سینەمای ژاپۆن خاوەنی مێژوویەکی گرنگ و پڕ بایەخە، زیاتر لە سەد سال دەخایەنێت و بە یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین و گەورەترین پیشەسازی دادەنرێت لە بەرهەم هێنانی فیلمدا، کاتێک یەکەمجار “تۆماس ئەدیسۆن” کینۆتۆسکۆپی درووستکردن بە تۆمارکردنی جوڵەیەک لە ساڵی ١٨٩٤ دا کە بەشێوەیەکی بازرگانی پیشاندرا لە ئەمریکا، دوای دوو ساڵ لە ژاپۆن نیشاندرا، واتە سالی ١٨٩٦، هەروەها ئامێرەکانی ڤیتاسکۆپ و سینەماتۆگرافی برایانی لۆمێر بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٧ لە ژاپۆن نیشاندراو و فیلمی پێ تۆمار دەکرا، ئەبێت ئاماژە بەوە بدەین؛ یەکەم کەس فیلمی لە ژاپۆن تۆمارکرد و یەکەم فیلم لە ژاپۆن تۆمارکرا بەرهەمی “برایانی لۆمیر” بوو، لە ساڵی ١٨٩٧ وێنە گیرا. پیشاندانی دیمەنەکانی تۆکیۆ ئامانجیان بوو. ماوەی فیلمەکە نزیکی دوو خولەک بووە، لە سەرەتادا بە پیشاندانی کتێبێک و جووڵەی لاپەڕەکانی کتێبێک دەست پێدەکات و موزیکێک بە درێژایی فیلمەکە هاوتایە، دیمەنەکانی دواتر فێرکردنی هونەری جەنگی خەڵکی تۆکیۆیە کە پیاوێک لە نێوەندیدا سەرپەرشتی دەکات و خولەکێکی فیلمەکە بەو جۆرە بەردەوام دەبێت، دواتر چەند سانیەی کۆتایی هەمان تۆمارکردن، بەڵام بە سپیدێکی خاوتر و دواتر فیلمەکە کۆتایی دێت، بێگومان لیرەدا هیچ چیرۆکێک نابینین بەڵکو ژیانی ئاسای خەڵکی تۆکیۆمان پیشان دەدات.
یەکەم فیلم لە ژاپۆن بەرهەمهێنرا و خودی ژاپۆن تۆماری کرد، فیلمێکی دیکۆمێنتاری بوو بە ناوی( GEISHA NO TEODORI)، فیلمەکە لە حوزەیرانی ١٨٩٩ بەرهەمهات، یەکەم ئەستێرەی ژاپۆن بە ناوی “ماتسونۆسۆکی” ئۆنۆی کاری نواندنی تێدادەکرد، هەروەها یەکەمین و بەناوبانگترین ئەکتەری فیلمە ڕۆمانسییەکانی ئەو سەردەمە بوو، لە نزیکەی هەزار فیلمدا بەژداری کردووە و زۆربەی ئەو فیلمانەی بەژداری تێداکردووە لە نێوان ساڵانی ١٩٠٩ تاکوو ١٩٢٦ وێنەگیراون، دروستکردنی فیلم و بوونیادنانی سینەمای ژاپۆن بەم چەشنە بەردەوام دەبوو و فیلم بەرهەم دەهات تاکوو ژاپۆن ستۆدیۆی تایبەت بە درووستکردنی فیلمیان تۆمارکرد لە ساڵی ١٩٠٩ لە تۆکیۆ درووستکرا لە لایەن “یۆشیازاوا شۆتێن” ژمارەیەکی زۆر فیلمی لێ بەرهەم هات، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سینەماکانی ژاپۆن بەو جۆرە بوو کە فیلمەکە نمایش دەکراو ئەکتەرێکیش وەک گێڕەرەوە، دیمەن بە دیمەنی فیلمەکەی دەگێرایەوە و پێیان دەگووت: “بەنشی” کە گێڕەرەوە و شرۆڤەکار و ڕوونکەرەوە بوو، تا سەردەمی دەنگ هاوڕێیەتی زۆربەی نمایشە فیلمەکانی دەکرد، چیرۆکێکی دەگێڕایەوە و سەرنجی لەسەر ڕواڵەتەکان دەدا و شتە نادیارەکانیشی ڕوون دەکردەوە.
جەماوەریی ئەو لەڕادەبەدەر بوو و لەسەر بنەمای ئەو کوالێتییە بوو کە فیلمەکانی وا لەیەک کاتدا بەناوبانگ کردبو بە یەکەم گێڕەرەوەی فیلم دادەنراو و تاکوو هاتنی فیلمی دەنگدار بەو جۆرە بەردەوام بوون و دواتر وردە وردە بەرەو کەمبوونەوە دەچوون، هەروەها هۆڵی نمایشی فیلمەکان و بینەرانی پڕ جۆش و زیاتردەبوون، بینەرانی فیلمی ژاپۆن پێکهاتبوون لە کەسانی تاڕادەیەک دەوڵەمەند، ئەوانەی ئارەزووی نوێترین دەستکەوتە تەکنیکییەکانیان هەبوو، ئەو زۆرینەیەی ئەوکات وەک ئێستا چێژ دەبینن لە بیرکردنەوە لە جیهانی فراوانی گەورەی دەرەوەی ژاپۆن، وەک چاوەڕوان دەکرا بە لەبەرچاوگرتنی بینەران، سەرنجڕاکێشیی ئەم فیلمە سەرەتاییانە بەشێکی بۆ ئەوە بوو بینەر زیاتر بکرێت و سەرقاڵ بکرێت، ئەم فیلمە سەرەتاییانە زۆربەیان فیلمەکانی برایانی لومیر، لویس و ئۆگست و کۆمپانیای ئەدیسۆن بوون، وایان لێدەکردن بە جۆش و خرۆش بن کاتێک لەفیلمەکانەوە دەیانبینی فێربوونی سوارەی فەرەنسی چۆنە و فاتیمە چۆن سەما دەکات، بابەتی فیلمەکان زیندوو بوون تاکایەتی لەخۆ گرتبوو، هەرکەسێک بە جۆشەوە چاوەڕێی بینینی بوو، بەم جۆرە بینەران و فیلمەکان بەم جۆرە بەردەوام بوون تاکو لە دەیەی سەدەی بیستەمدا بە نزیکەیی ساڵی ١٩١٠ رەخنەیەکی باو بۆ سینەمای ژاپۆن سەری هەڵدا، بووە هۆی بزوتنەوەیەک کە ڕێچکەی سینەمای ژاپۆنی گۆڕی. سەرەتا لە گۆڤارە سەرەتاییەکانی وەک “کاتسودۆ شاشینکای” لە ساڵی ١٩٠٩ دەستی پێکرد، دواتر بە نووسینی کتێبی پر بابەت بەردەوام بوون کە کتێبەکان لەلایەن “یاسونۆکی گۆندا” لە ساڵی ١٩١٤ نووسراون. زۆرترین رەخنەکان دەربارەی ئەوە بوو کە سینەمای ژاپۆن زۆر شانۆییانە کاریان لەسەر دروستکردن و بەرهەمهێنانی فیلم دەکرد، کەم بەکارهێنانی تەکنیکی سینەمایی و خۆ دوورخستنەوە لە چیرۆک و سیناریۆ لە فیلمەکاندا و بەکارهێنانی بنشی وەک گێڕەرەوە لە فیلمەکان، ڕەخنەکان بەو جۆرە بەردەوام بوون، تاکو لە ساڵەکانی دواتر چەند فیلمێک بەرهەمهات کە بووە هۆی گۆڕینی ڕێچکەی باوی سینەمای ژاپۆن و بە نزیکەیی لە ساڵی ١٩١٨ فیلمی “درەوشاوەی ژیان” بەرهەمهات کە یەکەم فیلم بوو کاریان لەسەر تەکنیکە سینەماییەکان دەکرد و زۆرترین ئەکتەری تێدا بەکارهات.
دواتر لە ساڵی ١٩١٧ فیلمساز “ماساو ئینۆی” فیلمی “کچی کاپتن” ی بەرهەمهێنا کە لەم فیلمەدا بە شیوەیەکی زۆر باش کاری لەسەر بەکارهێنانی تەکنیکە سینەماییەکانی فیلمی بێدەنگ دەکرد، هەروەها بەکارهێنانی چیرۆک و دوورکەوتنەوە لە تەکنیکی شانۆیی لە فیلمەکان. دواتر لە پەرەپێدانی هەمان ڕێچکە ستۆدیۆ نوێیەکان لە ساڵی ١٩٢٠ دامەزران، ئەوانیش بە ناوەکانی “شۆچیکۆ، تایکاتسو” کە بە شێوەیەکی زۆرباش کاریان لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمی پڕ چاکسازی دەکرد، کە بووە هۆی ئەوەی فیلمە ژاپۆنییەکان لە سالانی ١٩٢٠ بەرامبەر فیلمە بیانییەکان ناوبانگێکی زۆریان بەدەستهێنا، بەشێکیش بەهۆی بەناوبانگ بوونی ئەستیرە سینەماییەکان بوو، فیلمەکانی ئەو سالانە هەم ڕەخنەگران ستایشیان لێدەکرد و هەم لە ڕووی بازرگانییەوە ناوبانگێکی باشی هەبوو. لە نزیکبوونەوەی ساڵانی ١٩٢٠ شەپۆلێکی نوێ و سەردەمی فیلمسازی هاتەدی، كه له یەکەم “ماستەر”ی سینەمای ژاپۆنیەوە هات و بانگەشەی بۆ دەکرا، “کەنجی میزۆگوچی”. کارە سەرەتاییەکانی بووە هۆی ئەوەی ئێستا بە سەردەمی زێڕینی سینەمای ژاپۆن ناسراوە، بە مەیلی بۆ بەکارهێنانی گرتنی درێژ و جووڵەی کامێرا زۆر جوانکاری لە دیمەنەکاندا. بەکارهێنانی ناوازەی mise en scène بە سادەیی ئاماژەیە بۆ ڕێکخستنی هەموو ئەو توخمانەی لە کاتی فیلمگرتنی فیلمێکدا نیشان دەدرێن، ناوازە بوو، شتێک بوو کە پێشتر لە فیلمسازی ژاپۆنیدا نەبینرا.
هۆکاری ئەوەی ناوی سەردەمی زێڕینیش بوو، لەبەر ئەوە بوو پێش ئەو کاتەی ئەم جۆرە فیلمسازییە هەبوو، هێشتا زۆر بەجێماوەی ڤایبەکانی شانۆی کابوکی هەبوون، زۆر زیادەڕەوی تێدا کراوە و زۆر “هونەری” نەبووە لە چیرۆک گێڕانەکەیدا لەڕابردوودا. لە بەرامبەردا “میزۆگوچی” نەک هەر چیرۆکگێڕانی مۆدێرن، بەڵکو تەکنیکە سینەماییەکانی هێنایە سەر مێز. دواتر لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە سیاسییە چەپەکاندا لە کۆتایی بیستەکان چەند فیلمێک دەربارەی بزووتنەوەی چەپەکان سەری هەڵدا کە دەرهێنەرانی وەک “کێنجی میزۆگوجی، دایسۆکی ئیتۆ، شیگێیۆشی سوزوکی، تۆمۆ ئۆچیدا” نموونەی دیاری ئەو بزووتنەوەیە بوون. لەم سەردەمی فیلمە بێدەنگەدا؛ فیلمی زۆر کاریگەر و باش بەرهەمهات بەڵام بەهۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٢٣ و بۆردومانی تۆکیۆ لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانی بووە هۆی کەمبوونەوەی زۆری فیلمەکان کە لەم قۆناغەدا بەرهەمهات و ژمارەیەکی کەمی مایەوە. بە پێچەوانەی ڕۆژئاوا فیلمی بێدەنگ تاکو ساڵی ١٩٣٠ بەرهەمدەهات لە درەنگانی ساڵی ١٩٣٨ ژمارەیەکی کەم فیلمی دەنگدار بەرهەم دەهات و تاکوو بووە هۆی ئەوەی یەک لەسەر سێی فیلمەکان بێدەنگ بوون، وەک فیلمەکانی “یاسوجیرۆ ئۆز” کە فیلمی “یاسوجیرۆ میوانخانەی” لەساڵی ١٩٣٥ بەرهەمهێنا کە بە پێشەنگی ژانری نیو ڕیالیزم دادەنرێت.
هەروەها لە هەمان ساڵەکاندا واتە لە ساڵەکانی ١٩٣٠ بە دواوە بەشداری حوکمەت لە سینەمادا، یاسایی فیلمیان دروست کرد کە دەسەڵاتی زیاتری بە دەوڵەت بەخشی لە بەرهەمهێنانی فیلمدا، حوکمەت هانی بەرهەم هێنانی فیلمی پروپاگەندەی دەدا کە فیلمی بەرژەوەندی خواز بوو بانگەشەیان بۆ ڕیالیستیکی دەکرد، چەند دەرهێنەرێکی زۆر دیار بوون وەک “تایهای ئیمامورا و هێیچی سوگییاما” هەروەها هەندیک فیلم لە هەمان روانگەوە بەرهەم دەهینران کە بە رووکەش خەیاڵی و لە بنەراتدا و لە ناوەرۆکدا تەواو واقعی بوون، دەرهێنەرە دیارەکان وەک ” هیروشی شیمیز و تۆمۆتاکا تاساکا” سەرجەم ئەم فیلمانە گرنگی بەها نەریتییەکانی ژاپۆنیان بەهێزکرد. دواتر لە جەنگی دووەمی جیهانی و لاوازی ئابووری پیشەسازی ژاپۆن زیانی بەرکەوت، لەم قۆناغەدا کە ژاپۆن خەریکی فراوانکردنی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن بوو، حکومەتی ژاپۆن سینەمای وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندەیی بۆ نیشاندانی شکۆمەندی و نەدۆڕانی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن دەبینی. بەم شێوەیە زۆرێک لە فیلمەکانی ئەم قۆناغە تەوەری نیشتمانپەروەری و میلیتاریستی نیشان دەدەن. لە ساڵی ١٩٥٤ دوو کاریگەرترین فیلمی ژاپۆن بڵاوکرانەوە، کە خەڵاتی ڕێزلێنان و ئۆسکار و خەڵاتی شێری زێڕینان وەک باشترین فیلم بەدەست هێنا. ژمارەی فیلمە بەرهەم هێنراوەکان و بینەرانی سینەما لە ساڵانی شەستەکاندا گەیشتە لوتکە و ئاستی گەورەی چالاکیی سینەمای ژاپۆنی ساڵانی شەستەکان بووە هۆی دروستبوونی چەندین فیلمی کلاسیک و زۆر باش، تاکو ئێستاش وەک قوتابخانەیەکی فیلمسازی لە قەڵەم دەدرێت. ساڵانی شەستەکان ساڵانی لوتکەی بزووتنەوەی شەپۆلی نوێی ژاپۆن بوو، لە ساڵانی ١٩٥٠ دەستی پێکرد و تا سەرەتای حەفتاکان بەردەوام بوو. “ناگیسا ئۆشیما، کانیتۆ شیندۆ، ماساهیرۆ شینۆدا، سوسومو هانی و شۆهی ئیمامورا” لە ماوەی ئەو دەیەدا وەک سینەماکاری سەرەکی دەرکەوتن.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا؛ بەهۆی بڵاوبوونەوەی تەلەفزیۆنەکانەوە بینەری سینەما کەم بووەوە، کۆی گشتی بینەران لە 1.2 ملیار لە ساڵی 1960 بۆ 0.2 ملیار لە ساڵی 1980 دابەزی. کۆمپانیاکانی فیلم بە شێوازی جۆراوجۆر بەرپەرچیان دایەوە کە ناوەڕۆکی فیلمەکانیان بەجۆرێک دەنووسی نەدەتوانرا لە تەلەفیزیۆن نمایش بکرێت، لەوانەش ناوەڕۆک و زمانی سێکسییان تووندوتیژ کرد تاکو بینەران بەرەو هۆڵەکانی سینەما بهێننەوە. ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ دابەزینی ستۆدیۆ گەورەکانی فیلمی ژاپۆن و زنجیرە سینەماکانی پەیوەندیدار بەوانەوە بەخۆیەوە بینی، ستۆدیۆ گەورەکانی تۆهۆ و تۆی بەزەحمەت لە بازرگانیدا مانەوە، شۆچیکو نزیکەی تەنها لەلایەن فیلمەکانی ئۆتۆکۆ وا تسوراییۆ پشتگیری دەکراو نیکاتسو زیاتر دابەزی. لە ماوەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکردنی فیلمی ئەنیمی گەشەسەندنی زۆری بە خۆیەوە بینی و هەموو هاوین و زستانێک فیلمی ئەنیمەیشنی نوێ بڵاودەکرایەوە، چەمکەکانی ئەنیمێیان لەگەڵ خۆیان هێنا، نەک تەنها بۆ كات بەسەربردن، بەڵکو وهك هونەری مۆدێرن، “مامۆر و ئۆشیی” لە ساڵی ١٩٨٥دا “هێلکەی فریشتەی” بڵاوکردەوە، “هایاو میازاکی” زنجیرە مانگانەکانی خۆی بەناوی Nausicaä of the Valley of Wind لە ساڵی ١٩٨٤ وەرگێڕا بۆ فیلمێکی درێژ بە هەمان ناو.
بەهۆی پاشەکشەی ئابوورییەوە ژمارەی سینەماکان لە ژاپۆن لە ساڵانی شەستەکانەوە بە شێوەیەکی بەردەوام لە کەمبوونەوەدا بوو. ساڵانی نەوەدەکان پێچەوانەبوونەوەی ئەم ڕەوتە بوو، “مامۆر و ئۆشی” فیلمی ئەکشنی زانستی خەیاڵی فەلسەفی لە ساڵی ١٩٩٦دا بڵاوکردەوە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەناوبانگ بوو. هێدیاکی ئانۆ لە ساڵی ١٩٩٧دا بە کتێبی کۆتایی ئینجیلیۆن ناساندنی بەرچاوی بەدەستهێنا. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا؛ ژاپۆن چەندینجار لە کولتووری باودا ئاماژەی پێکراوە، تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو بۆ پیشەسازی فیلمی ژاپۆن. ژمارەی ئەو فیلمانەی لە ژاپۆن نمایش دەکران بە شێوەیەکی بەردەوام زیادی کرد، نزیکەی ٨٢١ فیلم لە ساڵی ٢٠٠٦دا بڵاوکرانەوە. ئێستا فیلمە ئەنیمەییەکان لەسەدا ٦٠ی بەرهەمهێنانی فیلمی ژاپۆنیان پێکهێناوە. ساڵانی نەوەدەکان و ٢٠٠٠ەکان بە “سەردەمی زێڕینی دووەمی سینەمای ژاپۆنی” دادەنرێت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا، پیشەسازی فیلم و تەلەفزیۆنی ژاپۆن تووشی پەتای کۆڤید-١٩ بوو، بەهۆی پێداویستییە تەندروستییەکانەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت، هەروەها ناچار بوون وێنەگرتن ڕابگرن، لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی کاست و تیمەکانیان لە تووشبوونەکە سەلامەت بن زۆرێک لە ستۆدیۆکانی ژاپۆنی داخران یان ڕێکخرانەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییە یاساییەکان بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوە بگونجێت.
لە مانگی تشرینییەکەمی ٢٠٢٠ (دوای دووبارە کردنەوەی پیشەسازی فیلم)، فیلمێکی ئەنیمێی ژاپۆنی Demon Slayer: Mugen Train کە لەسەر بنەمای زنجیرە مانگای Demon Slayer: Kimetsu no Yaiba دروستکراوە، سەرجەمی ڕێکۆردەکانی بۆکس ئۆفیسەکانی وڵاتەکەی شکاند و بووە زۆرترین داهاتی فیلم لە هەموو سەردەمێکدا لە ژاپۆن، زۆرترین داهاتی فیلمی ژاپۆنی لە هەموو سەردەمێکدا و زۆرترین داهاتی ساڵی. دەبێت ئاماژە بەوە بدەین سینەمای ژاپۆن و هەریەک لە فیلمەکانی قوتابخانەیەکی گەورەی فیلمسازین و بە درێژایی مێژووی دروستبوونی تاکو ئێستا، کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە پەرەسەندنی تەکنیکی سینەما لە هەموو وڵاتانی ئاسیادا، هەروەها دەرهێنەرە ژاپۆنییەکانی وەک “ئاکیرا کورۆساوا و یاسوجیرۆ ئۆزو” بە گرنگترین و کاریگەرترین سینەماکارانی جیهان دادەنران، ئێستاش کە هەر جارێک سەیری فیلمەکانیان بکەین وانەیەکی نوێ لێیانهوه فێردەبین، ژاپۆن لەناو پیشەسازی فیلمدا بە باسکردنی نیشتمانی ژاپۆن و چیرۆک و تەکنیکی تایبەت بە خودی ژاپۆن جێگەی خۆی کردووەتەوە، بەردەوام داهێنانی نوێ کە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرانی ئەو سەردەمەیان بەرە و پێش دەبرد بەردەوام هەوڵی فیلمی گەورەتر و باشتریان دەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوامە لە زاڵبوون بەسەر پیشەسازییەکەدا و وەک یەکەم و گەورەترین پیشەسازی جیهانی دادەنرێت، بەڵام ژاپۆن ئەگەرچی گەورەترین نەبێت ئەوا ژاپۆن توانای ئەوەی هەیە مێژوو و شێوازەکانی خۆی بهێڵێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی ناوازە کە تایبەتە بە ژاپۆن، لەگەڵ هەر سەیرکردنێک دەزانین ئەوە چیرۆکێک و فیلمێکی ژاپۆنییە.