تۆ کە دەست لە شتێک دەشۆی، واتە لێی نائومێد دەبیت و هیچ هیوایەکت پێی نامێنێ. من خۆم ئەو پیاوە دەوڵەمەندەم دیبوو. جارێکیان دەچێ بۆ هەندێک گوند کە سەودا و مامەڵەی لە گەڵ خەڵکەکانیان هەیە. ئێوارە مەسینەو دەستشۆر دێنن و میوان دەستی دەشوا، بەڵام کە نان دادەنێن تامێکی دەکات و بە دڵی نابێ و دەکشێتەوە. دەڵێن ئەوە بۆ کشایتەوە؟ دەڵێ: پێم ناخورێ و دڵم نابا. دەڵێن ئێ خۆ تۆ دەستت شووشت. دەڵێ دەستم نەشووشت، دەستم لێ شووشت.
وا دیارە ئێمەش دەبێ بە ناچاری دەست لە مووچە پاشەکەوت کراو و دواخراوەکانمان بشۆین. خۆ من دەزانم گەر چاومان بەپشتی سەرمان بکەوێ (بێ گومان بەبێ ئاوێنە)، چاومان بە دینارێکی ناکەوێ، بۆیە وا باشە بیکەین بە پیاوەتی و با ئەویش بچێتە سەر ئەو هەموو ملیۆن و ملیارانەی دیار نامێنن و بە کوردی بڵێین دەدزرێن، بەخوا باوکم وەکو کورد دەڵێ: گۆشت قابیلی بازە هەر ئەوانە دەزانن چۆن چۆنی بماندۆشن. کاکە ئەگەر مووچەکانی ئێستا و لەمەودوامان بدەنێ باسی ئەوانەی ڕابوردوو ناکەین با بە قوربانی ئێوە بێت چونکە لەوە دڵنیام ناماندەنێ و ئەسپێیــە و کەوتۆتە دەست کۆرەی.
سەبارەت بە هەندێ پەندی کوردی کە یەک ماناو مەبەستیان هەیە دەڵێم:
++ قسەی بەر ئاگردان و تاودانی یەکانەی وەکو یەک نین.
++ بێڵی قوڕێ بە دەستی خەڵکیەوە سووکە.
++ ئەوەی دەستی لە ئاوێدایە وەکو ئەوە نییە کە دەستی لە نێو ئاگردایە.
++ تێر ئاگای لە برسی نییە.
لە فێسبووک دوو شتم خوێندەوە سەرنجیان ڕاکێشام. یەکەمیان قسەیەکی کاک هێڤدارە، بەڕێزی وەکو دەڵێن پەڕلەمانتارە، پەڕلەمانتارێکی زۆر بەکارە لە ئێن ئاڕ تی شەکرێکی شکاندووە. من ئەوەی تەلەفیزیۆنم گوێ لێ نەبووە و ئەوەی فێسبووکم دیوە. دەفەرموێ: گومانم لە کوردبوونی ئەوانەیە داوای پارە و مووچە دەکەن. هەستی نیشتمان و ( نەیگوتووە نیشتمانپەروەری) کوردایەتی لەم ڕۆژە دەردەکەوێت. ئەوانەی داوای مووچە و پارەی عیراق دەکەن هەر ئەوانەن لە سەربەخۆیی دەنگیان بە بەڵێ نەدا وتیان عیراقین. گومانم لە کوردبوونی بەشێکی لەوانەیە لەم ڕۆژە ناسکە داوای مووچە دەکەن. برا تۆ گیرفانت گەرمە و تێر و پڕی و وا دەزانی خەڵکی دیکەش وەکو تۆیە؟ تۆ بێ ئاگای خەڵکی وا هەیە ڕۆژی یەک ژەم نان دەخوات. وا دیارە ئەوەی بە برسێتیی ڕازی بوو کوردی ڕەسەنە.
جارێ من شکم لە کوردیزانیی کاک هێڤیدار هەیە، چونکە کوردییەکەی باش نییە. دوای ئەوە بۆ برای باش کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بە بێ دەنگ بوون و وەرنەگرتنی مووچە پێوانە دەکرێ؟ واتە ئەگەر داوای مووچە نەکەم ئەوە نیشتمانپەروەری چاکم و کوردی عەیارە بیست و چوارم. گوناحە بە جەنابت بڵێن نوێنەری میللەت، چونکە نوێنەر دەبێ داکۆکی لەو کەسانە بکات گە دەنگیان پێ داوە و دڵنیام کە زۆربەی ئەوانەی دەنگیان پێ داوی مووچەخۆرن. باشە برای باش ئەدی ئەو خەڵکە بەو مووچەیە ناژی کە بە هەقی خۆی لە حکوومەتی وەردەگرێ؟ ئەی ئەگەر مووچە نەبێ بە چی بژی؟ خۆ بۆڕیی نەوتیان نییە تا نەوتی پێ بنێرنە دەرەوە و پارەکەی وەرگرن. یان تانکەرە نەوتیان نییە بیفرۆشن و بە پارەکەی بژین، بەخوا کۆمپانیای هەمەجۆر و بەنزینخانەو شتی دیکەشیان نییە تا بە دەرامەتەکەی بژین. ئەی باشە ئەگەر داوای مووچەکەیان نەکەن کە مافی ڕەوای خۆیانە چی بکەن؟ بە قسەی جەنابت بەو داواکردنە ئاستی کوردایەتیی ئەو خەڵکە نزم دەبێتەوە؟ کوردی قوڕبەسەر دەڵێت (( قاچم نەبێ ڕاکەم، دەمم نەبێ هاکەم، ئەی قوڕی کوێ بەسەردا کەم.))، باشە ئەگەر داوای مووچە نەکەین سەربەخۆیی وەدەست دێنین؟ ئەمە چ پەیوەندییەکی بە ژیان گوزەرانی خەڵکەوە هەیە؟ ئەی ئەو هەموو ڕاکە ڕاکەی بەغدا بۆ پۆست پلە و پایە بۆ چییە چاوەکەم؟
پیاو هەیە من دەیبینم بە دوای کورســـــــــیدا ڕادەکـــا
پێی بگات پێوەی دەنووسێ هەر وەکو گەنەی گونی گا
ئێستا با بڵێین ئەوەی هێڤیدار هەر ((نەییسا)) وەکو تورکمانەکان دەڵێن، خاتو مونا قاوەچیش هاتۆتە سەر خەت و دەڵێ ئەوەی داوای پارەو مووچە بکات کورد نییە. کوردی نەگبەت گۆڕ هەڵتەکێنە ئەوە مونا خان تەرازووی کێشانەی کوردایەتی بۆ داناوین کوردایەتیمان دەکێشێ تا بزانێ قورسە وەک کوردایەتییەکەی ئەو یان سووکە. دەڵێم تۆ بڵێی ئەو پەندە کوردییە بۆ ئێرە ببێ (هەتا ماڵخۆ دزی گرت، دز ماڵخۆی گرت). نازانم من سەرم لێ شێواوە یان پێوانەکان هەموو تێک چوون؟ قسەیەکی خوا لێ خۆشبوو (عەونی یوسف)م دێتەوە بیر کە زۆر جار دەیگوتەوە ((جەناب مەقاییس نەماوە))و ئینجا ڕاست دەکات کە بە ڕاستی مەقاییس نەماوە.