پارتی، حزب نیە بزووتنەوەیە، بزووتنەوەیە بۆ ڕزگاریی کورد و کوردستان، بۆیە بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، حەشد و ئەمسالەکانی ناحەق نین ناڕەزایی دەرببرن و ڕێگا بگرن، چونکە دەزانن حوکمڕانی تاکڕەو و خۆسەپێنی ئەوان بۆ سەر کورد کۆتایی دێت، کەرکووک ڕزگار دەکرێت لە ئاسەوارەکانی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەری یەکێتی، جارێکی دیکە کەرکووک ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت کە کوردستانیە، چونکە شەش ساڵە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئێراق و وڵاتانی ھەرێمی و ناوچەکە کە جێبەجێکاری یەک پیلانن، لە یەک ئاواز دەخوێنن کە رێگری بکەن لەگەڕانەوەی ئەم بزووتنەوە کوردی و کوردستانیە بۆ کەرکووک، بۆ ئەوەی کەرکووک ھەموو شتێک بێت عەرەبستانی بێت یان تورکومانستانی و فارسستانی و حەشدستانی و میلیشاستانی بێت تەنھا کوردستانی نەبێت.
دەرکەوت ھەموو حزبەکانی تر تەنھا ناویان کوردیە گەر ن لە ناوەڕۆک و میتودا خاڵین لەکوردایەتی، ئاخر چەندین ساڵە بوونیان لە کەرکووک جگە لە زیان بۆ کورد و بەرژەوەندی بۆ خەڵکی دیکە، هیچی دیکە نەبووە، ھەر مامەڵەی نەیارەکانی کورد لەگەڵ پارتی و حزبەکانی تر جیاوازیی پارتی و ئەوان دەردەخات، کە شەش ساڵە ئەوان بەبێ پارتی لەوێن نەیارانی کورد ھیچ کێشەیان لەگەڵ ئەوان نەبووە، بگرە بارەگاشیان دەپارێزن، بەڵام ھەر کە زانی پارتی دەگەڕێتەوە کەرکووک و بارەگای خۆی وەردەگرێتەوە، خۆپیشاندانیان کرد، ناڕەزایی توندیان دەربڕی، لەدەستیان بێت بارەگای پارتی نەک ھەر ناپارێزن وەکوو ھی ئەوان بەڵکوو تەختی زەویی دەکەن.
بەکورتی لە ڕوانگەی نەیارانی کوردەوە، پارتی شکۆ و ناسنامەی کورد دەپارێزێت کە ئەوان ھەمیشە دژی ناسنامەی کوردین بۆ ئەوەی کورد بێ شکۆ بکرێت، پارتیش شکۆی کورد دەپارێزێت چونکە بەرگریکاری سەرسەختی ناسنامەکەیانە.