خەریکی خوێندنەوەی بیرەوەریەکانی ئاپێ (مووسا عەنتەر)م ، وەکوو تەماشای درامایەکی سەرنجراکێش بکەم وایە، بەبێ ئۆقرە چاوەڕێی ئەڵقەکانی داهاتوو دەکەم، بەڵام زۆرجار دەڵێی بەشی دووەمی (چێشتی مێجێور)ی مامۆستا هەژار دەخوێنمەوە، دوو کەسایەتی جودا بەڵام بەسەرهات و نوکتە و چیرۆک و گێڕانەوە و دەربەدەری و کوردایەتیەکانیان تەواوکەری یەکترین، زۆرجار هەردوولایان بەبێ پەردە قسەی دڵی خۆیان دەکەن و لە وەڵامدانەوە و تەعلیق لێداندا حازر بەدەستن و دەڵێی دەمانچەی کەلەکێن و لەسەرپێن. ئاپێ مووسا بەسەرهاتێکی خۆشی خۆی دەگڕێتەوە کە زۆرجار هاوزمانەکانی لە تورکەکان زیاتر ئازاریان پێگەیاندووە بەتایبەتی خۆفرۆشەکان. یەکێک لەوانە پەرلەمێنتارێکی پارتی دیموکرات دەبێت، کوردە و ناوی (نووری ئۆنووڕ) بووە، جارێک بە مووسا عەنتەر دەڵێت: “مووسا دەتخەمە زیندانەوە و بە ئیعدام کردنت دەدەم” ، مووسا عەنتەریش لە وەڵامدا دەڵێت: “ئەو گووەت پێناخورێ”.
رۆژان دێن و دەڕۆن، شتەکان پێچەوانە دەبنەوە، پارتی دیموکرات گڵۆڵەی دەکەوێتە لێژیی و مووسا عەنتەر وەکو تەماشاکەر دەچێتە ئەو شوێنەی (نووری ئۆنووڕ) و هاورێکانی لێ دادگایی دەکرێن، ئەگەرچی قسەکردن و گاڵتە و پێەکەنین و بەکوردی قسەکردن قەدەغە دەبێت، بەڵام مووسا عەنتەر کە (نووری ئۆنووڕ) لە دەرگاکە دێتە ژوورەوە بە کوردی پێی دەڵێ “حەچە کەرە”، هەرچەندە لە بیرەوەریەکانیدا دەڵێت: “لە ڕۆژێکی ئاوا ناهەموارد شکاندنی هاوشارییەکی خۆم راست نەبوو، بەڵام کاک نووری هەقە ئاوای لەگەڵ بکرێت.”
بەداخەوە چ ئەوکاتە و چ ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کۆمەڵگەی ئێمە پڕە لە خەڵکانی وەکو ئەو “حەچە کەرەیە”، کە تەنیا لەیەک درزەوە شتەکان دەبینن. لەم رۆژانەدا خەڵکانێکی “دێماخسیز” کەوتوونەتە گیانی مام هەژار کە بەسەر دووبەرەدا دابەش بوون، بەڵام هەردوولایان لە “حەچە کەرە ”زیاتر نین، ئاخر مام هەژار هی ئەوەیە سووکایەتی پێبکەیت یان مامۆستای نەخوێندەوار بێت پرسیاری لەسەر دابنێت. ئاخر ئەوەی پرسیاری لەسەر داناوە و لە ٢٤ پرسیار ١٤ پرسیاریان وەڵامەکەی هەژار موکریانییە، دەبوایە لەسەر ئەو کوردییەی کە پرسیارەکانی پێ نووسراوە ، شاربەدەر بکرێت، تەنانەت ناوی هەژار موکریانی بەیەکەوە نووسیوە.
بەلاکەی دیکەدا، کۆمەڵێک دەمهەراش و ریسوای بەردەمی بەرپرسەکان، هاتوون بە بەهانەی ئەوەی لیژنەیەکی سەقەت و نەخوێندەوار بە حسابی ئەوان لەبەر خاتری پارتی بەشان و باڵی هەژاریاندا هەڵداوە و پەروەردەیان بە حیزبی کردووە، لیکاو بەدەمیاندا دێتە خوارەوە و قاچی هەژار و ژەنراڵ بارزانیان گرتووە، ئاخر ئەوە ناهەقییە، ئەوە هیچ کە هەژار پارتی نەبووە، بەڵام هەر ئەم بەچکە قازانەی دەیان ساڵە دەیڵێن و دەیڵێنەوە کە بارزانی پارتی نەبووە و ئیمانی بە حیزبایەتی نەبووە، خۆ هیچیان راست نەبێت ئەوەیان راست گوتووە، خێرە ئێستا دەتانەوێت بە حسابی خۆتان لە ژەنراڵ بارزانی بدەن، دەیکەن پارتی و دەتانەوێت بە حسابی خۆتان بچوکی بکەنەوە، ئاخر ئەوە گەوجێتی بەشێک لە پارتییەکانیشە کە دەیانەوێت بەزۆر ژەنراڵ بارزانی بکەنە پارتی و لەژێر سێبەری ئەودا درێژە بەکارە ناشایستەکانیان بدەن، ئاخر بارزانی خۆی بە سەرۆکی کورد زانیوە و کوردیش هەر بەسەرۆکی خۆیان زانیوە، دەنا نە ژەنراڵ بارزانی پێویستی بە پیاهەڵدانی “حەچە کەرە”کانە، نە هەژاریش پێویستی بە تاقیکردنەوەی مامۆستای کوردینەزان و نەخوێندەوارە. ئەوانەشی کە بە فرسەتی دەزانن و دەیانەوێت شەڕی کۆنەقین بە هەژار بفرۆشن و بۆ چەند قروشێک خۆیان دەخەنە جێگای (نووری ئۆنووڕ)، بەڵام دەبێت لەبەردەم مێژوودا هەمیشە کزۆڵە دانیشن، ئاخر مێژووی خەڵکانی وەکوو مووسا عەنتەر و مام هەژار دیارە و مێژووی ئەوانیش دیارە.
هەرچەندە من حەدی ئەوەم نییە مەیتەری ئەسپەکانی جوامێرانی وەکو هەژار و مووسا عەنتەربم، بەڵام لەیەک شتدا وەکو ئەوان بیردەکەمەوە، کاتێک لە دادگا، دادوەر لە مووسا عەنتەر دەپرسێت: بۆچی بارزانیت خۆشدەوێت و لە عەرەبیش پەست و توڕەی؟ ئاپێ مووسا لە وەڵامدا بە دادوەرکە کە ناوی عەلی بووە دەڵێت: “جەنابی دادوەر کاک عەلی لەبەر چ هۆکارێک لە بارزانی پەستیت، منیش لەبەر هەمان هۆکار خۆشم دەوێت”.
خوا شایەتە منیش هەر لەبەر ئەوە ژەنراڵ بارزانیم خۆش دەوێت و هەژار و مووسا و خەڵکانی دیکەیش هەر لەبەر کوردایەتی و کوردستانی بوون ژەنراڵ بارزانیان خۆشویستووە نەک هیچ شتێکی دیکە و نەک لە بەر پارتی، بەڵام بەداخەوە (حەچە کەرەکان) تێناگەن.