“کرێگرتەیی لە جیهاندا: پاشخانێکی مێژوویی”
کتێبەکانی مێژوو باس لە چەندین ململانێ و جەنگ دەکەن کەوا کرێگرتە، مرتزقة Mercenary تێیاندا بەشدار بوون لەبەرانبەر ماڵ و ساماندا و زۆرێک لە ئیمپراتۆریا و حکوومەتە کۆنەکان بیریان لە بەکارهێنانی جەنگاوەری بێگانە کردووەتەوە دژ بە لایەنەکەی تر، بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش و داگیرکردن. لەوانەش ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی کەوا خێڵە جەرمانییەکانی بەکاردەهێنا لە جەنگ و داگیرکارییەکانیدا، بە هەمان شێوەش ئیمپراتۆرییەتی یۆنانیش. ئەم دیادەیە تا سەدەکانی ناوەڕاست تەشەنەی کردبوو، هەرچەندە سوپای نیزامییش پێکهێنرابوو و دەوڵەتیش بە چەمک و تێگەیشتنی نوێ دروست بوو بوو. لە سەدەی چواردەدا ئیمپراتۆرییەتی بیزنتی پەنای دەبردە بەر کەسانی کرێگرتە و ناوی “موکافار”ی لێ نابوون و هاوکارییان دەکرد لە شەڕی دژ بە تورکدا. لە سەدەی هەژدەوە بازاڕی کرێگرتە برەوی وای نەما و دیاردەکە تا دەهات ڕووی لە کزی دەکرد، بەتایبەتی پاش پەیدابوونی خولیای ناسیۆنالیزم و پرەنسیپی مافی هاووڵاتیبوون و دروستبوونی سەربازی نیزامی، کە تێیدا سەربازگرتن تەنها قۆرخ بوو بۆ هاووڵاتییانی دەوڵەت و ئەوان ئەرکی بەرگریی نیشتمانیان لەئەستۆ بوو. بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی بیست بەملاوە سەرلەنوێ دیاردەی کرێگرتە زۆر بەخێرایی زیادی کرد و خۆی سەپاند بە سەر واقیعی زۆرێک لە وڵاتاندا و بوو بە پیشەیەک کەوا سەدان هەزار کەسی بۆ خۆی ڕاکێشا و لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ و سەرەتای سەدەی ٢١دا دیاردەکە هێجگار زۆر پەرەیسەند، بەتایبەتیش پاش ئەوەی کۆمپانیای جیهانی دروستکرا بۆ خەڵکی کرێگرتە لە ژێر ناوی کۆمپانیای ئەمنی و سەربازیدا کە هەزاران کەسی کرێگرتە لەخۆدەگرن لە سەرانسەری جیهاندا.
– زاراوەی کرێگرتە نوێ نییە و کوشتن لەپێناوی پارە و ساماندا بە دووەم پیشە دادەنرێت لە جیهاندا و زۆربەی ئیمپراتۆرییەتەکانی مێژوو پەنایان بردووەتە بەر کرێگرتە بۆ جەنگەکانیان و ڕاپەڕاندنی ئەرکە تایبەتەکان. یەکەم ڕووداو کە لە مێژوودا تۆمار کرابێت بەکارهێنانی کرێگرتەیە لە ڕیزەکانی سوپای سۆمەریدا بە سەرکردایەتیی مەلیک شووڵگی لە بنەماڵەی ئوور (ساڵی ٢٠٩٤ پ. ز لەدایکبووە و ساڵی ٢٠٤٧ مردووە).
– لە ساڵی ٤٨٤ی پێش زایندا کۆرشی یەکەمی پاشای وڵاتی فارس یۆنانی داگیر کردووە بە هاوکاریی کرێگرتەکانی ئەو وڵاتە. لە ساڵی ٤٠١ پ. ز کۆرشی بچووک سوپایەکی دە هەزار سەربازی یۆنانی بەکرێ گرتووە بۆ وەرگرتنەوەی تەخت و تاجی پاشایی لە براکەی خۆی، بەڵام لە شەڕی کۆناکسادا لە نزیکی بەغدای ئێستاوە سەرباری سەرکەوتن کۆرش کوژراوە و سوپا بەکرێگراوەکەش ئەوەی لێ ماوەتەوە بە دەم شەڕوشۆڕی زۆرەوە بە کوردستاندا بەرە و دەریای ڕەش گەڕاوەتەوە بۆ یۆنان. زینۆفۆنی مێژوونووس و فەلەسووفی گریک و قوتابیی سوکرات، لە کتێبەکەیدا “ئەناباسیس” بە وردی باسی لەم بەسەرهاتە کردووە.
– لە ساڵی 378 پ. ز، ئیمپراتۆرییەتی ئێرانی ئێفیکراتسی جەنەراڵی دەوڵەتی ئەسینای بەکرێ گرتووە لەگەڵ هێزەکەیدا لە هێرشکردنیدا بۆ سەر میسر.
– مەمنۆنی ڕۆدس بە سەرکردایەتیی هێزی کرێگرتە یۆنانییەکان شانبەشانی داریوشی پاشای ئیمپراتۆرییەتی ئێران شەڕیان دەکرد، کاتێ کەوا لە ساڵی ٣٣٤ پ. زدا ئەسکەندەری مەکەدۆنی وڵاتی فارسی گرت و لە شەڕی سەر ڕووباری گرانیکۆسدا سەرکەوت.
– هەروەها یۆنانییەکان وەک کرێگرتە و شارەزای هونەری جەنگ شەڕیان بۆ پاشاکانی هندستانیش دەکرد.
– لە زۆربەی جەنگەکانی دەوڵەتی قرتاج لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا پەنای دەبردە بەر جەنگاوەرانی کرێگرتە.
– لە دوادوایی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا و بە هۆکاری سیاسی و کورتهێنانی مرۆیی و چەک و جبەخانە لە جەنگەکانیدا پەنای دەبردە بەر جەنگاوەرانی کرێگرتەی بەربەر.
– ئیمپراتۆرییەتی بیزنتەش پەیڕەویی هەمان سیاسەتی ڕۆمای دەکرد و بەزۆری لە جەنگەکانیاندا فەرەنگییان بەکرێگرتووە و فەرەنگییەکان کە لە بنەچەدا بازرگانی سوێدی بوون و ڕۆژهەڵاتی ڕووسیایان داگیرکردووە، دواتر پاسەوانی شەخسی ئیمپراتۆرەکانی بیزنتە بوون لە سەدەی چوارەوە بۆ چواردە و وەک ڕێکخراوێکی ئەمنییان لێ هاتبوو کە هەر ئیمپراتۆرێک پارەی زیاتر بدایە و ڕێگەی تاڵانی لێ نەگرتنایە ملکەچی ئەو دەبوون. ئەمانە ڕۆڵی بنەڕەتییان بووە لە پاراستنی یەکێتیی ئیمپراتۆری و تەخت و تاجی بیزەنتی. ڕۆڵی ئەمانە لە ساڵی ١٢٠٤دا کۆتایی هاتووە کاتێ کە ئەوروپییە ڕۆژئاواییەکان لە ماوەی هێرشی خاچداریی جوارەمدا لە قوستەنتینە کشاونەتەوە.
– لە ئیتالیا، کۆندۆتیێرۆ سەرکردەیەکی سەربازی بوو و هێزەکانی بە کرێ دەدایە دەوڵەت- شارەکانی ئیتالیا کاتێ دەکەوتنە جەنگەوە لەگەڵ یەکتر و هەر لەم ڕێگەیەشەوە خۆی کرد بە دۆقی میلانۆ لە ساڵی ١٤٥٠دا.
– لە دوادوایی سەدەکانی ناوەڕاستدا کۆمپانیا یان نێزەی ئازاد پێکهێنرابوو لە تاقم تاقمی هێزە کرێگرتەکان، دەوڵەتە نەتەوەییەکانیش بودجەی پێویستیان نەبوو بۆ ڕاگرتنی هێزی هەمیشەیی و لە جەنگەکانیاندا پەنایان دەبردە بەر بەکرێگرتنی ئەو کۆمپانیانە. سەرباز و جەنگاوەرە دێرینەکان لە پاش خزمەت کاریان بۆ ئەوە کۆمپانیایانە دەکرد لەبەر ئەوەی قاڵبووی هونەری جەنگ بوون.
– کۆمپانیای سپی کە “سێرجۆن هۆکوود” بەڕێوەی دەبرد بەناوبانگترین کۆمپانیای هێزی کرێگرتە بووە و لە نێوان سەدەکانی ١٣ و ١٧دا شەڕی زۆری کردووە لە ناو دوورگەی بەریتانیا و کیشوەری ئەوروپاشدا.
– نیکۆڵۆ میکیاڤیللی لە کتێبی “میر”دا مشتومڕی زۆری کردووە دژ بە پەنابردنە بەر سوپای کرێگرتە، چونکە تەنها پاڵنەری پارە بووە و هیچ دڵسۆزییەکی بۆ ئامانجەکان نەبووە.
– لە هەردوو سەدەی ١٧ و ١٨دا، بەشێوەیەکی بەرفراوان پەنا بۆ سەربازانی کرێگرتە دەبرا لە سوپاکانی ئەوروپادا و بەتایبەتی لە جەنگی ٣٠ ساڵەی ئەوروپادا، کە بەشێکی زۆری ئەڵمانیا لەلایەن هێزە بەکرێگیراوەکانەوە وێران و تاڵانکرا و ئەمەش بوو بە هۆکاری پێکهێنانی سوپای هەمیشەیی لە سەربازی پیشەیی.
– لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە چین بە شێوەیەکی ڕێکوپێک پەنا دەبرایە بەر هێزی کرێگرتە لە سەردەمی مەملەکەتەکاندا کە بەردەوام لە شەڕکردنی یەکتردا.
– لە سەردەمی داگیرکردنی ڤێتنام لەلایەن فەرەنساوە، جەنگاوەرە کرێگرتەکانی چین کە سەر بە سوپای ئاڵای ڕەش بوون لە ڤێتنامییەکان سەرسەختانەتر شەڕی فەرەنسایان دەکرد.
– لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا و لە سەردەمی میرەکانی جەنگی چیندا زۆرێک لە کرێگرتە ئەمریکی و بەریتانی و رووسەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە شەڕکردندا بۆ میرانی جەنگی چین.
– لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ی ڕووسیا ڕۆژئاوا هێزێکی زۆری کرێگرتەی ناردە ئەو وڵاتەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی حوکمی سۆڤێتی.
– لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ڕیگان ڕووخاندنی حکوومەتی ساندنیستای چەپڕەو بوو لە ڕێگەی جەنگاوەرانی کۆنتراوە کە هێزێکی کرێگرتە بوون.
– لە میسری کۆنیشدا، پاشاکانی ئەو وڵاتە پەنایان بردووەتە بەر جەنگاوەری بەکرێگیراو لە جەنگەکانیاندا. لە سەدەی سیانزەی پ. زدا فیرعەون ڕەمسیسی دووەم یانزە هەزار کرێگرتەی بەکارهێناوە لە شەڕەکانیدا، کە لە دەرەوەی میسرەوە هێنابوونی.
– لە سەدەی بیستدا و لە نێوان وڵاتان و بزووتنەوە چەکدارییەکانی ئەفریقادا چەندین هێزی کرێگرتە و میلیشیایی شەڕی هێجگار خوێناوییان کردووە.
– لە ساڵی ١٨٠٧دا محەمەد عەلیی گەورەی والیی عوسمانی لە میسر سەربەخۆیی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند و ٤٠٠ کرێگرتەی فەرەنسیی هێنا بۆ مەشق پێکردنی سوپاکەی. لەپاش جەنگەکانی ناپلیۆنیش، کرێگرتەی زۆرتری هینا لە هەموو لایەکی ئەوروپا و ئەمریکاوە بۆ مەشقدانی سوپاکەی. کوڕ و نەوەکانیشی لە حوکمدا لە دوای ئەو هەمان ڕێچکەیان گرتەبەر.
– لە شەڕی ناوخۆی سووریادا جەنگاوەرانی میلیشیا و گرێگرتەی ڕژێمی سووریا و تورکیا و ئێران و تەنانەت ڕووسیاش ڕۆڵی بەرچاو دەبینن. تورکیاش میلیشیا کرێگرتە سوورییەکان بە فراوانی بەکاردەهێنێت دژ بە کورد لە ڕۆژئاڤادا.
– لە ئێراق و پاش گۆڕینی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەمریکا و هاوپەیمانان زۆربەی کردەوە سەربازییەکانیان لە ڕێگەی جەنگاوەرە کرێگرتەکانەوە ڕایی دەکرد، بەتایبەتیش کرێگرتەکانی سەر بە کۆمپانیای سیکیوریتیی بلاکوەتەر Black water، کەوا دژ بە خەڵکی ئێراق تاوانی زۆریان بەرپاکردووە و لە سزاش بەدەر بوون. هەروەها میلیشیا جۆراوجۆرەکانی سەر بە ئێران و حیزبە ئیسلامییە شیعە و سوننەکان دۆخی ئێراقیان بەتەواوی ئاڵۆز کردووە و تاوانی زۆر و قێزەون ئەنجام دەدەن و لە سزاش بەدەرن. بێجگە لەوەش میلیشیا ئیسلامییە سوننە توندرەوەکانیش، هەر لە داعش و پێشتر قاعیدە و ناوی تر لە ئێراقدا و ڕێکخراوەکانی وەک جوند و ئەنساری ئیسلام وداعش لە کوردستاندا تاوانی قورسیان ئەنجامداوە و سەبارەت بە داعشیش هێشتا هەر بەردەوامە.
- ناوی کرێگرتە یان بەکرێگیراو لە یەکەم پرۆتۆکۆڵی ساڵی ١٩٧٧دا هاتووە کەوا کراوەتە پاشکۆی ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٤٩ی جنێڤ و ئەم پاشکۆیە یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتییە، لە بەڵگەکانی یاسای یاسای نێودەولەتیی مرۆڤایەتی، کەوا باسی لە دۆخی کرێگرتە کردووە و لە مادەی ٤٧ – ٢دا پرۆتۆکۆلەکە بەم جۆرە وەسفی کرێگرتەی کردووە کەوا کەسێکە:
– بەتایبەتی لە ناوخۆ یان دەرەوەدا ناونووس دەکرێت بۆ شەڕکردن لە ململانێیکی چەکدارانەدا.
– ڕاستەوخۆ و بەکردەوە بەشدار دەبێت لە کردەوەی دوژمنکارانەدا.
– لەبنەڕەتدا هاندەری بۆ بەشداربوون لە کردەوەی دوژمنکارانەدا مەبەستی دەستکەوتی شەخسییە.
– هاووڵاتیی لایەنی ململانێکە نەبێت و نیشتەجێی ئەو شوێنە نەبێت کە لەژێر ڕکێفی یەکێک لە لایەنەکانی شەڕ و ناکۆکییەکەدا بێت.
– ئەندامی هێزە چەکدارەکانی هیچکام لە لایەنەکانی ناکۆکییەیە نەبێت.
بەم پێیە دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان کەسی خۆبەخش و کریگرتەدا و ئەمیان بەشداری کاری دوژمنکارانەی لایەنێکی شەڕ و ململانێکە دەبێت بە مەبەستی دەستکەوتنی سامان و پارە، بەڵام کەسی خۆبەخش کە لە بەرژەوەندیی لایەک شەڕ دەکات دژ بە لایەنێکی تری ململانێکە ئەوە پاڵنەری سەرەتا و پرەنسیپێکە کەوا بەرگریی لێ دەکات. لە یاسای نێودەوڵەتیشدا ڕێگریی لە لایەنێکی ناکۆکی و ململانێ ناکرێت کەوا خۆبەخش وەربگرێت دژ بە دوژمنەکەی لەپێناوی سەرکەوتندا.
“هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی لە کرێگرتە (مرتزق)”
پەنابردنە بەر کرێگرتە کارێکی قێزەونە لە ڕووی یاسایی و مۆراڵەوە و ئەمەش وایکردووە کە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەفریقا لە ساڵی ١٩٧٧دا ڕێککەوتننامەیەک مۆر بکات بە مەبەستی لەناوبردنی کرێگرتەیی لە ئەفریقادا، بەهۆی ئەو زیانە زۆرانەوە کە تووشی ولاتە تازە سەربەخۆکانی ئەفریقا هاتن لە ئەنجامی پەنابردنە بەر بەکارهێنانی کرێگرتە وەک کەرەستە و ئامرازی جەنگ لە ماوەی هەڵوەساندنەوەی کۆڵۆنیاڵی لە ئەفریقادا. سەبارەت بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەوە چەندین ڕاپۆرت لەم ڕووەوە پێشکەش کردووە و ئەو ڕاسپاردە و بڕیارانەی کەوا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە بوون بە هۆی گەڵاڵە کردنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دژ بە ماندێت و هاوکاری و مەشق پێکرنی کرێگرتە لە ساڵی ١٩٨٩دا و ئەنجومەنی ئاسایشیش لای خۆیەوە چەندین بڕیاری دەرکردووە کەوا تێیاندا بەکارهێنانی کرێگرتەی قەدەغە کردووە و لەوانە بڕیارێک لە ساڵی ١٩٦٦دا کەوا بەسەربازگرتنی کرێگرتەی قەدەغە کردووە بۆ ڕووخاندنی حکوومەتەکانی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا و بڕیارێکی ساڵی ٢٠٠٣ی ئەنجومەنی ئاسایش کەوا ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لەبارەی تەشەنەکردنی چالاکیی کرێگرتە.
وا دەردەکەوێت کە ئەو لایەنانەی کرێگرتە بەکاردەهێنن خۆ لە بەرپرسیاری دەدزنەوە و پاڵپشتیشیان لەمەدا نەبوونی ئەو دەقە یاساییە نێودەوڵەتییانەیە کە بەرپرسیارێتی بخاتە سەر ئەم لایەنانە. چونکە پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەولەتییەکان چ لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان و چ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتیی ناخەنە ئەستۆی ئەو دەولەتانەی کرێگرتە ڕادەگرن. بەم جۆرە کرێگرتە بەدیاریکراوی بەرەوڕووی دوو بواری یاسایی نێودەوڵەتی دەبنەوە، چەنکە مادە ٤٧ی پرۆتۆکۆلی یەکەمی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ سیفەتی جەنگاوەر و دیلی جەنگ نادەنە کرێگرتە، بەڵام تاوان نادەنە پاڵ کرێگرتەیی، کەچی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بەرهەڵستیی کرێگرتە و بەکارهێنانیان و یارمەتیدانیان و مەشقپێکردنیان بەسەربازگرتنی کرێگرتە یان بەکارهێنانیان یان مەشقپێکردنیان یان پارەدارکردنیان تاوانبار دەکات و ٤٣ دەوڵەت ئەم ڕێککەوتننامەیەیان مۆرکردووە.
“کرێگرتەیی لە ئێراق و کوردستاندا”
وەک لە پێشەوە ئاماژەمان پێکرد کەوا پەیرەوی کردنی سیاسەتی بە سەربازگرتنی کرێگرتە لە ئێراقدا یەکەمجار لە لایەن بەریتانییەکانەوە دەستیپێکرد لە ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کاتێ کە لەو ناوچانەی باشووری ئێراق کە داگیریان کردبوو بە ئاستێکی کەم خەڵکیان بە کرێ دەگرت بۆ پاسەوانی و پاشان کە بەغدا و تەواوی ئێراقیان گرت پەرەیان بەم مەسەلەیە دا و هێزی لێڤیی کرێگرتەیان بەزۆری لەو ئاشوورییانە پێکهێنا کە لە ناوچەی هەکارییەوە هەڵاتبوون بۆ ئێراق و پاشان هەندێک کورد و عەرەب و نەتەوە و تایفەکانی تریان بۆ هەمان مەبەست پێکهێنا و ئەم دەستە و تاقمانە تا سەرەتای ساڵانی ١٩٤٠کان بەردەوام بوون و ئەفسەرەکانیان ئینگلیز و نەفەرەکانیشیان ئەوانە بوون کە باسمان کردن و لە ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کاندا هەندێ کێشە و پشێوییان بەرپاکرد.
لە پاش سەردەمی پاشایەتی و هاتنە سەر حوکمی سیستەمی سیاسیی کۆماری لە ئێراقدا لەئەنجامی شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ و دواتر تێکچوونی “عەبدولکەریم قاسم”ی سەرۆک وەزیرانی ئێراقی کۆماری لەگەڵ جووڵانەوەی نەتەوەیی کورددا، کە لە ئەیلوولی ١٩٦١ شۆڕشی ڕاگەیاند و سوپای ئێراق کەوتە بۆردمان و سووتاندنی گوندەکانی کوردستان، ئەو دەمە حکوومەتی ئێراق کەوتە ئەوەی خەڵکێک بخاتە ژێر چەکەوە کە بەدەر لە یاسا و ڕێسای هێزە چەکدارەکانی ئێراق، بە سوپا و پۆلیسەوە، کار بکەن. بیرمە لە ساڵی ١٩٦٢ دا لە گەرمیان، بە تەمەنی منداڵیی نۆ ساڵیمەوە، گوێبیستی ناوی کەسێک دەبووم لە گوندێکی بەری ڕۆژهەڵاتی سیروان (کە ئێمە پێماندەوت ئەوبەری سیروان) سەرکردایەتی تاقمێکی دەکرد و چەکیان بۆ حکوومەت هەڵگرتووە دژ بە شۆڕشی کورد. بەم تاقمە میلیشیا یان پارامیلیتارییەیان دەوت “پۆلیسی غەیرە نیزام” و ئەگەر بیرم نەچووبێت ئەم ڕووداوە بووبوو بە ویردی سەر زمانی خەڵک، کەوا چەند شوورەییە ئەم کابرایە و تاقمەکەی چەکیان دژی مەلا مستەفا و شۆڕشی کورد هەڵگرتووە و بێشەرمانەش پێش سوپا دەکەون بۆ گوند سووتاندن و دەشیانگوت گوایە ماڵی خەڵکیش تاڵان دەکەن و تەنانەت قەل و مریشکیش دەبەن!
ئەم بارە زۆری نەخایاند و کوودەتای شوباتی ١٩٦٣ بەرپا بوو و ڕژێمی قاسم ڕووخا و بەعسییەکان و “عەبدولسەلام عارف” هاتنە سەر حوکمی ئێراق و باری سیاسی گۆڕا و میلیشیای چەکداری نیمچە فەرمیی “حەرەس قەومی” سەر بە ڕژێمی نوێی کوودەتاچی کەوتنە کوشت و بڕێکی بێئامانی خەڵکی ئێراقی هەوادارانی قاسم و پاش ماوەیەکی کورتی دانوستانی درۆینە و پڕ لە چاووڕاو لەگەل بزووتنەوەی کورددا، ڕژێمی بەعسی کەمێک خۆی گرت و ئەوجا بە سوپا و هێزی حەرەس قەومیی کرێگرتەوە کەوتنە شەرەوە لەگەڵ کورد و جووڵانەوە نەتەوەییەکەیەوە و درێغییان نەکرد لە گوند سووتاندن و کوشتن و تاڵانکردن. چەند مانگیک دواتر “عەبدولسەلام عارف” بەعسییەکان و حەرەس قەومی دوورخستەوە و پاش گەڕێکی تری دانوستانی سەرنەکەوتوو لەگەڵ سەرکرایەتیی بزووتنەوەی کورددا، ئەمیش بە سوپا و تەواوی هێزی چەکداریەوە کەوتەوە وێزەی کوردی سڤیل و لەم قۆناخەدا ڕژیمی ئێراق کەوتە پەیڕەویکردنی چەکدار کردنی خێڵە عەرەبە بەدووەکان و هەندێک لە خێڵی کورد، لە ژێر ناوی “فورسانی خالیدی کوڕی وەلید” بۆ خێڵە عەرەبەکان و “فورسانی سەڵاحەدینی ئەییوبی” بۆ خێڵە کوردەکان و لێرەوە ئیتر خەڵک زاراوەی “جاشی” بڕی بەسەر ئەم دوو هێزە عەشائیرییە نانیزامییەدا و شەڕی پێشمەرگە و تاڵان و گوند سووتاندنیان پێ ئەنجام دەدان. لێرە بەدواوە وردە وردە جاشی کورد زیادی کرد و حکوومەت پارە و ئیمتیازاتی بۆ هەڵدەڕشتن و لە ڕێگەی دام و دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی خۆیەوە (ئەمن و ئیستیخبارات) کەوتە کارکردن لە سەر ئەو سەرۆک عەشیرەت و شێخ و ئاغایانەی بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان چووبوونە پاڵ شۆڕشی کورد و کاتی زانییان پارە و ئیمتیازاتی حکوومەت زیاترە و لەبەری شۆڕشەوە تەنها باوەڕ و قەناعەتە بە دەستبەر کردنی مافی نەتەوەی بۆ کورد، کە ئەو دەمە خۆی لە مافی حوکمی لامەرکەزی و هەندێ مافی کولتووریدا دەبینییەوە، بۆیە ئەوانە بایاندایە بە لای ڕژێمدا و بوون بە هێزی کرێگرتەی نانیزامی، واتە جاش لە دیدی خەڵکەوە و کەوتنە شەڕی پێشمەرگە و تاڵان و چەپاوکردنی کوردە دێهاتنشینەکانی هاووڵاتی و هاوخوێنی خۆیان و حکوومەتیش دەسەڵات و ئیمتیازی باشی دابوونێ. لەملاشەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد وردە وردە گەندەڵی و داڕووخانی تێکەوت و هەندێک لە توێژی سیاسی و فەرماندەکانی پێشمەرگە کە زیاتر بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان بەلاوە گرنگ بوو وەک لەوەی ئامانجە نەتەوەییەکانی خەڵکی ڕەشوڕووتی کورد، بوون بە هۆکاری نائومێدی لە لای ژمارەیەک پێشمەرگە و وای لێهات خۆڕادەستکردنەوە و بوون بە جاش دیاردەیەکی ئاسایی بێت و چیتر ڕژێم پێویستی بە جاشی عەرەب نەما و جاشی کورد خۆی ئەو کارەی ئەوانیشی دەکرد و لەم قۆناخەدا بەشێک لەو سیاسەتەی ڕژێمی عێراق سەرکەوت بەوەی کە سیاسەتی کورد بە کورد بە کوشت بدات.
لە ساڵی ١٩٦٨دا جارێکی تر بەعسییەکان هاتنەوە سەر حوکم لە ئێراقدا و لە بەرانبەریشیاندا بزووتنەوەی کورد زیاتر بەهێز بووبوو، بۆیە ناچار بوون لە ساڵی ١٩٧٠دا دان بە ئۆتۆنۆمیدا بنێن و لە ماوەی چوار ساڵدا جێبەجێی بکەن، بەڵام چوار ساڵی پڕ لە فێڵ و تەڵەکە و پیلانگێڕی و ئەمجارەیان لە ڕژێمەکانی پێشتری ئێراق زیاتر پەنایان بردە بەر ئەوەی خەڵکی کورد بکڕن و بیکەن بە کرێگرتە و سیخوڕ. ئەوجا بێجگە لە خێڵ و عەشیرەت حیزبی سیخوڕ و کرێگرتەش هاتە ئاراوە و دەزگایەکی زەبەلاحی ئەمن و ئیستیخباراتیش ئەم ئەرکەیان لەئەستۆگرت. لە پاش خۆماڵی کردنی نەوتیش لە ساڵی ١٩٧٢دا بودجە و سامانی ئێراق بە شێوەیەکی ناسروشتی زیادی کرد و ڕژێم بەشێکی زۆری ئەم بودجەیەی تەرخانکرد بۆ کڕینی چەکی جۆراوجۆری نوێ و بنیاتنانی سوپایەکی قەبە و زەبەلاح لە ڕووی ژمارە و چەکەوە و هەروەها بنیاتنانی دەزگایەکی بەهێزی ئەمن و هەواڵگریی تۆکمە بە نوێترین تەکنیک و ئەزموونی دەرەکیی شارەزای ئەم بوارە.
شانبەشانی ئەمەش کەوتە پەیڕەویکردنی سیاسەتی بەبەعسی کردنی سەرانسەری ئێراق لە ڕێگەی دەزگا ئەمنی و حیزبییەکانەوە کە ڕۆڵی یەکتر تەواوکردنیان دەبینی، سیاسەتێک کەوا لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە زۆربەی خەڵکی ملکەچ کرد و کردنیە خەفیە و سیخوڕ بەسەر یەکترەوە. هەمان سیاسەتی لە کوردستاندا جێبەجێ کرد لە پاڵ بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکانی هاوسنوور لەگەڵ عەرەب یان تێکەڵەی کورد و تورکمان و عەرەبدا و بەتایبەتی ناوچە نەوتدارەکانی کەرکووک و مووسڵ دیالە. ئەم سیاسەتە ڕژێمەکانی پێشتریش لە ئێراقدا دەستیان دابوویە بەڵام بەعسییەکان زیاتر پەرەیان پێدا و پاش دەستپیکردنەوەی شەڕی کورد و ڕژێم و شکستخواردنی جووڵانەوەی لەئەنجامی ڕێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥دا و هەرسهێنانی شۆڕشەکە، ڕێگە بەتەواوی تەخت بوو بۆ ڕژێمی بەعس کە جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی لە بەرانبەر کورددا بێ بەرەنگارییەکی ئەوتۆ بباتە ئاستێکی ترسناک و تەعریب بێ قۆرت جێبەجێ دەکرا و ملکەچ پێکردن و بەبەعسی کردن بوو بە مەسەلەیەکی باو و کەم بوون ئەوانەی بەرەنگاری ئەم سیاسەتە دەبوونەوە. لەم سەردەمەدا و تا ساڵی ١٩٨٠ باری دەروونیی خەڵکی کوردستان بەجارێ تێکچوو بوو و ئاسۆکان تاریک و خەلک بەجارێ نائومێد بووبوون. ژمارەی جاش و کرێگرتە و سیخوڕی ڕژێم تا دەهات ڕوو لە زیادی بوو، بە جۆرێک کە لای زۆرێک لە خەڵکە ئاساییەکە ئەو هەستکردن بە لەکە و شوورەییەی جاران نەما کەوا کەسێک جاش بێت یان بەعسی بێت یان تەنانەت ئەمن و سیخوڕیش بێت و بێشەرمانەش ئەو کارەیان دەکرد. ئەوجا هەلپەرستی و بەژەوەندی پەرستی و ئەمبەر و ئەوبەر کردن لە عێراقدا بەگشتی و لە کوردستانیشدا بەتایبەتی بووبوو بە عادەتێکی باو و ئەو هەموو گۆرانکارییانەی لە ساڵی ١٩٥٨وە ڕوویاندا وایکرد لە توێژێکی بەرچاوی خەڵک کە گۆڕینی وەلاء و لایەندارییان لەم حیزب بۆ ئەو حیزب پێ ئاسایی بێت و لە کوردستانیشدا لایەنەکانی جووڵانەوەی نەتەویی کورد تاڕادەیەک برەویان بەم لایەنە دەدا.