دوای کۆمەڵێک شکستی یەک بەدوای یەکی مەیدانی لەم ساڵانەی دواییدا، داعش تا ئاستێکی زۆر لاوزبووە. لە ئێستادا ئەم ڕێکخراوە هیچ زەوییەکی پاوانکراوی لە بندەستدا نەماوە و خەلافەتە مەکانییەکەی لەدەستداوە.
ئەوەی هەیە، لەهەندێ ناوچەی ئێراق و سوریا بەشێوەی مەفرەزەی بچوک بچوک و گەڕۆک بەسوود وەرگرتن لە جوگرافیا و سروشتی ئاڵۆزی ئەو ناوچانە توانیویانە خۆیان بشارنەوە و بەردەوامی بە بوونیان بدەن، بەتایبەت ئەو دەڤەرانەی چۆڵ و دوورەدەستن. ئەم دۆخی لاوازییەش بوبە مایەی ناکۆکی و ملاملانێ لەنێو ڕێکخراوەکەدا.
لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩وە، ڕێکخراوی داعش چوار خەلیفەی لەدەستداوە. کە بریتیوون لە ئەبو بەکری بەغدادی، عەبدوڵا قارداش، ئەبو حەسەن ئەلقورەیشی و دواترینیان ئەبو حوسێن ئەلحوسەینی بوو، کە میدیاکانی تورکیا لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا بڵاویان کردەوە کەوا لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیدا لە شارەدێی جندرێسی سەربە عەفرین لە سووریا کوژراوە. کە ئەمەی دوایی هەفتەی ڕابردوو دامەزراوەی میدیای فورقان کە سەربە باڵی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکەیە دانی بە کوشتنەکەیدا ناو کەسێکی تری بەناوی “ئەبو حەفس ئەلهاشمی” وەک خەلیفەی نوێ ناساند. هەر چوار خەلیفە کوژراوەکە بە ڕەگەز ئێراقی بوون بەڵام هەر چواریان لە سوریا کوژران.
ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە ئێراقدا هیچ ڕووبەرێک نەماوەتەوە بۆ ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە هێندە گەرەنتی ئەمنی تێدا بێت بۆ داڵدەدانی خەلیفەکەیان. ئەمە بەمانای ئەوە نایەت هەلومەرجیان لە سوریا باشتر بێت. هیچ کام لە خەلیفە کوژراوەکانی داااعش کە لە سوریا کوژراون لەو ناوچانەدا نەکوژراون کە سنووری هەژموون چالاکی ئەمنی ڕێکحراوەکە بێت، بەڵکو هەموویان پەنایان بردۆتە بەر ناوچەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە باکور و باکوری ڕۆژئاوای سوریا. ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە هەندێ بارودۆخ لەوانە ئەو پەیوەندییە تایبەتییانەی لەگەڵ سەرکردەی گروپە ئیسلامییە تیرۆریستییەکانی ئەو ناوچانەدا هەیانبووە لەوانە هەیئەی تەحریری شام و گروپی حوڕاسەدین. چونکە هەموو لە بنچینەدا لە هەناوی ڕێکخراوی قاعیدەوە هاتوونەتە دەرێ.
وێڕای خۆحەشاردان و خۆبەدوورگرتنیان، چەکدارەکانی ئەم ڕێکخراوە بە نێوەندگیری هۆزەکان، لەگەڵ ئەو هێزانەی کە لە ناوچەکاندا بوونیان هەیە جۆرێک ڕێکەوتنی ئاگربڕیان هەیە هەم لە ئێراق و هەم لە سوریاش. لەئێستادا، جۆرێک ململانێ و ناکۆکی لەنێوان باڵی سوریا و ئێراق لەسەر ڕێبەرایەتیکردنی ڕێکخراوەکە لە ئارادایە. بۆخۆی لەدوای کوژرانی بەغدادییەوە لە ٢٠١٩دا، زیاتر بەعسییەکان هەژمونیان بەسەر ڕێکخراوەدا کردووە. چونکە هێڵی یەکەم و نەوەی سەرەتای جیهادی ئێراقی تا ئاستی تەواوەتی لەناوچوون. هەموو خەلیفەکانی دوای بەغدادی تەنانەت بۆ یەکجاریش نەیانتوانییووە لێدوانێکی بینراو بڵاو بکەنەوە.
هەموویان بەناوی خوازراوەوە خۆیان ناساندووە و ناوی ڕاستەقینەی خۆیان شاردۆتەوە و ڕێکخراوەکە بەیعەتی بە نەناسراو داوە. لە ئێستادا پەیکەری ئۆرگانی ڕێکخراوەکە داڕووخاوە و ئەوەی پێی دەوترێت ئەنجومەنی شورا کە بە قەولی خۆیان ” اهل الحل و العقد” یشی پێدەڵێن لەگەڵ لێژنەی بەڕێوەبردن و دیوان و نوسینگەکانیان بوونی نییە و تەنها ناوەکەی بەکاردێنن. ئەوەی هەیە وتەبێژێکە و ناوی خوازراوی خەلیفەیەک.