کۆمەڵگای ئێمەش سەیرە، لەکاتێکدا بەدەست دەیان کێشە و قەیرانی قووڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری گرفتارە و تەققەی سەری دێت، کەچی بڵاوبوونەوەی وێنەیەک، یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆنی کەسێک، یان ڕووداوێک، تووڕەی دەکات و لە سۆشیال میدیا دەیکاتە هەڵڵایەک، ئەوسەری دیار نەبێت.
تێگەیشتن لە مەبەست و ڕەهەندەکانی پشتی ئەو شەپۆلی هەڵچوون و توورەییانە، کە بەردەوام و لە شوێن و کاتی جیاوازدا دووبارە دەبنەوە، بەتایبەتی بۆ کەسێک ئەگەر بیەوێ میزاجی گشتی تێک بدات، زۆر ئاسانە بەوپێیەی هەر یەکێک لە ئێمە بە گەڕان بە ناو ئەرشیفی هەواڵ و ڕووداو و وێنە و ڤیدیۆکانی دەزگا و کەسەکاندا و بە تەنیا لایکێک، دەتوانێت چێشتی ساڵی ٢٠١٢ لە ٢٠٢٣دا گەرم بکاتەوە!
لێرەدا ناپەڕژێینە سەر وەڵامی پرسیارەکانی: چۆن و بۆچی و دوای ئەم هەموو ماوەیە، کەسێک، یان دەزگایەکی سێبەر دێت و وێنە، یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆنی کەسێک یان ڕووداوێک، دوای ماوەیەکی زۆر، سەرلەنوێ ئەبدەیت دەکاتەوە؟ یان نهێنیی ئەوە چییە کە لەناو بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیادا بابەتەکە بە خێرایی لە بریسکەیەکەوە دەکرێتە ئاگرێکی هەڵایساو؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە و زۆر شتی دیکە، بۆ کاتێکی دیکە هەڵدەگرین و بە کورتی لەسەر دیوێکی هەراوهۆریاکە دەدوێین و هەڵوەستە لەسەر ڕەهەندێکی (ڕەهەندی جەماوەری)ی پشتی حاڵەتەکە دەوەستین.
دیارە بۆ ناسینەوەی ڕووخسار و ئەدگارەکانی هەر حاڵەت و دیاردەیەکی لەم چەشنەش، بەبێ گەڕانەوە بۆ تێز و تیۆر و ڕوانگەی (گۆستاف لۆبۆن)بۆ چەمکی (جەماوەر)، کارێکی ئەستەمە.
ئەو هەڵمەتە هەڵەوەریی، شەپۆلە سەرشێت و هەراوهۆریا مێگەلییە ناو بەناوەی (ببوورن، بەهۆی ڕووخسارە بازاڕییەکەی هەڵچوون و کەفوکوڵەکەوە، ناچارین جەماوەرەکەی لۆبۆن لەم نووسینەدا ناو بنێین مێگەل!)کە بڵاوبوونەوەی وێنەیەک، یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆن بەدوای خۆیدا دەیهێنێت، بەتایبەتیش کاتێک بەشێک لە سۆشیال میدیای فەرمی و سێبەر ڕووداوەکە بۆ (غاية في نفس يعقوب) و بەشێکی دیکەیشیان (وەک کراسی عوسمان!) دەیقۆزنەوە، بابەتێکە زیاتر لە خوێندنەوەیەک و پتر لە لێکدانەوەیەک هەڵدەگرێت، کە لێرەدا تەنیا لەسەر ئاستە مێگەلییەکەی دەوەستین!
لۆبۆن لە کتێبی (سایکۆلۆژیای جەماوەر)دا دەڵێت: “جەماوەر بە درێژایی ژیانی، هەرگیز تینووی ڕاستییەکان نەبووە. تەنانەت ڕووی خۆی لەو ڕاستییانە وەردەگێڕێت کە بێزاری دەکەن و ئەگەر هەڵە سەرنجی ڕابکێشێت، ئەوا بەخوداکردنی هەڵەی بەلاوە باشترە. بۆیە کێ بتوانێ لەخشتەی ببات، هەر ئەو دەبێتە سەردار و سەروەری، کێش بیەوێ تەمی وەهم لەسەر چاوەکانی لا بدات، ئەو دەبێتە قوربانی.”
سروشتی مێگەل وایە، توانای بیرکردنەوە، سەلیقەی پرسیارکردن، بڕستی بەداواداچوون و ئیرادەی خودخاوەندارێتیی نییە. بۆیە هەر ئەوەندەی لە شوێنێکەوە تەوژمی بایەک هەڵی کرد، یان بریسکەی ئاگرێک هەڵایسا، سواری پشتی ئەو بایە دەبێت و فوو بەو ژیلەمۆیە دەکات کە لەژێر خۆڵەمێشەوە بریسکە دەدات. ئیتر بۆ ئەو گرنگ نییە، بایەکە لە کوێی هەڵدەدێرێ و کەی بە ئازاری چزووی ژیلەمۆکە بێدار دەبێتەوە.
مێگەل، بەبێ گۆمانکردن، بەبێ لێکۆڵینەوە، بەبێ ئەوەی بڕستی گەڕان و چوونە بنج و بناوانی ڕووداو و شتەکاني هەبێت، شوێن هەراوهۆریا دەکەوێت. ئەمەش سەرچاوە لەو ڕاستییەوە دەگرێت، کە هەرگیز ناچێتە ژێر باری بیرکردنەوەی ئەقڵانی و بڕیاری لۆژیکی. بۆیە چۆن وروژێنرا و هەڵسوڕێنرا، ئاوا ڕووداو و شتەکان بەسەر یەکەوە و وەک یەک پاکێج، هەموویان قبووڵ دەکات، یان ڕەتیان دەکاتەوە. ئەمەش دەمانباتەوە سەر ئەو بۆچوونەی (لۆبۆن)کە پێیوایە “ئەوە خودی ڕاستییەکان نین کاریگەرییان لەسەر خەیاڵی جەماوەر هەیە، بەڵکوو شێوازی خستنەڕوو و چۆنیەتیی وێناکردنی ڕاستییەکانە”.
مێگەل چونکە بە چاوی سەر سەیری شتەکان دەکات، نەک چاوی ئەقڵ… چونکە ڕووخساری شتەکان دەبینێت، نەک ناوەڕۆکیان… چونکە گومان ناکات و لە گفتوگۆکردن دەستەپاچەیە… چونکە کەرەستەی شیکردنەوە و شڕۆڤەکردنی دۆخەکەی لەبەردەست نییە… چونکە بەڵگەیەکی لۆژیکی و پاڵنەرێکی ئەقڵانی بۆ هەڵچوونەکەی نییە… چونکە دەمی قسە دەکات، نەک دەماغی… چونکە زمانی دەجووڵێنێت، نەک زەینی و تەنیا شتەکان کاوێژ دەکاتەوە، بۆیە بە ئاسانی بار دەکرێت.
مێگەل ناوروژێت، تا ختووکەی هەست و سۆزی نەدرێت… ناجووڵێت، تا پەنجە بە ژێی هەڵچوون و کەفوکوڵییەوە نەنێیت. باشترین ڕێگاش بۆ جووڵاندن و وروژاندنی، ختووکەدانی هەست و سۆزی تووڕەییەکەیەتی، ئەویش لە ڕێگای دروستکردنی وێنای ساختە و شوێندراو لە زەینیدا سەبارەت بە ڕووداو و شتەکان. وێنای پێشوەختە لەچوارچێوەدراو، کە تووشی هەڵچوونی دەکات و خێرا و بە ئاسانی سواری شەپۆلەکان دەبێت. بۆیەشە (لۆبۆن) جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “ئەوە زیرەکی و ژیری نییە جەماوەر کۆ دەکاتەوە، بەڵکوو پڕوپووچییە.”
دواجار، ئەگەر ئەم دۆخە مێگەلییەی هەڵچوون بەرامبەر بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆییەک، بەو کێشە و گرفت و قەیرانانەی کە مێگەل خۆی بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، بەراورد بکەین، ئەوا دڵت بۆی دەسووتێت.
ئاخر مێگەلێک بە ڕووشاندنی ڕۆژانەی شکۆ مرۆییەکەی نەوروژێت… لە پەنا و پەسێوان لەسەر کەمی و خراپیی خزمەتگوزارییە سادە و سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆی، لەبەر خۆیەوە پرتە و بۆڵەی بێت… بێدادی، گەندەڵی، بێکاری و نەداری تووڕەی نەکەن، کەچی وێنە و گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆن و ئاسایی، کە زۆر جار کەس و لایەنێک بە مەبەست گەرمی دەکەنەوە، شێت و هاری بکات و خۆی و خەمە ڕاستەقینەکانی ژیانی بیر بباتەوە، هەر بۆ ئەوە باشە دەستەونەزەر، نزای خێری بۆ بکەیت و بڵێیت: خودایە کاری ئەم مێگەلە ڕاستەڕێ و ژیانی ئاسان بکەیت و دانیشن بەخێر!