گەر تورکیا ڕێگە بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان نەدات کە نایدات، کە ئێستا مەلەفەکە لای ئێراقە، ئێراق ئامادەیە ھەموو زەرەرێکی ماددی لە خۆی بدات زیانەکە ھەر چەند گەورە بێت سەدان ملیار دۆلار لەسەری بکەوێت بەڵام ئامادەنییە ھەرگیز جارێکی دیکە دەستبەرداری مەلەفی نەوتی ھەرێمی کوردستان بێت بە پیلانی خەڵکی دیکە کە لە ئێراق ھەژموونی زۆرە، چونکە ئەو دەزانێت زیانی ماددی ھەرچەند بێت دەکرێت قەرەبووی بکاتەوە بەڵام گەر مەلەفی نەوتی ھەرێم بەدەستی کورد بێت کورد لەقەتیسبوونی ناوچەکە دەردەچێت دەبێت بەخاوەن ناسنامەی خۆی، بەڵام گەر مەلەفی نەوت بەدەستی خۆی نەبێت کورد ناسنامەی خۆی ون دەکات و بێ ناسنامە دەبێت!
ھەموو داگیرکارانی کوردستان ھەموو شتێک بەکورد دەدەن تەنھا ناسنامەی فەرمیان نەبێت کە کورد بێت، دەکرێت کوردێک سەرۆک کۆماری دەوڵەتی ئێراق بێت بەڵام ناسنامەی عەرەبی ھەڵبگرێت نەک کوردی، دەکرێت کوردێک وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیا بێت بەڵام بە ناسنامەی تورکی نەک کوردی، دەکرێت کوردێک ئەندامی شورای ئیسلامی کۆماری ئێرانی بێت بەڵام ناسنامەی فارسی لە گیرفانی بێت نەک کوردی! کە مەلەفی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەدەستی کورد بوو چونکە مەلەفی نەوت ڕەھەندی نیودەوڵەتی ھەیە کورد خاوەنی نیمچە ناسنامەی فەرمی خۆی بوو، لە بەندەرەکانی جیھان بەنەوتی ھەرێمی کوردستانی ئێراق ناودەبرا بەڵام کەئێستا مەلەفەکە بەدەستی نیە گەر دەست بەھەناردەکردنی بکرێتەوە بەناسنامەی ئێراقی دەبێت بەبێ ئەوەی ناسنامەی کوردستانی پێوە بلکێنرێت!
لە ساڵی 2014 بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کورد بووە بەشێک لە ھاوکێشەکانی جیھان، کە گرنگترین ھاوکێشەی جیھان نەوتە، کە سێ بەشی شەڕەکانی سەدەی بیست لەسەر نەوت بوو کە کێ زیاتر کۆنترۆڵی نەوت دەکات، کەنەوتت بە دەست بێت ھەموو زلھێزانی جیھان مامەڵەت لەگەڵ دەکەن، کە نەوتت ھەناردەکرد دەوڵەتی لە ھاوکێشەکانی نێودەوڵەتی گەر چی لە واقیعیش دا ناوی ترت لێ بنێنن بەڵام دەوڵەتێکی کە ھەموو وڵاتانی زلھێز بەناچاریش بێت حسابت بۆ دەکەن لە خەتی ستراتیژی بەرژەوەندی ئەوان دەبی، ھەریەکەو ڕکابەری لەسەر ئەوە دەکات کە زیاتر بەرژەوەندیت بۆ دروستبکات، لە ئەمڕۆی جیھان ھەر کێ بتوانێت نەوت ھەناردە بکات دەوڵەتە گەرچی دەوڵەتیش نەبێت،لە جیھان بایەخی زیاتری پێ دەدرێت لە زۆربەی ئەو دەوڵەتانە کەنەوتیان نیە کەچی دەوڵەتی فەرمیشن!
ئەوکات جیھان حسابی بۆ کورد دەكرد و ناسنامەی پێدا کە بەسەربەخۆیی نەوت ھەناردەی بەندەرەکانی جیھان کرا، نەک بە مەڵومی و قوربانیدانی کە بەدرێژایی مێژوو لەلای خەڵکی دیکەی ناوچەکە چەوسێنراوە، نە بە قارەمانێتی شەڕی داعش کە لە جیھان دا دەنگی دایەوە! کە بەمەزڵومی قوربانیدان و قارەمانێتی کورد لای جیھان تەنھا باسدەکرا و وەسف دەکرا نەک حسابی بۆ دەکرا. بە نەوتەکە حساب بۆ کورد کرا و کردی بەخاوەن بڕیار و ناسنامە لە ھاوکێشەکانی نێودەوڵەتیدا، ئێستاش کە کورد نەوتی بەدەست نیە وەکو مەزڵوم پێشاندەدرێت کە مافەکانی پێبدرێت کەمافەکانی لەبوودجەدا بچوکراوەتە و ھیچ حسابیش بۆ ناکرێت. ئەوەی بۆ کورد گرنگە کە جارێکی تر حسابی بۆ بکرێت دەبێت جارێکی تر مەلەفی نەوت بەدەستی خۆی بێت نەک بەدەستی خەڵکی دیکە. ئێستاشی لەسەر بێت تورکیا لەگەڵ ئەوەیە مەلەفی نەوت بە دەستی کورد بێت نەک ئێراق چونکە ھەرچەند شیعەی ئێراق بەھێز بێت کە دەسەڵاتی ئێراق بەدەستیەتی خەتی ستراتیژی دژبەری تورکیا لەناوچەکە بەھێزتر دەبێت، جا تورکیا لە بەرژەوەندییەتی نەک بەدڵیەتی مەلەفی نەوت بەدەستی کورد بێت نەک ئێراق.
بۆ کوردیش بەرژەوەندی گرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و ناسنامەی خۆی نەک عەتف و دڵخوازی خەڵکی دیکە کێ لە بەرژەوەندی بێت ئەو دۆستیەتی گەرچی نەیاری مێژووش بێت کێش لەبەرژەوەندی نەبێت ناتوانێت دۆستی بێت گەرچی چەند دڵخوازی دۆستایەتی بێت. دۆستایەتی سیاسی لەسەر بنەمای خزمخزمێنە و عەتف بەبێ بەژەوەندی ناکرێت بەڵکو بەرژەوەندی ھاوبەش سەنگی مەحەکەی دۆستایەتی سیاسی یە، ئەمریکاش بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی ھێز لە پشت پەردە لەگەڵ ئەو خەتە ستراتیژیەتە کە تورکیا لەگەڵیەتی ناھێڵێت ھەموو ھێز لە دەستی بەرەیەکدا کۆبکرێتەوە. ھاوکێشە سیاسیەکان وا دەخوێنرێنەوە ئەمریکا و تورکیا و وڵاتانی دیکەی نزیکیان بەدوای دەرەجە یەکن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ھەرناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەسپێ بکاتەوە بەڵام ھەرێمی کوردستان ئەکتەری سەرەکی بێت نەک ئێراق، گەر لای ئێراقیش دەسی پێکردەوە بۆ ماوەیەکی کاتی ئەکتەری سەرەکی دەبێت چونکە لە کۆتاییدا خەتی ستراتیژی ناوچەکە وادەخوازێت مەلەفی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەدەستی خاوەنەکەی بێت نەک بەدەستی خەڵکی دیکە بێت.