سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر 14 بانکی ئێراق، بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی پارە و گرتنەبەری ڕێگەی نایاسایی ئابووری لەگەڵ ئێراندا، لەلای ئێراقییەکان مایەی نیگەرانییە، هەرچەندە ئەمریکا هیوایەکی لەسەر کابینەکەی “محمد شیاع سوودانی” هەڵچنیبوو، بەمەبەستی بەگەڕخستنی تواناکانی لە کەمکردنەوەی هەژموونی سیاسی و ئابووری ئێران لە ئێراق، بەڵام ئاماژەکان، دەریدەخەن کە جێپێی ئێران لەم ناوچەیە هێشتا بە تەواوی لەق نەبووە.
یەکێک لەو ئاڵنگارییە سەرەکییانەی کە ڕووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئێراق بووەتەوە؛ گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێرانە، هەریەکە لە سەرکردە دیارەکانی ئێستای ئێراق کە سەرپەرشتی چەندین گرووپی جێگە گومان بەلای ئەمریکاوە، دەکەن وەک (نوری مالکی-قەیس خەزعەلی-هادی عامری) پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران کۆیان دەکاتەوە و بە ئاشکرا پشتیوانی لە هەر هەنگاوێکی سیاسیی و ئابووری ئێراق دەکەن لەپێناو دابینکردنی خواستەکانی ئێران، هەتا ئەگەر لە دەرەوەی ڕێککارە یاساییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش بێت بەلایانەوە گرنگ نییە.
ئەم شێوازە لە سیاسەتکردن نیگەرانییەکی گەورەی لەلای ئێراقییەکان بە نمرەی یەک و ئەمریکاش بەتایبەتی دروستکردووە. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی ئێراقیدا قەدەغە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە. رۆژی چوارشەممە 19-07-2023، رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆڕناڵ”ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە: ئەمریکا ئەو سزایەی دوای ئەوە بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاند، دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو بانکانە لە کردەکانی شووشتنەوەی پارە و مامەڵە داراییە گومانلێکراوەکان و مامەڵە فێڵکارییەکان تێوەگلاون، وەکو چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکی دەڵێن؛ “گومانێکی بەهێزمان هەیە هەندێک لە کارەکانی سپیکردنەوەی پارە رەنگە بە سوود بگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەک کەس کە سزای ئەمریکا دەیانگرێتەوە، یان بۆ بەرژوەندیی کەسانێک کە سزاکان نەیگرتوونەتەوە.” بەشێک لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئێراق و ئەمریکا ژمارەیەک لە بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە رێگەی مامەڵەی فێڵبازانە و هەندێک پلانەوە قازانجی زۆریان لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە کردووە. بەتایبەت ئەو بانک و کۆمپانیایانە دەتوانن ئەو دۆلارەی بە نرخی بانکی ناوەندیی ئێراق دەکڕن دووبارە بیفرۆشنەوە، ئەوەش وادەکات بەهاکەی لە بازاڕدا بەرزبێت، وەکو رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ کردووە.
“پەیوەندییەکانی ئێراق لەگەڵ سوریا” پەیوەندییەکانی ئێراق لەگەڵ بەشار ئەسەد لەم دواییانەدا بەرەو ئاسایی بوونەوەی چوون، ئەوەش لەدوای سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێراق بۆ دیمەشق کە یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیە لە ساڵی 2011وە، بەڵام هۆشداری دەدرێت لەوەی کە “شکاندنی ئەو سزایانەی بەسەر سوریا و ئێراندا سەپێنراوە، لێکەوتەی ترسناکی بۆ ئابووری ئێراق دەبێت”. ئێراق بە درێژایی ساڵانی شەڕی سوریا، تەنانەت دوای دابڕانی لە وڵاتانی عەرەبی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا پاراست، بەڵام ئەو پەیوەندییانە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی دوای ئەوەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمەکە ئاساییکردەوە.
“پاشەکشەی ئابووری ئێراق” ڕۆژنامەی “العربی جدید” لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەد “ڕەنگە کاردانەوەی پاشەکشەی هەبێت لەسەر ئابووری ئێراق”، تەنانەت لەسەری دەسکەوتە سیاسیەکانی، تەنانەت مەترسی ئەوە دەکرێت کە ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بانکە ئێراقییەکاندا بسەپێنێت. رێوشوێنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا “پەیام”ی ئابووری بۆ ئێراق هەڵدەگرن، مانای ئەو پەیامانە ئەوەیە کە “شکاندنی ئەو سزایانەی بەسەر سوریا و ئێراندا سەپێنراوە، لێکەوتەی ترسناکی بۆ ئابووری ئێراق دەبێت”.
زۆرترین کێشەی ئێراق لە خاڵە گەڕۆكەكان یان جێگیرەكان لەسەر ڕێگا سەرەكییەكانی بەستنەوەی دەروازە سنوورییەكانە بەتایبەت گواستنەوە یان قاچاخكردنی ئەو كاڵا و شتومەك و كەلوپەلانەی كە نیشانەیان لەسەر نییە كە لەڕێگەی نایاساییەكانیانەوە بە چوونە ناو وڵات زیان بە ئابووریی ئێراق دەگەیەنن. وڵاتانی ڕۆژئاوا و به تایبەت واشنتۆن دەبێت درک بەوە بکەن، مامەڵەی نێوان به غدا و وڵاتانی دراوسێ سوودی پەیوەست بە نزیکی جوگرافی و دابینکردنی کاڵا و بەرهەکان به نرخێکی گونجا و بۆ هاووڵاتی ئێراقی هەیە، کە ڕەنگە سپیکردنهوهی پاره له چوارچێوە بازرگانییەکاندا بەردەوامی هەبێت، بەڵام ئەم بابەتە بەبێ ئەڵتەرناتیڤ (جێگرەوە) ناتوانرێت بوەستێنرێت. “گۆڕانی شێوازی مامەڵە لەگەڵ ئێراق” شێوازی ئیدارەدانی ئەمریکا لە ئێراق لەنێوان “باراک ئۆباما و جۆو بایدن” نە شێوەیەکی گشتیی گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە، تاڕاددەیەک بووەتە سیاسەتێکی دوو ئاراستەیی، ئەمەش دەرگای بۆ هێزەکانی دیکەی ناوچەکە واڵا کردووە لەم ناوچەیەدا زاڵ بن و فشارەکانیان زیاتر بێت، بێگومان ئەوەش هەرچەند لەبەرژەوەندی کەمینەیەک لە هێزە دەسەڵاتدارەکانی ئێراق بێت، بەڵام بە خواستی گەلی ئێراق و گەلی کوردستاندا نییە.
بە واتایەکی تر، لە 31ی کانونی یەکەمی 2021ەوە، پەیوەندی ئەمنی ئەمریکا لەگەڵ ئێراقدا گواستراوەتەوە بۆ ڕۆڵی “ئامۆژگاریکردن، کاراکردن و هاوکاریکردن” و بەرپرسانی ئەمەریکا ئێراق بە “دەنگی میانڕەوی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”وە. ئەوەی جێگای سەرنجە، حکومەتی ئێستای ئێراق کە لە (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ دەستبەکاربووە)، بەرامبەر بە بەشداریکردنی ئەمریکا بە شێوەیەکی بنیاتنەرتر لە ئێراقدا، بەڕوونی چیتر پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە لە چاوی لەشکرکێشیەکەی ساڵی 2003دا، نابینێت.