حکوومەتی ئێراق، بە قسەی بەرپرسە باڵاكانی خودی ئێراق، لە سەرەتای دروستبوونی و دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەردەوام غەرقی گەندەڵی و دزی و نادادی و لە تەواوی سێکتەرەکانیدا تووشی شکستی گەورەی ئیدارەدان دەبێتەوە، ملیۆنان ھاووڵاتیی ئێراقی بەھۆی خراپ ئیدارەدانی حكوومەتەكانیان لەژێر ھێڵی ھەژاریدان، بەھۆی بۆشایی ئەمنی و نەبوونی سیستمێکی سەربازیی بەھێز، خەڵکی ئێراق ھەمیشە لە ترسی مردن و کوشتن، گرتن و ڕفاندندان، ئەمە جگە لەوەی ھیچ خزمەتێک نەکراون، بچووکترین خزمەتگوازریی سەرەتاییان ناگاتە خەڵک.
ئەوان بەو ھەموو پارە زەبەلاح و خەزێنە پڕەی کە لە داهاتی نەوتەوە دەست دەکەوێت و گرووپە میلیشیاکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێراق دەیبەن، ناتوانن دڵی ھاووڵاتییەکی بەغداش ڕازی بکەن، کە پایتەختە، چ جای شارە پەراوێزخراوەکانی وەک بەسڕا و سامەڕا و ناسڕییە و سەماوە، کە لەسایەی حکومداریی خراپ و گەندەڵی و نەزانیدا، وەک وێرانەیان لێ ھاتووە و بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ژیان شیاو نین و خراپترین ژینگەی گوزەرانیان هەیە.
بە هەرحاڵ، ئامار و داتا خراپەکانی ئێراق و شکست و پاشەکشەی حکومڕانی و ئیدارەدان پێویستیان بە دەیان کتێب و توێژینەوە هەیە، هێندە نەبڕاوەن، ڕەنگە ڕیزبەندی خراپ و شەرمهێنی ئێراق لە ئاستی گەندەڵترین وڵاتان و خراپترین پاسۆرت و خراپترین گوزەران و نائەمینترین وڵاتانی دونیادا، باشترین وەڵامدانەوە بێت بۆ ئەو کەسانەی كە ئێراق لە چاوی هاووڵاتییانی كوردستاندا وەك سویسرا! پیشان دەدەن.
ئەوەی جێگەی لێڕامانە، خەڵکی تێنەگەیشتوو و تەسلیمبوو، ئەوانەی بە پیلانی نەیاران سەما دەکەن، ھەردەم لە ھەوڵی ئەوەدان، سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێراق بەسەر ھەرێمی كوردستاندا زاڵ بکەن، کە ئەمە ھەروەک پیلانە شوومەکانی پێشووتر دەچێتە قاڵبی خیانەتەوە، ھەر ئەمانە کاتێک دۆخ خراپ دەبێت، دەکەونە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و بوختان بە حکوومەت و ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵی ئەمانە ناشرینکردن و بچووکردنەوەی ئەو قەوارەیەی ھەرێمی کوردستانە، کە بە خوێنی ھەزاران شەھید و قوربانی ھاتووەتە دی، بە درێژایی مێژووی کورد لە ئێراقدا خەڵکانی خۆفرۆشی وەهای تێدا هەڵکەوتووە کە تەڕەفگیری نەیار و داگیرکار بووە، چ لە ڕووبەڕوونەوەی چەکداری، چ لە قۆناغی نوێ، کە بە قۆناغی گفتوگۆ و دایەلۆگ هەژمار دەکرێت.
پارتی، ئەو لایەنەی تەسلیم نابێت لە تەواوی ئەو ئاڵنگارییانەی کە هاتوونەتە پێش ئەزموونی ئیدارەدانی کورد، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتیی (سەرۆک بارزانی) هەوڵی ئەوەی داوە، کە سازان و گفتوگۆ و پێشمەرجی وەدیهێنانی مامفی كوردستانیان، هەوێنی (رێککەوتن)بێت، نەک (تەسلیمبوون)بە زار و کرداری یەكیتی و بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی ھەرێمی كوردستان، کە ئەوان بەردەوام و ھەمیشە ئەزموونیان لەگەڵ تەسلیمبوون و خۆڕادەستکردندا ھەیە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەتێكی خۆڕاگرە و بە هێز و ئیڕادەی بەرزەوە رووبەڕووی قەیرانەكان دەبێتەوە، سێ ساڵانی ساڵی رابردوو بەڵگەی ئەو راستیەیە، هەموو خەڵكی كوردستان بینییان هەرێمی كوردستان لەم سێ چوار ساڵەدا رووبەڕووی چەند قەیرانی گەورە بووەوە، بەڵام هەموانیش بینییان مەسرور بارزانی و حكوومەتەكەی، چەند بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە رووبەڕووی ئەو قەیرانانە بوونەوە. بینیمان ساڵانی پێش ئەم كابینەیەش چەند گرەو لەسەر رووخاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تەسلیموونی كوردستانیان و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم كرا و بینیمان چۆن ئەو خەونە نەزۆكانە لەگۆڕ نران.