شێرکۆ بێکه‌س (1940-2013) یه‌کێک له شاعیرانی هاوچه‌رخی کورده که ڕووداوه‌کان، گؤڕانکاری و ئاڵووگۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان له به‌رهه‌مه‌کانیدا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی و دیاریان هه‌یه. ئه‌و شاعیرێکی ده‌رده‌دار و دهربەسته که به‌شێک له شیعره‌کانی وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانه جۆراوجۆره‌کان و خوێنه‌رانێکی زۆری له هه‌موو دونیادا هه‌یه. شێرکۆ نه‌ک ته‌نها به شعر و ده‌ربڕین به‌ڵکوو به‌شێوه‌ی کرداری و پراکتیکیش خه‌باتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کردووه. شێرکۆ به سیمایه‌کی جیهانیی له پانتای کو‌لتووردا یه‌کێکه له پیتۆڵ و هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی سه‌رده‌مه، یه‌کێکه له کولتوورساز و بیرداڕێژهکان و یه‌کێکه له گێڕه‌ره‌وه‌کانی خه‌ونی مرۆڤی هاوچه‌رخه.
نواندنه‌وه‌ی ژن له شعری ئه‌م شاعیره‌دا له چه‌ندین لایه‌ن و ڕووه‌وه جێگه‌ی شیکاری و لێکدانه‌وه‌یه. چونکە شێرکۆ به درێژایی ژیانی یه‌کێک بووه له داکۆکیکاران و به‌رگریکه‌رانی مافی ژنان و “ئێستاش کچێک نیشتمانمه” (2015) و “ژن و باران” (2016)ی ته‌رخان کردووه بۆ پرس و بابه‌ت و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان. ئه‌و له پێشه‌کیی کتێبی ملوانکه‌دا ده‌ڵێت: ملوانکه کتێبی ژنه. کتێبی جیهانی خۆڵه‌میشی و لێوان‌لێو له ڕه‌نج و ئازار و هاواری ئه‌وانه، چ له‌م وڵاته‌دا و چ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ڕه‌شدا. کتێبه شیعری”خۆم ئه‌و کاته‌ی باڵنده‌م” (2002)ی پێشکه‌ش به دایکی کردووه. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی وێنه‌ی ژن له به‌رهه‌مه‌کانیدا جۆراوجۆر و ڕه‌نگاڵه‌ییه و به‌رده‌وام له گۆڕانیشدا بووه؛ واته به درێژایی زیاتر له 55 ساڵ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بی و داهێنانی زیاتر له چل به‌رهه‌می شعری، وێنه‌ی ژن نه‌ک له‌م به‌رهه‌مانه‌دا نه‌سڕدراوه‌ته‌وه به‌ڵکوو قووڵتر بووه‌ته‌وه. ئه‌م شاعیره مه‌زنه له ساڵی 2013دا کۆچی دوایی کرد و به‌پێی وه‌سیه‌تی خۆی له پارکی ئازادیی سلێمانیدا نێژرا.
بارستایی شیعره‌کانی شێرکۆ زۆر زۆره. شێرکۆ له‌م به‌رهه‌مانه‌یدا به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو باسی له جوانیی ژن، بوێریی ژن، هاوڕێیه‌تی ژن و زوڵم و سته‌می پیاو ده‌رهه‌ق به ژن کردووه. له‌م به‌رهه‌مانه‌دا ناوی که‌سایه‌تیگه‌لێکی به‌هێز و ژنانی ناوداری جۆراوجۆر هاتوون که به‌شێکیان دانیشتووی باشووری کوردستانن و به‌شیکیان له وڵاتانی دونیادا بڵاو بوونه‌ته‌وه و دانیشتووی وڵاته جۆراوجۆره‌کانن. خاڵی هاوبه‌شیان له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆر له‌یه‌ک ده‌چێت. ئه‌وان خاوه‌نی جوانی و ژانی هاوبه‌شن. زۆربه‌ی ئه‌م ژنانه له ژێر سته‌می پیاوان و سیسته‌مه جۆراوجۆره‌کانی نه‌ریت و ده‌سه‌ڵاتدان؛ و له هه‌مان کاتدا به‌شێکیان خه‌ریکی خه‌بات له پێناوی ئازادیدان. هه‌ندێک له‌م ژنانه هاوڕێیان و دۆستانی خودی شاعیرن.
ژن له شعره‌کانی “شێرکۆ” دا له ڕۆڵ و شێوه‌ی جۆراوجۆردا ده‌رکه‌وتووه و ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه که به گشتی ده‌کرێت به‌سه‌ر دوو به‌شی ڕۆڵه نه‌ریتییه‌کان و ڕۆڵه مۆدێڕنه‌کاندا دابه‌شی بکه‌ین. له به‌شی نه‌ریتیدا واته ژن وه‌کوو یار و ژن وه‌کوو دایک له هه‌مان ڕۆڵی سۆزامێز و خێزانیی کۆن، به‌ڵام له قه‌واره‌یه‌کی نوێ‌دا ده‌رکه‌وتووه و گێڕدراوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام له به‌شی دیکه‌دا ژن خاوه‌نی ڕوخسارێکی دیکه‌یه. ئه‌و شۆڕشگێڕێکی مافخوازه که بۆ ئازادکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان ئازادکردنی ژن خه‌بات ده‌کات. یان ژنێکه که له لایه‌ن پیاوه‌وه سته‌می لێکراوه یان ئینسانێکه که ماف و حه‌قه‌کانی پشتگوێ خراوه. له تێڕوانینی شاعیردا باشترین پێوانه و پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پێشکه‌وتوویی یان پاشکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگایه‌ک سه‌رنجدانه به پێگه‌ی ژن له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا.
“شێرکۆ” له شیعره‌کانیدا ده‌ستی نه‌داوه‌ته وه‌سفکردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی له‌ش و ڕه‌فتاری ژن و دایک و خۆشه‌ویستی، به‌ڵکوو له ڕێگه‌ی نواندنهوهوه په‌رژاوه‌ته سه‌ر نه‌خشاندنی وێنه‌یه‌کی ئه‌رێنی له جوانی و تواناییه‌کانی ژنان و کێشه‌کانیان. به ده‌ربڕینێکی دیکه شێرکۆ ناجوانییهکان، دزێوی و ئاکاره نه‌رێنییه‌کانی ژنانی نهنواندووهتهوه و باسی نه‌کردووه. ئه‌و کۆی کۆمه‌ڵ و ژیانی کوردی به نیشتیمان و خاک و سرووشته‌وه له ئاوینه‌ی ژن‌دا مانیفێست کردووه، ده‌کرێت بڵیین ژن ناوه‌ندی ده‌لاله‌ته‌کانی دیکه‌ی شیعری ئه‌وه و هاوکاتیش ته‌نها ده‌لاله‌ت نییه.
بۆیه ده‌کرێت له یادکردنه‌وه‌ی “شیرکۆ بێکه‌س”ی مه‌زندا بڵێین: یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و یادکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئێش و ئازار و خۆشی و ناخۆشییه‌کانی ژنانی کورد و کوردستانه، یادکردنه‌وه‌ی شۆڕش و شاخ و خەمخۆری به نیشتیمانه، ڕه‌نگه زۆر که‌س له جیهانی شیعری دونیای ئێمه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون ده‌کرێت بڵێین به نیوه‌چڵی تێگه‌یشتوون، هۆکاره‌که‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئه‌ده‌ب و به تایبه‌تی شیعر به بابه‌تێکی تاکه‌که‌سی و شه‌خسی و جیا له کۆمه‌ڵگا و کێشه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له لایان پێناسه کراوه، به‌ڵام ئه‌مه به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵه‌یه. ڕه‌نگه ئه‌مه بۆ ئه‌ده‌ب و شیعری هه‌ندێ له وڵاتان ڕاست بێت یان بۆ دۆخی ئه‌ده‌بی و شیعری وڵاتێک له هه‌ندێ قۆناغ و ته‌نانه‌ت کوردستانیش له هه‌ندێ قۆناغ ڕاست بێت، به‌ڵام شیعری نوێی کوردی هه‌ر له گۆرانه‌وه تاکوو “شێرکۆ بێکه‌س” و به‌شێکی زۆری ئێسته‌ی شاعیره خاوه‌ن ئه‌زموونه جدییه‌کانمان دهستهویهخهبووه له‌گه‌ڵ پرسی کوردبوون و ژن و نیشتیمان و خاک و وڵات و ئازادی، شه‌پۆلێکیش که به ناوی شیعری نوێوه خه‌ڵوه‌تی عه‌به‌سیانه و به‌تاڵی دونیای ده‌روونیی خۆیان ده‌نووسنه‌وه ڕه‌نگه به پێی هه‌ندێ پێوه‌ر به شیعر و ئه‌ده‌ب دابنرێن، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه و دۆخ و دۆزی کورد له ناوچه‌که‌دا وه‌کوو دوورگه‌ی ناوه‌ڕاستی زه‌ریایه‌ک وان که ته‌نها له داچوون و ڕۆچوونی ده‌ریادا تۆزێک و بۆ ساتانێک ده‌رده‌که‌ون ئه‌گینا له هه‌ڵچوون و تووڕه‌یی زه‌ریادا هیچ ئاسه‌واریان لێ نامێنێته‌وه وه‌کوو ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بووبێتن، چون ئه‌مانه له کۆمه‌ڵگا و ئێش و ئازاره‌کانی دابڕاون، باسی دونیای داخراو و تاریکی تاک ده‌که‌ن له حاڵه‌تێکدا که کۆ و گشت له ژێر زه‌خت و گوشار و مه‌ترسیدایه، هه‌ر بۆیه شیعری کوردی له گۆرانه‌وه تاکوو ئێسته یه‌کێک له سیاسیترین ئه‌زموونه شیعرێیهکانی جیهان بووه.
کڵێشه و کاڵبینییهکی دیکه که په‌یوه‌ست به شیعر و ئه‌ده‌بی کوردی له ئارادایه ئه‌مه‌یه که واده‌زانرێت ته‌نها شیعر ته‌نها باسی سرووشت و ئه‌و بابه‌ته عاتیفییانهیه که له چوارچێوه‌ی جوانیناسییه‌کی به‌رته‌سک و ته‌نگه‌به‌ردا خۆی ده‌بینێته‌وه، نه‌خێر، شیعری کوردی نه‌ک ته‌نها ته‌عبیرکردنه له جوانیناسیی و ژیانی ڕه‌سه‌ن و بێگه‌ردی مرۆڤی کورد به‌ڵکوو سه‌کۆیه‌کی مه‌زنیشه بۆ ده‌نگهه‌ڵبڕین دژی داگیرکه‌رانی کوردستان، سەنگەرێک بووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه دژی شۆڤینیزم و توتالیتاریسم و بهعسیسم و هاوکات قه‌ڵایه‌کی قایمیش بووه بۆ پاراستنی شوناس و زمانی کوردی. ڕه‌نگه هه‌رچی له‌باره‌ی شیعری کوردی پاش نوێگه‌ریی گۆران و شێخ نوریییهوه تا ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستامان بدوێین جگه له دره‌وشانه‌وه و سه‌رکه‌وتن و ستایش هیچی دیکه نه‌بینینه‌وه، هاوکات که ده‌شێت و ده‌کرێت ڕه‌خنه‌ش بگرین و زیاتر بیاندرهوشێنینهوه. به نیسبه‌ت مامۆستا شێرکۆوه جیاواز له هه‌موو ئه‌و سیفه‌ت و باسانه‌ی که له سه‌ره‌وه باسم کرد ده‌بێ باسی مه‌عریفه‌ی چه‌ند ڕه‌هه‌ندیی ئه‌م شاعێره گه‌وره‌یه بکه‌ین، مه‌عریفه‌یه‌ک که به نیشتیمان، سیاسه‌ت، کوردایه‌تی، داگیرکه‌رناسی، شه‌هیدناسی، حه‌ماسه، مێژوو و کۆمه‌ڵگا و فیکر و …بارگاوی کراوه.
ئه‌م ڕسته‌یه زیاده‌بێژی نییه گه‌ر بڵێین: دونیای شێرکۆ بێکه‌س به ڕاده‌یه‌کی پڕ و واڵا ته‌عبیری له دۆزی کورد و زۆربه‌ی ئه‌زموون و جه‌مسه‌ره‌کانی ژیان و بوونی کورد له مێژوودا کردووه و بۆ هه‌ر شیعرێکی ئه‌م شاعیره مه‌زنه ده‌ست به‌رین گۆشه‌یه‌ک له مێژوو و دڵۆپێک له کاره‌سات و قه‌تره‌یه‌ک له حه‌ماسه و کانیاوێک له شۆڕش و زه‌ریایه‌ک له خه‌ونی کوردانه و ئاسۆیه‌ک له خه‌م و شادی و بیابانێک له کاره‌سات و دۆزه‌خێک له هه‌ڵه‌بجه ده‌بینینه‌وه. جارێکیان ڕه‌خنه‌گرێک وتی ڕووبه‌ری کار و ئه‌ندێشه‌کانی بێکه‌س هێنده پان و به‌رینه ئێمه پێویستمان به دامه‌زراندنی ناوه‌ندێکی چالاکی شیرکۆلۆژی یان هزرناسیی شێرکۆ هه‌یه، به‌مه‌ش ئێمه ده‌زانین و تێده‌گه‌ین شیعر ته‌نها وێنه و دورشمی جوان و قسه‌ی به بریق و باق نییه، به‌ڵکوو سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا و مێژوو و شوناسیشه. مامۆستا “شیرکۆ” له پێشه‌کی ده‌قی واڵای “کورسی”دا ده‌ڵێت: “ناو، شوێن سرووشت مه‌ساحه‌یه‌کی به‌رینیان له شیعری مندا داگیر کردووه” و ئه‌مه به ته‌واوه‌تی راسته، من پێم وایه خاڵی گرێدراوی ئه‌م سێ جه‌مسه‌ره‌ش ژنه.
جا ژن لێره‌ش ته‌نها واتای ژن وه‌کوو ده‌لاله‌تێکی وشه‌یی ڕووت نادات به‌ڵکوو ته‌عبیره له نیشتیمان، ئازادی، مێژوو و کوردستان، جوانی و به‌رخۆدان. هیوا و نائومێدی و ده‌یان چه‌مکی تێکته‌نراو و پێکه‌وه گرێدراوی دیکه‌ش. ژن له کتێبی “ئافات” دا ناهیده که هێمای ڕووناکایی و ڕۆژگاری دره‌وشانه‌وه‌ی کورده که له لایه‌ن خۆڵی بیابان و ڕمی عه‌ره‌بانه‌وه ئه‌تک ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر له چاوه‌ڕوانی بوومه‌له‌رزه‌ی مه‌له‌ک تاووس و هاتنه‌وه‌ی ئه‌هوورامه‌زدا ده‌مێنێته‌وه. له گۆڕستانی چراکاندا ژنێک به ناوی کاڵێ گێڕه‌ره‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکێ و خه‌مه‌کانی ئه‌نفال و تارماییه‌کانی نوگره سه‌لمانه. له ده‌قی واڵای “ملوانکه” دا ئه‌وه دونیای مت و موروو و ملوانکه و ملپێچ و بازن و سوورا و سپیاوی ژنان و کچانی سه‌رکوتکراوی ئه‌م نیشتیمانه‌یه که دژی پیاوساریی ئیسلامی و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگا به ده‌نگی به‌رز دێته زایه‌ڵه. “ئێستا کچێک نیشتیمانه” گرێدرانی ژن و نیشتیمانه، ئاوێزانبوونی خه‌م و جوانی و په‌ژاره و حه‌سره‌ته‌کانی مرۆڤی کورده له‌و دووفاقێتییه فۆرمی و ڕواڵه‌تییه. یان دیسان له ده‌قی واڵای کورسیدا ژن جه‌مسه‌رێکی سه‌ره‌کیی ئه‌و ڕۆحه مێژووییه‌ی سرووشته که له زمانی کورسییه‌کی شاری سلێمانی له قاوه‌خانه‌یه‌کدا دێته گۆ و مێژوو و هه‌ڵچوون و داچوونه‌کانی کورد له خه‌ونێکی ژنانه‌دا له زمانی داربه‌روویه‌کی هه‌ورامان که ئێسته کورسییه‌که له قاوه‌خانه‌یه‌کدا ده‌گێڕێته‌وه.
مامۆستا شیرکۆ بێکه‌سی مه‌زن ته‌نها شاعیر و ئه‌دیبێک نه‌بوو به‌ڵکوو ڕیفۆرمیستێکی ڕچه‌شکێنی کۆمه‌ڵایه‌تیش بوو، ڕۆشنبیرێکی پێشه‌نگی سیاسیش بوو که قه‌زیه‌ی کوردی به لاوه‌وه له سه‌روو هه‌موو شته‌کان بوو، تابۆشکێنێکی بوێر بوو که به‌هۆی شکاندنی کڵێشه سواو و ڕزیوه‌کانی چه‌ندین جار ماڵه‌که‌ی له لایه‌ن بناژۆخوازه‌کانه‌وه گیراوه‌ته به‌رد، چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ی لێ کراوه، به‌ڵام ئه‌و به جه‌سته ڕۆشت و به شعر و وشه هێشتا جاری و لهخشهدایه و شه‌پۆلێک له هۆگر و لایه‌نه‌گر و قوتابی و به‌رده‌نگی ڕاهێنا که ئاسۆی هیوای کوردستانێکی ئازاد و و ڕزگارکراو و دادپه‌ره‌وه‌ر له مێشکیاندا نه‌خشێندراوه، شێرکۆ له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژی که کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی جینۆسایدی ئینسانی و کولتووریدایه. ئه‌و له ڕێگه‌ی شیعره‌کانییه‌وه دژی سته‌م ده‌وه‌ستێته‌وه به ڕاوه‌ستان له سەنگەری ئازادی‌دا. زوڵم و سته‌م له بواره جیاجیاکاندا چاوی به‌سه‌ر نادادپه‌روه‌ری و ناهاوسانی له ڕووه جیاوازه‌کانه‌وه ده‌کاته‌وه. ئه‌و شیعر وه‌کوو ڕیسالهتێک دەبینێ که له خزمه‌تی ئازادی و دادپه‌روه‌ریدایه. دوالیزمێک له نێوان خێر و شه‌ڕ، ڕه‌ش و سپی له شیعری ئه‌ودا ده‌نوێنرێته‌وه. شوێن و کات ته‌نها له‌و ڕووه‌وه بۆ ئه‌و گرنگن که ڕه‌نگه له یه‌کیاندا مرۆڤ زیاتر سته‌م و تووندوتیژی و نادادپه‌روه‌ری ده‌رهه‌ق بکرێت. ئه‌گه‌ر یه‌کێک له بابه‌ته‌کانی شعری هه‌موو شاعیران ژن بێت ئه‌وا شێرکۆ به تێڕوانینی تایبه‌تی خۆیه‌وه وێنه‌یه‌کی جیاوازی له ژن هه‌یه که له شعره‌کانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. هۆنینه‌وه‌ی شیعر بۆ ژنان له سێ حاڵه‌تی ژن وه‌کوو دایک، هاوسه‌ر و یار شتێکی سه‌یر و نامۆ نییه، به‌ڵام ئه‌م تێڕوانینه بۆ ژن وه‌کوو دۆست و هاوڕێ، شۆڕشگێڕ، پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی بابه‌تێکی ته‌واو نوێ و ئه‌مڕۆییه. ڕه‌نگه شاعیر به‌شێوه‌یه‌ک تووشی زێده‌ڕۆییش هاتبێت که له هه‌موو نموونه‌یه‌کدا وێنه‌یه‌کی زۆر ئه‌رێنی و دره‌وشاوه له ژن ده‌خاته ڕوو و پیشانی ده‌دات.
بێگومان ژن وه‌کوو هاوسه‌ر، وه‌کوو هاوڕێ و له هه‌ر قه‌واره و شێوه‌یه‌کی دیکه‌دا بێت هه‌ڵگری لاوازی و که‌موکوڕییه. له ڕاستیدا شێرکۆ وێنه‌یه‌کی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌رێنی له ژن پیشان ده‌دات که جۆرێک له زاتگه‌رایی لێ ده‌خوێنرێته‌وه. ئه‌و ژن به بارانی ئه‌ده‌ب ده‌زانێت که به بێ بوونی ئه‌و ئه‌ده‌ب وشک و برینگ و له‌رزۆک ده‌بێت. شێرکۆ له حاڵێکدا که ڕه‌خنه له که‌سانی دیکه ده‌گرێت که له جوانیناسی ژن‌دا ته‌نها سه‌رنج ده‌ده‌نه جه‌سته و ڕۆحی له‌به‌رچاو ناگرن، خۆی به‌شێوه‌یه‌کی ناوشیار له هه‌ندێک له شیعره ئیرۆتیکهکانیدا ئه‌م په‌یام و ڕه‌خنه‌یه‌ی خۆی پشتگوێ ده‌خات و له‌بیری ده‌کات. شێرکۆ دۆخ و پێگه‌ی ژن وه‌کوو سه‌رچه‌شن و پیشانده‌ری گه‌شه‌سه‌ندوویی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌به‌رچاو ده‌گرێت و ده‌ڵێت له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که ژن ئازاد نه‌بێت و مافی هه‌ڵبژاردنی نه‌بێت له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا نه ئازادی هه‌یه و نه دادپه‌روه‌ری، نه کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌یه و نه دیموکراسی.
شێرکۆ په‌یامی ئه‌ده‌ب به به‌رگری له ئازادی و دادپه‌روه‌ری ده‌زانێت و پێناسه‌ی ده‌کات و باوه‌ڕی وایه ئه‌گه‌ر جگه له شیعر بوارێکی دیکه‌ی هه‌ڵبژاردبا بۆ چالاکی ئه‌وا پرسی ژنان و به‌دواداچوون بۆ داواکارییه‌کانیان بوو. به هه‌مان شێوه که له کولتووری وڵاته عه‌ره‌بییه‌کاندا باوه له باشوری کوردستانیشدا ناوی مناڵ له‌گه‌ڵ ناوی باوک‌دا دێت هه‌ر بۆیه “شێرکۆ بێکه‌س” یانی شێرکۆی کوڕی بێکه‌س که ناو یان نازناوی باوکی هه‌ڵگرتووه. ئه‌و ئه‌م خاڵه به نموونه‌یه‌ک له باوکسالاریی ده‌زانێت و هه‌ر بۆیه له یه‌کێک له دانیشتنه‌کاندا ڕاده‌گه‌یه‌نێت که له‌م ڕۆژه به‌و لاوه من به “شێرکۆ شه‌فیقه” بانگ بکه‌ن نه‌ک شێرکۆ بێکه‌س. ئه‌و به شێوه‌ی کردهکیش تا توانیویه‌تی له پراکتیزه‌کردنی ئامانجه‌کانیدا قسوور و که‌مته‌رخه‌می نه‌کردووه.
له‌م وڵاته‌دا عه‌قڵ قفڵ و
بێ کلیله‌ی مندا
گه‌ر پیاو
له‌م نیشتمانه ڕیشنه‌ی مندا
گه‌ر پیاو
ڕه‌نگ کوێریش بێ و بگاته نوخته‌ی مزمه‌عیل
له‌ناو پێخه‌فی مه‌رگیش بێ و
گیانیش بدا
ئه‌وسایش گۆچانێکی پییه
له ژن بدا!
ئه‌وه‌ی که له‌م نێوانه‌دا جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی شاعیره ئه‌قڵی داخراوه. ئه‌قڵێک که له‌گه‌ڵ لێبوردن و بیرکردنه‌وه و هه‌ڵکردندا سه‌روکاری نییه. ئه‌قڵێک سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌ویدیی جیاواز قبووڵ ناکات به‌ڵکوو وه‌کوو دوژمن و دژیش دەبینێت و ناکۆکه له‌گه‌ڵی و تا کاتێک ئه‌م ئه‌قڵه نه‌گۆڕێت دۆخه‌که هه‌ر وه‌کوو جارانه.
هه‌زار جار یادی که‌سایه‌تییه‌کی مه‌زنی ئاوه‌ها پیرۆز بێت.