شوێن له ناو هاوکێشه‌ی شوناسی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌ییدا پێگه‌یه‌کی به‌رز و مانابه‌خشی هه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که شوێن ئاماژه‌یه بۆ ژینگه‌ی کۆنکرێتی و سرووشتی ده‌رووبه‌ری ئێمه زایه‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی و که‌ونینه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌گه‌رچی فیگۆره‌کانی گه‌شتیاریی و سیاسی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌ی که کوردی به‌سه‌ردا دا‌به‌ش بووه، به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن شوێن له ڕه‌گه‌ز و ده‌لاله‌ته مێژوویی و شوناسمه‌ندانه‌که‌ی داماڵن و به‌رگێکی به‌ڕواڵه‌ت شارستانیانه‌ی سه‌ده‌رمی به به‌ردا بدوورن، به‌ڵام ئێمه وه‌کوو کورد ده‌زانین شارستانییه‌تی سه‌رده‌م به زانست و سیاسه‌ت و ئه‌قڵ و فه‌لسه‌فه‌یه‌وه ئه‌و به‌شه‌ی به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و به سه‌ر ئێمه‌دا به تایبه‌تی پراکتیزه کراوه که به‌شه ڕه‌ش و دزێوه‌که‌یه‌تی، کورد هه‌میشه هه‌وڵی داوه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ت و ڕاستییه‌کاندا هه‌بێت بۆیه له دۆخێکی ناسرووشتیی سیاسیی و مه‌ترسیداردا ده‌ژی، کورد هیچ کات و له هیچ چرکه‌ساتێکی مێژوویی‌دا هه‌وڵی نه‌داوه یان ته‌نانه‌ت هه‌ر به خه‌یاڵیشیدا نه‌هاتووه له ڕێگه‌ی گوتاری سیاسی یان پاڵنه‌ره سیاسییه‌کانه‌وه مێژووی ساخته بۆ خۆی دروست بکات به‌ڵکوو هه‌میشه گه‌ڕاڵ و شوێندۆزبووه، ڕه‌نگه له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ شوێندزۆیی و گه‌ڕان به دوای حه‌قیقه‌ته‌وه ئه‌م ڕسته‌یه‌ی فه‌یله‌سووف و ئه‌دیبی فه‌ره‌نسی؛ ئا‌لبێرت کامۆ زۆر ته‌واوکه‌ری ئه‌م باسه بێت، ئه‌و ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر حه‌قیقه‌تێکیش هه‌بێت ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه لای ئه‌وانه نییه که دۆزیویانه‌ته‌وه، به‌ڵکوو لای ئه‌وانه‌یه که به دوایدا ده‌گه‌ڕێن”.
ئه‌م دۆخه‌ی گه‌ڕان و شوێندۆزیی کورد بۆ ڕاستیی و حه‌قیقه‌ت له پانتای مێژوودا دیاره به‌و مانایه نییه هیچ قسوور و خه‌مساردی نه‌کردووه، به‌ڵکوو به‌و مانایه‌یه ئه‌م چه‌واشه‌کاری و ڕه‌هاگه‌رێتییه له پانتای چالاکبوونی کورد له مێژوودا نه‌هاتووه‌ته ئاراوه، بۆیه دۆزی کورد ئه‌گه‌رچی دۆزی قه‌یران و دابه‌شبوون و په‌شێوییه به‌ڵام هاوکاتیش دۆزی جۆره په‌یوه‌ندییه‌ک(خوازراو یان نه‌خوازراو) له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ته، دۆزێک که کورد تێیدا ئیدعای ئه‌وه ناکات که ئیسفه‌هان و مازه‌نده‌ران به‌شێک له ئاسه‌واریی مێژوویی ئه‌ون، ناڵێت به‌سره سه‌رده‌مێک سه‌ر به هۆز و خێڵه کۆچه‌ره کورده‌کان بوون چونکە هه‌ژموونیی سیاسیی و خواستی داگیرکاریی نه‌بووه و بۆشی نه‌لواوه. واته دۆزی کورد به‌ده‌ر له دابه‌شبوون دۆزی گه‌ڕانیشه، دۆزی خۆدۆزینه‌وه و هاوکات ڕه‌تکردنه‌وه‌ی وێنا و ئیماژه ساخته و نادروسته‌کانن له سه‌ر ئه‌و، له سه‌ر خۆی و شارستانییه‌ت و به گشتیی مرۆڤایه‌تی، ڕه‌نگه ئه‌م ڕسته‌یه دوور نه‌بێت له راستی که ده‌ڵێت سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک سه‌ده‌ی کورده، دیاره مه‌به‌ست له‌م ڕسته‌یه‌ش ئه‌وه نییه کورد له‌م سه‌ده‌یه‌دا ده‌گاته ترۆپکی خه‌ون و هیواکانی و ڕزگاری ده‌بێت یان نابێت، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه دۆزه‌که‌ی و سووژه‌گه‌رێتییه‌که‌ی زۆر زیاتر زه‌ق ده‌بنه‌وه، وێنا و خه‌ون و چالاکییه‌کانی زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه.
ئه‌م تێڕوانینه پێمان ده‌ڵیت کورد له ناو هاوکێشه‌ی بابه‌ته‌کانی په‌یوه‌ست به حه‌قیقه‌تدا ده‌ژی به‌ڵام ئایا ده‌توانێت وه‌کوو سووژه‌یه‌کی حه‌قیقه‌تدۆز شوێن پێی حه‌قیقه‌ت بگرێت و هاوکات نه‌که‌وێته داوی دۆگماتیزم و بناژۆخوازیی و ڕه‌هاگه‌رێتیی له لایه‌ک و په‌شێوی و ڕێژه‌گه‌رێتی و سه‌رگه‌ردانی له لایه‌کی دیکه‌وه و په‌یوه‌ندیی خۆی به جه‌وهه‌ری نه‌مری حه‌قیقه‌ت که شوێندۆزیی به‌رده‌وام و بزۆزبوونی ئه‌به‌دییه بۆ شوناسێکی نه‌مری مرۆیی، بپارێزێت؟ ئه‌مه یه‌کێک له پرسیاره گرنگه‌کانه که ڕه‌وت و ڕێبازی کوردۆلۆژی ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکات، چونکه دیاریکه‌ری چاره‌نووسی کورد وه‌کوو مرۆڤ و هاوکات وه‌کوو نه‌ته‌وه‌شه، یه‌کێک له ڕێگا پڕ مه‌ترسیداره‌کانی ئه‌م ڕێباز و ڕێچکه سامناکه پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی پلان و پێناسه‌ی داگیرکاران(چ ڕۆژهه‌ڵاتی وه‌کوو بابه‌تێکی ئۆبژه‌کتیڤ و چ ڕۆژئاوایی وه‌کوو بابه‌تێکی سۆبژه‌کتیڤ)ه، به‌ڵام لێره ڕه‌نگه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ داگیرکارانی ڕۆژهه‌ڵاتی واته ئه‌وانه‌ی که له پله‌ی یه‌که‌می داگیرکاریی کوردستاندان، ئه‌وله‌وییه‌تی زیاتری هه‌بێت، چونکه ئه‌مانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی شوێندۆزیی کورد له هه‌موو کون و کلبه‌ر‌ێک داده‌خه‌ن به‌ڵکوو هه‌ر ڕێگاکانیشی لێ داگیر ده‌که‌ن.
یه‌کێک له‌و ڕێگایانه‌ی کورد له پرۆسه‌ی گه‌یشتن به شاڕێگه‌ی شوێندۆزیی حه‌قیقه‌ت له ته‌له و داوه‌کان ده‌پارێزێت مێژوو به گشتیی و ئاسه‌واره‌کان به تایبه‌تییه، که په‌یوه‌ست به پلانی داگیرکه‌رانه‌وه به دوو شێوه‌ی ئیشی له‌سه‌ر کراوه، یه‌که‌م، یان کردوویانه به هی خۆیان و مۆرکی خۆیانیان لێ داوه یان بێده‌نگییان لێکردووه و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر دایانپۆشتووه و دیزه به ده‌رخۆنه‌یان کردووه. ئاسه‌وار ئه‌و شوێنه که‌ونینه و به‌ڵگه‌مه‌ند و ڕۆحدارانه‌ن که شایه‌تیی حه‌یقه‌تێکی مێژوویی ده‌ده‌ن و چاوساغی ئێمه‌ن بۆ گه‌ڕان و شوێندۆزیی حه‌قیقه‌ت به‌واتا گشتییه‌که‌ی، ئێسته‌ش له ناو کورددا زۆر که‌متر له هه‌ر مه‌جال و بوارێکی دیکه ده‌پەرژرێته سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و ئاماده‌یی ئێمه له‌م پانتا یه‌کلاکه‌ره‌وه و چاره‌نووسسازه تووشی قه‌یران ده‌کات. هۆکارێکی ئه‌م خه‌مساردییه‌ی کورد خۆیه‌تی و هۆکاری دیکه‌شی ئه‌و جۆره ئیشه‌یه که داگیرکه‌ران بۆ دروستکردنی ئه‌م خه‌مساردییه ده‌یکه‌ن که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا. تاکتیکی هه‌ر دووشێوه‌که له ده‌ره‌وه‌ی کایه‌ی سیاسه‌ت و تۆڕه ئاڵۆزه‌کانییه‌وه نین، واته هه‌م داگیرکردن و خۆبه‌خاوه‌نکردن له پلانێکی سیاسیی به‌هێز پەیڕه‌وی ده‌کات و هه‌م نکوڵیکردن و کپکردن له ناو پیلانێکی سیاسی‌دا دروست کراوه.
بۆیه به‌هادان به شوێن وه‌کوو ئاسه‌وار و سه‌رچاوه‌ی مادی و مه‌عنه‌وی و پردی په‌یوه‌ندی ئێمه به حه‌قیقه‌تی مێژوویی و حه‌قیقه‌تی فه‌لسه‌فییه‌وه و ده‌رهێنانی له بازنه‌ی کایه و هاوکێشه‌ی بازرگانیی سیاسیی ده‌وڵه‌تان واته گه‌شتیاریی و سرووشتپه‌رستی، ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تیی ده‌گێڕێت بۆیه سه‌ره‌تا سه‌فه‌رێک ده‌که‌ین به ناو یه‌کێک له ئاسه‌واره کۆنه نه‌ناسراو یان که‌مناسراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که په‌یوه‌ست به جوگرافیای کوردستانی گه‌وره و زاگرۆسه‌وه له زۆر ڕووه‌وه ئێمه له ئه‌ویدییکەیان جیا ده‌کاته‌وه و ناساندن و به‌ده‌نگهێنانێکی ئێمه و ئه‌و تاکتیکانه‌شه که له هه‌مبه‌ر‌مان له لایه‌ن داگیرکارانه‌وه گیراوه‌ته به‌ر. ئه‌ویش ئه‌شکه‌وتی قوڕه‌قه‌ڵایه که سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی به نیسبه‌ت ئه‌شکه‌وته‌کانی ئاسیا و جیهانه‌وه ته‌نها له ڕووبه‌رێکی بچووکی جوگرافیدا ناسێندراوه و به ته‌واوه‌تی پشت گوێ خراوه و هه‌ر کاتێکیش باسێکی له‌سه‌ر بکرێت وه‌کوو شوێنێکی گه‌شتیاریی به بێ په‌یوه‌ستبوون به ڕه‌هه‌ندی مێژوویی و حه‌قیقه‌ته‌وه به‌رجه‌سته کراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش زیاتر پلان و پیلان و دوو شێوه ئیشکردنه‌که‌ی داگیرکارانمان بۆ ده‌رده‌خات. له خواره‌وه سه‌رنجی تایبه‌تمه‌ندیی و ناوی ئه‌م ئاسه‌واره سه‌یر و که‌ونینه‌یه ده‌ده‌ین.
“ئه‌شکه‌وتی قوڕه‌قه‌ڵا؛ ئاسه‌وارێکی دره‌وشاوه”
ئەشکەوتی قوڕەقەڵا گەورەترین و سەیروسەمەرەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیایه که لە 86 کیلۆمەتری شاری کرماشان لەسەر ڕێگای جادەی پاوە و لە باکووری شاری جوانڕۆ هەڵکەوتووە. ئەم ئەشکەوتە کە هەنووکە وەکوو یەکێک لە دیارترین و بەرچاوترین ئاسه‌واره‌کان له لایه‌ن پسپۆڕان و ناوه‌نده کولتووری و ئاسه‌وارناسییه‌کانی جیهانه‌وه ناسێندراوه، بەگوێرەی بیروڕای زانایان گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیایه.
“هۆکاری ناونانی قوڕەقەڵا”
گوندێک بە ناوی قوڕەقەڵا لە نزیکی ئەم ئەشکەوتەدا هەڵکەوتووە کە لە مێژەوە دەوروپشتی ئەم گوندە بە قەڵای جۆراوجۆر ده‌وری ته‌نراوه و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه ئاوەدان کراوەتەوە، شێوازی یەکێک لەم قەڵایانە لە قۆری چووە هەر بۆیەشە کە ناوی ئەم گوندە و هەروەها ئەم ئەشکەوتە بە قوڕەقەڵا چەسپاوە. لە گێڕانەوەیەکی تردا، ئەمەی کە بۆچی ئەم ئەشکەوت و گوندە وەک قۆری ناو براوە گەڕانەوەیەتی لەرووی مێژووییەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان. لەو سەردەمەدا قەڵایەکی گەورە و قایم دروست کرا کە ئێستاکەش کۆمه‌ڵێ ئاسەواری لێ بەجێ ماوە، ئەم قەڵایە بە هۆی قووڵی و قایم بوونییەوە لە زمانی کوردی و لای نەتەوەی کورد بە “گوڕە قەڵا” ناوزەد کرا. وشەی “گوڕا” لە زمانی کوردی‌دا بە واتای گەورە و قەڵاش بە واتای شوێنی بەرز و قایم و دزەتێنەکراو واتە “دژ”(پارده) دێت، لە درێژایی زەمەندا ئەم ناوە بەرەبەرە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە ژێر ناوی “گوڕی قەڵا” و دواتر “قوڕەقەڵا” ناوبانگی دەرکردووە.
دواتر پاش درووستبوونی گوندەکە لە قەراغ قەڵاکە هەمان ناو واتە قوڕەقەڵا بۆ گوندەکەش به کار هێنراوه، لە لایەکیترەوە چونکه نزیکترین شوێنی نیشتەجێبوون لە قەڵاکە هەمان گوند بووە، دواتر ناوی ئەم ئەشکەوتەش بە”ئەشکەوتی قوڕەقەڵا” ناوبانگی دەرکردووە.
“پێشینه و به‌شێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌شکه‌وته‌که”
قوڕەقەڵا، وەکوو یەکێک لە جوانترین و بەنرخترین ئەشکەوتە ئاوییەکانی جیهان بە 65ملیۆن ساڵ مێژوو و پێشینه‌وه لە ماوەی ساڵەکانی 1976تا 1977ی زاینی لە لایەن گرووپێک لە ئەشکەوتناسان و زیندەوەرناسانی ئینگلیزی و فەره‌نسی کە لە هەوڵی دۆزینەوە و کەشفی زیندەوەرە گوانداره‌کان لەوانەش شەمشەمەکوێرە (لە 80 کیلۆمەتری کرماشان و هەروەها کوێستانە پڕ لە دارەکانی پاوە و هەورامان بوون)، دۆزرایەوە. ئەوان 620 مەتر لە قووڵایی ئەشکەوتەکەیان بڕی و گەیشتنە خاڵ و شوێنێک کە ئاوەکە هاوئاست و ڕێکی بنمیچی ئەشکەوتەکە بوو و بەهۆی یه‌ن قه‌ناعه‌ته هه‌ڵه‌یه‌وه که ئەم خاڵە، خاڵی کۆتایی ئەشکەوتەکەیە، گەڕانەوە، هەڵبەت بە پێی دەربڕینی هەندێک لە بەرپرسە خۆجێیه‌کان، خەڵکی ئاوایی و گوندنشینان ساڵانێک لەمەوپێش ئەم ئەشکەوتەیان بینیبووە و دۆزیویانه‌ته‌وه.
بە پێکهاتنی ئه‌نجوومه‌نی ئەشکەوتپێوی لە ئێران و دوای پێنج ساڵ لێکۆڵینەوە و خوێندنه‌وه دەستەیەک ئەشکەوتناس توانییان لە ساڵی 1989لە قۆناغی یەکەمی سەفەریان بە ناو ئەشکەوتەکەدا بگەنە قووڵایی 2030مەتری ئەشکەوتەکە و دواتر لە قۆناغی دووەمدا بگەنە قووڵایی 3140مەتری. ئەندامانی ئەم گرووپە بۆ گەیشتن بەم قووڵاییە، نزیکەی دوانزە کیلۆمەتر ئاراستە پێچاوپڵووچەکانی ئەشکەوتەکەیان بڕی و نەخشەیان لێ هەڵگرت. گەیشتن بەم قووڵاییە، ئەشکەوتی قوڕەقەڵای وەکوو گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیا و هەروەها درێژترین ئەشکەوتی ئاویی له جوگرافیای ئێران ناساند. بە وتەی زانایان، کەونینەیی بوونی ئەم ئەشکەوتە کە لە ئاهەک(کسڵ)ی “تیرۆراسیک” و “کەرتاسە” پێکهاتووە، دەگەڕێتەوە بۆ65ملیۆن ساڵ لەمەوبەر و دەورەی دووەمی زەویناسی.
ئەم ئەشکەوتە بەدرێژایی مێژوو وەکوو پەناگەیەکی ئەمن و دوورەدەست سودی لێ وەرگیراوە و دۆزینەوەی ئاسەواری وەکوو کاسە، دەفر و ژمارەیەک پەرداخ و دراوی سەردەمی”یەزدگه‌ردی سێیەم” ئاماژەیە بۆ که‌ونینه‌بوون و کەڵک وەرگرتن لەو ئاسەوارانە لە سەردەمی کەونارادا. لە قووڵایی هەزار و 500مەتری ئەشکەوتەکەدا، هۆڵێک بە ناوی “هۆڵی بووک” هەڵکەوتووە کە بەڕاستی جوانی و ناسکییەکەی بە زمان ناوترێ، جنس و مەتریاڵی بەردەکانی ئەم رووبەرە لە کریستاڵی سپی و بریقەدار پێک هاتووە و ئەگەر کەسێک بەسەر ئەم بەردانە دا بڕوات شوێن پێی ناسک ناسک دەکەوێت. لە بن میچی ئەم هۆڵەدا قەندیله‌کان شۆڕبوونەتەوە کە بەرزایی هەرکامەیان دەگاتە دوو تا هەشت مەتر، ئەم قەندیلانە هێندە ناسک و نارینن کە بە لێدانی دەستێک هەشت مەتره‌که‌ی هەڵدەوەرێت. لە قووڵایی دووهەزار و 700مەتری ئەشکەوتەکە دا، چوار تاڤگە بە بەرزی 10 تا 12 مەتر بوونیان هەیە کە لە ئاوەها قووڵاییەکدا بوونی ئاوەها تاڤگەی جوان و سەیر جێگەی گومانی چاوە و هەر بینەرێک شەیدا و گیرۆدەی خۆی دەکات.
لە بەشێکیتری ئەم ئەشکەوتەدا توونێلێک بە ناوی”توونێلی بەرزەخ” هەیە کە بە سامناکترین شوێنی ئەم ئەشکەوتە ناوزەد کراوە، درێژایی ئەم توونێلە 220مەترە کە بە پانایی 3مەتر نیوەی هەڵکەوتووەتە ناو ئاوەکه‌وە. هەڵبەت ئەو ڕووبەر و هۆڵانەی کە باس کران بۆ بینین و دیتنی هەمووان نییە و تاکوو ئێستاکە تەنها 500 مەتری ئەم ئەشکەوتە ئامادەکاری بۆ کراوە و دەشێت هەمووان بیبینن.
“قوڕەقەڵا، ژینگەی دانسقەترین شەمشەمەکوێرەی دونیا”
بە وتەی زانایان قووڵاییەکانی ئەم ئەشکەوتە شوێنگەی ژیانی چەشنێکی دانسقە لە شەمشەمەکوێرەیە کە بە ناوی شەمشەمەکوێرەی”گوێچکە مشکی” ناوزەد کراوە کە بووەتە هۆی سەرەنجی زۆرێک لە گیانەوەرناسانی دونیا بۆی، بەڵام جگە لەم چەشنە شەمشەمە کوێرەیە تاکوو هەنووکەش چەشنێکی تر لە گیانلەبەران لەم ئەشکەوتەدا بەدی نەکراوە. بەڵام زانایانی ئاسەواری کولتووری لەو بڕوایەدان کە زانیارییەکان وا پیشان دەدەن بەر لەوەی ئەم ئەشکەوتە ببێتە ئەشکەوتێکی گەشتیاری رێژەیەکی زۆر لەو بڕبڕه‌دارانه کە لە ئەشکەوتدا دەژین وەکوو شەمشەمەکوێرەکان و سەمەندەری خاڵ زەردی تێدا ژیاون.
وه‌کوو له‌م کورته ناساندنه‌دا ده‌بینین ئه‌م ئه‌شکه‌وته له زۆر ڕووه‌وه ده‌توانێت حه‌قیقه‌تی مێژوویی و په‌یوه‌ندیی کورد به حه‌قیقه‌ته‌وه مانا بکاته‌وه به‌ڵام ڕژێمه سیاسییه‌کان له چوارچێوه‌ی ئه‌و دوو شێوه تاکتیکه‌ی که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا هه‌وڵیان دابه‌زاندنێتی له ئاسه‌واره‌وه بۆ شوێنی سه‌یران، کاڵکردنێتی له ڕه‌گه‌زی دیرۆکی و زه‌قکردنه‌وه‌ی لایه‌نی بازاڕمه‌ندانه‌ی، ئه‌م تێڕوانینه سیاسییه بۆ هه‌موو ئاسه‌واره‌کانی کورد له پارچه جیاجیاکانی کوردستان پەیڕه‌و کراوه، و شوناسناسیی شوێن یه‌کێک له‌و بوارانه‌یه که له لێکۆڵینه‌وه کوردییه‌کان و پرۆژه‌ی کوردۆلۆژیی و شوناسمه‌ندانه‌دا به‌های که‌می پێ دراوه.