“ئه‌لسێئیا و پێش مه‌رجه‌کانی”
هه‌ر ده‌رکه‌وتن یان دۆزینه‌وه(aletheia)” یه‌ک بۆئه‌وه‌ی بێته کایه‌وه، پێویستی به چه‌شنێک شوێن هه‌یه، واته له‌ناو شوێندا رووده‌دات. له”بوون و زه‌مان”دا ئه‌م شوێنه خودی دازاین(Dasein) بوو، که به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌عریفی و ناسکارانه له گه‌ل (sein) “بوون” و هه‌روه‌ها تێپه‌ڕاندنی Seiendes”هه‌بووکان” خودییه‌ت و بوونی خۆی چڕ ده‌کرده‌وه. دازاین ئه‌و “بوونه‌یه” که خۆی له‌هه‌مبه‌ر و رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ هه‌بووکان (رووبه‌ری کراوه)دا ده‌بینێته‌وه. دازاین خۆی به‌جۆرێک (کراوه‌یی) وێناده‌کرێت، چه‌شنێک (دۆخی کراوه) یان (به‌یاز) و (پانتای کراوه) که تێیدا هه‌بووکان ده‌کرێت “ده‌رکه‌ون” و بدۆزرێنه‌وه. ئه‌مه دازاینه که له‌گه‌ڵ ئه‌واندا رووبه‌روو ده‌بێته‌وه و ده‌یانناسێت واته تێگه‌ییشتن و فامی خۆی له هه‌بووه‌کان وه‌کوو کردار ده‌رده‌خات، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه دێت که دازاین هیچ کات په‌رچه‌کردارێک نییه له هه‌مبه‌ر هه‌بووکاندا. له‌ساڵی 1930 به‌و لاوه واته دوای نووسین و بڵاوبوونه‌وه‌ی “بوون و زه‌مان” هایدیگه‌ر هه‌ر چه‌شنه ته‌وه‌ربوون و چه‌ق بوونێکی له دازاین سه‌نده‌وه و هه‌موو داکۆکی و ته‌ئکیدی خۆی له‌سه‌ر (رووبه‌ری کراوه) چڕ کرده‌وه. و دازاینی به هه‌بوونێک له پاڵ بوونه‌وه‌ره‌کانی دیکه‌دا که له پانتای رووبه‌ری کراوه‌دان ناوزه‌د کرد. ئه‌گه‌رچی هه‌ر له‌م حاڵه‌ته‌شدا پێگه‌ی دازاین(مرۆڤ) پێگه‌یه‌کی تایبه‌ت و دانسقه بوو، به‌ڵام زاڵێتی و ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وا له رووبه‌ری کراوه‌دا روو ده‌دات به‌ده‌سته‌وه نییه. له 1945 دا بوو که هایدیگه‌ر به خستنه‌ڕووی (رووبه‌ره چوارینه‌کان (Das Geviert) هه‌نگاوێکیتری به‌ره‌و پێشه‌و نا. رووبه‌ره چوارینه‌کان ئاماژه‌یه بۆ یه‌کیه‌تی و یه‌کانگیری نێوان زه‌مین، ئاسمان، فانییه‌کان و خودایه که به‌هۆی کاریگه‌ری و کارتێکه‌ری له‌سه‌ر یه‌کتر وه‌کوو یه‌که‌یه‌ک ده‌کرێت بێته ئاراوه.
مرۆڤ نیشته‌جێی زمانه، نه‌ک وڵات( یۆهان هامان-1785/1730)
له‌وێدا که وشه‌ی نییه، مه‌خابن، هیچ شتێک نییه (ئیسته‌فان جۆرج)
ئینسان شاعیرانه نیشته‌جێ ده‌بێت. (فریدریش هۆڵده‌رلین)
یه‌کێکیتر له‌و چه‌مکانه‌ی هایدیگه‌ر که په‌یوه‌سته به ئانتۆلۆژیا به‌گشتی و دواتریش ئانتۆلۆژیای شیعره‌وه، چه‌مکی (Bauen) ه که به واتای سازاندن و کێڵاندن دێت. له لێکدانه‌وه دوور و درێژه‌کانی هایدیگه‌ر له‌م چه‌مکه، نیشته‌جێبوون و سازاندن له زماندا روو ده‌دات و زمان پێش له‌وه‌ی پێی بئاخفین بوونی هه‌یه. ئێمه چ بدوێن و چ نه‌دوێن هه‌ر له حاڵه‌تی ئاخافتن داین، گه‌ر ببیستین و گه‌ر بشخه‌وه‌ین هه‌ر زمان به‌کار دێنین و ده‌ئاخفێین، ته‌نانه‌ت له خه‌ون و هه‌رێمی خه‌ونه‌کانیشدا ئێمه هه‌ر زمانمان له گۆیه و ده‌ئاخفێت. ئه‌مه‌یه که نیشته‌جێی زمانین. و دواتر به په‌ره‌پێدانی زۆرتری ئه‌م باس و بابه‌ته چه‌مکی (Gelassenheit)ی هێنایه ئاراوه، ئه‌و چه‌مکه‌ی که به واتای “رزگار کردن” یانی ئیمکانی خۆ بوون و ئه‌ویدی نه‌بوون، نه‌ک له‌خۆده‌رچوون و ئه‌ویدی بوون، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له‌و رێگانه‌یه که ده‌بێت دازاین له هاوکێشه‌ی”له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر دا بوون” که یه‌کێکه له جه‌بر و سه‌پاوه وجوودییه‌کان١١ و به‌رده‌وام دازاین ده‌خاته مه‌ترسی له‌خۆنامۆ بوون ده‌بێت ره‌چاوی کات و پێڕه‌وی کا و دازاین بۆ قوتار بوون له جیهانی رۆژانه‌یی و چه‌ندپاته‌کی و تێکه‌ڵنه‌بوون به ره‌شه‌خه‌ڵک و پانتای زربوون ده‌بێت سه‌ره‌نجی جیددی ئه‌م بابه‌ته بدات.
له‌ژێر رۆشنایی و تیشکی ئه‌م پێشه‌کییه تیۆریکه دا و ئه‌و جیاوازی و هێڵکاری و به‌راورده‌ی که له نێوان ژان پۆل سارته‌ر و مارتین هایدیگه‌ر دا کردم، ئه‌م قه‌ڵه‌مه شێواز و رێبازی هایدیگه‌ر بۆ خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی ئانتۆلۆژی له شیعر(ی نوێ)دا به ره‌سه‌نتر و دانسقه‌تر ده‌زانێت. به سه‌رنج دان به‌و هه‌ستمه‌ندی و ورده‌کاریی گه‌له‌ی که رێباز و شێوازی هایدیگه‌ر ده‌یهێنێته پێشێ، جیهان و ئانتۆلۆژیای شیعری نوێی کوردی ده‌شێت چۆن بێت؟ ئایا بوون تا چه‌نده له زمانی کوردی‌دا که زۆرترین ئه‌زموونی خۆی به شیعر ده‌رخستووه، هاتۆته ده‌رکه‌وتنه‌وه؟ ئایا گوتاری شیعریی١٢ کوردی تا کوێێ “بوون” چۆته پێشه‌وه؟ ئه‌و گوتاره‌ی که تاکه گێڕانه‌وه و تاکه ره‌هه‌ندی بوونی کورد به‌گشتییه و زۆرترین ته‌مه‌ن و زۆرترین زاڵبوونی به نیسبه‌تی دیسکۆرس(Discorce) و گوتاره‌کانیتر داهه‌یه؟ ئه‌م تاکره‌هه‌ندی گوتارییه‌ی دۆخێکی دیکتاتۆریانه‌ی پێکهێناوه که هه‌ندێک وه‌کوو فاکت و واقیعێک بۆ نه‌خۆش بوونی تاک و کۆمه‌ڵگای کۆردی ده‌یهێننه‌وه، به‌م حاڵه‌شه‌وه ئه‌مه به مانای ئه‌وه نییه که ده‌رکه‌وته و لایه‌نی هزری و ئیستاتیکی(جوانیناسانه)ی نه‌بێت. ئه‌م وتاره زۆرتر له ژێر تیشکی ئه‌ندێشه و بیرۆکه‌کانی هایدیگه‌ر ده‌چێته پێشێ و له هه‌ندێ حاڵه‌تی لاوازدا که ریوایه‌ت و خوێندنه‌وه‌ی سارته‌ر له بنه‌ڕه‌تی بوون به نێزیک ده‌زانێت ئاوڕیش له ئه‌ندێشه‌کانی ئه‌و ده‌داته‌وه.
وشه سه‌ره‌کییه‌کان: رووبه‌ری کراوه، رووبه‌ره چوارینه‌کان، زڕبوون، شوناسی سیاسیی کورد. بوونی سیاسی کورد
“خوێندنه‌وه‌یه‌کی گشتی رۆحی(Geist) کورد و نیشته‌جێبوون له زمانی سیاسه‌تمه‌داره‌کان”
نیشته‌جێبوون له خانووبه‌ره و کۆشکه‌وه تا زمان؟
ئه‌گه‌ر ژیان ته‌نها ره‌نج و ئاژاوه‌یه، ئایا که‌سێک هه‌یه چاوانی بکاته‌وه و بڵێت: من خوازیاری “بوونم”؟ به‌ڵێ. “هۆڵده‌رلین”.
نیشته‌جێبوون، یه‌کێ له‌و چه‌مکانه‌یه که هایدیگه‌ر له هۆڵده‌رینی قۆزتۆته‌وه و مانا و رووبه‌رێکی فه‌لسه‌فی پێداوه که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یه‌کی خێرامان پێدا، نیشته‌جێبوون له جیهانی کورد دا به هۆی ئه‌و ته‌نگژه و کێشه مێژوویانه و کۆمه‌ڵێک هۆکاری دیکه، بابه‌ت و شتێکی کۆنکرێت و به‌رهه‌سته و هێشتا نیشته‌جێبوون چ له ئاستی ئه‌م وشه‌یه‌دا و چ له پێگه‌ی ده‌لاله‌ت و کارکردی پراکتیکیانه‌ی ئه‌م وشه‌وه، پرس و قه‌یرانێکی جوغرافی و شوێنیه، ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێک نالی به “خۆکردی١٣” بوونی شیعریی و زمان‌ییه‌وه، تاک و خوێنه‌ر تالیب و گیرۆده‌ی مه‌عنا ده‌کرد و بۆ “خۆکوردی بوون” نه‌یده‌نووسی و داهێنانی(خۆکردی) و سازاندنی ده‌خسته سه‌رووی “خۆکوردی بوون”. ده‌شێت ئه‌م دۆخه به تێڕوانینێکی هایدیگه‌ریانه‌وه گرێی بده‌ین به رۆنان و سازاندنی خانه‌یه‌ک که نالی خۆی کردوویه‌تی، له جیهانی خۆیدا ئاواره‌یی و مه‌نفای هه‌ڵبژاردوو ه‌و و هیچ کات خه‌ون و تاسووقێکی قووڵی بۆ نیشته‌جێبوون له ژوور و خانووبه‌ره‌یه‌کدا نه‌بوو، نیشته‌جێبوونی خۆی به‌ره‌و هه‌ناوی زمان ده‌کێشا، به‌ڵام هه‌نووکه کۆمه‌ڵگا و تاکی کوردی نیشته‌جێبوون له کۆڵان و گه‌ڕه‌کێکی تاران، به‌غداد ، ئه‌سته‌نبووڵ …هتد. خه‌ونی ژیانیه‌تی، کۆمه‌ڵگای کوردی له نالییه‌وه بۆ هه‌نووکه چی گیرۆده‌ی کردووه؟ واتای به‌رزه‌جێ و رۆحی وشه‌کانی بردۆته ناو شه‌قام و کۆڵان و گه‌ڕه‌که‌کانه‌وه؟
ده‌توانین بڵێین؛ که کۆمه‌ڵگای کوردی هه‌ر له‌و ساته‌وه که له جیهانی وتار و زاره‌کییه‌وه، که بێگومان ده‌شێت ئامیان و سامانێکی باش و ده‌وڵه‌مه‌ندی له ناسین و مه‌عریفه له‌خۆیدا هه‌ڵگرتبێت، تاراده‌یه‌ک قوتاری بوو و هاته نێو دنیای گوتار و نووسینه‌وه، ته‌نانه‌ت پێش له‌وه‌ش له گه‌ڵ دۆڵپا و داینه‌مۆیه‌ک(مه‌ته‌ڵ) به ناوی سیاسه‌ت ده‌سته‌و یه‌خه بووه، له رێڕه‌وی ئه‌م دۆخ و حاڵه‌ته‌وه “بوونی” که‌وتۆته ژێر مه‌ترسی و پاکتاو بوونه‌وه و به‌ره‌و دۆخێک بردوویه‌تی که من به “زڕبوون” ناوزه‌دی ده‌که‌م. دۆخێک که هه‌ناو و ریشه‌ی له قووڵاییه‌کانی مێژوودایه، له‌و شه‌ڕ و ململانێ سیاسی و مه‌زهه‌بی و ئایدۆلۆژیکه دایه، که بۆ تێگه‌ییشتنی پێویستمان به خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌رین له هه‌موو ره‌هه‌ندێکییه‌وه هه‌یه. به تایبه‌تی له ره‌هه‌ندی ئه‌و شه‌ڕه‌ی که هێزه ئایدۆلۆژییه مه‌زهه‌بییه‌کان بۆ سه‌پاندنی پێناسه‌یه‌ک که خۆی بۆ”خودا” هه‌یه‌تی، کۆمه‌ڵگه و مرۆڤیان خسته گێژه‌نێکی تاریک و سامناکه‌وه که هێشتاش لێی ده‌رباز نه‌بووه. سیاسه‌ت ئه‌و ئاوێنه‌یه بووه که ئه‌و هێزانه‌ی تێیدا کایه ده‌که‌ن و به‌شدارن ،چ هێزی کورد بێت و چ ئه‌ویدی کورد، ره‌نگاڵه‌ییترین و ئایدیالترین خه‌ونه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی تێدا خراوه‌ته روو و به‌رده‌وام نیگاری کۆمه‌ڵێک درووشمی بریقه‌داریان تێدا کردووه، ئه‌وه‌ش دوا ئامانجی سیاسه‌تڤانی و رامیارییان بووه و چپاندووشیانه‌ته هه‌ناو و ناخی کۆمه‌ڵگای کورده‌وه. لێره‌وه‌یه که ئه‌و گوتاره‌ی که سیاسه‌تڤانی کورد پێشکه‌شی جه‌ماوه‌ری ده‌کات و زه‌ینی ره‌شه خه‌ڵکی له‌سه‌ر تاپۆ ده‌کات و هێز بۆخۆی کۆده‌کاته‌وه، ئه‌رک و مانایه‌کی سامناک و مه‌ترسیدار ده‌گرێته خۆی. که ئه‌م حاڵه‌ته به هه‌بوون و ده‌رکه‌وتنی که‌ناڵه ئاسمانییه کوردییه‌کانه‌وه، که ده‌سکه‌وتێکی تری جیهانگیری یان (Golobalizaition) ه و هایدیگه‌ر به “شۆڕشی ره‌شه‌خه‌ڵک” ناوزه‌دی ده‌کات، چڕتر و زه‌قتر ده‌بێته‌وه و ئاسانکارییه‌کی باش له‌به‌رده‌م خۆیدا بۆ زاڵکردنی خوێندنه‌وه‌ی چه‌واشه‌ی سیاسه‌تی خۆی و چه‌پاندنی به زه‌ینی جه‌ماوه‌ر دا ده‌که‌وێته به‌رده‌م. گومانێک له‌وه‌دا نییه که دۆخی کورد به هۆی مێژوویه‌کی شووم و تراژیک(کاره‌ساتاوی) له گێژه‌نی سیاسه‌تدا بوونی که‌وتۆته مه‌ترسییه‌وه. سه‌نگ و هێزی وشه‌ی “بوون” لێره‌دا جیاوازه له‌و بوونه فه‌لسه‌فییه‌ی که له پێشه‌کیدا باسم کردووه و بوون لێره‌دا داده‌به‌زێته سه‌ر هه‌ناسه‌دان و ئیش‌کردنی جه‌سته‌یی.
بوون لێره‌دا مه‌به‌ست بوونه له هه‌مبه‌ر زه‌خت و په‌لامار و قڕانکردن و ئه‌نفالکردنی ره‌ش و سپی ئه‌ویدیدا، نه‌ک بوونێک له هه‌مبه‌ر جیهان و دیارده به‌رهه‌سته‌کانیدا، ده‌رکه‌وتن تێیدا وه‌کوو سووژه یان دازاین. ئه‌م دۆخه وه‌ها ترس و “دڵه‌ڕاوکێیه‌کی” خستۆته هه‌ناوی مرۆڤی کورد و رووبه‌ڕووی شه‌ڕی چه‌کداری کردۆته‌وه و به‌ره‌و ئاقار و ئاراسته‌ی تفه‌نگ و چه‌کی بردووه، که توانا و هێز و وزه‌ی تێفکرینی وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی خاوه‌ن هزر لێسه‌ندووه، و گه‌ر وزه‌یه‌کیشی تێدا مابێت، له‌ژێر زه‌خت و گوشاری ئه‌و گوتاره دا ده‌شڵه‌ژێت و ده‌ربازبوونی ئه‌سته‌مه. بێگومان ئه‌و دڵه‌ڕاوکێیه‌ی مرۆڤی کورد جیاوازه له‌و دڵه‌ڕوکێ ئیبراهیمییه‌ی که یه‌که‌م فه‌یله‌سووفی بوون خواز واته کییه‌ر کێگاردی دانمارکی باسی ده‌کات. دڵه‌ڕاوکێی ئیبراهیمی ترسێکه که له‌هه‌مبه‌ر بوون و به‌رپرسایه‌تی بوون دێته پێشی نه‌ک دڵه‌ڕاوکێی ده‌ربازکردنی گیانی خۆ و رزگارکردنی رووبه‌رێکی جوغرافی و خه‌ونی جوغرافییایه‌کی ئازاد. هه‌ڵبه‌ت گومانێک نییه که کۆمه‌ڵێک کاره‌ساتی وه‌کوو ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه، کۆڕه‌و و پاکتاوکردن که هه‌مدیس گرێ‌دراو و وابه‌سته‌ی دۆزی سیاسی گشتی کورده، ده‌کرا ببوایه به تێم و گێڕانه‌وه‌یه‌کی گشتگیرانه و په‌یوه‌ست بکرێت به جۆرێک ئینسان ناسی و (Anthropology) و بوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌م ره‌وت و یان باشتر وایه بڵێم رووداوه به هۆکارگه‌لی جیاواز له‌وانه شکڵنه‌گرتنی هێزێکی کارای زانیارخواز و ناسکار، نه‌بوونی هوشیاری به‌گشتی چ له پێگه‌ی مرۆڤ و چ له‌پێگه‌ی نه‌ته‌وه، ره‌وایه‌ت کردن و گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کانی به لایه‌نی هزری و مه‌عریفی دا نه‌شکاندۆته‌وه و کاتێک ناوی هه‌ڵه‌بجه یان ئه‌نفال ده‌بردرێت ئه‌وه‌نده زه‌ینه‌کان بیر له “خه‌ڵکی ئێراقی به‌سته‌زمان” ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه‌نده بیر له هۆکار و لۆسه(اهرم) ئایدۆلۆژی(دینی) و سیاسی و سایکۆلۆژییه‌کانی پشت ئه‌م رووداو و کاره‌ساتانه ناکرێته‌وه.
به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت: “سوودی چییه هه‌موو ساڵێک یادی ئه‌نفال بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام نازانین چۆن و بۆ روویداو، ته‌نها له ساڵیادی یادکردنه‌وه‌که‌یدا ئاوڕی لێبده‌ینه‌وه”. هه‌ر چه‌ند ساڵ پێش بوو که خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه مۆنۆمێنتێک که بۆ رێز گرتن له شه‌هیدانی کاره‌ساته‌که(واته خۆیان) درووست کرا بوو ته‌قانده‌وه. ئه‌م رووداوه پرسیارێکی گه‌وره‌ی له زه‌ینی رۆشنبیران دا کرده‌وه، به‌ڵام هه‌ر زوو بچووک کرایه‌وه، چوونکوو ئه‌م رووداویشه به تۆمه‌ت و پاساوی ئه‌وه‌ی که ده‌ستی ده‌ره‌کی تێدا بووه، رێگای هه‌ر جۆره خوێندنه‌وه‌ی تازه و سه‌ربه‌خۆی له ئاستی هزریدا پووچه‌ڵ کرده‌وه. به گشتی مه‌به‌ستمه بڵێم؛ گه‌ر ئه‌نفال به هۆی سیاسه‌تسالاری و هاوکێشه‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه نه‌کرا به مایه‌ی تێڕامان و قووڵبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام، خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه به ده‌ستی خودی برین لێکه‌وتوانه‌وه، که هێمای رێزلێنانی خۆیان ره‌ت ده‌که‌نه‌وه، ده‌شێت ببایه به مایه‌ی کردنه‌وه‌ی پرسیاری گه‌وره‌و باش بۆ به‌رهه‌مهێنانی زانیاری و مه‌عریفهیه‌ک که له دواجاردا هه‌ڵپێکراو و گرێدراوی بوونی کورد بکرێت. به‌ڵام ئێمه واته بوونه‌وه‌ر و تاکی کورد، تا بینه‌قاقا له سیاسه‌تدا نغرۆ بووین و کۆمه‌ڵگا سیاسه‌تزه‌ده‌کراوه و کۆمه‌ڵێک خواستی سیاسی له ئاستێکی فشۆک و نزمدا کاره‌کته‌ر و بوونه‌وه‌ری کوردی له ناوه‌وه هه‌لاهه‌لا کردووه. به زاڵبوونی گوتارێکی سیاسی ئاوه‌ها که میتۆد و پرۆژه‌یه‌کی جیدی پێ نییه و زانستی سیاسه‌ت که یه‌کێکه له لقه‌کانی فه‌لسه‌فه له ئاستی کۆمه‌ڵێک به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی و حیزبی و هه‌ندێ مه‌تریاڵی وه‌کوو نه‌وت و به‌نداو و غاز و…هتد ده‌ناسێت و ده‌یناسێنێت و له‌م که‌ش وهه‌وایه‌دا کۆمه‌ڵ به‌ره‌و داته‌کاندنی هه‌ر جۆره وزه و هێزێکی ده‌رهه‌ست و ئینتزاعی که په‌یوه‌ست ده‌بن به بوونی گشتی مرۆڤه‌وه ده‌چێت و هه‌رچه‌نده‌ش که به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چین، ئه‌م حاڵه‌ته سیسته‌ماتیکتر ده‌بێت تا شوێنێک بوونی تاک له کۆمه‌ڵگادا ده‌چێته ژێر پرسیاری زل زله‌وه و تاکێک به‌رهه‌م دێت، که له‌سه‌رووی هه‌ناسه‌دانێکی به‌رخۆرانه(مصرفی) زیاتر، خه‌ون و که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کیتری پێ شک نایه‌ت و کۆمه‌ڵێک خواست و ئیراده‌ی ره‌ش و بێکه‌ڵک له خۆیدا به‌هێز ده‌کات، که هه‌ر ده‌م زیاتر و زیاتر له ناسنامه و شوناسی خۆی وه‌کوو بوونه‌وه‌ر و مرۆڤ له‌ئاستی ئانتۆلۆژیکاڵ دا دوورتر ده‌بێته‌وه و ئه‌و شته‌ی بوون ناسه‌کان به “له‌خۆنامۆ بوون” ی ناوزه‌د ده‌که‌ن له دۆخێکی پڕ کێشه و ته‌نگه‌ژه‌ی ئاوه‌ها دا داوێنی ده‌گرێت، له ئاکامدا تاک داده‌به‌زێته سه‌ر ئامێر و ئامرازی ده‌ستی تریبۆنگه‌لێک که هه‌ستئامێزانه‌تر له‌و تریبوونه‌کانیتر، دێنه گۆ و زیاتر چه‌مکه زه‌مینییه‌کان ئاسمانی ده‌که‌نه‌وه و خۆشیان ده‌که‌ن به نوێنه‌ریان.
ئێمه هێشتا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ روون نییه، که ئایا شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه ده‌رئه‌نجام و هه‌ڵخێزراوی ئیراده‌یه‌کی کۆییه که له به‌ستێنی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدا ها‌تووه یان نا به‌ڵکوو خه‌ونی کۆمه‌ڵێک ئه‌دیب و رۆشنبیر و شاعیر و هونه‌رمه‌نده؟ ئایا لای ئێمه شوناس ده‌بێت له‌پرۆسه‌یه‌کدا ده‌رکه‌وێت یان وه‌کوو پرۆژه‌یه‌کی به په‌له ئیشی له‌سه‌ر بکه‌ین؟ ئایا وشیاری و رای گشتی و زه‌ینی ناوشیاری جه‌ماوه‌ر له بنیاتنانی شوناسدا بنه‌مایین یا نه‌وتی که‌رکووک و سه‌رچاوه سرووشتییه‌کانی ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی ئه‌م کۆمه‌ڵه؟ ئه‌م فه‌زا ئاڵۆز و هه‌ڵپه‌سێردراوه به هۆی ئه‌و گوتاره ده‌ڵه‌مه و نیوه‌چڵه و ئه‌و پێناسه لاوازه‌ی که بۆ سیاسه‌ت و ره‌هه‌ندگه‌لی پێوه‌ندیدار به سیاسه‌ته‌وه هه‌یه‌تی، خراوتر و کاره‌ساویتر کۆمه‌ڵگا تووشی هه‌لاهه‌لا بوون و له‌خۆ نامۆ بوون ده‌کاته‌وه. تاکی ئێمه هێشتا نازانێت که ده‌وڵه‌ت هێمای بوونێکه که که‌مترین و لاوازترین ره‌سه‌نایه‌تی هه‌یه، ئه‌گه‌رچی بوونی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه بۆ شوناس سازت به مانای نه‌ته‌وه‌یی و وه‌کوو گوتاری زاڵی هاوچه‌رخ، گرینگ و پێویسته، به‌ڵام دوا وێستگه و شاری خه‌ونه‌کانی ئێمه ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه نییه و هه‌ر وه‌کوو هیگل ده‌ڵێت: “ده‌وڵه‌ت قۆناغێکه بۆ په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و بوونێکی کۆیی و ئه‌نته‌رناسیۆناڵ و گشتی‌تر”. هه‌ڵدانی ئاڵا به‌مانای سه‌رکه‌وتن نییه، به‌سه‌ر هیچ لایه‌ن و هێزێکدا، که ئه‌وه‌نده په‌یام و بانگه‌وازێکه بۆ له‌یه‌کتر تێگه‌ییشتنی نێوان مرۆڤه‌کان و راگه‌یاندنی جیاوازی و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ک که ده‌رفه‌ت بۆ ناسینی ئه‌م پارچه و که‌رته جیاوازانه ده‌کاته‌وه.
زۆربه‌ی تاکی ئێمه زمان وکوو تۆخمێکی بنه‌مایی و بنه‌ڕه‌تی بۆ شوناسێکی گشتی چ له ئاستی نه‌ته‌وه دا و چ له ئاستی بوونه‌وه‌ر دا وێنا ناکات، هه‌ر به هۆی ئه‌و دۆخه گشتییه‌وه ئه‌م زمانه ئه‌وه‌نده‌ی جنێوی پێ به‌رهه‌مهاتووه و گرێ ده‌روونییه‌کانی پێ هۆنراوه‌ته‌وه١٤، ئه‌وه‌نده به‌ره‌و هزر و ئه‌ندێشه هه‌نگاوی هه‌ڵنه‌گرتووه. ئێمه باش ده‌زانین که سیاسه‌تڤانانی ئێمه چ رۆڵێکی سووک و بێبایه‌خ بۆ زمان داده‌نێن، من له بیرمه له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا سیسه‌تمه‌دارێکی کورد ئاوه‌ها به کوردی هاته قسه: ئێمه ده‌بێ “ته‌عزیزی ته‌حالوف” بکه‌ین له گه‌ڵ لایه‌نه‌کانیترا. ئه‌مه ته‌نها نموونه‌یه‌کی بچووکه، ئه‌گینا زمان بۆ ئه‌وان ئامێرێکه که خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ری له رێگه‌ی میدیا و مزگه‌وت و تریبۆنه‌کانه‌وه پێده‌خه‌سێنن و زه‌ینیان داگیر ده‌که‌ن و له بوونی بنه‌ڕه‌تی له پێگه‌ی مرۆڤدا دووریان ده‌خه‌نه‌وه و رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر به خۆیان نامۆ ده‌بن. هه‌ڵبه‌ت نابێت ده‌رکه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی تاقمێک رۆشنبیر و شاعیر و هونه‌رمه‌ند و چالاکی مه‌ده‌نی له به‌ر چاو نه‌گرین، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌هۆی ئه‌و گوتاره‌وه که ته‌مه‌ن و هه‌ژموونی زۆرتری له هه‌ست و نه‌ستی گشتی دا سازاندووه، بێبه‌ری نین له خه‌سار و بۆشاییه‌کانی تایبه‌ت به خۆیانه‌وه که ده‌کرێت هه‌ر کام له‌م تاقمانه خه‌سارناسییه‌کی درێژیان له‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام لێره‌دا ده‌رفه‌ت بوار نادات و دایده‌نێم بۆ ساتێکیتر با له باسه‌که‌یش زۆر دوور نه‌که‌ومه‌وه. کۆمه‌ڵگا و بوونی کورد ئه‌وه‌نده له گێژاوی سیاسه‌ت و “با”١٥ی هاوکێشه سیاسییه‌کانی نێو خۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا نغرۆ بووه، به‌شێک له شاعیران و رۆشنبیران به ئاراسته و له خزمه‌تی هه‌مان گوتار به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه نێگه‌تیڤ و نه‌رێنییه‌کانیدان. وه‌کوو هێزگه‌لێکی خاوه‌ن چه‌شنێک له رێز و هه‌یمه‌نه‌ی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رچه‌شن و نموونه‌یه‌کیتری شوومیان له وته‌زای “له‌خۆنامۆ بوونیان” پێشکه‌شی جه‌ماوه‌ر کرد. سووڕانی ئه‌و سیسته‌م و گوتاره سییاسییه کوشنده‌یه‌یان خێراتر و سامناکتر کرده‌وه.
مه‌به‌ستم کۆمه‌ڵێک کاره‌کته‌ری سه‌ر به ده‌سه‌ڵاته که له هه‌موو بواره‌کاندا چه‌مکگه‌لێک به‌رهه‌مدێنن که له خزمه‌تی ئه‌و گوتاره‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی هه‌بێت، ئه‌مانه رۆبۆتگه‌لێکن که له‌سه‌ره‌وه پرۆگرام و یاسایان پێدراوه و ده‌توانن ته بچوکترین و سووکترین ئاست درێژه به ئیشی خۆیان بده‌ن. ره‌هه‌ند و لایه‌نێکی دیکه که ده‌بێت باسی له سه‌ر بکه‌م و کاریگه‌رییه‌کی بنه‌مایی و قووڵتری ته‌نانه‌ت له گوتاره سیاسییه‌که‌ش له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و بوونه‌وه‌ره ئاقڵه‌کانی ناوی هه‌یه، مه‌زهه‌ب یان ئایینزایه. مه‌زهه‌ب له‌ناو کۆمه‌ڵگای کورد دا که ته‌مه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێکی زۆرتری به‌نیسبه‌تی ئه‌و گوتاره سیاسییه‌وه هه‌یه که باسمان کرد، ده‌شێت ئه‌و گوتار و سیسته‌مه‌ی که سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئیشی پێده‌کات، ده‌رهاوێشته و به‌رکاری ئایینزا بێت و هۆکاری هه‌موویان ئه‌و میتافیزیکه ره‌ق و وشکه بێت که ئه‌م خوێندنه‌وه دینییه ده‌یخاته روو، لانی فره که‌م له‌و رووه‌وه هۆکاره که ده‌شێت وه‌کوو تێز یان ئانتی تێزی گوتاره سیاسییه‌که وێنا بکرێت، ئه‌وه‌ش له خۆشبینانه‌ترین حاڵه‌تدا. ئایینزا له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا یان باشتره لێره‌دا بڵێم کۆمه‌ڵگایه‌کی بێسه‌واد و نه‌خوێنده‌وار و دواکه‌وتوودا زۆر به ئاسانی ده‌که‌وێته داوی وشکه‌بڕوایی و دۆگماتیزمه‌وه، و چاره‌نووس و بوونی هزر و بیرکردنه‌وه و هه‌موو به‌رهه‌مهێنراوه‌کانی ئه‌قڵ له به‌رده‌می ئاسماندا قوربانی ده‌که‌ن، واته زه‌مین ده‌بێته قوربانی میتافیزیکێکی ئاسمانی، بوونه‌وه‌رگه‌لێک راڤه و شیکاری و خوێندنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ن، که تا بینه‌قاقا له زه‌مین و هاوکێشه‌کانیدا نوقمن و چه‌مکی ئه‌قڵی و”که‌لامی”شیان بۆ مشت و مڕ کردن له سه‌ر ئایین و ئایینزا پێ نییه و تاقانه میکانیزم و رێوشوێنیان بۆ جێخستنی ئه‌م میتافیزیکه و هه‌ڵایساندنی لایه‌نی سۆز و هه‌ست ته‌وه‌رانه‌ی مرۆڤ به دوو جیهان و وشه‌ی به‌هه‌شت و دۆزه‌خه‌وه.
بۆیه به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ر هه‌ست و سۆز له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، ئه‌قڵ و ئاوه‌ز نرخی هیچیان بۆ دانانرێت و ئه‌نجامی ئه‌م حاڵه‌ته به‌م باره‌دا ده‌شکێته‌وه که زانست و مه‌عریفه هه‌ر لای تاقانه بوونه‌وه‌ر واته خودایه و لێره‌دایه که ئاکام و بار ودۆخێکی زۆر سامناک و کوشنده دێته کایه‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌یه که هه‌ڵکۆڵین و کنجکۆڵی و به‌دواداچوونی هزری و ئه‌قڵی له مه‌ڕ ئایینزا ده‌بێته هێڵی سوور و زانیاری و مه‌عریفه ده‌بێته بڤه و تابۆ. و ده‌قی دینی ده‌که‌وێته بازنه‌ی ئه‌قڵییه‌تێکی داخراو و له‌وێوه خوێنه‌رێک به‌رهه‌م دێت که مانا به‌رز و بڵنده‌کانی ده‌قی پیرۆز ده‌کوژێت که “به‌ختیار عه‌لی” به‌م خوێنه‌ره ده‌ڵێت خوێنه‌ری کوشنده. واته به گشتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی پیرۆز ده‌که‌وێته ده‌ستی کۆمه‌ڵێک مه‌لا و موفتی که لێکدانه و خوێندنه‌وه‌ی خۆیان له گۆشه‌ی مزگه‌وت و ته‌کیه‌کاندا به دوا بڕیار له‌سه‌ر بوون و زانیاری ده‌ناسن و ده‌یناسێنن و بوار به خوێندنه‌وه‌گه‌لێک که تۆزێک بۆنی تازه‌گه‌ریی و کراوه‌یی و پرسیاریان لێبێت نادات و شاکلیلی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه به لای خۆیان ده‌زانن و ئه‌مه‌ش مافێکه که پێیان دراوه و شایسته‌یانه. ئه‌م خوێندنه‌وه‌شیانه ته‌نها به‌رهه‌مهێنه‌ری ئیمانێکی رووکه‌شانه و پشت ئه‌ستوور به هه‌ست و ترسه واته له دوا حاڵه‌تی خۆیدا دین و ئایین بۆ ئه‌م تاقمه، وه‌کوو رووداوێکی سایکۆلۆژی دێته پێناسه کردن. یه‌که‌م ئامانج و دوا ئامانجی ئیماندارانی نه‌خوێنده‌واری کۆمه‌ڵگای کوردی یاساغ کردن و قه‌ده‌غه‌کردن و ته‌نانه‌ت بنه‌بڕکردنی پرسیاره بنه‌ماییه‌کان له سه‌ر بوون و چۆن بوونه، ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی پاساوهێنانه‌وه بۆ جێخستن و سه‌قامگیرکردنی ئایدۆلۆژیایه‌ک که له‌رێگه‌ی ترس و سامدا له ناخیان دا چه‌پێندراوه. بۆیه هه‌نووکه ده‌بینین ده‌رئه‌نجامه‌کانی قه‌یران له‌هه‌ناوی دین و ئه‌و قه‌ڵشت و داڕمانه‌ی که تێیکه‌وتووه، به‌شێوه‌یه‌کی به‌رهه‌ست خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، نموونه‌ی زه‌قیشی سه‌رهه‌ڵدانی تاقمێکی توندڕه‌وی دینی به ناوی وه‌هابییه‌ته که روویان هێناوه‌ته ئه‌و میکانیزمه کۆنه‌ی که رێبه‌ران و باپیرانی دینییان پێی ئیماندار بوون، ئه‌وه‌ش لێدان و چه‌قۆکێشان له بێدینان یان که‌مدینانه، هه‌ڵبه‌ت به وته‌ی خۆیان. ئه‌مه‌ش وه‌ک گوتمان کردارێکی سایکۆلۆژیانه‌یه که له پشتییه‌وه ترس له دۆزه‌خ و چێژ بۆ به‌هه‌شت خۆی حه‌شار داوه.
به گشتی رۆڵی ئایینزا له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا رۆڵێکی نه‌رێنی و سه‌لبییه، نوێنه‌رانی دین قایل به فره‌راڤه‌یی و فره‌خوێندنه‌وه‌یی نین له ده‌قی پیرۆزدا و فڕیان به‌سه‌ر زانستی هێرمێنۆتیک و شێوازی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌قی پیرۆزی قورئاندا نییه و وه‌کوو به ساناییش پێش بینی ده‌کرێت، بۆ هه‌ڵهاتن له‌م بۆشایی و خه‌ساره هه‌ر جۆره پرسیارێک له چرکه‌ساتی له‌دایک بوونیدا ده‌کوژن چوونکوو ئه‌مانه خوێنه‌ری کوشنده‌ن، هیچ کات بوار به‌تاک ناده‌ن پرسیار بکات بوون چییه؟ یان بوون بۆ وایه؟ به‌گشتی ئه‌م خوێندنه‌وه و ره‌وایه‌ته ده‌شێت به‌م چه‌شنه کۆ بکرێته‌وه، که کۆمه‌ڵگای کوردی به گشتی و تاکی کورد به تایبه‌تی، به هۆی ئه‌و هه‌یمه‌نه و هه‌ژمونییه‌ی که گوتاری سیاسی و گوتاری ئایینی هه‌یانه له بنه‌ڕه‌ت و واقیعی بوونی خۆی دوورخراوته‌وه و له نیشتمانی خۆیدا نامۆیه و له‌مه‌نفا دا ده‌ژی و تاراوگه بووه به ماڵی. گوتاری سیاسی مه‌به‌ستێتی شوناسێکی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ی که خۆی ده‌یکات پێک بێنێت، شوناسێک که ته‌عبیر و پێناسه‌ی له ئازادی کرانه‌وه‌ی به‌رفراوان به‌رووی ده‌ره‌وه‌دا و هه‌روه‌ها هه‌ڵدانه‌وه‌ی بیناگه‌لێک که کۆپییان له میعماری یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت و ئامریکا وه‌رگرتووه و هۆتێل پالاسی لێبه‌رهه‌مدێت، به‌ده‌ست هێناوه. گوتاری ئایینیش چوونکوو به میکانیزمێکی سایکۆلۆژیانه ئیش ده‌کات، ته‌نها ئامانج و دوائامانجی ئیماندارکردنی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش یه‌قینی به‌رهه‌م هێناوه که سڵ له هیچ جۆره کردارێک بۆ داسه‌پاندنی ئه‌م ئایینه ناکات، گه‌ر کۆمه‌ڵێک رۆشنبیریشی له پشت بێت ئه‌وانیش به کۆمه‌ڵێک وشه‌ی جوان و ئاڵوواڵا ده‌یانه‌وێت ئایین له‌گه‌ڵ رۆژدا هاوئاهه‌نگ بکه‌ن، به‌ڵام قه‌ت ناپرسن له‌گه‌ڵ کام رۆژدا ده‌یانه‌وێت ئه‌و هاوئاهه‌نگییه پێک بێنن، ئه‌و رۆژه‌ی گوتاری سیاسی تێیدایه؟ ئایا ئه‌وان نازانن ئێمه که‌وتووینه‌ته شه‌و و تاریکستانێکی بوونه‌وه و ته‌نها پرسیار و گومان ده‌بێت به چاوساغ و چرای رووناکیی ئه‌م نووته‌که چاوه؟.
به هه‌بوونی ئه‌م دوو گووتاره له لایه‌ک و سستی و داهێزراوی تاک و کۆمه‌ڵ و جڤات، هاوکێشه‌ی هۆکار-به‌رکار دێته کایه‌وه و سووڕانه‌وه‌ی خۆی ده‌ست پێده‌کات و زه‌ین و ئه‌قڵی جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و فه‌وتان ده‌بات و هه‌ر جۆره کرده‌یه‌کی ره‌سه‌ن ده‌کوژێت و ته‌نها ئه‌و گوتارانه رێگه بۆ کرده‌کان و بکه‌ره‌کانیان دیاری ده‌که‌ن، ئه‌ویش له رێگه‌ی سه‌پاندنی په‌رچه‌کردارێکه‌وه به سه‌ریاندا نه‌ک کردار. ئالێره‌دایه که به‌هۆی سامناکی ئه‌م دۆخه دیارده‌یه‌ک به‌ناوی “له خۆنامۆ بوون” له ناو خودی نیشتمانی خۆت له‌هه‌مبه‌ر هاوزمانانی خۆت و نیشتمانی خۆت سه‌رهه‌ڵده‌دات، و ئه‌و تاکانه‌ی که دڵه‌ڕاوکێ ئیبراهیمییه‌کانیان ده‌ستیان له کۆڵ ناکاته‌وه، نیشتمان به‌جێدێڵن و عه‌وداڵ و سه‌رهه‌ڵگرتووی دۆزینه‌وه‌ی نیشتمانێکی تر ده‌بن و روو ده‌که‌نه هه‌نده‌ران. “به‌ختیار عه‌لی له وتووێژێکدا ده‌ڵێت: “غوربه‌تی من ئه‌و کاته ده‌ستی پێنه‌کرد که چوومه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ڵکوو ئه‌و ساته ده‌ستی پێ‌کرد که له‌ناو خودی نیشتماندا قه‌سیده‌ی نیشتمانم نووسی”. لێره‌دایه ئه‌و زه‌ین و رۆحانه‌ی که دڵه‌ڕاوکێ ئه‌براییمیه‌که تێیاندا به هێزه، نیشتمانێک ده‌که‌ن به ماڵ که ناوی تاراوگه‌یه. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌نجێکی نووسه‌رانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بده‌ین نووسه‌رانی ده‌ره‌وه له‌باری چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه سه‌رووترن له نووسه‌رانی ناوخۆوه و بگره نووسه‌رانی ناوخۆش له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌و گوتار و دیاردانه بێت که له ده‌ره‌وه دێت و تاراوگه‌نشینه‌کان سه‌رپشک و ئاڵاهه‌ڵگرینی. زۆربه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی که وه‌کوو شاعیر و نووسه‌ر و ئه‌دیب و بیرمه‌ند ده‌رکه‌وتن، به‌رهه‌می تاراوگه بوون ئه‌وه‌ش نه‌ته‌نها تایبه‌ت به هه‌نووکه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی نییه، به‌ڵکوو دیارده‌یه‌کی مێژووییه که حاجی قادری کۆیی، پیره‌مێرد، شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی ده‌گرێته‌وه تاده‌گاته سه‌رده‌می هه‌نووکه که شێرکۆ بێکه‌س، عه‌بدوڵڵا په‌شێو، شێرزاد حه‌سه‌ن، فه‌رهاد پیرباڵ، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، به‌ختیار عه‌لی، ره‌فیق سابیر، مه‌ریوان وریا قانع، و…هتد که ناکرێت بڵێین؛ ئه‌مانه له سه‌دا سه‌د به‌رهه‌م هاتووی “نیشتمانی تاراوگه‌ن” به‌ڵکوو ده‌شێت بڵێم ئه‌مانه له‌و نیشتمانه دا باشتر و له دۆخێکی هێمنانه دا بوون و خۆیان و دڵه‌ڕاوکێ ئیبراهیمییه‌که‌ی خۆیان بیچم به‌ندی کرد و خستیانه به‌رده‌م کۆمه‌ڵگای کوردی و نموونه‌ی باشی ئه‌زموونی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ جیهان و مرۆڤیان پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگا و جه‌ماوه‌ر کرد.
به گشتی له‌م دۆخ و ره‌وته دا سه‌رهه‌ڵدانی شاعیرانێک که ئانتۆلۆژی، که‌ڵکه‌ڵه و خه‌ونی زه‌ین و خه‌یاڵدانیان بێت، زۆر که‌مه و ره‌نگه ئه‌و شاعیرانه‌ی به‌رداوامیه‌تی و پێداگرییان له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی ئانتۆلۆژیا و ئانتۆلۆژیای بنه‌ڕه‌تی بوو بێت نه گاته ئه‌ندازه‌ی قامکه‌کانی تاکه ده‌ستێک. له‌م دۆخه دا که‌م تاکمان هه‌یه وه‌کوو جه‌مشیده‌که‌ی به‌ختیار عه‌لی “با” نه‌یبات١٦، ئه‌و جه‌مشیده‌ی که میتافۆڕ و خوازه‌یه‌که بۆ هه‌موومان که له‌هه‌ر هه‌رێمێکه‌وه که “با” به زه‌وی دا ده‌دات به‌شێک له “یاده‌وه‌ری زمانه‌وانی” خۆی ده‌دۆڕاند، جه‌مشید هێنده سووک و لاوازه “با” چاره‌نووسی ده‌گرێت به ده‌سته‌وه و هه‌ر ساته‌و ماهییه‌تێک ده‌داته بوونی، ئه‌مه‌ش سرووشتی بایه که له هیچ زه‌مه‌ن و شوێنێک دا ناوه‌ستێته‌وه، و ته‌نها به تێڕامان له سرووشت و بنه‌ڕه‌تی “بوونه” که شوناسمان له‌م بابردوویی و ماڵ به‌کۆڵییه رزگار ده‌بێت. به هه‌ر حاڵ لێره‌دا ده‌توانم ئاماژه به سێ شاعیر و بیرمه‌ند بده‌م که هه‌رکام به چه‌شنێک له گه‌ڵ بوون دا مامه‌ڵه‌یان کردووه. هه‌موو هه‌وڵیان بۆ نیشته‌جێبوون له زمان و هۆڵده‌رلین ئاسا، رۆنانی خانه‌یه‌کی زمانی بووه و هه‌ر کامه‌یان زمان و سیسته‌مێکی زمانی بۆ “بوونی” خۆی رۆناوه و سازاندووه. ئه‌م سێ که‌سه بریتین له به‌ڕێزان د. ره‌فیق سابیر، به‌ختیار عه‌لی و شێرکۆ بێکه‌س. هه‌ر کام له‌م شاعیر و بیرمه‌ندانه شێوازێک له دانوستان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ “بوونیان” تاقی کردۆته‌وه که بێگومان جیاوازیان پێکه‌وه هه‌یه و له پله و پایه‌ی جیاواز دان.
لێره‌دا به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌رفه‌ت و هه‌لێکی زۆرم له‌به‌رده‌مدا نییه، به خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی شیعرێکی درێژی د.ره‌فیق سابیر، ته‌وه‌ره‌که درێژه پێده‌ده‌م و به باسکردنی ئه‌زموونی د.ره‌فیق سابیره‌وه، به‌مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌ک بۆ دابه‌زینه ناو دنیای شیعره‌که ده‌چینه پێشه‌وه. کورته گێڕانه‌وه و کورته باسێکیش له سه‌ر ئه‌زموونی به‌ختیار عه‌لی و شێرکۆ بێکه‌س ده‌خه‌مه روو. دوا شت که ده‌کرێت هه‌ر باسی نه‌که‌م به‌ڵام هه‌ر ده‌بێ باسی بکه‌م ئه‌وه‌یه که بنه‌مای لێکدانه‌وه‌ی شیعره‌کان له سه‌ر تێڕوانین و بیرۆکه‌ی فره‌راڤه‌یی و هێرمۆنۆتیکاڵه و خوێندنه‌وه‌ی من نه یه‌که‌مین خوێندنه‌وه‌یه و نه دواهه‌مینیش.
“ئه‌زموونی ئۆنتۆلۆژیکاڵی شیعریی کورد له شیعری نوێ‌دا”
هه‌ر شتێک که ئێمه ئه‌زموونی ده‌که‌ین، نه زۆرتر له راڤه‌یه‌که(ته‌ئویلێکه) و نه‌که‌متر له راڤه‌یه‌ک، شته‌کانی جیهان له قه‌واره‌ی دیسیپلینه به‌هاییه‌کانی زه‌ینی ئێمه‌دا راڤه ده‌کرێن، و به‌م چه‌شنه تاقانه جیهانێک که ده‌شێت بناسرێت، جیهانی جیاوازییه‌کان واته جیهانی راڤه‌کانه. “جانی ڤاتیمۆ”
“د.ره‌فیق سابیر و نێرۆڤانا”
ئه‌زموونی ئانتۆلۆژیکاڵ یان بوون ناسانه‌ی د. ره‌فیق سابیر هه‌ر وه‌کوو له ناوی شیعره درێژه‌که‌یشیدا واته (مێدیتاسیۆن) ده‌رده‌که‌وێت، نێزیکه له سۆفیگه‌ری و عیرفانی بوودایی. ئه‌م ئه‌زموونه، به قووڵبوونه‌وه و یان باشتره بڵێم تێکه‌ڵاو بوون و واڵاکردنه‌وه‌ی خۆی له هه‌مبه‌ر جیهان و بوون، ده‌ست پێده‌کات و به تێپه‌ڕاندنی چوار ئه‌پیزۆد، که هێمایه بۆ چوار قۆناغی تاقیکراو و پڕهه‌ڵچوون و داچوونی ئانتۆلۆژیکاڵ، له زه‌ریای هێوری و پڕسره‌وتی “بوون” دا له‌نگه‌ر ده‌گرێت. ئه‌گه‌ر گشتییه‌تی ئه‌م قۆناغه بچه‌مکێنم و تیۆریزه‌ی بکه‌م، قۆناغی یه‌که‌م به قووڵبوونه‌وه له بوون و سه‌ره‌تای هه‌ڵنیشتنی چه‌مکه‌کانیتر له قۆناغه‌کانی دواتر دا ناوزه‌د ده‌که‌م. هه‌ر له‌م قۆناغه‌شه که رۆنان و پێکئانینی میتافیزیکێکی زه‌مینی واته؛ ئه‌ڤین، ده‌خرێته روو، به لێکدانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی “تۆ” یه‌کی زه‌مینی و کردنه رووگه‌ی ئه‌م “تۆ” یه، ئه‌زموونێکیتر ده‌ژی، به‌ڵام هه‌ر زوو گومان و نیهیلیزم و له هه‌مانکاتدا یاخیبوونێک ده‌رده‌که‌وێت، که به‌ره‌و ئاسۆی روون و هه‌رێمی قۆناغی سێیه‌م، چاوبردوو و سه‌رنجراکێشمان ده‌کات، که به ده‌سپێکردنێکی نه‌رم و هێواشی گومان و نیهیلیزم کۆتایی پێ دێت. قۆناغی دووهه‌م به سه‌ره‌تای فامکردنی “زه‌مان” وه‌کوو هاوکێشه‌یه‌ک له گه‌ڵ بوون ده‌زانم و به ده‌رکه‌وتنی ئه‌م هاوکێشه‌یه دازاین ده‌که‌وێته داوی حه‌قیقه‌ت هه‌بوون و ناسینی خۆی له ئاوێنه‌ی ئه‌وانیدا و چه‌مک و زمانی بوونی چیهان ده‌ئه‌زمووێ و پرسیار و گومانی ئاگراوی ئۆقره‌ی لێبڕیوه، تا شوێنێک سامناکی بوون باوه‌شی دایکی وه‌کوو په‌ناگه‌یه‌ک به خه‌یاڵدا دێنێت و دازاین ده‌که‌وێته گریان و په‌ڵپ گرتنه‌وه.
له قۆناغی سێیه‌مدا دازاین به‌سه‌ر ترسی خۆیدا زاڵ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام خه‌مۆکی و پووچییه‌ک جێگری ترسه‌که ده‌بن و ماوه‌یه‌ک تێیدا په‌له‌قاژه ده‌کات، و هه‌ر ماوه‌یه‌ک دوای ئه‌م نیهیلیزمی میتافیزیکییه، دازاین رووگه‌ی خۆی له “یه‌کی ده‌ره‌زه‌مینیدا ده‌دۆزێته‌وه و رووده‌کاته ئاسمان و بۆ فڕین له شه‌قه‌ی باڵده‌دات. له قۆناغی کۆتاییدا وه‌گێڕ(راوی) واته “دازاین”ی ناو ئه‌م شیعره، به گه‌ییشتن به یه‌قین و که‌شفی حه‌قیقه‌تی “بوون”، قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر و واڵاکردنی خه‌ستری خۆی له هه‌مبه‌ر “تۆ” یه‌کی ده‌ره‌زه‌مینی و ئاسمانی، هه‌موو پرسیار و گومانه‌کانی خۆی که پێشتر بۆی رووی‌دابوو ره‌ت ده‌کاته‌وه و به گوناه ده‌یاننرخێنێت، له کۆتایی دا و له هه‌رێم و که‌نارێکی ئارام‌دا و به‌ئیمانه‌وه، له رۆخێکدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت و به مانایه‌ک له ئۆتۆپییایه‌کدا ده‌نیشێته‌وه. واته ده‌کرێت بڵێین گه‌ییشتۆته دۆخ و حاڵه‌تی نێرۆڤانا١٧.
“به‌ختیار عه‌لی و شۆڕشی میتافیزیکی”
ئه‌زموونی به‌ختیار عه‌لی ئه‌زموونێکی یاخیتره و هیچ کات پرسیار و گومانی لێ ناڕه‌وێته‌وه و قه‌ت ئه‌و ئۆتۆپیا و شاری خه‌ونه‌ی که لای ره‌فیق سابیر دێته کایه‌وه، لێره‌دا ده‌رناکه‌وێت. “بوون” وه‌کوو ناوه‌رۆک و تێمێکی سه‌ره‌کی شیعره‌کانی به‌ختیار عه‌لی به‌رده‌وام ئاماده‌یه، به چه‌شنی جۆراوجۆر؛ ئاشکرا و نهێنی، ده‌رده‌که‌وێت. به‌ڵام ئه‌م ئه‌زموونی ئانتۆلۆژیکاڵه، له قه‌سیده‌ی “گوناه” دا زه‌قترین لایه‌نی هزری و پرسیار ئامێز و گومان ئالوودی خۆی به شێوازێکی ئیستاتیکی و جوانیناسانه‌ی تایبه‌ت به جیهانی نووسه‌رێک به ناوی “به‌ختیار عه‌لی”، ده‌خاته روو. ئه‌م قه‌سیده‌یه که له هه‌شت ئه‌پیزۆد پێکهاتووه، له گه‌ڵ بنه‌ڕه‌تی بووندا کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نییه له سه‌ره‌تادا، و ئه‌وه‌ی که پرسیار و گومان و یه‌خه‌گرتنی “خوا” له‌م قه‌سیده‌یه دا تۆخ و خه‌ست ده‌کاته‌وه، شێواز و چۆنیاتی بوونه، واته؛ له دیدی وه‌گێڕی ناو دنیای ئه‌م شیعره‌دا میتافیزیکه ئاسمانییه‌کان و ئایدۆلۆژییه ئایدیالیستییه زه‌مینییه‌کان وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌ی پرسیار و گومان و خه‌ون و مۆته‌که‌کانی نین، بۆیه له‌م روانگه و سۆنگه‌یه‌یه که بنه‌ڕه‌تی بوون ده‌خرێته ژێر کۆمه‌ڵێک پرسیاره‌وه و به هۆی نه‌بوونی وه‌ڵامێکی شیاو “نیهیلیزمێکی پرسیاری” له‌م ده‌قه دا خۆی ده‌رده‌خات. لێکدانه‌وه و به‌دواداچوونی ئه‌م قه‌سیده‌یه کاری هه‌نووکه‌مان نییه و ده‌رفه‌تیشمان نییه، به‌ڵام وه‌کوو دوا وته ئه‌زموونی به‌ختیار وه‌کوو چه‌شنێک له “شۆڕش و یاخی بوونی میتافیزیکی” ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر چی بێبه‌ری نییه له خواست و مه‌یلێک به‌ره‌و داسه‌کنان و نیرۆڤانایه‌کی عیرفانی.
“شێرکۆ بێکه‌س و ته‌سه‌وفی کوردایه‌تی”
ئه‌زموونی شێرکۆ بێکه‌س، ئه‌زموونێکه که زۆر له گه‌ڵ چه‌مک و هزر و تێڕامانی ئانتۆلۆژیکاڵ گرێ نادرێت، چوونکوو نه ئاوڕێکی ئه‌وتۆ له بنه‌ڕه‌تی بوون ده‌داته‌وه و نه پرسیارگه‌ل و گومانگه‌لێکی قووڵ رووبه‌ڕووی بوون ده‌کاته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی شیاوی سه‌ره‌نجه، گێڕانه‌وه و ریوایه‌تێکه له بوونێکی مێژوویی- رۆحی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ده‌قه‌کانیدا وه‌کوو رۆمانه شیعری ده‌ربه‌ندی په‌پووله که دیدارێکی خه‌یاڵی و شیعرییانه‌ی له گه‌ڵ “مه‌لا خدری ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی میکاییڵی” واته نالی؛ ده‌بێته هۆی هه‌ڵهێنجانی ئیستاتیکای نالی بۆ ناو ده‌قه‌که‌ی خۆی و سامانێک که نالی له عه‌شق و “حه‌بیبه” هه‌یه‌تی، ده‌قۆزێته‌وه و وه‌کوو بوونێکی کوردییانه‌ی ناو هه‌ناوی مێژوو ئیستاتیکایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه.
شێرکۆ له روانگه و گۆشه‌نیگای کوردێکه‌وه ده‌ڕوانێته بوون و جیهان و پرسیاریان به‌ره‌وڕوو ده‌کاته‌وه. که ئه‌م روانگه کوردییه‌ی شێرکۆ بێگومان خاڵی نییه له هه‌ندێک پرسیار و گومانی جیددی و زه‌ق، که زۆرتر له‌سۆنگه و به هۆی ئه‌و کاره‌ساتانه که به‌سه‌ر کورددا ها‌تووه، ده‌یخاته روو. کاره‌ساتگه‌لێکی وه‌کوو ئه‌نفال، حه‌ڵه‌بجه، کۆڕه‌و، نیشتمانی پارچه‌کراو و… زۆرترین میکانیزم و لۆسه‌ن بۆ تێڕامان و پرسیار و گومانه‌کانی شێرکۆ بێکه‌س له هه‌مبه‌ر “بوون” دا. و شێرکۆ بێکه‌س یه‌کێک له‌و هه‌وڵ و رۆحانه‌یه که “ره‌سه‌نایه‌تی” له پێگه‌ی کوردێکدا که له‌دۆخێکی تایبه‌تی “بوون” دا ژیاوه، به شێوازێکی سه‌رکه‌وتووانه گێڕاوه‌ته‌وه. بۆ نموونه له گۆڕستانی چراکاندا که بۆ ئه‌نفال نووسراوه، ئه‌نفاله که گومانی شێرکۆ بێکه‌س به ئایدۆلۆژییه زه‌مینی و ئاسمانییه‌کان ده‌ورووژێنێت و تووڕه‌ی ده‌کات. یان له ده‌قێکیتریدا(خۆم، ئه‌و کاته‌ی که باڵنده‌م) “عومه‌ری خاوه‌ر” وه‌ک هێما و سه‌مبوولێکی چه‌وسێندراو “شه‌هیدکراو”ی کورد(حه‌ڵه‌بجه) به سه‌رتاپای گۆی زه‌ویدا ده‌فڕێت و هاورێکانی خۆی له ژاپۆن و کووره‌کانی ئاشۆیتس و بیرکنا و داخائۆ ده‌دۆزێته‌وه و گومان له ئومانیزم و دینه‌کان ده‌کات. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه زه‌قه‌ی ناو ده‌قه‌کانی شێرکۆ توخمێکیتر که هه‌رده‌م ژیان و مان به به‌ر ئه‌م “بوونه” دا ده‌کاته‌وه و له پاکتاو بوون و کۆکوژی دایده‌ته‌کێنێت، حه‌ماسه‌تێکه که وزه‌ی هیوابه‌خشی شێرکۆ ده‌یداته ده‌قه‌کانی. بۆیه عومه‌ری خاوه‌ر له‌و گێڕانه‌وه خه‌یاڵییه‌دا و له رێگه‌ی فڕینه‌وه دواتر وه‌کوو رێبه‌رێک داوه‌تی گه‌وره مرۆڤ دۆستانی جیهان ده‌بێت و له کۆتاییدایه که “نێلسۆن ماندێلا” و “حوسێن حوزنی موکریانی” دیاری تاقانه‌ی خۆیان پێشکه‌شی ده‌که‌ن. ده‌کرێت شیعری شێرکۆ به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه له ژێر رێبازێکی گشتی “بوونی مێژوویی – رۆحی” کورد به ناوی “ته‌سه‌ووفی کوردایه‌تی” وێنا بکه‌ین . جیهانی شێرکۆ زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده که ده‌بێت ئیشی زۆری له‌سه‌ر بکرێت و لێره‌دا به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رفه‌ت درێژه‌دادڕی ناکه‌م.
ده‌بێت له دواجار دا بڵێم؛ که ناوهێنان و ریزکردنی ئه‌م شاعیرانه لێره‌دا ته‌نها له‌سه‌ر پێوه‌ری “ره‌سه‌نایه‌تی”، “بوونه” که له ده‌قه‌کاندا ده‌رکه‌وتوون، نه‌ک به گوێره‌ی مێژووی ده‌رچوون و نووسینی ئه‌م ده‌قانه‌وه. با ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت که وشه‌ی”بوون” هه‌ر چه‌نده پاشگر بگرێته خۆی و له‌گه‌ڵ وشه‌گه‌ل و چه‌مکگه‌لیتر دا لێکبدرێت و تێکه‌ڵاو بێت، ره‌سه‌نایه‌تی خۆی له ده‌ست ده‌دات. بۆ نموونه بوون لای ره‌فیق سابیر بوونێکی بنه‌ڕه‌تییه، به‌ڵام لای شێرکۆ بێکه‌س بوونێکی نه‌ته‌وه‌ییه که ئه‌مه واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که بوون له جیهانی شێرکۆوه له بنه‌ڕه‌ت و مرۆڤه‌وه، هاتۆته سه‌ر چینێک یان گرووپێکی کۆیی له مرۆڤ که نه‌ته‌وه‌یه.