێران و ئێراقدا و کاریگەرى لەسەر کورد).
لە پانێڵەکەدا دەستەبژێرێك لە مامۆستایانی زانکۆ و ڕوناکبیران ئامادەبوون:
دکتۆر هەردى مەهدی، لە بابەتەکەیدا بەوردى باسی لەڕوڵی مەزهەب و مەزهەبگەرایی کرد لە پێکهاتەى سیاسی و رەوتی کەلتوریی ئێراندا بەدرێژایی مێژوو, وەتیشکی خستە سەر ڕۆڵی مەزهەبی شیعە لە سیاسەتى دەوڵەتى ئێراندا، لەگەڵ کاریگەرى ئەو بابەتە لەسەر ڕوانگەى بڕیاردروستکەرانى ئـێران بەگشتى و سەبارەت بەکورد و کوردستان بەتایبەتى, وە باسی لە پێگەى کورد کرد لەناو ئەو مەزهەبەدا.
مامۆستا یاسین تەها لەمیانەى باسەکەی خۆیدا بەشێوەیەکى ورد باسی لە ڕۆڵ و پێگەى مەزهەبگەرایی کرد لەلاى پێکهاتەى شیعە لەئێراقدا و کاریگەرى مەرجەعیەت و بیرى سیاسی ڕابەرانى ئەو مەزهەبە لەسەر ئاراستەکردنى ڕەوتى سیاسی شیعە لەعێراقدا بەتایبەتى دواى ڕوخانى بەعس و گرتنە دەستى دەسەڵات لەئێراق لەلایەن پەیڕەوانى مەزهەبی شیعەوە, وەباسی لەڕوانگەى باوەڕداران و سیاسەتکارانى ئەم مەزهەبە کرد سەبارەت بە کورد و دۆزى کورد لەعێراق و شێوازى پەیوەندى نێوان پێکهاتەکان لەئێراقدا, لەگەڵ باسکردن لە ئایندەى ئەو بابەتە لەداهاتوودا.
دواتر لەلایەن ئامادەبوانەوە بە خستنە ڕوى بۆچوونەکان وگفتوگۆ و بەدواداچوونەکانیان، بابەتەکان دەوڵەمەندکران و گەنگەشەى لایەنە جیاوازەکانى بابەتەکە کرا.