بەهێزیی ژێرخانی هەر وڵاتێک، ئاماژەیە بۆ سەقامگیریی سیاسی و کایە جۆراوجۆرەكانی ژیان. هەرێمی کوردستان بە پلان ڕوو لە بەهێزکردنی ژێرخانیدایە، هەر بۆ نموونە؛ بێجگە لە هەردوو بەنداوی (دوکان و دەربەندیخان)، سێ بەنداو و ٤٤ بۆند (دەریاچە) کاری تێدا دەکرێت و تا ئێستا سێ بەنداو و ١٠ دەریاچە دروست کراون. ئەمە لەکاتێکدایە، سەرەڕای ٢٠ ساڵی دەسەڵاتداری حوکمڕانانی ئێستای ئێراق و بودجەی سەدان ترلیۆنی دیناری بەهەدەردراو، خەریکە هەرچی سەرچاوەی ئاوە لە ئێراقدا (دەریاچەی حەمرین، دەریاچەی حەببانییە، دەریاچەی سەرسار و زۆنگاوەکانی خوارووی ئێراق) وشک و پیس دەبێ! هەروەها گەشەکردنی کشتوکاڵ، گەشتیاری و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستاندا هەنگاو بە هەنگاو لە هەڵکشاندایە، بەپێچەوانەوە، لە ئێراقدا لە ئاستێکی بەرزی پووکانەوەدایە.
ئەم جیاوازییەی نێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی ئێراق، هۆکارێکی سەرەکیی دژایەتیکردنیانە بۆ هەرێم، بێجگە لە چەکەرەکردنی بیری فاشیزم و دواکەوتوویی لە هزر و تێڕوانینەکانی دەسەڵاتداران. جێی سەرسوڕمانە لایەنێک ئەگەر خاوەنی کەمێک بەرپرسیارێتییش بێت، لەو بڕوایەدا بێت ئێراق لە ریزبەندی وڵاتانێک دابنرێت، رێز لە دەستوور و دابونەریتی دەوڵەتداریدا بگرێت، ئێراق بەناو و بەرژەوەندیی هێزگەلێک وەک دەوڵەت نماییش دەکرێت، لە باشترین ئاستیشدا دەوڵەتێکی شکستخواردووە، بۆیە سەمەرە نییە حوکمڕانانی بەغدا بەو شێوە نابەجێیە هەڵسوکەوت بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام وڵاتپارێزی باجی هەیە و بەشانازییەوە دەبێ خۆڕاگر بین و سازش لەسەر مافە رەواکانمان نەکەین.