“مەرگەساتی (٦ـی ٨ـی ۱۹٨٦) بینا سوتاوەکەی سیروان چی بوو؟ چۆن ڕوویدا؟”
ناحییەی سیروان پێش ئەوەی ببێتە ناحییە لە دوو گوندی نزیك و شان لەشان لە یەکتری پێك هاتبو بەناوی گوندی (جان جان)ـو گوندی (کێلە سپی)، پاش ئاوەدان بونەوەی زیاتری (جان جان)ـو (کێلە سپی)ـو گونجانی شوێنی جوگرافی ناوچەکە، لەسەردەمی مەلیك فەیسەڵی دووەمدا لەساڵی (۱۹٥٦) دەکرێتە ناحییە، دواتر بەبۆنەی هەلومەرجی باری سیاسی ناوچەکە لەساڵی (۱۹۷٨) کۆمەڵگا زۆرە ملێکان لە بەشی ڕۆژ هەڵاتی ناحییەکەدا درووست دەکرێن، ناحییەی سیروان فراوان دەبێت و خەڵکی بەشێك لە گوندەکانی ناوچەی نەوڕۆڵی و شەمێران و هەورامان لەگەڵ دووگوندی شارباژێڕ بەناوەکانی “ڕەنگێنە” و “ئارووزەری” لەو کۆمەڵگە زۆرە ملێیانەدا نیشتەجێ دەکرێن، بەمەش ناحییەی سیروان فراوانتر دەبێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆرتر دەبێت، ئەم ڕاگواستنەش لە ساڵی (۱۹۷٥) لە ڕێکەووتن نامەی “جەزایر” لە ووڵاتی “جەزایر” بڕیاری لەسەر درا، کە ئەم ڕێکەووتنە لە نێوان جێگری سەرۆك کۆماری دیکتاتۆری ئەو کاتەی ئێراق “سەدام حسێن” شا “موحەممەد پەهلەوی” شای ئەوکاتەی ووڵاتی ئێران واژۆی لەسەر کرا بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی سنوری نێوان هەردوو ووڵات ڕێکەوتن نامەکە واژۆ کرا.
یەکێك لە بڕگەکانی ڕێکەوتن نامە کە ئەوەبو کە بە قوڵای (۲٤کیلۆمەتر) گوندەکانی کوردستانی باشور ووێران بکرێن، و پاشان دانیشتوانی گوندەکان بە زۆرە ملێ ڕاگواستنیان پێ بکرێت بۆ کۆمەڵگا زۆرە ملێکان، لە (۲۷ـی۹ـی۱۹۷٨) یەکێك لە بڕگەکانی ڕێکەوتن نامەی “جەزایر” دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە کە ئەوویش تەقاندنەوەی گوندەکان بوو بە (TNT) و ڕاگواستنی دانیشتوانی گوندەکانی سەرسنور بوو بۆ کۆمەڵگا زۆرە ملێکان، لە دوای جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ڕێکەووتن نامەی “جەزایر” بەدەستێکی سیاسی (دیمۆگرافیا)ـی ناوچەکە دەشێوێنرێت، لەپاش سەرکەووتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی (۱۹۷۹) بەسەرکردایەتی “ئیمام خومەینی” دژ بە دەسەڵاتی شاهان شایی ئەوکاتەی ووڵاتی ئێران، دواتر “سەدام حسین” پاشگەزبونەوەی لە ڕێکەووتن نامەی “جەزایر” ڕاگەیاند، دەسەڵاتی سیاسی ئەو کاتەی ووڵاتی ئێران پاشگەزبونەوەکەیان پەسەند نەکرد، پاشان بەو هۆیەوە لەساڵی (۱۹٨۰) جەنگی نێوان دەوڵەتی ئێراق و ئێران هەڵگیرسا.
ئێراق بەناوی (قادسیەی سەدام)ـوە جەنگی دەکرد ئێران بەناوی (بەرگری پیرۆز)، جەنگەکە ماوەی هەشت ساڵی خایاند، لەماوەی ئەو هەشت ساڵەدا کۆمەڵێك ڕوودا و مەرگەساتی تراژیدی نەخوازراو و دڵتەزێن هات بەسەر خەڵکی بەش مەینەتی کوردستانی باشوردا، کە مەبەستمە زیاتر تیشك بخەمە سەر مەرگەساتی ٦ـی ٨ـی ۱۹٨٦ ناسراو بە بیناسوتاوەکەی سیروان کە مەرگەساتێکی تراژیدی بوو هات بەسەر دانیشتیوانی کۆمەڵگا زۆرە ملێکانی ناحییەی سیرواندا.
مەرگەساتی (٦ـی ٨ـی ۱۹٨٦) بیناسوتاوەکەی سیروان، مەرگەساتێکی تراژیدی و دڵتەزێن بوو لە ئەنجامی جەنگی نێوان دەوڵەتی ئێراق و ئێران ڕوویدا، جەنگی نێوان دەوڵەتی ئێراق و ئێران گەشتبووە ئاستێك کە بە جەنگی مەدەنی ناوی دەرکردبوو، ڕژێمی بەعس بێ گوێدانە هیچ یاسایەکی جەنگ ئێرانی تۆپ باران دەکرد، ئێرانیش بەرپەرچی هێرشەکانی دەدایەوە، ناو بەناو دانیشتوانی کۆمەڵگا زۆرە ملێکان شەهید دەبوون. مێژوو ئەمانەتێکی گەورەیە دەبێت وەك خۆی بنوسرێتەوە بۆیە بەندە دەمەوێت بابەتیان بەشێوەیەکی درووست و تەندرووست وەك خۆی ڕووداوەکان بگەیەنم، هەرکاتێك دەوڵەتی ئێران تۆپبارانی ئێراقی دەکرد پێش ئەوە لە ڕێگەی رادیۆوە ئاگاداری خەڵکی مەدەنی ئەو ناوچانەی دەکردەوە کە تۆپبارانی دەکران، هەتا خۆیان حەشار بدەن، دانیشتوانی بەش مەینەتی ناحییەی سیروان پاش ئەوەی ڕاگوێزرابون بەشێکیان سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بوون و بەشێکیتریان لە دامو دەزگا حکومیەکان دامەزرابون، سەرقاڵی ژیانێکی سادە و ساکاربوون، ژیانێك لە نێوان جەنگی دوو دەوڵەتدا! بەردەوام سنوری ناوچەی هەورامان و شارەزوور و هەڵەبجە تۆپباران دەکرا.
ناحییەی خورماڵ تا ڕادەیەك سەرسنوربوو زیاتر دەکرایە ئامانج، هەتا کار گەیشتە ئەوەی تۆپبارانەکە شەهید و برینداری بەدوای خویدا هێنا، کۆمەڵگا زۆرە ملێکەی خورماڵ کە خەڵکی بەشێك لە گوندەکانی ناوچەی هەورامانی تێدا نیشتەجێ کرابوو، دووبارە و بەناچاری ئاوارەبوون لەبەر مەترسی تۆپبارانی ئێران هاتنە ناحییەی سیروان، لە نێو کۆمەڵگە زۆرە ملێکاندا نیشتەجێبوون و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بوون.
سەر لە بەیانی بەرواری (٦ـی ٨ـی۱۹٨٦) سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی رادیۆوە دانیشتوانی ناحییەی سیروان ئاگادار دەکاتەوە کە کاتژمێر (۱۰ـبۆ ۱۱)ـی بەیانی تۆپباران دەکرێت، دانیشتوانی ناوچەکەش خانووەکانیان بەهێز نەبوون، بە ناچاری بینایەکی دوونهۆمی کە بۆ قوتابخانە درووستکرابوو وەك پەناگە بەکار دێنن، ئەو قوتابخانەیە (۲۳) خێزانی ئاوارەی ناحییەی خورماڵی تێدا نیشتەجێ بوو بوون، هەر یەکە لەو خێزانانە سوتەمەنیان هەبوو وەك غازی سرووشتی و نەوت و سوتەمەنی ئۆتۆبیل، ناو بیناکە پڕدەبێت لە خەڵکی مەدەنی کە خۆیان پەنادابوو لە تۆپەکانی سوپای پاسداران، تۆپێك دەکەوێتە ناو حەوشەی بیناکەو دەتەقێتەوە سوتەمەنی ناو بیناکە گڕ دەگرێت و ڕۆژ حەشر بەرپا دەبێت! سەرئەنجام نزیکەی (۳۰۰) کەس لە ژن و پیاو منداڵ و گەنج و پیر دەبنە سوتماك.
لێرەوە ئەو مەرگە ساتە باس ناکرێت! شایەنی باسە بەندە وەك نوسەرێك و توێژەرێك توێژینەوەیەکی مەیدانی ووردم لە چوارچێوەی کتێبێکدا بەچاپ گەیاند بەناوی (بیناسوتاوەکەی سیروان لەزمانی شایەتحاڵەکانەوە) ساڵی (۲۰۱۹) لە ساڵیادی مەرگەساتەکەدا لە ڕێو ڕەسمێکی شایستەدا کتێبەکەم بڵاو کردەوە.