دواى پێنج ساڵ لە دانوستان، ئەڵمانیا بڕیاریدا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ، پشتگیری لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى وڵاتى نامیبیا بکات، ئەمەش لەپاى ئەو کۆمەڵکوژییەى لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا لەو وڵاتەدا ئەنجامیدا و بووە هۆى کوژرانى نزیکەى سەد هەزار کەس. حکومەتى ئەڵمانیا لەماوەى ساڵانى (1904 – 1908) دەیان هەزار هاوڵاتى لە وڵاتى نامیبیا کوشت، دواى سەد ساڵ لەو رووداوە، ئەڵمانیا دانینا بە ئەنجامدانى ئەو کۆمەڵکوژییەدا، دوو ساڵ لەمەوبەریش بڕیاریدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەى ئەو وڵاتە تەرخان بکات، خانەوادەى قوربانیەکانیش داوادەکەن ئەڵمانیا قەرەبوویان بکاتەوە و ئێسک و پروسکى قوربانیەکانیان بۆ بگێڕێتەوە.
“مێژووى نامیبیا”
نامیبیا یان بە فەرمی (کۆماری نامیبیا) دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقاوە، لەماوەى ساڵانى (1884 – 1920) لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرا و ناوى لێنرا ئەفریقای باشووری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا، بە زمانی ئەڵمانی (Deutsch-Südwestafrika)، پاشان کەوتە ژێر داگیرکارى ئەفریقای باشوورەوە کە بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، لە (21/3/1990) سەربەخۆیی خۆی لە باشووری ئەفریقا بەدەستهێنا و بووە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامی یەکێتی ئەفریقا. ناوى وڵاتەکە لە بیابانی (نامیب)ەوە وەرگیراوە، ژمارەی دانیشتووانی دوو ملیۆن و سەد هەزار کەسە، دانیشتوانەکەى سەرقاڵى کشتوکاڵ و شوانکاری و گەشتیارین، وڵاتەکەش خاوەنى چەندین کانزاى بەنرخى وەکو ئەڵماس، یۆرانیۆم، زێڕ و زیوە. یەکێکە لەو وڵاتانەی لە جیهاندا کەمترین چڕی دانیشتوانی هەیە.
لە کۆنفرانسی بەرلین لە ساڵی (١٨٨٤) کۆلۆنیالیستە ئەوروپییەکان کیشوەری ئەفریقایان دابەشکرد، باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقای ئەڵمانی کە ئێستا بە نامیبیا ناسراوە لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکرا. بۆیە هەزاران ئەڵمانی روویانکردە ئەم وڵاتە و بە شێوەیەکی سیستماتیک کاریان دەکرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی و ئاژەڵی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی. لەو دەمەدا بازرگانێکی ئەڵمانی بەناوى (فرانز ئەدۆلف ئێدوارد لودێریتز) زەوییەکانى کەنار دەریای نزیک کەنداوی ئەنگرا پێکێناى لە فەرمانڕەواى ناوچەکە کڕی. مەرجەکانی کڕینەکە ساختە بوون، بەڵام لەو کاتەدا ئەمە بە تاکە خاکی دەرەوەی ئەڵمانیا دادەنرا کە بۆ نیشتەجێبوونی سپی پێستەکان گونجاو بوو.
ئەڵمانەکان لە زەوییەکانى هەردوو هۆزى هێرێرۆ و نامادا نیشتەجێبوون، هێرێرۆکان بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵبوون، هەرچى ناماکان بوو بژێوییان لەسەر شوانکارەیى و بازرگانى بوو. لەدواى نیشتەجێبوونى ئەڵمانەکان لەم وڵاتەدا، چەندینجار شەڕ و پێکدادان و رێککەوتن لەنێوان دانیشتوانى رەسەنى وڵاتەکە و ئەڵمانەکان ئەنجامدرا. سەرکردەکانی هێرێرۆ ئەڵمانەکانیان بە پێشێلکردنى رێکەوتنەکان و لاقەکردنى کچ و ژنەکانیان تۆمەتبار دەکرد، ئەڵمانەکانیش ئامادەنەبوون سزاى سەرپێچیکارەکانیان بدەن. ئەڵمانەکان دەست بەسەر زەوییەکاندا گرت و دانیشتوانە ڕەسەنەکەیان وەکو کرێکار و کۆیلە بەکاردەهێنا، ئەوەش سەریکێشا بۆ شەڕ و یاخیبوون و لە ساڵی (1894) بە ئاشتییەکی لەرزۆک کۆتایی بەو گرژییانە هات، لەهەمان ساڵدا تیۆدۆر لوتوین بووە فەرمانڕەوای ناوچەکە، بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکەش هێزی کۆلۆنیالی ئیمپراتۆری هێنا.
“شۆڕشى نامیبییەکان”
لە ساڵی (١٩٠٣) هەندێک لە خێڵەکانی ناما لەژێر سەرکردایەتی هێندریک فیتبۆی دژى ئەڵمانەکان ڕاپەڕین. لە سەرەتاى ساڵى (1904) هێرێرۆییەکانیش بە سەرۆکایەتی ساموێل ماهارێرۆ پشتیوانیان لە ناماکان کرد. کۆمەڵێک هۆکار بوونە هۆى ئەم شۆڕشە، لەوانە ئەڵمانەکان دەستیان بەسەر (130) هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوى هێرێرۆکاندا گرت. ئەڵمانەکانیش کەوتنە دروستکردنى هێڵێکى ئاسن کە دەبووە هۆى کارئاسانى زیاتر بۆ هاتوچۆکردنیان، هەروەها دەبووە هۆى هاتنى شەپۆلێکی نوێی ئەوروپییەکان بۆ ناوچەکە. هۆکارێکى دیکە قەرزکردن بوو، چونکە ساڵانێکی زۆر دانیشتوانی هێرێرۆ بە سوودێکی زۆر پارەیان لە بازرگانانی کۆلۆنیالیزم قەرز دەکرد، بەڵام لە تشرینی دووەمی ساڵی (١٩٠٣) سیاسەتێکی نوێی وەرگرتنی قەرز سەپێنرا، ئەمەش بووە هۆى کەڵەکەبوونى قەرزەکان و زۆربەی هێرێرۆکان نەیاندەتوانی قەرزەکان بدەنەوە. بۆیە بازرگانەکانیش دەستیان بەسەر ئاژەڵ و کەلوپەلەکانیاندا گرت، ئەمەش هەستى ناڕەزایی هێرێرۆکانی لەبەرانبەر ئەڵمانییەکان زیاتر کرد، کاربەدەستانى ئەڵمانیاش پشتیوانیان لە بازرگانەکانیان دەکرد.
لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەدا لە سەرەتاى ساڵی (١٩٠٤)، نامیبیەکان زیاتر لە سەد پیاوی ئەڵمانییان لە ناوچەی ئۆکاهەندجا کوشت، ئەوەش قەیسەرى ئەڵمانیا ویلهێلمی دووەمى بە تەواوەتى توڕەکرد و ئەو راپەڕینەى وەک سووکایەتییەکی کەسی سەیر دەکرد، بۆیە بۆ دامرکانەوەى ئەو راپەڕینە لە (3/ئایار/1904) جەنەڕاڵ لۆتار ڤۆن ترۆتاى وەک فەرماندەی گشتی باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقا دەستنیشانکرد و بە چواردە هەزار سەربازەوە رەوانەى نامیبیاى کرد.
“هەڵمەتى کۆمەڵکوژکردنى نامیبیەکان”
“ڤۆن ترۆتا” هەر لەگەڵ گەیشتنى بە ناوچەکە، هۆشداریی بە خەڵکی هێرێرۆ دا کە “هەموو هێرێرۆیەک بە چەکەوە یان بەبێ چەک، بە ئاژەڵەوە یان بەبێ ئاژەڵ تەقەی لێدەکرێت، چیتر دەست لە ژن و منداڵ ناپارێزن؛ بەڵکو دەیانگەڕێننەوە بۆ ناو هۆزەکەیان یان بە تەقەکردن دەیانکوژن”. هەمان هۆشداریی بە ناماکانیش دا. “ترۆتا” لەنێوان ساڵانی (١٩٠٤-١٩٠٩) ئازادییەکی تەواوەتی بە سەربازەکانی دا بۆ پراکتیزەکردنی هەموو جۆرە کوشتن و ئاوارەبوونێک بەرامبەر بەو کەسانەى کە دژایەتی بوونیان لە ناوچەکەدا دەکەن، هەروەها فەرمانی کرد کە پیاوە دیلەکانی “هێرێرۆ” لەسێدارە بدرێن، ژن و منداڵەکانیش ببرێنە بیابان تا لە برسێتی و تینوێتیدا بمرن. ئەڵمانەکان تاقیکردنەوەی پزیشکییان لەسەر گیراوانى ناما و هێرێرۆ ئەنجامدا، یان بە ئەنقەست تووشی کۆکە و تایفۆس و سیلیان دەکردن. زۆرینەى ژنە گیراوەکانیشیان لاقە دەکرد و پاشان دەیانکوشتن. بەوتەى مێژوونووسان لەماوەى ئەو پێنج ساڵەدا لەلایەن سەربازە ئەڵمانییەکانەوە لەکۆى سەد هەزار هاووڵاتى هێرێرۆ، هەشتا هەزاریان کوژران، هەروەها لەکۆى بیست هەزار هاوڵاتى ناما، لانیکەم دە هەزار کەسیان لەناوبران. بۆیە ئەم کۆمەڵکوژییە وەک “یەکەم جینۆساید لە سەدەی بیستەمدا” ناودەبرێت، بەلاى هەندێک لە توێژەرانەوە هەر ئەم کۆمەڵکوژییە بووەتە بنەمایەک بۆ قڕکردنى جولەکان لەلایەن ئەڵمانەکانەوە لە سەروەختى جەنگى جیهانى دووەمدا.
ئەڵمانەکان هەر بە کوشتنى نامیبیەکانەوە نەوەستان، بەڵکو بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەسەریان، دەستیانکرد بە گواستنەوەى ژمارەیەکى زۆرى ئێسک و کەللەسەرى قوربانیەکان بۆ زانکۆکانی ئەڵمانیا. بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە کە ئامانج لێی سەلماندنی ئەوە بوو ئەوروپییە سپی پێستەکان لە باقی نەژادەکانى دیکە باڵاترن.
“هەوڵەکان بۆ ناساندنى کۆمەڵکوژییەکە”
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (١٩٨٥) بۆ یەکەمجار ئەو کۆمەڵکوژییەى بە جینۆساید ناوبرد. لەدوای سەربەخۆیی نامیبیاش لە ساڵی (١٩٩٠)، هەوڵەکان بۆ بەجینۆساید ناساندنى ئەو کۆمەڵکوژییە و فشار خستنە سەر ئەڵمانیا بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیەکان دەستى پێکرد. لە ساڵی (٢٠٠٤) لەیادى سەد ساڵەی ئەو کۆمەڵکوژییەدا، وەزیری یارمەتی و گەشەپێدانی ئەڵمانیا هێداماریا واچۆچ زول، سەردانی نامیبیاى کرد و داوای لێبوردنی لە گەلی نامیبیا کرد. لە مانگی تەمموزی (٢٠١٥)دا حکومەتی ئەڵمانیا و وتەبێژی بوندستاگ بە فەرمی ڕووداوەکەیان بە “جینۆساید” ناساند، بەڵام قەرەبووکردنەوەى قوربانییەکانىان رەتکردەوە. لە مانگی یەکی ساڵی (2016)، کۆمەڵەی جینۆسایدی ئۆڤا هێرێرۆ و کۆمەڵەی رێبەرە نەریتیەکانى ناما لە نیویۆرک داوای یاساییان لەسەر ئەڵمانیا تۆمارکرد. لە ساڵی (٢٠١٥)ش داوایەکیان پێشکەش بە بەرپرسانی حکومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد تاوەکو بە فەرمی دان بەو جینۆسایدەدا بنێت کە دژی گەلی نامیبیا ئەنجامیداوە و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی لەو بارەیەوە هەڵبگرێت.
دوای پێنج ساڵ لە دانوستان لەنێوان حکومەتى ئەڵمانیا و حکومەتى نامیبیا، حکومەتی ئەڵمانیا لە (28/5/2021) بە فەرمی ئەو ڕووداوانەی بە “جینۆساید” ناساند، هەروەها بڕیاریشیدا لە شێوەی بەرنامەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەدا بڕی (1.35) ملیار دۆلار بە حکومەتى نامیبیا ببەخشێت. “هایکۆ ماس” وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “لە ئەمڕۆوە بە فەرمی ئەو ڕووداوانە وەک ئەوەی لە ڕوانگەی ئەمڕۆدا هەیە بە جینۆساید پۆلێن دەکەین”. وتیشی: “لەبەر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتییە مێژوویی و ئەخلاقییەکانی ئەڵمانیا، داوای لێبوردن و لێخۆشبوون لە نامیبیا بەگشتی و نەوەکانی قوربانیان بەتایبەتی دەکەین”.
نەوەکانی قوربانیەکانى هێرێرۆ و ناما کە بۆ ماوەی سەدەیەکە لە ڕێگەی گێڕانەوەی زارەکی و چالاکى کولتوورییەوە، یادەوەری ئەو ڕووداوانە و چیرۆکەکانی جینۆسایدیان لە دڵیاندا بە زیندوویی هێشتووەتەوە، بە پێچەوانەى حکومەتى وڵاتەکەیانەوە، ئەو ڕێککەوتنەیان ڕەتکردەوە و بە “مانۆری پەیوەندییە گشتییەکان”یان زانی؛ چونکە ئەو بڕە پارەیە قەرەبووکردنەوەی نەوە و کەسوکاری قوربانییەکان ناگرێتەوە.
“گەڕاندنەوەى ئێسک و پروسکى قوربانییەکان”
یەکێکى دیکە لە خاڵە ناکۆکەکانى نێوان نامیبیا و ئەڵمانیا، گەڕاندنەوەى ئێسک و پروسکى قوربانییەکانە کە لە زانکۆکانی بەرلین و فرایبۆرگ پارێزراون و لە پێشانگە جۆراوجۆرەکاندا نمایش کراون. بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسە، لە ساڵی (٢٠١١) ئەڵمانیا بە شێوەیەکی ڕەمزی بیست کەللەسەری گەڕاندەوە بۆ نامیبیا، لە ساڵی (٢٠١٨)ش کۆمەڵێکى دیکە کەللەسەرى گەڕاندەوە. لەلایەن خۆیانەوە رێبەرەکانى ناما و هێرێرۆش داوای گەڕاندنەوەی تەواوى ئەو ئێسک و پروسکانە دەکەن، چونکە پێیانوایە ڕۆحی باوانیان کاتێک شاد دەبێت کە لە وڵاتى خۆیان بە خاک بسپێردرێن.
گرفتێکى دیکەى ئەو پرسە ئەو کەمینە ئەڵمانیەن کە تائێستا لە نامیبیا دەژین، چونکە ئەوان بە داننان بەم ڕاستییە مێژووییانەدا ڕازی نین، بە گوتەی ئەلێک زڤێرن لێکۆڵەر لە کاروباری نامیبیا، کەمینەی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی کە زۆربەیان لە شاری سواکۆپمۆند دەژین، تائێستاش بەرگری لەو ڕووداوانە دەکەن کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، هێشتا سوورن لەسەر بۆچوونە ڕەگەزپەرستانەکانیان. ئاڕاستەیەکی تری ئەم گروپە هەوڵدانیەتی بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوار و یادگاریانەی کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی کۆلۆنیالیزم دەگەڕێتەوە، بۆیە گەلی نامیبیا جارجارە خۆپیشاندان دەکەن و داوای لابردنی ئەو شوێنەوارانە دەکەن کە ستەمکارییەکانى رابردوویان بیردەخاتەوە.
“دووفاقی ئەڵمانیا”
ئەڵمانیا تائێستا قایل نەبووە قەرەبووى قوربانیانى نامیبیا بکاتەوە، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا خۆى پابەندى ئەو ڕێککەوتنە کرد کە لە ئەیلوولی (١٩٥٢) واژۆی کرد، تاوەکو لەماوەى (12) ساڵدا بڕى سێ ملیار مارک (یەک ملیار و نیو یۆرۆ) بدات بە ئیسرائیل وەک “میراتگری مافی قوربانیانی جولەکەکانی هۆلۆکۆست”. هەروەها ئەڵمانیا لە ڕێکەوتنامەی لۆکسمبۆرگدا بەڵێنیدا مانگانە خانەنشینی بدات بە هەموو ئەو جولەکانەی کە دەیسەلمێنن لەماوەی نێوان ساڵانی (١٩٣٣ و ١٩٤٥) لەلایەن ڕژێمی نازییەوە راوەدوو نراون. ئەو پارەیەی ئەڵمانیا بەڵێنیدا بەپێی ڕێکەوتنی لۆکسمبۆرگ بیدات، بە دوو لەسەر سێی ئەو پارەیە دەخەمڵێنرێت کە بۆ قەرەبووکردنەوەى جولەکەکان تەرخانکراوە، لەکاتێکدا ڕێککەوتنەکە پێدانی ئەو سێ یەکەی کە مابووەوە خستە ئەستۆی کۆماری ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات کە ڕەتیکردەوە ئەو قەرەبووە بدات.
دوای ڕووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی (١٩٨٩) و لەناوچوونی کۆماری ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات لە ساڵی دواتر، لە (٢٩/تشرینی یەکەم/١٩٩٢) ڕێکەوتنێکی نوێی قەرەبووکردنەوە واژۆکرا، کە تێیدا ئەڵمانیای یەکگرتوو قەرەبووی کۆماری ئەڵمانیای رۆژهەڵاتى لەناوچوو بدات، ژمارەى جولەکە نوێیەکان کە لەم ڕێککەوتنەى دووەم سوودمەند بوون گەیشتە (٣٧٥) هەزار کەس، حکومەتی ئەڵمانیا تا ساڵی (٢٠١١) بڕى (٣.٦) ملیار یۆرۆی پێدان. لە ساڵی (2012) ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان ئەڵمانیا و ڕێکخراوی قەرەبووکردنەوەی جولەکەکان واژۆ کرا، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بەرلین نزیکەی نیو ملیار یۆرۆ قەرەبوو دەداتە هەشتا هەزار قوربانی نوێی هۆلۆکۆستی جولەکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.
لەلایەکى دیکەوە لە پرۆگرامى خوێندنى قوتابخانەکانى ئەڵمانیادا، مێژووی کۆلۆنیالیزمی ئەڵمانیا فەرامۆش کراوە، بەو هۆیەوە زۆرێک لە خوێندکارانی ئەڵمانی هیچ لەبارەی ڕابردووی کۆلۆنیالیزمی وڵاتەکەیان لە نامیبیا نازانن.
سەرچاوەکان:
- عائد عميرة: نامیبیا.. شاهد علی بشاعه الاستعمار اڵالمانی فی إفریقیا، موقع نون بوست، (29/5/2021).
- ماڵپەڕى الجزيرە نت.
- ماڵپەڕى بى بى سى عربى.
- ماڵپەڕى ویکیپدیا.
- ماڵپەڕى هيئة الاغاثة الانسانية.