هەرێمی کوردستان لە چەند بەرهەمێکدا ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە و ئەوەی زیاترە لە پێداویستی نێوخۆ هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقی دەکات، لەوانە تەماتە، پەتاتە، شووتی، خەیار، پیاز و کوولەکە؛ هەروەها مریشک و هێلکە بەهۆی زیاتربوونی لە پێداویستی نێوخۆ هەناردە دەکرێت. ڕۆژانە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ مۆڵەت دەدەنە نزیکەی ٧٥٠ بارهەڵگر بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێراق، کە لە بارهەڵگری دوو تۆنییەوە دەستپێدەکات بۆ زیاتر لە ١٠ تۆنی. زۆرترین بەرهەم لە پارێزگای دهۆکەوە هەناردە دەکرێت، دواتر هەولێر و پاشان سلێمانی و هەڵەبجە.
لە بەرهەمی کشتوکاڵیدا چەندین جۆر سەوزە و میوە زیاترن لەنێوخۆ و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراق دەکرێن. ئەو بەرهەمانەی لەکاتی پێگەیشتنیاندا خۆبژێوییان تێپەڕاندووە و هەناردە دەکرێن زۆرن، لەوانە، تەماتە، پەتاتە، شووتی، خەیار، پیاز، بیبەر، باینجان و هەنار. پەتاتەی هەرێمی کوردستان جگە لەنێوخۆ بەشی هەموو ئێراقیش دەکات هێندە زۆرە. ئێستا تەماتە بە کەمی هەناردە دەکرێت، چونکە کەمێک تەماتەی نێوخۆی ئێراق ماوە. لە هەفتەی داهاتووەوە تەماتەی زۆر زیاتر هەناردە دەکرێت.
ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ١٠ هەزار و ٦٠٠ مۆڵەتی بە جووتیارانی هەولێر کوردستان داوە بەرهەمەکانیان ببەنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ساخی بکەنەوە. ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ مۆڵەت دەدەنە ٢٠٠ بارهەڵگر بەرهەمەکانیان ببەنە پارێزگاکانی دیکەی ئێراق و لەوێ ساخی بکەنەوە. لە پارێزگای سلێمانی ئاستی خۆبژێوییمان لە هێلکە، پەلەوەر، تەماتە، خەیار، کوولەکە و گەنم تێپەڕاندووە. ڕۆژانە نزیکەی ١٨٠ بۆ ٢٠٠ مۆڵەتی هەناردەکردن بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێراق دەدەنە بارهەڵگری جۆراوجۆر کە بەرهەمی نێوخۆی سلێمانی و سنووری شارەزوور و هەڵەبجە بگوازنەوە پارێزگاکانی دیکەی ئێراق.
لە شووتی، تەماتە، خەیار و پەتاتەدا ئاستی پێداویستی نێوخۆیان تێپەڕاندووە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقیان دەکەن. ڕۆژانە بە نزیکەیی ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ مۆڵەتپێدان بۆ بارهەڵگرەکان دەکەن کە بەرهەمی جووتیارانی سنوورەکە بگوازنەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێراق.
جگە لە سەوزە و میوە، مریشک و هێلکەش لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراق دەکرێن. هەرێمی کوردستان ئاستی خۆبژێوی لە هێلکە و مریشک تێپەڕاندووە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقی دەکات؛ هەروەها چەندین کارگەی دروستکردنی ئالیک دانراون و زیاتر لە بەرهەمی نێوخۆ بەرهەمیان هەیە و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقی دەکەن.
بە گوێرەی ئاماری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان رۆژانە حەوت هەزار کارتۆن هێلکەی پێویستە، بەڵام ١٣ هەزار کارتۆن بەرهەم دەهێنێت و ئەو شەش هەزاری دەمێنێتەوە هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراق دەکرێت، هەروەها هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ١٤٦ هەزار تۆن گۆشتی مریشكە، بەڵام زیاتر لە ٢٥٠ هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێندرێت و زیاتر لە ١٠٠ هەزار تۆنی هەناردەی پارێزگاکانی ئێراق دەکرێت.
ئەمساڵ ٦٥٠ هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندراوە، ئیمارات بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە هاوردەی وڵاتەکەی دەکات و کۆنسوڵی وڵاتەکەش لە هەولێر دەڵێت هەناردەکردنی پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئیمارات بەردەوام دەبێت. بەهۆی باشیی کوالێتیی بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وڵاتی ئیمارات رێککەوتن کراوە کە بەشێکی زۆری بەرهەمەکە بۆ پێداویستیی ئەو وڵاتە و زنجیرە خواردنگەکانی ماکدۆناڵدز لە ئیمارات، هەناردە بکرێت.
بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتەی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٦٥٠ هەزار تۆنە، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمە لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا تەنها دوو هەزار تۆن بوو، زیادبوونی ئەو بەرهەمەش وایکردووە لە پێویستیی نێوخۆ زیاتر بێت و هەناردە بکرێت. ئەو گرێبەستەی ڕۆژی دووشەممە؛ ٢٠٢٣/٠٨/٠٧ واژۆکراوە، بۆ ئەوەیە لە رۆژانی داهاتوودا پێنج هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی ئیمارات بکەین، بێگومان ئەگەر زنجیرەی خواردنگەیەکی بەناوبانگی وەک ماکدۆناڵدز ئەو بەرهەمە بکڕێت، واتا کوالێتیی بەرهەمەکە زۆر باشە.
نزیکەی ٢٠٠ تۆن پەتاتەی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بە بارهەڵگر هەناردەی ئیمارات دەکرێت و هەر لەم هەفتەیەشدا ٣٠٠ تۆنی دیکە هەناردەکراوە، هەروەها کوێت، ئوردن و ئازەربایجانیش داوای پەتاتەی هەرێمی کوردستانیان کردووە. دەشتی ناڤکۆر لە سنووری قەزای بەردەڕەش، دیارترین شوێنی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەمساڵ زیاتر لە ٢٥ هەزار دۆنم زەویی دەشتەکە بە پەتاتە چێنراوە و بەرهەمی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار تۆن بووە.
هەناردەکردنی پەتاتەی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات لەسەر داوای ئەو وڵاتەیە و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی وەبەرهێنەرانی ئیمارات پەتاتەکە دەنێرن. بڕیارە لەمەودوا، هەفتانە ٥٠٠ تۆنی دیکەی پەتاتە هەناردە بکرێت، کە ئێستا نزیکەی ٥٠٠٠ تۆن پەتاتە لە کۆگەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە. هەریەکە لە ئازەربایجان، کوێت و ئوردنیش خواستیان لەسەر پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەیە و داوایان کردووە بۆیان هەناردە بکرێت.
کۆنسوڵی ئیمارات لە هەولێر، باسی ئەوە دەکات، هەناردەکردنی پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت. ئەحمەد ئیبراهیم، کۆنسوڵی ئیمارات لە هەولێر وتی “پشت بەخوا پەتاتەی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی ٨٠٪ بۆ ٠٩٪ـی هەناردە دەکرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئیماراتی عەرەبی دەخوازێت پەیوەندییەکی بازرگانیی چاکتری لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت.”
هەناردەکردنی ئەو بڕە لە پەتاتە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە بووە، هەروها لە پلاندایە کە بۆ ساڵی داهاتوو بەرووبوومی پیازی ناوخۆیی هەرێمیش هەناردەی دەرەوە بکرێت.
“سەرنجێک لەسەر شێوازی هەناردەکردنی بەرووبوومی نێوخۆیی بۆ دەرەوە”
ئەوەی ڕۆژی دووشەممە؛ ٢٠٢٣/٠٨/٠٧ لە کاتی هەناردەکردنی بەرووبوونی نێوخۆیی پەتاتە بۆ دەرەوە بەدیکرا، بریتیبوو لە نووسینی “Product in Kurdistan”، لە کاتێکدا ئەو ڕێنووسە ئینگلیزییە سەرەڕای هەڵە بەپێی پێوەرە جیهانییەکان نییە، کە وا باوە بنووسرێت “Made in”. خۆ ئەگەر ئەو دەستەواژەی یەکەمیش بەکاربهێندرێت پێویستە بنووسرێت “Product of Kurdistan / Produced in Kurdistan”.