١٠ ی ئاب ساڵوەگەڕی پەیماننامەی سیڤەرە، بەم بۆنەیەوە بە باشم زانی کە لە بابەتێکدا کە بە چەند بەشێک لێرە بڵاوی دەکەمەوە، بە وردی و و قوڵیی شرۆڤەی هۆکارەکانی پشت جێبەجێ نەکردنی پەیماننامەی سیڤەر بکەم تاوەکو بزانین بۆ لە لۆزان پرسی کورد پشتگوێ خرا.
بەشی یەکەم:
پەیماننامەی سیڤەر چی بوو؟
پەیماننامەی سیڤەر یەکێکە لەو پەیماننامانەی کە لە ئاکامی گفتوگۆی ناو کۆنگرەکانی ئاشتی هاتەبەرهەم کە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا بەستران. پەیماننامەکان لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان، کە لایەنی براوەی شەڕ بوون، لەگەڵ لایەنە دۆڕاوەکانی شەڕ کە بە “میحوەر” ناودەبران، مۆرکرا بوون. پەیماننامەی سیڤەر لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا وەک لایەنی سەرەکی براوە لەلایەک و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک لایەنی دۆڕاو لە ١٠ ی ئابی ١٩٢٠ لە شاری سیڤەر لە فەڕەنسا واژۆ کرا. یۆنان و ئەرمینیا و حیجازیش لە پاڵ چەند لایەنێکی دیکەی لاوەکی وەک بەشێک لە هاوپەیمانان لە واژۆکەرانی پەیمانەکە بوون.
پاڵپشت بە بڕگەکانی پەیماننامەی سیڤەر چەند دەوڵەتێک لەژێر ئینتیدابی بەریتانی و فەڕەنسی لە بەشە داگیرکراوەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دروستکران، بەمەش بەشێکی زۆری ئیمپراتۆریەتەکە کەوتە ژێردەستی یان قەڵەمڕەوی بەرەی هاوپەیمانان. بەڵێنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ ئەرمەنییەکان و ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیش بە کوردەکان درا.
کۆنگرەکانی ئاشتی و خودی پەیماننامەی سیڤەر لە سەردەم و قۆناغێکی تایبەت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەستران، کە سەردەمی کۆتایی سیستەمێکی سیاسی نێودەوڵەتی و جێگرتنەوەی بە سیستەمێکی سیاسی دیکە بوو. دەکرێت قۆناغەکە وەک ڕاگوزەر وەسف بکرێت بەوەی کە قۆناغێکی پڕ لە کۆنفڕانس و دیداربوو. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دانوستان و دیپلۆماسیەتی کۆنگرەکانی ئەو قۆناغە هێنانە ئارای سیستەمێکی نوێی نێودەوڵەتیی بوو ئەویش بە کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دابەشکردنی میراتەکەی بەسەر براوەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، بەتایبەتی بەریتانیا و فەڕەنسا. بۆیە واچاکە گفتوگۆکان و کۆنگرەکانی ئەو سەردەمانە، لە سایکس پیکۆوە بگرە تا لۆزان، وەک دیداری دانوستان و مامەڵە بیانبینین نەک تەنیا وەک ساتەوەختی بڕیار و پەیمان. یەکێک لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی پەیمان و بڕیارەکانی ئەو قۆناغە ناڕوونی و لاستیکی بڕگە و بەندەکانی ڕێککەوتنامەکانن کە بە زمانێکی کراوەی ناڕوون داڕێژراون.
سیڤەر ساتەوەختی بەرجەستەبوونی ڕەوینەوەی ترسێکی کۆنی ئەوروپییەکانە کە لە مێژوودا بە پرسی ڕۆژهەڵات ناسراوە. پرسی ڕۆژهەڵات خەونی ئەوروپییەکان بوو بۆ کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەجۆرێک کە جارێکی دیکە نەتوانێت ببێتەوە بە هێزێک مەترسی لەسەر ئەوروپا دروست بکات. ئەم ڕەهەندی کۆتایی پێهێنەرە، بنەمای ئەو ترس و سیندرمە (نیشانە) گەورەیەیە کە سایکی تورکی تا ئێستاش تێیدا دەژی، کە بە سیندرمی سیڤەر ناسراوە. لێرەوە دەبێت سیڤەر وەک ڕووداوێک ببینین کە بۆ لایەنە جیاکان مانا و ئاماژەی جیاوازی هەیە. گەر بۆ کورد، سیڤەر ساتەوەختی دانپێنان و ناسین و ئاماژەپێدان بێت، ئەوە بۆ تورک ساتەوەختی هەڕەشە و نەمان و کۆتایی پێهاتنە. سیڤەر، سەرەتای بە نێودەوڵەتییبوونی پرسی کورد و دەرکەوتنی ناسیونالیزمی کوردییە. لە هەمانکاتیش، سەرەتای خۆڕێکخستنەوەی ناسیونالیزمی تورکە. بۆیە سیڤەر خاڵی لێکدابڕانە، لەنێوان تورک و ئەوانی دیکە، بەتایبەتی کورد.
ئەو ڕەوتە لە ناسیونالیزمی تورکی کە لە ژێر کاریگەریی پەرچەکرداری سیڤەردایە، ئەمڕۆ ئاوێتەی کەلتوری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی تورکی کراوە و هەرواش دەردەکەوێت. ئەمەش بۆ تورک هاوکێشەیەکی هێناوەتە ئاراوە، یان ڤییەنا یان سیڤەر. مەبەست لە ڤییەنا، ئەوپەڕی کشان و باڵادەستیی تورکە، ئەویش بە گەیشتنەوە بە کەنارەکانی ڤییەنای پایتەختی ئیمپراتۆریەتی هابسبۆرگ (نەمسای ئێستا). لەبەرامبەردا سیڤەر بە مانای ئەوپەڕی پاشەکشەی تورکە، واتە نەمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و بچووککردنەوەی دەوڵەتی تورکیا. هاوکێشەکە ئەمڕۆ دوو حیکایەتی بەرهەمهێناوە لە سایکی سیاسی تورکدا، کە ڕۆژانە لە گوتار و پەیڤ و پەیامی میدیاکان و گفت و دەربڕینی سیاسییەکان دەردەکەون. ئەمەش بەو مانایەی کە ڕۆژانێک هەبووە تورک حاکمی دنیا بوون، ڕۆژانێکیش دنیا حاکمیان بووە، ئەگەر وەک تورک حوکمی دنیا نەکەین ئەوە دنیا حوکممان دەکات.
لە دەرئەنجامدا، ئەم تێگەیشتنە کەلتورێکی بەرهەم هێناوە کە بنەماکەی لەسەر پیلانگێڕیی و تیوری پیلانگێڕیی و ناعەقڵانیەت داناوە. شەڕفرۆشتن بە ئەوانی دیکە و دەستوەردان لە کاروباری ئەوانی دیکە بووەتە میکانیزمی مانەوە و ئامرازێک بۆ پاوانخوازی. لە پەیوەند بە کورد و تورک، سیڤەر هۆکاری هاتنەئارای هەڵوێستی نکوڵیکەرانەیە لە بوونی هەموو ئەوانی دیکە کە کەوتونەتە جوگرافیای تورکیای نوێ. دروشمی “تورک باشن، میللەتی دیکە بوونی نیە” (Türkiye, en iyi,başka millet yok)، لەگەڵ چەندین دروشمی هاوشێوە، دەرئەنجامی ئەو ترسەیە کە تورک هەیەتی لە غەیرە تورک و دنیا بەگشتی. ئەم هەڵوێستە نکوڵیکەرانەیە ئازار و زیانی بۆ کورد لە هەموو گەل و گروپێکی دیکە زیاتر هەبووە.
پەیماننامەی سیڤەر لە سێزدە بەش و ٤٣٣ ماددە پێکهاتووە. بڕگەی سێیەم لە بەشی سێیەم لە پرسە سیاسییەکان، کە لە سێ ماددە پێکهاتووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکوری کوردستان (کوردستانی تورکیا) و باشوری کوردستان (کوردستانی ئێراق) تەرخانکراوە. بڕگە و ماددە پەیوەندارەکان بە پرسی کورد خراوەتە پێش هەموو ئاماژەکردن و قسەکردنێک لەسەر ناوچە تەرخانکراوەکان بۆ یۆنانییەکان، عەرەبەکان یان ئەرمەنییەکان. ئەمەش نیشانەیە بۆ گرنگیی پرسی کورد لە پەیماننامەکەدا. بەپێی ماددەی ٦٢ لە پەیماننامەکە “کۆمسیۆنێک لە سێ ئەندام کە لەلایەن بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیاوە دیاریدەکرێن و بارەگاکەی لە ئەستەمبوڵ دەبێت، لە ماوەی شەش مانگ لە جێبەجێ کردنی بڕگەکانی ئەم پەیماننامەیە دەبێت بەرنامەیەک داڕێژن بۆ ئۆتۆنۆمی خۆجێیی بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن و دەکەونە نێوان ڕۆژهەڵاتی زێی فورات و باشوری سنوورەکانی ئەرمینیا، کە دواتر دیاریدەکرێن، لەگەڵ باکوری سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ سوریا و مێزۆپۆتامیا [ئێراق] وەک لە بڕگەی دووی ماددەی ٢٧ ی پەیماننامەکەدا هاتوون.
ئەگەر بۆ هەر پرسێک نەتوانرا کۆدەنگی مسۆگەر بکرێت، ئەوە لەلایەن ئەندامانی کۆمسیۆنەکە دەخرێتە بەردەم نوێنەرانی حکومەتەکانیان. بەرنامەکە دەبێت پاراستنی کەلد و ئاسورییەکان و کەمینە ڕەگەزی و ئایینییەکانی دیکەش لەو ناوچانەدا دەستەبەر بکات. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمسیۆنێک لە نوێنەرانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و ئێران و کورد پێکدێت، دەبێت سەردانی ناوچەکان بکات بۆ لێکۆڵینەوە و بڕیاردان لە ڕاستکردنەوەی، ئەگەر هەبێت، سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ ئێران بەبنەما لەسەر بڕگە و ماددەکانی ئەم پەیماننامەیە”. ماددەی ٦٣ ی پەیماننامەکە دەڵێت “دەوڵەتی تورکی پابەندە بە قەبوڵکردن و جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ئەو کۆمسیۆنەی کە لە ماددەی ٦٢ دا ئاماژەیپێکراوە لە ماوەی سێ مانگ لە ئاگادارکردنەوەی حکومەتە پەیوەندارەکان.”
بۆ کورد، ماددەی ٦٤ لە هەردوو ماددەکەی دیکە پڕبایەخترە چونکە پێشنیارێک دەخاتەڕوو بۆ یەکگرتنەوەی دوو پارچەی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت: “ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا، لە مێژووی جێبەجێ کردنی ئەم پەیماننامەیە، کوردەکانی نیشتەجێی ئەو ناوچانەی لە ماددەی ٦٢ دا دەستنیشان کراون، داوایەکیان پێشکەش بە ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان (League of Nations) کرد، بەشێوەیەک نیشانیاندا کە زۆربەی خەڵکی ئەو ناوچانە ئارەزوو دەکەن لە تورکیا جیاببنەوە و ئەنجومەنیش دوای ڕەچاوکردن گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ئەم خەڵکە دەتوانن ئەو سەربەخۆییە بپارێزن و ڕاشیسپارد کە سەربەخۆییان پێبدرێت، ئەوە تورکیا لە ئێستاوە پەیمان دەدات ئەو ڕاسپاردەیە جێبەجێبکات و دەستبەرداری هەموو ماف و ئیمتیازێکی خۆی بێت لەو ناوچانەدا. وردەکارییەکانی ئەو دەستبەرداربوونەش دەبێت لە ڕێکەوتنێکی دیکەدا لەنێوان هێزە سەرەکییەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ تورکیا دەستنیشان بکرێت. ئەگەر، یان هەر کاتێک ئەم دەستبەردارییە هاتە ئاراوە، ئەوە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانان نابێت هیچ بەرهەڵستییەک نیشانبدهن لەسەر پێکەوەلکانی ئارەزوومەندانەی ئەو کوردانەی کە ئێستا بەشێکن لە ویلایەتی موسڵ بە کوردەکانی دەوڵەتە سەربەخۆکەی کوردستان.”
دوای سەد ساڵ لە مۆرکردنی پەیماننامەی سیڤەر و شەڕی یەکەمی جیهانی، پرسیارێک بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، داخۆ بۆ گەلی کورد، لەو سەرەوبەندە دا، وەک گەلانی دیکەی ناوچەکە بە مافی چارەنووس نەگەیشت و نەیتوانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دروستبکات و سەربەخۆیی و سەروەریی زامن بکات؟ پرسیارێکی دیکە ئەوەیە، لەکاتێکدا کە پەیماننامەی سیڤەر، گەر بە کرچوکاڵیش بووبێت، مافی دامەزراندنی دەوڵەتی بە کورد ڕەوا بینی، ئەدی بۆ مافەکە بەرجەستە نەکرا؟ لەم پرسیارانەش گرنگتر ئەوەیە، ئەگەر بێبەشکردنی کورد لە دەوڵەت-نەتەوە هۆکاری هەرەسەرەکی سەرهەڵدان و دروستبوونی پرسی کورد بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دابەشکردنی کورد بەسەر چەند دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیکە –تورکیا، ئێراق، سوریا و ئێران– لە پشت درێژبوونەوەو بەردەوامیی پرسەکە بێت تا ئێستا، داخۆ ئەمڕۆ دەبێت هەلەکان و ئاڵنگارییەکان و چارەسەرەکان بۆ پرسی کورد چی بن؟ لەپاڵ وەڵامی ئەم پرسیارانە مەبەست لە گەڕانەوە بۆ سیڤەر ئەوەیە کە وێنای پرسی کورد لە ئەمڕۆ و بۆ داهاتووش بکرێت.
لە بەشەکانی داهاتوو، یەک بە یەک، هەموو هۆکارەکان دەخەیەنەڕوو چ هۆکاری ناوخۆی بن، ناوچەیی بن، نێوانخۆیی بن یان نێودەڵەتی بن.