دادوەرێکى کوردى کەرکوکى، لەبەرئەوەى نابێتە بەعسى و بە زمانى کوردى لە دادگادا دەدوێت، لە کەرکوک دووردەخرێتەوە، لەدواى روخانى رژێمى بەعسیش رێگەى پێنادرێت بگەڕێتەوە کەرکوک و بۆ بەغدا دەگوازرێتەوە، لەوێش رێگەنادات بەعسیەکان خۆیان بۆ پارلەمان بپاڵێون، بۆیە سیازدە ساڵ لەمەوبەر کاتێک لە ماڵەوە بەرەو شوێنى کارەکەى دەڕوات، گروپێکى چەکدار رێگەى پێدەگرن و تیرۆرى دەکەن، ئەمە سەربردەى ژیانى پیشەیى “نەجم عەبدولواحد جەلال” ناسراو بە حاکم نەجیمە.
“لە گوندەوە بۆ پایتەخت”
“نەجم عەبدولواحد جەلال” ناسراو بە حاکم نەجیم تاڵەبانى لە ساڵى (1946) لە گوندى شێخ جەلالى سەر بە ناحیەى قادرکەرەم لەدایکبووە. لە تەمەنى دە ساڵیدا چووەتە قوتابخانە لە گوندى کۆرمۆر. لە ساڵى (1962) قۆناغى سەرەتایى تەواودەکات و بە ماڵەوە روودەکەنە شارى کەرکوک و لەوێ نیشتەجێ دەبن. دواى تەواوکردنى پۆلى سێى ناوەندى لە دادگاى تێهەڵچونەوەى کەرکوک دادەمەزرێت، تاوەکو بتوانێت خوێندنى ئامادەیى تەواوبکات و یارمەتى خێزانەکەى بدات. پاشان راژەکەى دەگوازێتەوە بۆ بەشى خانەنشینى شارستانى کەرکوک. بەو جۆرە قۆناغى ئامادەیى لە ئامادەیى ئیمام قاسم تەواودەکات. ساڵى (1970) لە کۆلێژى یاساى زانکۆى بەغدا بەشى ئێواران وەردەگیرێت و راژەکەى بۆ دادگاى تەمییزى ئێراق دەگوازێتەوە. لە (28/6/1973) زانکۆ تەواودەکات، سەرەتا بۆ ماوەى شەش ساڵ وەک (دادنووس) و پاشان وەکو (یاریدەدەرى دادوەر) لە دادگاى تێهەڵچونەوەى کەرکوک دەستبەکار دەبێت. لەو ماوەیەشدا پەیوەندى بە ریزەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستانەوە دەکات و دەبێتە سەر شانە.
“دژایەتى بەعسییەکان”
ناوبراو لە ساڵى (1979) لە پەیمانگاى دادوەرى وەرگیراوە و لە (18/6/1981) پەیمانگاکەى تەواوکردوە و بووەتە دادوەر. لە ماوەى خوێندنیدا لەم پەیمانگایە لەلایەن خوێندکارێکى کوردەوە فشارێکى زۆرى دەخرێتە سەر تاوەکو ببێتە بەعسى، بەڵام ناوبراو رەتیدەکاتەوە و نابێت بە بەعسى. دواى تەواوکردنى پەیمانگاى دادوەرى، لە (22/6/1981) وەکو دادوەر لە دادگاى شێخان لە پارێزگاى موسڵ دادەمەزرێت. پاشان دەگوازرێتەوە بۆ قەزاى حەویجە لە کەرکوک. لە (1988) گوازراوەتەوە بۆ دادگاى سامەڕا، لە (1989) دەگوازرێتەوە بۆ دادگاى بارى کەسێتى و پاشان لە (11/12/1991) بۆ دادگاى بەرایى کەرکوک گوازراوەتەوە.
لەو دەمەدا زمانى فەرمى و قسەکردن لە فەرمانگەکاندا زمانى عەرەبى بووە، بەڵام حاکم نەجیم بەبێ گوێدانە هەر کاردانەوەیەک بە زمانى کوردى لەگەڵ هاووڵاتیانى کورد قسەى کردوە، بۆیە بەشێک لە فەرمانبەر و دادوەرە تورکمان و عەرەبەکان دەکەونە دژایەتیکردنى و دەڵێن جگەلە زمانى عەرەبى هەموو زمانێکى تر قەدەغەیە، هەموو سکاڵاکار یان تۆمەتبارێک پێویستى بە وەرگێڕە. بەڵام حاکم نەجیم گوێ بەو قسانە نادات. بۆیە ئەو کەسانە ئەمە بەهەل دەزانن و راپۆرتێک لەسەر هەر سێ دادوەرى کورد (حاكم نەجم تاڵەبانی، حاكم محەمەد صاڵح، حاكم محەمەد صدیق) دەنووسن و تیایدا دەڵێن: ئەم سێ دادوەرە سەر بە حزبى بەعس نین و كوتلەیەكی كوردییان لەناو دادگادا دروستكردوە. لەبەرئەوە دەسەڵاتدارانى بەعس هەر سێ دادوەرەکە بە یەک فەرمان بۆ دەرەوەى کەرکوک دەگوازنەوە، حاکم نەجیم لە (19/9/1993) بۆ دادگاى تکریت دەگوازرێتەوە. دواى تەنها دە رۆژ بۆ دادگاى قەزاى بێجى دەگوازنەوە، لە (22/8/1994) دەگوازرێتەوە بۆ دادگاى بەرایى قەزاى (خورماتوو) بۆ ماوەى پێنج ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە.
لەماوەى کارکردنیدا لە دادگاى خورماتوو، حاکم نەجیم کارئاسانییەکى زۆر بۆ کەسوکارى ئەنفالکراوانى ئەو سنورە دەکات، بەتایبەتى لە تۆمارکردنى بارى هاوسەرگیرى و ناوى منداڵەکان، چونکە بەشێک لە کەسوکارى ئەنفالکراوان بەهۆى ئەوەى لە گوندەکان ژیاون، لە دادگا بە فەرمى مامەڵەى هاوسەرگیرییان تۆمارنەکردوە. هەروەها گرفتى ئەو منداڵانەشى چارەسەر کردوە کە بەناوى مام و خاڵیانەوە تۆمارکرابوون، وەکو کەسە نزیکەکانى دەڵێن “ئەگەر لەو کاتەدا ئەم هاوسۆزییە لەلاى بەعس ئاشکرا بووایە، ئەوا ناوبراو رووبەڕووى چارەنووسێکى مەترسیدار دەبوویەوە”.
“بەرەو زێدى سەدام”
قۆناغێکى دیکەى کارکردنى حاکم نەجیم لە شارى تکریتى مەکۆى سەرەکى خزمەکانى سەدام حسێن دەبێت، ناوبراو لە رۆژى (26/9/1999) دەگوازرێتەوە بۆ سەرۆکایەتى دادگاى سەڵاحەدین لە تکریت و وەکو جێگرى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوە دەستبەکار دەبێت، لەکۆتایى ئەو ساڵەشدا دەبێتە سەرۆکى دادگاکە. بەوتەى هاوڕێ و هاوپیشەکانى، لەماوەى کارکردنیدا لە تکریت، رێگەى بە هیچ کەسێک لە خزمەکانى سەدام نەداوە دەستوەردان لە بڕیارەکانیدا بکەن و گوێى بە هەڕەشە و فشارەکانیان نەداوە. تەنانەت چەندینجار خزمەکانى سەدام کەیسەکانیان دۆڕاندوە. لەهەمانکاتدا لەبەرئەوەى دادگاى کەرکوک سەر بە سەرۆکایەتى دادگاى سەڵاحەدین بووە، چەندین دادوەرى کوردى بۆ دادگاکانى کەرکوک و چەمچەماڵ گواستۆتەوە، تاوەکو لە بارودۆخى خراپى پارێزگاکە رزگاریان بکات کە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپى رۆیشتوە. بەڵام سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى ئێراق رازى نەبووە بە گواستنەوەى راژەى خودى حاکم نەجیم بۆ دادگاى کەرکوک.
“لە تکریتەوە بۆ بەغداد”
لەدواى روخانى رژێمى بەعس و بە دیاریکراوى لە (26/7/2005)، بە فەرمانى کۆمارى ژمارە (71) حاکم نەجیم دەبێتە دادوەر لە دادگاى فیدراڵى. بەوهۆیەوە ماڵەکەى لە تکریتەوە دەگوازێتەوە بۆ بەغداد بۆ ناوچەى (عتێفیە) و نزیک مزگەوتى (بوراسا) کە لەلایەن کەسایەتى و سەرکردەى ناسراوى شیعەکان (شێخ جەلالەدین سەغیر) سەرپەرشتى دەکرا، لەوێ حاکم نەجیم دڵنیا دەکرێتەوە کە ناوچەکە سەلامەت و کۆنترۆڵ و پارێزراوە، هەر ئەمەش وا لە ناوبراو دەکات لەنزیک ماڵەکەیدا هیچ پاسەوانێک بۆ خۆى دانەنێت، لەکاتێکدا بەهۆى کارەکەیەوە دەیتوانى (10 – 16) پاسەوانى هەبێت. لەماوەى کارکردنى لەم دادگایەدا بێلایەنى و بوێرى خۆى دەسەلمێنێت و ناکەوێتە ژێر فشار و هەڕەشەى لایەنە ئێراقیە جیاوازەکانەوە.
لەماوەى دوایین پێنج ساڵى ژیانیدا لە بەغدا چەندین پۆست و پیشەى جیاواز وەردەگرێت، لەوانە دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئێراق، دەبێتە سەرۆكی دەستەی ریشەكێشكردنی بەعس کە دواتر ناوەکەى دەگۆڕێت بۆ دەستەى دادپەروەرى و یەکسانى. بەهۆى کارکردنى لەم دادگایە و دژایەتیکردنى بەعسیەکان، دواجار گیانى خۆى دەبەخشێت. لەو ساڵانەدا بارودۆخى بەغدا لەوپەڕى نائارامیدا بووە، لەبەرئەوە کەسوکار و دۆستەکانى حاکم نەجیم داواى لێدەکەن راژەکەى بۆ کەرکوک یان شارێکى دیکە بگوازێتەوە، چونکە ژیان لە بەغدا پڕمەترسیە، ئەویش لەوەڵامدا پێیان دەڵێت: راستە کارکردن لە بەغدا ململانێیە لەگەڵ مەرگدا، بەڵام بوونى ئێمە لەو شوێنەدا بۆ خزمەتى کورد گرنگە، ئێمە دەزانین لە غیابى کورد لەو پۆستانەدا چۆن کاروبارەکان بەڕێدەکرێت و بە چى ئاراستەیەکدا دەبرێت.
حاکم نەجیم لەکاتى سەرۆکایەتیکردنى دەستەی ریشەكێشكردنی بەعسدا، رۆڵێکى بەرچاوى هەبووە لە دوورخستنەوەى ئەو بەعسیانەى ویستویانە لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە بگەنە پارلەمان و لەوێوە ئەجێنداى خۆیان جێبەجێ بکەن. هەروەها هەستى بە مەترسى چونى ئەو عەقڵیەتانە بۆ ناو پارلەمان کردوە، چونکە حەفتا و سێ کەسى بنەماڵەکەى لە ئەنفالدا شوێنبزر کراون.
سەرلەبەیانى رۆژى (17/8/2010)، حاکم نەجیم بەزمانى بەڕۆژوەوە بەرەو شوێنى کارەکەى بەڕێدەکەوێت، بەڵام لەدوورى نزیکەى بیست مەتر لە ماڵەکەى، ئۆتۆمبێلێک کە کۆمەڵێک چەکدارى تێدا دەبێت رێگەى پێدەگرن و کەسێکیان بە دەمانچەى بێدەنگ چەند فیشەکێک بە جەستەى حاکم نەجیمەوە دەنێت و تیرۆرى دەکات.
“دادگایکردنى بکوژان”
لەکۆتایى ساڵى (2011)دا، دادوەرێکى ئاگادار لە کەیسى تیرۆرکردنى حاکم نەجیم، کەسوکارەکەى ئاگادار دەکات بچنە بەغدا و لەوێ هەواڵى دەستگیرکردنى گروپى تیرۆرکردنەکەیان پێ رادەگەیەنێت. کەسى تەقەکەر کە ناوى ناتیق ئیبراهیمە، لەبەردەم دادوەردا دان بەکوشتنى حاکم نەجیمدا دەنێت و وردەکارى رووداوەکە لە دادگا و لە شوێنى رووداوەکەش دەگێڕێتەوە. دان بەوەشدا دەنێت هەریەکە لە (خەلیل ئیبراهیم، سەعد حەسەن، موهەنەد عەباس، محەمەد سەعدى) هاوکارییان کردوە و هەموویان فەرمانیان لە نەقیب محەمەد سەعدى وەرگرتوە، ئەویش فەرمانى لە بەڕێوەبەرى نووسینگەکەى تاریق هاشمى جێگرى سەرۆک کۆمارى ئێراق بۆ هاتووە.
هەرچەندە تاریق هاشمى جێگرى ئەو دەمەى سەرۆک کۆمارى ئێراق لە بەیاننامەیەکدا تێوەگلانى بەڕێوەبەرى نووسینگەکەى و پاسەوانەکانى لە تیرۆرکردنى حاکم نەجیم رەتدەکاتەوە، بەڵام دواى هەڵاتنى لە بەغدا و نیشتەجێبوونى لە سلێمانى و پاشان لە هەولێر، یەکێک لە پارێزەرەکانى لەگەڵ کەسێکى دیکەدا دەنێرێ بۆ لاى یەکێک لە کەسایەتیە دیارەکانى تاڵەبانى لە کەرکوک و داواى سوڵحى لێدەکات، بەڵام کەسایەتیەکە پێیدەڵێت ئێمە تەنها جێبەجێکردنى یاسامان دەوێت. دواجار لە (22/9/2012) دادگا فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ ناتیق ئیبراهیم بکوژى حاکم نەجیم دەرکرد.
تێبینى: زانیارییەکانى نێو ئەم راپۆرتە لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە: عبدالعزیز عبدالواحد: شەهید حاكم نەجم تاڵەبانی دادوەرێكی دەگمەن لە مێژووی دادی ئێراقدا، چاپی یەكەم، 2023.