ئەندامانى یەک خێزان بۆ ماوەى نزیکەى نیو سەدە حکومڕانى یەکێک لە وڵاتە گەورەکانیان کرد، بەڵام زۆرینەیان لەبرى دەستاودەستکردنى دەسەڵات، بە تیرۆرکردن کۆتایى بە ژیانیان هێنرا. ئەمە سەربردەى بنەماڵەى “جەواهیر لال” نەهرۆیە لە هیندستان. “جەواهیر لال” نەهرۆ لە (14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1889) لە شاری ئەلاهەباد لە خێزانێکی دەوڵەمەند لەدایکبووە، باوکى پارێزەر بووە. یەکێکە لەو کەسایەتیانەى رۆڵێکى گەورەى لە سەربەخۆیى هندستاندا گێڕاوە، زۆر لەژێر کاریگەری بنەماکانی مەهاتما گاندیدا بووە، دوای سەربەخۆیی هیندستان و ڕزگاربوونى وڵاتەکەیان لە کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا، بووەتە یەکەم سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەى. نەهرۆ لە ساڵی (١٩٣٩) بوو بە سەرۆکی کۆنگرەی گەلی سەرتاسەری هیندستان، لە سەروبەندی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی دووەمدا، پێگەیەکی گرنگی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییە درێژخایەنە ئاشتیخوازانەکان بۆ وەرگرتنى سەربەخۆیی هەبوو. لە ساڵی (١٩٤٦) بوو بە جێگری سەرۆکی حکومەتی کاتی کە بەناوی تاجی بەریتانیا هیندستانی بەڕێوەدەبرد.
لە دانوستانەکاندا کە بە دانوستانەکانی “گواستنەوەی دەسەڵات” لە ئینگلیزەکانەوە ناسراوە، وەک سەرۆکی وەفدى دانوستانکار هەڵبژێردرا. دوای سەرکەوتنی ئەو دانوستانانە، نەهرۆ بوو بە سەرۆکی حکومەتی ئینتقالی کە لەو کاتەدا پێکهێنرا. لە ساڵی (1947) هیندستان سەربەخۆیی ڕاگەیاند، نەهرۆ لە (١٥ی ئابی ١٩٤٧) وەک یەکەم سەرۆکوەزیرانی هیندستانی سەربەخۆ دەستبەکاربوو. ئەو هەتا ساتى مردنى لە (27ی ئایاری 1964) بە نەخۆشى جەڵتەی دڵ لە پۆستى سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکەى بەردەوام بوو. لە ساڵى (1916) لەگەڵ کامالا نەهرۆ هاوسەرگیرى کرد، بەرهەمى ئەم هاوسەرگیرییە کچێک بوو کە بە نێوى ئەندێرا غاندى ناسراوە و لە (19/ تشرینى دووەم/1917) لەدایکبووە. لەدواى مردنى باوکى، بووە سەرۆک وەزیرانى وڵاتەکەى.
“ئەندێرا غاندى، بەهێزترین ژن”
ئەندێرا غاندى (1917 – 1984)، لە قوتابخانەکانى هیندستان خوێندویەتى، پاشان چووەتە زانکۆى ئۆکسفۆرد. بەهۆى باوکییەوە، هەر لە سەرەتاى لاوییەوە بەشدارى لە بزووتنەوە ئازادیخوازییە نیشتیمانیەکاندا کردووە و لەو پێناوەشدا زیندانى کراوە. لە ساڵی (١٩٣٩) پەیوەندی بە پارتی کۆنگرەی هیندستانەوە کردووە، لە ساڵی (١٩٤٢) لەگەڵ رۆژنامەنووس فەیروز گاندی هاوسەرگیری کردوە، لێرەوە پاشناوى گاندى وەرگرتوە. بەرهەمى ئەم هاوسەرگیرییەش دوو کوڕ بوو بەناوەکانى (راحێڤ و سانجاى). فەیروز لە ساڵى (1960) کۆچى دوایى کردوە. لە ساڵی (١٩٥٩)، ئەندێرا گاندی بووە سەرۆکی حیزبی کۆنگرێسی هیندی. لەدوای مردنی باوکی لە ساڵی (١٩٦٤)، بووە ئەندام لە ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردن کە بە (ڕاجیا سابها) ناسراوە. لە کابینەی وەزاری بەهادور شاستری بووە وەزیری راگەیاندن. لەدوای مردنی سەرۆکوەزیران لال بەهادور شاستری لە سەرەتاکانی (١٩٦٦)، ئەندێرا لە هەڵبژاردنی ڕێبەرایەتیی حیزبەکەی بەسەر مۆراجی دێسای سەرکەوت و بەمەش بووە سێیەمین سەرۆکوەزیرانی هیندستان.
سەردەمی سەرۆکوەزیرانی “ئەندێرا” بە سەردەمی بە ناوەندیکردنی بڕیاردانی حکوومی و ناتەبایی و ناکۆییە سیاسییەکان ناسراوە، چونکە لەگەڵ پاکستان کەوتە جەنگەوە و لەو جەنگەدا پشتگیری لە بزووتنەوە جووداخوازییەکانی ڕۆژهەڵاتی پاکستان کرد، کە دواتر سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و وڵاتی بەنگلادیشی لێ درووستبوو، هەر لەم جەنگەدا هیندستانی کردە یەکێکە لە زلهێز و وڵاتە کاریگەرەکانی ناوچەکە بەتایبەتى لە باشووری ئاسیادا. هەروەها لە سەردەمى دەسەڵاتیدا بۆ یەکەمجار هیندستان یەکەم مانگى دەستکردى رەوانەى بۆشایى ئاسمان کرد. بۆ ماوەى سێ خول سەرۆکایەتى حکومەتى وڵاتەکەى کردوە. لەمێژوى نیمچە کیشوەرى هندیدا یەکەم ژنە گەیشتۆتە پۆستى سەرۆک وەزیران. رۆژنامەى سانداى تایمزى بەریتانى بە گرنگترین ژن ناوى بردوە کە لە سەدەى بیستدا دەرکەوتووە. گۆڤارى تایمى ئەمەریکیش بە یەکێک لە سەد ژنە کاریگەرەکەى جیهان ناوزەدى کردوە.
“سەرۆکایەتى و گەندەڵى”
لە (1971) هەڵبژاردنێکى نوێ لە هیندستان بەڕێوەچوو، لانیکەم (150) ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان تێداکرد، ئەندێرا و پارتەکەى سەرکەوتنێکى گەورەیان بەدەستهێنا. بەمەش بووە بەهێزترین سەرۆک وەزیرانى هیندستان لەدەمى سەربەخۆییەوە، تەنانەت بابیشى خودانى ئەو هەموو دەسەڵات و توانایە نەبوو. لە هەڵبژاردنەکانى (1977) ئەندێرا دۆڕا. لە دادگا بە گەندەڵى تاوانبارکرا. بەڵام کۆڵینەدا و رێگاى دادگاى گرتەبەر و دواى سێ ساڵ گەڕایەوە بۆ دەسەڵات. لە (1984) هەڵبژاردنێکى دیکە کرا و بۆ جارى چوارەم ئەندێرا بووەوە سەرۆک وەزیران، ئەوەش بۆ هیچ کەسێکى دیکە رووینەدابوو. لە سەرەتاى هەشتاکاندا هیندستان لەبەردەم هەڵوەشانەوە و دابەشبووندا بوو. ململانێى نێوان هیندۆس و سیخ و موسڵمان و مەسیحیەکان گەیشتە چڵەپۆپە. چەندین هەرێم هەڕەشەى جیابوونەوەیان دەکرد. تا ئەندێرا گاندی زیاتر دەستی بەسەر دەسەڵاتدا توندتر دەکردەوە و سیستەمی ناوەندی لە نیودەلهی بەهێزتر دەکرد. دابەشبوونەکان لە هەرێمە دوورەکاندا گەورەتر دەبوون.
لەم سەروبەندەدا ئەندێرا دووچارى رووداوێکى غەمگین هات. لە (23/6/1980) سانجى کوڕە گەورەى لە تەمەنى (33) ساڵیدا فڕۆکەکەى لەسەر ئاسمانى نیودەلهى کەوتە خوارەوە و گیانى لەدەستدا. هەندێک سەرچاوەش گومانى ئەوە دەکەن رووداوەکە پلان بۆ داڕێژراو بووە، تاوەکو ئەندێرا لەڕووى دەروونیەوە بڕوخێنن. بەتایبەتى دواى ئەوەى لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى (1980)دا، سانجى دەنگێکى بێشومارى هێنا و کورسیەکى پارلەمانى بردەوە. ئەندێراش ئەم کوڕەى بۆ جێگرتنەوەى خۆى لە سەرۆکایەتى حکومەتدا ئامادەکردبوو. لەدواى مردنى سانجى، ئەندێرا داواى لە راجێڤى کوڕى کرد بێتە ناو دونیاى سیاسەتەوە و خۆى بۆ سەرۆکایەتى حکومەت ئامادەبکات، هەرچەندە لەو دەمەدا راجێڤ ئارەزووى سیاسەتى نەدەکرد و زیاتر بە فڕۆکەوانیەوە سەرقاڵ بوو، حەزى دەکرد ببێتە فڕۆکەوانێکى پرۆفیشناڵ.
“تیرۆرکردنى ئەندێرا”
لە هەشتاکاندا ئەندێرا و سیخەکانى هیندستان کەوتنە ناکۆکییەکى تووندەوە. سیخەکان بەزۆرى لە شارى (ئامرى تسار) دەژیان کە یەکێکە لە شارە پیرۆزەکانى سیخەکان و پەرستگاکەشیان هەر لەوێندەرە. دواى مانگرتنى (سانت بیندرا)ى سەرکردەى رۆحى سیخەکان لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر لە لایەنگرانى لە پەرستگاکەیاندا، ئەندێرا فەرمانى بە پۆلیس کرد پەلامارى ئەو ناوچەیە بدەن. لە ئاکامى ئەو پەلامارەدا زیاتر لە (500) کەس کوژران و لەهەردوولاش زیاتر لە هەزار کەس بریندار بوون. زیاتر لە دوو هەزار سیخى دەستگیرکران. لەم شەڕەدا سانت بیدراى رابەرى سیخەکان کوژرا.
کوشتنى بیندرا و وێرانکردنى پەرستگاکەیان، وایکرد هەستى رق و تۆڵەکردنەوە لاى سیخەکان پەرە بسێنێت. بۆ چەندین رۆژ خۆپیشاندانیان کرد و داواى کوشتنى ئەندێرایان دەکرد. سەرۆک وەزیرانیش بە دەستگیرکردنى ژمارەیەکى زیاتر لە سیخەکان و پەستانیان لەزیندان وەڵامى دانەوە.
لەو دەمەدا کەسە نزیکەکانى دەوروبەرى ئەندێرا، هەستیان بە مەترسى لەسەر ژیانى دەکرد. بەنمونە وەزیرى بەرەڤانى ویستى قایلى بکات کە پاسەوانە تایبەتەکانى لە پۆلیسەوە بۆ سوپا بگۆڕێت. وەلێ ئەندێرا رەتیکردەوە و وتى: من سەرۆکى حکومەتێکى دیموکراسیم و گەل هەڵیبژاردوم، دیکتاتۆرێک نیم لەڕێگەى کودەتاى سەربازییەوە هاتبم. بۆچى دەتانەوێ لە خۆم بترسم؟
پاشان سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى، داواى لە ئەندێرا کرد سەرجەم پاسەوانەکانى دووربخاتەوە کە بە بنەچە سیخى بوون و متمانەیان پێنەدەکرا. بەڵام ئەندێرا هێندە پاسەوانەکانى خۆشدەویست حەزى نەدەکرد کەسیان دووربخاتەوە. دواجار ئەوەى هەرگیز بە بیری ئەندێرادا نەهاتبوو روویدا. لە رۆژى (31/تشرینى یەکەم/1984)، کاتێک ئەندێرا وەکو نەریتى رۆژانەى خۆى بە پێ لە ماڵەوە بەرەو بارەگاى سەرۆکایەتى وەزیران دەڕۆیشت، سێ پاسەوانى تایبەتى بوون کە سیخ بوون، گولەبارانیان کرد و هەر لەوێدا گیانى سپارد.
“راجێڤ دەبێتە سەرۆک”
لەدواى تیرۆکردنى ئەندێرا، راجێڤى کوڕە گەورەى بووە سێیەمین کەس لە ماڵباتى “جەواهیر لال نەهرۆ” کە بگاتە پۆستى سەرۆک وەزیران. ئەو لە (20/ئاب/1944) لە شارى مۆمباى لەدایکبووە. سەرەتا وەکو فڕۆکەوانێکى پیشەگەر لە هێڵى ئاسمانى هیندى کاریکردوە. دواى تیرۆرى دایکى بەناچارى هاتە ناو دنیاى سیاسەتەوە. لەدواى مردنى براکەشى وازى لە فڕۆکەوانى هێنا و لەبرى ئەو بۆ پارلەمان هەڵبژێردرا. لە ساڵى (1984) و لە تەمەنى چل ساڵیدا بووە سەرۆک وەزیران. راجێڤ و پارتى کۆنگرەى نیشتیمانى لە هەڵبژاردنى ئەو ساڵەدا سەرکەوتنێکى بەرچاویان بەدەستهێنا. لەماوەى سەرۆکایەتیدا راجێڤ هانى وەبەرهێنانى بیانى و ئابوورى ئازادى دەدا، سەرکردە لاوەکانى هێنایە پێشەوە و هاوڕێیانى دایکى دوورخستەوە، هەرچەندە ئەوان هەڵیانبژاردبوو. دواى دۆڕاندنى هەڵبژاردنەکانى (1989) دەستى لە سەرۆک وەزیرى کێشایەوە.
لە هەڵبژاردنەکانى (1991) خۆى ئامادەکرد بۆ هەڵبژاردن. لە کەمپینى هەڵبژاردندا سەردانى زۆرینەى ویلایەتەکانى کرد. پێشینى دەکرا پارتەکەى زۆرترین کورسى بباتەوە. بەڵام بەهۆى توندوتیژى نێوان هندۆس و موسڵمانەکانەوە ئەو هەڵبژاردنە بووە تووندوتیژترین هەڵبژاردنى وڵاتەکە و زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژران. لە (21/ئایار/1991) و لە دووەم رۆژى دەنگداندا، بەهۆى تەقینەوەى بۆمبێکى بەهێز لە گوڵدانێکدا راجێڤ غاندى تیرۆرکرا. هەرچەندە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتى خۆى لەو تەقینەوەیە رانەگەیاند، بەڵام پەنجەى تۆمەت بۆ پڵنگەکانى تامیل درێژکرا، کە بۆ دروستکردنى دەوڵەتێک بۆ تامیلیەکان لە دورگەى سریلانکا تێدەکۆشان.
“خانمێکى ئیتالى لە لوتکەى دەسەڵاتدا”
دواى تیرۆرکردنى راجێڤ، دەبوو (سۆنیا منیۆ)ى هاوسەرى شوێنى بگرێتەوە. ئەو ئیتالى بوو لە شارى تۆرینۆ لەدایکبووبوو. راجێڤ لەکاتى خوێندنى لە زانکۆى کەمبریجى بەریتانى ناسیبووى. ساڵى (1968) هاوسەرگیرییان کردبوو. پارتى کۆنگرەى نیشتیمانی فشارێکى زۆرى لە سۆنیا کرد تاوەکو بێتە ناو دونیاى سیاسەتەوە، چونکە کرابووە نەریت کە دەبێت یەکێک لە ئەندامانى ماڵباتى (نەهرۆ) سەرۆکایەتى حزب وەربگرن. سۆنیا لەسەرەتاوە ئەو بیرۆکەیەى رەتکردەوە. بەڵام بەهۆى فشارە بەردەوامەکانەوە ملى دا و ئەو پۆستەى وەرگرت. ساڵى (1998) سەرۆکایەتى حزبەکەى وەرگرت و لە (1999) کورسیەکى پارلەمانى بردەوە. بەڵام دواى دانوستانێکى تاقەت پڕوکێن دەستبەردارى سەرۆک وەزیرى بوو، تەنها بە سەرۆکایەتى پارتى کۆنگرەى هیندى قایل بوو.
بەم شێوەیە بنەماڵەى جەلال نەهرۆ دواى نزیکەى نیو سەدە لە حکومڕانى وڵاتەکەیان دوورکەوتنەوە.
سەرچاوەکان:
- عصام عبدالفتاح: اغتیالات سیاسیە هزت العالم و غیرت وجه التاریخ، چاپى یەکەم، 2008، دار الکتاب العربى، لاپەڕەکانى 243 – 254.
- ماڵپەڕى الجزیرە نت.
- ماڵپەڕى ویکیپدیا.