دوای كۆتایی ھێنان بە داگیركاری فەڵەستین لەلایەن بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤٨، ڕاستەوخۆ بیرۆكەی دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆ لای ئیسرائیلیيەكان زەمینەی بۆ ڕەخسا، ئەنجومەنی نیشتمانی ئیسرائیلیيەكان لە پاش چەند مانگێك لە كشانەوەی بەریتانیا لە فەڵەستین ڕاستەوخۆ حكومەتێكی كاتی (Menhelet Haam ) دروست كرد بە سەرۆكایەتی داڤید بن گۆریۆن كە لە ھەمانكاتدا وەزیری بەرگریش بوو، ئەو بڕیارەی ئەنجومەنەكە لەو كاتەدا نەك قورس بوو بگرە دوور نەبوو ببێتە ھۆكاری قڕكردنی بە كۆمەڵی جووەكان لە لایەن دەوڵەتانی عەرەبیيەوە، ئەو دەمە ئەمریكیيەكان دژی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوون و داوای داوستان و گفتوگۆیان لە ئیسرائیل كرد، ئەو ھەڵوێستەی ئەمریکا ئەنجومەنی نیشتمانی خستە بەردەم دوو بژاردە، دانیشتن و گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشەكان یان ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، دواجار بە دەنگی ئەنجومەنەكە بژاردەی دووەم دیاری كرا. ئەوەی مایەی تێڕامان بوو لەسەر بنەمای ئەمری واقیع، یەكەم دەوڵەت ئەمریكا بوو كە دانی نا بە حكومەتی كاتی ئیسرائیل دا.
دواتر لە پێناو پاراستنی دەوڵەتەکەیان ئەمجار ئیسرائیل داوای دانیشتنی لە وڵاتانی عەرەبی کرد، بەڵام لایەنی دووەم نەک بە داواکە ڕازی نەبوون بگرە جەختیان لە ڕێگەگرتن کردەوە لە دروست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و دواتریش سێ دەوڵەتی عەرەبی وەک سوریا، میسرو ئێراق ھێرشیان دەست پێکرد، بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمان بوو شکستی ئەو وڵاتانە بوو لە بەرامبەر دەوڵەتێکدا کە ھێشتا نەیدەتوانی لەسەر پێیەکانی رێ بکات.
دوای ئەو شکستە بە فشاری نێونەتەوەیی جەنگەکە ڕاگیراو دەرئەنجامەکانیش جگە لە شکستێکی گەورەی عەرەبی ئاوارە بوونی ھەزاران ھاوڵاتی فەلەستینی لێکەوتەوە کە دوای زیاتر لە حەفتا ساڵ ئێستاش لە ئۆردوگاکانی سوریاو لوبنان ئوردون ژیان دەگوزەرێنن.
لەو ڕۆژەوە تا ئەورۆ لە ململانێی نێوان عەرەب- ئیسرائیل ئەوەی براوەیە لایەنی دووەمە و ئەو سەرکەوتنەش جگە لە ھۆکارە دەرەکییەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ناوخۆی ئیسرائیلەوە ھەیە کە دیموکراتییەکەیەتی، چونکە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ھەیە لەوانە:
١- ھەموو ھاوڵاتییەکی ئیسرائیلی مافی وەک یەکیان ھەیە لە سەرجەم کایەکاندا.
٢- یاسا سەروەرەو تەنانەت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پارێزبەندی نییە بۆ لێپرسینەوە.
٣- ئافرەت بۆی ھەیە ھەر پۆستێک وەربگرێت لە ھەر ئاستێکدا بێت ھاوشانی پیاوان.
٤- رێژەی بەشداری ھاوڵاتیانی ئیسرائیل لە ھەڵبژاردنەکان حەفتا لەسەد لە پێش وڵاتانی تری دنیاوەیە.
٥- ھەموو ھاوڵاتییەک مافی دەربڕینی بیرو بۆچوونی ئازادانەی ھەیە ومیدیا ئازادە.
٦- ھەڵبژاردنی ئەندامانی کەنیسێت لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی نیسبیە.
٧- لە نێو ئەندامانی کەنیسێتدا نوێنەری عەرەب ودەزری بەڕێژەیەکی دیار بونیان ھەیە.
لە بەرامبەر ئەم تایبەتمەندییەی ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دیموکراتی تێیاندا بەرتەسک دەبێتەوەو ڕژێمەکانیش دیکتاتۆری و سەرکوتکارن.
جیا لەو تایبەتمەندییە، ئیسرائیل لە پەرتکردنی وڵاتانی عەرەبی سەرکەوتوو بوو تەنانەت کار گەیشتە بەیەکدادانی چەند وڵاتێکی عەرەبی و لاوازکردنیان لە لایەک و دروستکردنی پەیوەندی نھێنی لەگەڵ چەند دەوڵەتیێکی تریان.
لە لایەکی دیکە، ئەم ھۆکارانەو ھۆکارگەلێکی دیکە بە درێژایی مێژووی ململانێی نێوان عەرەب – ئیسرائیل بەردەوام ھۆکاری پاشەکشەی عەرەب بوون ڕوونیشە لە ئێستادا سنوری دەوڵەتی ئیسرائیل لە چاو ڕابردوو چەند فراونترەو ناشزانرێت لە ئایندە ئەو سنورە تا کوێ درێژ دەبێتەوە!!
دواجار، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک باسی پرسەکانی وەک خوێندن، تەکنەلۆژیای زانستی و سەربازی، گەشەی ئابوری، دیموکراسی، تەندروستی، ھەواڵگری،…ھتد دەکەێن، لێمان ڕوونە ئیسرائیل پێشەنگی وڵاتانی ناوچەکەیە و ئەوەش بەڵگەی سەرکەوتنی بەرچاوی ئیسرائیلە لەو ململانێیەی کە ناو دەبرێت بە ململانێی عەرەب – ئیسرائیل.