چەمەری ڕێوڕەسمێکی تایبەتی سەرەخۆشییە کە لە ناو خەڵکی پارێزگاکانی لۆڕستان، ئیلام و کرماشان بەڕێووە دەچێت؛ ڕێوڕەسمی چەمەری بۆ یاد و ڕێزگرتنی کەسایەتییە گەورە، بەناوبانگ و سەرۆکعەشیرەتەکان دەگیردرێ؛ کاتێک کەسایەتیێکی گەورە کۆچی دوایی دەکات و مردنی ئەو کەسە لە سەر عەشیرەت یان کەسوکاری کاریگەری دەبێ، ئەو ڕێوڕەسمە بە شێوەیەکی مەزن ، سەرسووڕهێنەر و پڕ لە نیشانە و ڕەمز بەڕێوەدەچێت.
لە ناو چەمەریدا گۆڤەندێکی ئارام و غەمگین بەڕێوە دەچێت و ئەو گۆڤەندە غەمگینە لە ئەستۆی هەندێک کەسی تایبەتە کە لەگەڵ یەک هاوئاهەنگن و هەندێکیان دەهۆڵ و زۆڕنا لێ دەدەن و ئەوانی دیکەیش لەگەڵ شین و گریانی ژنان پەیوەندیێکی مێلۆدییان هەیە.
ڕێوەڕەسمی چەمەری لە ڕابردوودا بۆ هەموو کەسێک کە لە ناو کۆمەڵگادا خاوەن پلە و کەسایەتیێکی بەرچاو بوون، چ ژن و چ پیاو بەڕیوە دەچوو، بەڵام لە سەد ساڵی ڕابردوودا وا دێتە بەرچاو کە زیاتر بۆ پیاوەکان بەڕێوە دەچوو و لە چوار و پێنج دەیەی ڕابردوودا کەمتر بۆ ژنان بەڕێوە چووە و بۆ نموونە لە ساڵی 1961ی زایینیدا، بۆ “غەزاڵ سوڵتان” کە ژنێکی ناودار بوو، ڕێوڕەسمی چەمەری بەڕێوە چووە. شین و ڕێوڕەسمی چەمەری 3 هەتاکوو 10 ڕۆژە. سەرەڕای ئەوەی کە ژنیش لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری دەکەن، بەڵام هەرواکە باسم کرد لە ئێستادا، چەمەری تەنیا بۆ کەسایەتییە گەورەکان کە کۆچی دوایی دەکەن، بەڕێوە دەچێت.
کاتێک کەسێکی گەورە و ناودار دەمرێت، خەڵک بە لێدانی دهۆڵ و هەندێ ئامێری دیکە تەرمی مردووەکە تا گۆڕستانەکە دەبن؛ بەڵام لەوێ ئەسپێک بە جلی ڕەش دەخەمڵێنن و زینێک دەخەنە سەر پشتی ئەو ئەسپە و دەمانچەیەکیش وەک نیشانەی ڕوومەتی پیاوان بە زینی ئەسپەکەوە دەبەستن و ئەو ئەسپە لەگەڵ شین و گریان هەتا سەر گۆڕستانەکە دەبەن. لە شین و سەرەخۆشی چەمەریدا هەڵبەستی غەمگین لە لایەن ژنانەوە دەخوێندرێنەوە و ئەو هەڵبەستانە بە زاراوەی لۆڕی، کەلهۆڕی و لەکی دەخوێندرێ. لە ڕاستیدا لە ناو ڕێوڕەسمی چەمەریدا هەندێ ئاوازی وەکوو موور، هۆرە و لایە لایە لە لایەن ژنانەوە دەخوێنرێ کە مێژووەکەیان زۆر کۆنە و وشەی ڕەسەنی کوردی زۆری تێدایە.
کارێکی دیکەی ئەو کەسانە کە شین و ماتەمین دەکەن ئەوەیە کە کڵاو، سەر و سینگی خۆیان بە قوڕ دەشارنەوە؛ ژنانی بەشدار جلی ڕەش لەبەر دەکەن و لە ناو ڕێوڕەسمەکەدا هەژمارێک لە ژنەکان بە ڕیز لە دوای یەک دەچن و کۆتا ژن لە ڕیزەکەدا جلی ژنی پێش خۆی دەگرێ و ئەو کارە تا یەکەم ژن لە ڕیزەکەدا بەردەوام دەبێت و ئەویشە نیشانەی هاوپشتی و هاوسۆزی ئەوانە لەگەڵ خاوەن شینەکە.
لە وێژەیی کوردی کلاسیکدا باسی ڕێوڕەسمی چەمەری کراوە. هەڵبەستوانی کورد “مەولەوی کورد” لە هەڵبەستێکی خۆیدا باسی ئەو ڕێوڕەسمە فۆلکلۆر و مێژووییەی کوردی کردووە؛ هەڵبەست بە زاراوەی هەورامییە و من هەر وەک خۆی بە سۆرانی نووسیومە، کە ئەویش وەهایە:
جه ئامای نامهت چهمهریم بهرز بی شادیم شێویا، شینم سهد تهرز بی
وەرگێڕانی ئەو هەڵبەستە وایە: “بە هاتنی نامەی تۆ زۆر غەمگین بووم، وەکوو دەنگی مەراسمی چەمەری لە هەوادا بەرز بوو، و حاڵم تێک چوو و من لە سەد شوێن دەسم بە گریان و ناڵین کرد.”
چەمەری مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەندێ سەرچاوە دەڵێن، ئەو شێوە شین و ماتەمینە دەگەڕیتەوە بۆ 10 هەزار ساڵ لەوە پێش. بە گشتی ڕێوڕەسمی چەمەری لە پارێزگاکانی وەکوو لۆڕستان، ئیلام و کرماشان چەندین چەمکی گرینگ وەکوو یەکسانی، هاوکاری، یەکگرتن، ڕێکوپێکی و هاوسەنگی، تێکەڵبوونی ژن و پیاوان بە نیشانەی یەکسانی ژن و پیاو و دەهان چەمکی دیکە نیشانی ئێمە دەدا.
ئەو شێوە گۆڤەندە غەمگین و مێژووییە، گەورەیی فۆلکلۆری نەتەوەی کورد نیشان دەدات، و لە ڕاستیدا ئەوە ئەرکی لێکۆڵەر و نووسەرانی کوردە کە بە وردی بە شوێن ئەو فۆلکلۆرە مێژووییە بکەون؛ چەمەری بۆ ئەوە دەبێت کە چەندین کتێب بە زارەوەکانی کوردی و زمانەکانی بیانیی لەسەری بنووسرێت کە هەموو جیهان فۆلکلۆری کۆنی ئیمە بناسن.