جارێکیان شتێکم لەم ڕووەوە نووسی، پیاوێک لەسەر وشەیەک نووسینەکەی ڕاگرت و بڵاوی نەکردەوە هەرچەندە داوای ئازادیی ڕادەربڕینی دەکرد، بەڵام ئەو ئازادییەی بۆ من پەیڕەو نەکردو پێی ڕەوا نەبینیم گەردنی ئازاد بێ. هەرچەندە من خوانەخواستە ناوی کەسم بە خراپە نەهێنابوو، بەڵام ئەو زاتە بەڕێزە ئەو وشەیەی بە کارێکی بێ ئەدەبی دانابوو، لە کاتێکدا ڕۆژ نییە وشەی سێکس لە ڕۆژنامەکاندا بڵاونەکرێتەوە، وەک ئەوەی من بێ ئەدەب بم و ئەو بە ئەدەب بێ و بەم تەمەنە من فێری بە ئەدەبی بکات. ئەو بە ئەدەبییە شتێکی سەیری بیر هێنامەوە.
لە بەندیخانەی حیللە بووم و لەبەر ئەوەی دەمێک بوو لەوێ بووم هەر خەڵک بوو وەک خانەخوێ و خاوەن ماڵ بەخێرهاتنم دەکردن و بەڕێم دەکردن. دواجار شەهید صالح یوسفی و چەند کەسێکی دیکەی شاندی دانوستانکاریان هێنا و بەخێرهاتنی ئەوانیشم کرد. پیاوێکیان لەگەڵ بوو خۆی زۆر بەزل دەزانی و شتیشی درکاندبوو. من ئیش وکاری ڕێکخستنی کاروبارەکانم لەسەر شان بوو. ڕۆژێکیان ئاگام لێ بوو یەکێک ئاماژەی بۆ من کردو لێی پرسی ئەمە ئیشی چییە ؟ ئەو برادەرە خۆ بە زلزانە کە مامۆستای ناوەندی بوو بە لێو هەڵقرچاندنەوە گوتی ((موعەلییییم ). شتێکیان ڕاسپاردبووم، منیش بە پێکەنینەوە پێم گوت. دوای چەند خولەکێک دەمویست لە ژوورەکە بچمە دەرەوە، بانگی کردم و لەبەر چاوی ئەوانەی لە ژوورەکە بوون گوتی: کەریم، دەزانی ئەگەر بە ئەدەب نەبیت تەئدیبت دەکەم. قسەکەی ناخۆش بوو و منیش بۆی چووم و یەخەیم گرت و ویستم یەکتر تەئدیب کەین، شەهید صالح یوسفی گوتی: برایە کەریم ئەڤە تە چ دکەی؟ ئیدی من دەستم شل بوو و هاتمە دواوە.
وشەی باز لە زمانی کوردیدا بۆ گەلێک مەبەست بەکار دێت.
+ باز، باڵندەیەکی گۆشتخۆرە و لە هەندێک شوێن مەشقی پێ دەکەن و فێری ڕاوکردنی دەکەن وەکو هەڵۆ، بەڵام هەڵۆ بچووکترە، بە تایبەتی لە دەشت و بیابانان.
لە حیکایەتی کوردیدا وەکو دەگێڕنەوە: جاران ئەگەر پاشای شارێک بمردایەو جێنشینی نەبایە، ئەوا خەڵکی شاریان لە دەرەوەی شار کۆدەکردەوە و بازیان هەڵدەدا و بازەکە چەرخەی دەکرد و بەسەر خەڵکەکەدا دەسووڕایەوە و لەپڕ بەسەر سەری یەکێکدا هەڵدەنیشت و ئەو کەسەیان دەکرد بە پاشا. جاری وا هەبوو بازەکە بەسەر سەری کەسێکی بوودەڵە و بێ توانا هەڵدەنیشتەوە. بۆیە ئێستا ئەگەر یەکێک لەپڕ پێ بگات لە هیچەوە ببێت بەشت، یان لەپڕ دەوڵەمەند بێت دەڵێن باز بەسەر سەریەوە نیشتۆتەوە.
ئینجا ئەگەر بە پێی ئەو قسەیە بێت ئەوا لەم هەرێمە قوڕبەسەرە بێ پارەو پوولەی ئێمە سەدان پاشای تێدا هەڵکەوتووە کە خۆشیان نازانن چۆن چۆنی بوونەتە پاشا.
++ باز بە مانای بازبازانێ و بازبازێن و بازدان. وەکو یاریی یەکباز و سێباز. بازبازێن و هەڵزەقینەوەی منداڵان، هەروەها بازبازێنی هەندێک سیاسەتمەدار لەم حزبەوە بۆ ئەو حزب.
++ سیاسەتباز .. ئەو کەسانەی زۆر حەز بە سیاسەت دەکەن و سیاسەت لەگەڵ خوێنیان تێکەڵ بووە و ئەگەر لێی دوور کەونەوە، دوور لە عەمریان، دەمرن.
++ کەوباز و کۆترباز. زۆر کەس هەن حەز بە بەخێو کردنی ئەو باڵندانە دەکەن و بایەخی زۆریان پێ دەدەن.
++ بازی، یان وازی بە مانای یاری و هەندێک جاریش بە مانای فڕوفێڵ دێ. منداڵەکان بازی دەکەن یان وازی دەکەن، واتە یاری دەکەن، بۆ فڕوفێڵیش دەبینی یەکیک فێڵ ساختە لە کەسێکی نزیک یان ئاشنای خۆی دەکات دەڵێن : بازی بازی بە ڕیشی مامەش بازی؟!
++ بەردەباز: جاری وا هەیە چەند بەردێکی گەورە لەنێو جۆگەیەکی کەمێک پان دادەنرێت بۆ پەڕینەوە لە جۆگاکە بێ پێڵاو داکەندن.
نالی دەڵێ:
سەر بەردەبازی ڕیتە
تەن تەختەبەندی جێتە
دڵ مەیلی خاکی پێتە
رۆح ماڵی خۆتە بیبە
++ ڕێباز: گرتنی شێوە ڕێگایەک بۆ ژیان و کارکردن و تێکۆشان بە مانا (نهج)ی عەرەبی.
++ سەرباز واتە جندی.
++ جانباز : واتە فیداکار.
++ جامباز : ئەوانەی کڕین و فرۆشتنی سەرپێیی مەڕ وماڵات دەکەن و زۆر جاریش فێڵ و تەڵەکەشی تێدایە.
++ فێڵباز : ساختەچی و فڕوفێڵاوی.
++ چاوباز : ئەو پیاوانەی هەمیشە سەیری ژنان دەکەن و ئەگەر پێشیان بگوترێ دەڵێن : چاو بازە ناگیرێ.
++ چاوبازە : جۆرە گیایەکی دڕکاویی کەمێک بەرزە و پاک دەکرێ و دەخورێ و زۆریش خۆش و بەتامە.
++ باز، بۆ نێر و مێ. هەندێک کەس هەن زۆر چاولەدەرن و هەمیشە بە دوای کاری ناڕەواوەن لەگەڵ ژنان. ئەوانە پێیان دەڵێن مێباز و شانازیشی پێوە دەکەن . یان کەسانێک هەن هەر بە دوای منداڵانەوەن و بەوانە دەڵێن هەتیوباز.
مامۆستا عەلائەدین سەجادیی نەمر لە ڕشتەمرواریدا شتێک دەگێڕێتەوە:
پیاوێک ژنێکی زۆر جوان و خانومانی هەبوو، بەڵام هەر بە دوای منداڵانەوە بوو. ڕۆژێک ژنەکەی پێی گوت: ئەرێ پیاوەکە، من بەو جوانی و جحێڵیەوە و هیچ عەیبێکم نییە و هەموو حەزێکت تێر دەکەم، شەرم ناکەی بەلای منەوە نایەیت و هەر بە دوای هەتیو و مەتیوەوەیت ؟ کابرا دەڵێ: بلێم چی ئافرەت کە دیمە لای تۆ و سینگ و مەمکت دەبینم، سینگ و مەمکی دایکی ڕەحمەتیمم بیر دەکەوێتەوە. ژنەکەش دەڵێ: باشە، ئەی کە خەریکی ئەو هەتیوانە دەبیت و گەڵ و گونیان دەبینی، گەڵ و گونی باوکی ڕەحمەتیتت بیرناکەوێتەوە؟