هەر لەو سەروبەندەدا کۆنگرەی سیواس لە 4ی سێپتەمبەردا دەستیپێکرد و دەبوو نوێنەرایەتیی کۆمەڵەکانی داکۆکی لە مافی نیشتمانی بکات لە سەرانسەری وڵاتدا – لە ڕۆژهەڵاتی تراکیاوە تا ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ، کەچی تەنها 38 نوێنەر بەشدار بوون، لەنێویاندا مستەفا کەمال و پارتەکەشی. هەڵبەت هیچ نوێنەرێک لە ناوچە کوردییەکانەوە بەشدار نەبوو، بەڵام حاکمێکی پێشتری عوسمانی (کە لایەنگری کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتن بوو – جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەڕەقی)، بە ناوی مەزهەر موفید (کانسو)، وەک نوێنەری هەکاری ئامادەبوو. نوێنەری دیاربەکریش، ئیحسان حەمید (تغرەڵ)، دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە گەیشت35. مستەفا کەمال “ئیحسان حەمید”ی لە کۆمیتەی نوێنەرایەتیدا کردە ئەندام، کە دەسەڵاتی جێبەجی کردنی هەمیشەیی کۆمەڵەی سەرتاپای وڵات بووە و سەرچاوەی دەسەڵاتیشی بووە تا ئەو کاتەی بە سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا هەڵبژێردرا لە 24ی نیسانی 1920دا. وەک نۆ ئەندامەکەی کە پێشتر لە ئەرزڕووم هەڵبژێردران بۆ کۆمیتەکە هەر بەکۆمەڵ گوێزرانەوە بۆ ئەم کۆمیتەیە و سەعدوڵا ئەفەندی و حاجی مووسای خەڵکی موتکیش بوونەوە بە ئەندامی کۆمیتە نوێنەرایەتییە تازەکە کە بریتیبوو لە 16 ئەندام بۆ سەرانسەری وڵات و لە سیواس پێکهاتبوو٣٦، بەڵام هەر بە ئەندامی ناکارا و خەوتوو مانەوە.
ئەو ڕاگەیاندنەی کە لە 11ی سێپتەمبەری 1919دا لە کۆنگرەکەی سیواسەوە دەرچوو، ئەو تێرم و زاراوانەی گەڵاڵە کرد کە لە ئەرزڕووم بەکارهاتبوو. ڕاگەیاندنەکە لە بەندی یەکەمیدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە: “هەموو توخمە ئیسلامییەکان کە لەو کایانەدا دەژین کەوا لە سەرەوە باسکراون [واتە تەواوی خاکی عوسمانی کە هێڵەکانی ئاگربەس دەیانگرێتەوە] برای ڕاستەقینەن و تژین لە هەستی ڕێز و قوربانیدان بۆ یەکتر و تەواوی مافی ئیتنیکی و کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ناوخۆییان ڕێزلیگیراوە”٣٧.
Memalik–i mezkurede yasayan bilciimle anasu–i islamiye yekdigerine kar§i hilrmet–i miitekabile ve fedakdrlik hissiyatiyle meshun ve hukuk–u irkiye ve igtimaiyeleriyle .
وا دیارە ئەم داڕشتنە ئەوە دەگەیەنێت کە ئیتنیک و رەچەڵەک و داب و نەریتی کورد ڕێزلێگیراو دەبن. لە سەروەختێکی کۆنگرەی سیواسدا، هەواڵ گەیشتە مستەفا کەمال کە مێجەر نۆئێڵ لە مەڵاتییەیە و “عەلی غالیب” بەنیازە پیاوانی عەشیرەتە کوردەکان کۆبکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر سیواس. لە 11ی ئەيلوولدا، واتە ئەو ڕۆژەی کۆنگرە ڕاگەیاندنەکەی دەرکرد، ئەحمەد جەودەتی فەرماندەی فەیلەقەکەی دیاربەکر لەلایەن تیپی سێی سیواسەوە ئاگادار کرایەوە کەوا پیلانەکە بەتاڵکراوەتەوە لە لایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و جەنگەوە لە ئەستەمبووڵ. هەر ئەوکاتەش ئەحمەد جەودەت بڕیاری تووندوتۆڵ کردنی هێزەکانی داوە لە مەڵاتییە و فەرمانی گرتنی بۆ حاکمی ناوچەکە و هاوکار و هاوەڵە کوردەکانی مێجەر نۆئێڵ دەرکرد، هەرچەندە خودی مێجەر نۆئێڵ خۆی نەگیرا38. کاتێ کە بە مەسەلەکەیان زانی، مێجەر نۆئێڵ و تاقمەکەی لە 10ی ئەیلوولدا مەڵاتییەیان بەجێهێشت. ڕۆژی دواتر، مێجەر نۆئێڵ ئیشارەتی بەوە دا کەوا عەلی غالیب (ئیرادەیەکی) لەلایەن سوڵتانەوە دەرکردووە کە فەرمانی پێداوە هێزیکی سوارەی کورد ئامادە بکات دژ بە مستەفا کەمال لە سيواس. مێجەر نۆئێڵ، لە پاش فشارکردنە سەری بۆ هاوکاری کردن لەم پرۆژەیەدا، ئیددیعای ئەوە دەکات کە بەئاشکرا رەتیکردووەتەوە پابەند بێت پێیەوە. لە پاش ڕۆژێک، واتە 12ی ئەیلوول، مێجەر نۆئێڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەوا عەلی غالیب بڕیاریداوە کۆبوونەوەی عەشیرەتە کوردەکان بڵاوە پێبکات، چونکە ئایدیای ڕۆیشتن بەرەو سیواس بەتەواوی مەترسیدار بوو٣٩.
لەکاتەدا کە ئەحمەد جەودەت، بە پاڵپشتی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم، بەربەستێکی خێرای دانا بۆ پلانە نیمچە کوڵۆکەکەی عەلی غالیب کە هەلی هەڵاتنی بۆ مێجەر نۆئێڵ و هاوەڵە کوردەکانی رەخساند، “مستەفا کەمال” ئەفسەرێکی مولازمی گەنجی جێ متمانە و سەرکێشی بە ناوی “رەجەب زوهدی”، بە ئەرکێکی تایبەت ناردی بۆ مەڵاتییە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی ناوخۆیی40. هەندێک لە سەرۆکە کوردەکان بەپەلە پەیامی پشتگیرییان نارد بۆ سیواس. لە 15ی ئەیلوولدا و لە برووسکەیەکدا بۆ جەمیل چەتۆ لە سیرت، “مستەفا کەمال” سوپاس و پێزانینی کۆنگرەی دەربڕی لە پای “پابەندی و دڵسۆزیی هەموو برا کوردەکانمان بۆ ئەم دین و دەوڵەتە و دڵبەندییان بۆ دامەزراوەی پیرۆزی خەلافەت” (لاپەڕە 101). بۆ ڕۆژی دواتریش، پیرۆزبایی لە حاکمی مەڵاتییە کرد لەبەر هەڵوێستی لەبەرانبەر ئە پیلانگێڕییەدا کە سەرچاوە داراییەکەی “ئاڵتوونی بەریتانی” بوو (لاپەڕە 108).
مستەفا کەمال سوودێکی هێجگار زۆری بینی لە پیلانگێڕییەکەی “عەلی غالیب” بۆ بێ ئەرزش کردنی ناوبانگی حکوومەتەکەی داماد فەرید، کە لە 30 ئەیلوولی 1919دا ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە و عەلی ڕەزا پاشا جێی گرتەوە، کە جەنەراڵێکی هاوسۆز بوو لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی/ نیشتمانی تورکیدا41. لە ٦ی نۆڤەمبەردا، کاتێ کە هەڵبژاردن ڕێکخرا بۆ دوا ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی (مەجلیسی مەبعووسان – و)، مستەفا کەمال برووسکەیەکی خولاوی نارد بۆ حاکمی پێنج ویلایەت لە ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات و نیگەرانی و داخی خۆی دەربڕی لە سەر ئەو ئیددیعایانەی گەیشتبوونە پایتەخت گوایە کوردەکان بەرهەڵستیی بزووتنەوەی نیشتمانیی تورکی دەکەن و داوا لە “برا کوردەکانمان دەکات، کە توخمی مەردی [ڕۆڵەی] ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵاتن و پێویستە پشتیوانیی خۆیان دەرببڕن بۆ “هێزە نیشتمانییە” تورکییەکان [قیوای میللییە] و بەرهەڵستیی کۆمەڵەی هەڵسانەوەی کوردستان بکەن” (لاپەرە 155). پاشان برووسکە و نامەی پشتیوانی بەدوای یەکدا دێن و لە کاردانەوەی نامەیەکی پاڵپشتیی ڕۆژی 3ی ديسەمبەری 1919، لەلایەن حاجی مووسای موتکییەوە، مستەفا کەمال شاگەشکە دەبێت و چەندین جار ئاماژەی پێدەکات و ڕایدەگەیەنێت کەوا “تەواوی جیهان دەزانێت کە میللەتی کوردی مەرد [قەومی نەجیبی کورد] هەست بە پەیوەستبوونێکی ئایینی دەکات بە دامەزراوەی پیرۆزی خەلافەتەوە و پارچەیەکی تۆکمە و دانەبڕاو پێکدێنێت لەگەڵ برا تورکەکانیدا” (لاپەرە 168). لە 15ی کانوونی دووەمی 1920دا، مستەفا کەمال سوپاسی ژمارەیەک سەرۆک هۆزی کوردی کرد لەپای ئەو برووسکانەی ناردوویانە بۆ حکوومەت و نوێنەرانی هێزە بیانییەکان لە ئەستەمبووڵ بۆ دەربڕینی هاوسۆزییان لەگەڵ برا تورکەکانیان و وایان لەقەڵەمداوە کە “کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگەی عوسمانی” (لاپەڕە 192). لە برووسکەیەکی تردا کە هەمان ڕۆژ نێردراوە، مستەفا کەمال وا باس لە تورک و کورد دەکات کە “دوو برای ڕاستەقینەن و دەستیان لە ناو دەستی یەکتر ناوە و خواست و بڕیاریان بەرگری کردنە لە یەکگرتنی پیرۆزیان” (لاپەڕە 195).
لە 20ی شوباتی 1920دا و لە سەروبەندی هەڵوەشانەوەی دوا ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانیدا لە ئەستەمبووڵ و بەدوایدا کردنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە ئەنقەرە، مستەفا کەمال نامەیەکی تایبەتی نارد بۆ تەڵعەت پاشای دوورخراوە، کە ئەندامی حکوومەتە سێینەکەی تورکە لاوەکان بوو (جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەڕەقی). نامەکە بەم وشانە دەستیپێکردبوو: “ئەو یەکێتیی نیشتمانییەی بە چاودێریی کۆمەڵەی بەرگریی لە مافە [نیشتمانییەکان] لە ئەنەدۆڵ و ڕووملی دامەزرا ئامانجی ڕزگارکردنی تورکیایە، بە پێی دیاریکردنی سنووری نیشتمانیی تورک و کورد [Turk ve Kurt milli hudutlariyle tahdid edilen Tiirkiye’yi] … هاوتەریب لەگەڵ ئەو سەرەتا و پرەنسیپانەی لە کۆنگرە گشتییەکانی ئەرزڕووم و دواتر سیواسدا دانراون”٤٢.
“مستەفا کەمال” ڕاوبۆچوونەکانی خستە چوارچێوەیەکی زیاتر گشتییەوە لە یەکەم وتاردانی دوورودرێژیدا بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 24ی نیسانی 1920دا. هەروەها دەیوت کە کۆنگرەی ئەرزڕووم سنووری وڵاتی دیاریکردووە بەپێی داواکاریی ئەو خاک و ناوچانەی دەکەونە ناو هێڵی ئاگربەسەوە کە لە 30 ئۆكتوبەری 1918دا ڕاگەیەنرا و ئەم هێڵە ویلایەتی مووسڵیش دەگرێتەوە. ئەمە تەنها سوپا و هێزی چەکدار نەبوو بەڵکوو سنووری نیشتمانیش بوو. مستەفا کەمال زیاتر لە سەر ئەم مەسەلەیە ڕۆیشت و وتی “هەرچەندە ئەمە وەک ئەندێشە و خەیاڵیش دێتە پێش چاو، بەڵام هەرچی ڕەگەز و توخمە ئیسلامییەکانی ناو ئەم سنوورەیە هەموویان دەچنەوە سەر هەمان میللەت و لە چوارچێوەی ئەم سنوورەدا تورک و چەرکەس و موسڵمانانی تر هەن. هەرچۆنێک بێت، ئەمە سنووری نیشتمانیی نەتەوە براکانە کە پێکەوە دەژین و راشکاوانە هاوبەشن لە هەمان ئامانج و مەبەستدا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، هەر توخم و ڕەگەزێکی ئیسلامی کە لە چوارچیوەی سنووری ئەم دایکی نیشتمانەدا دەژی ژینگە و نەریت و نەژادی تایبەتی خۆی هەیە و ئەو ئیمتیازاتانەی پەیوەستە پێیانەوە قبووڵ کراون و بە هەموو دڵسۆزییەکەوە جەختیان لە سەرکراوەتەوە. بە سرووشتی حاڵ، ئەم مەسەلانە لێرەدا بە وردی باس ناکرێن، چونکە ئێرە کات و شوێنی گونجاویان نییە. بێگومان ئەم مەسەلەیە لە نێوان براکاندا تاوتوێ و چارەسەر دەکرێت کاتێ کە بوون و مانەوەمان مسۆگەر دەبێت ….”43. مستەفا کەمال لەم بڕگەیەدا بەدیاریکراوی باسی کوردی نەکرد، بەڵام کاتێ کە لە 1ی مايی 1920دا گەڕایەوە بۆ مەسەلەی سنوور وتی: “ئەو بەڕیزانەی کە ئەم ئەنجومەنە شکۆدارەتان پێکدێنن تەنها لە تورک یان چەرکەس یان کورد پێکنایەن، بەڵکوو ئەمە کۆبوونەوەی ڕاستگۆیانەی گشت توخم و ڕەگەزە ئیسلامییەکانە”. پاشان لە سەری ڕۆیشت و وتی: “لە باکووری کەرکووک کورد و تورکیش هەن و ئێمە جیاوازیمان لە نێوانیاندا نەکردووە”.44
بەهەرحاڵ، تەمومژ بەردەوام بوو لە سەر نەژاد یان ڕەگەز. لە وتاردانی دەسپێکی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 1ی مارتی 1922دا، مستەفا کەمال وتی “گەلی توركيا بریتییە لە قەوارەیەکی کۆمەڵایەتیی یەکگرتوو لە نەژاد و ئایین و کولتوور و تژییە لە ڕێزگرتنی یەکتر و هەستکردن بە خۆبەختکردن و هاوبەشی لە هەمان چارەنووس و بەرژەوەندیدا”٤٥. لەگەڵ ئەوەشدا دەربڕینی “خەڵکی تورکیا” (Turkiye halki) لەجیاتی “خەڵکی تورک” (Turk halki) گرنگە و مستەفا کەمال جارێکیتر بەکاریهێنایەوە لە کاتی بەخێرهاتنی کڵۆد فاڕێرێی نووسەری فەرەنسی لە ئیزمیت، لە 18ی حوزێرانی 1922دا46.
بەپێچەوانەی هەردوو کۆنگرەی ئەرزڕووم و سیواس، ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا کە یەکەمجار لە 23ی نیسانی 1920دا کۆبووەوە ئەندامی کوردی ڕاستەقینەی تێدابوو. دياب ئاغای دەرسيم، یەکێک بوو لە چەندین سەرۆک خێڵی هەڵبژێردراو بۆ ئەنجومەنەکە. یەکەم دەستوور (یاسای ڕێکخستنی بنەڕەتی Teskilat – i Esasiye Kanunu)، کە ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 20ی کانوونی دووەمی 1921دا پەسەندی کرد، دەسەڵات و دۆخی حکوومەتی ناوخۆیی درێژکردەوە، کە لە سەر مۆدێلی فەرەنسی دامەزرابوو لە دەوڵەتی عوسمانیدا. بەندی 11ی دەستور دەڵێت کە ویلایەتەکان سەربەخۆن لە کاروباری ناوخۆیاندا. ئەنجومەنی ویلایەتەکان کە بۆ دوو ساڵ هەڵبژێردرابوون، مافی ئیدارەدانی دامەزراوە خێرخوازییەکان و خزمەتگوزاریی خوێندن و تەندرووستی و ئەشغاڵی گشتی و کشتوکاڵ و کاروباری ئابووریی هەیە، بەگوێرەی یاساکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا.٤٧ بێجگە لەوەش ئەو ئەم ئەنجومەنە بەکارهات لە مەجلیسەوە گۆڕا بۆ شوورا و لەبنەڕەتدا لەلایەن ریفۆرمخوازە عوسمانییەکانەوە هەڵبژێردرا و وەک زاراوەیەکی ئیسلامیی ڕەسەن بۆ ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری، شوورا لە دوای شۆڕشی بەلشەڤیک وەک دەلالەتێک بە “سۆڤیێتەوە” بەسترا (شوورا لە زمانی فارسیی نوێدا و شوورەوی وەرگێڕانی ستانداری ناو و ئاوەڵناون بۆ “سۆڤیێت”). ئەو حکوومەتەی کە سوپای عوسمانی بەجێیهێشت کاتی ناچار بوو لە پاش ئاگربەس قارس چۆڵ بکات ناوی “قارس میللی ئیسلام شوراسی” بوو، کە بە باوەڕی من دەکرێت پێی بڵێین سۆڤیێتی نیشتتمانیی ئیسلامیی قارس. نموونەیەکی تری ئیلهامبەخشیی سۆڤیێتیی هەیە لە دەستووری ساڵی 1921دا و ئەو زاراوەیەی بەکارهێنرا بۆ دەسنیشانکردنی حکوومەتی ئەنقەرە بەم شێوەیە بوو “ئیجرا وەکیللەری هەیئەتی icra vekilleri heyeti” کە دەقی وەرگێڕانەکەی بەم جۆرە دێت “کۆمیتەی کۆمیسیارانی راپەڕاندن” و (بە زمانی ڕووسیش کورتکراوەتەوە بۆ ئیسپۆڵکۆم)، کە ناوی حکوومەتە بەلشەڤیکەکەی مۆسکۆ بوو. لە دەقە فەرەنسییەکاندا وەکیل وەرگێڕدراوە بۆ کۆمیسیێر.
مستەفا کەمال ئاماژە بەو بنەما دەستوورییانە دەکات کە پەیوەندییان بە حکوومەتی ناوخۆییەوە هەیە لەو راسپاردانەدا کە ناردوویەتی بۆ نیهاد پاشا (ئەنڵمش)، کەوا بە فەرماندەی بەرەی باشووری جزیرە لە حوزێرانی 1920دا48 و راسپاردەکان شایانی ئەوەن کە بەتەواوی و دەقاودەق بگوێزرێنەوە ئێرە:
1- سیاسەتی ناوخۆییمان پێویستی بە داڕشتن و دامەزراندنێکی پلە بە پلەیە لە سەرانسەری وڵاتدا و لە کایەیەکی بەرفراوانی کارگێڕیی ناوخۆدا بە بەشداریی ڕاستەوخۆ و کاریگەری جەماوەری خەڵک. سەبارەت بەو ناوچانەش کە کوردیان تێدا نیشتەجێیە، ئەوە بە پێویستی دەزانین بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەمان کە حکوومەتیکی ناوخۆیی پێکبێنین بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ.
2- مافی گەلان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان سەرەتا و پرەنسیپێکی قبووڵکراوە لە سەرانسەری دنیادا و ئێمەش ئەم پرەنسیپەمان قبووڵ کردووە. وا چاوەڕوان دەکرێت کە تا ئەوکاتە کوردەکان حکوومەتی ناوخۆیی تایبەت بە خۆیانیان رێکخستبێت و سەرۆک و ناودارەکانیان بە هاوکاریی ئێمە سەربکەون لە جێبەجێ کردنی ئەم ئامانجەدا، کاتێ کە لە ڕێگەی دەنگدانیانەوە پێویستە ئەوە ئاشکرا بکەن کە لە ژێر سایەی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا دەبن و ئەوکاتە بەڕاستی دەبنە خاوەن چارەنووسی خۆیان. گەرماندەیی بەرەی جزیرە بەرپرسە لە ئاڕاستەکردنی هەموو کاروبارەکان لە کوردستاندا بەگوێرەی ئەم سیاسەتە.
3- هێڵە گشتییەکانی ئەم سیاسەتە ڕەچاوکراوە ئەو ئامانجانە لەخۆدەگرێت وەک بەرزکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی چەکداری تا ئاستی بەردەوامبوونی دوژمنایەتیی کوردەکانی کوردستان دژ بە فەرەنسییەکان و بەتایبەتیش بەریتانییەکان لە سەر سنووری ئێراق، بۆ ڕێگرتن لە هەر ڕێککەوتنێکی نێوان کورد و بیانییەکان، بۆ ئامادەکارییەکی شێنەیی دامەزراندنی دەزگاکانی حکوومەتی ناوخۆ و بەوپێیە ڕاکێشانی دڵی کورد بە لای خۆماندا و بەهێزکردنی پەیوەندیمان بە سەرۆکە کوردەکانەوە بە دامەزراندنیان لە پۆست و پێگەی مەدەنی و سەربازیدا.
4- هەماهەنگی کردن لە سیاسەتی ناوخۆی کوردستاندا و بەڕێوەبردنی لە لایەن سەرکردایەتیی بەرەی جزیرەوە. فەرماندەیی بەرە لەم ڕووەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا چێ دەکات. کاربەدەستانی بەرپرسی مەدەنیش ڕاپۆرتی خۆیان لە سەر ئەم مەسەلەیە دەدەنە فەرماندەیی بەرە، کە ئەمیشیان کاروباری پێویست لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە رێکدەخات.
5- فەرماندەیی بەرەی جزیرە پێشنیازی چەشنی گۆرانکاریی کارگێڕی و دادوەری و دارایی پێویست ئامادە دەکات. ٤٩
نیهاد پاشا نەیتوانی دڵ و مێشکی کەسایەتییە کوردەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، یان هەر هیچ نەبیت کەسیاتییە کوردەکانی ناوچەکەی خۆی. هەندێک لەوانە سکاڵای خۆیان گەیاندە ئەنجومەن لە ئەنقەرە و بە ملهوڕی و کاری نایاسایی تۆمەتباریان کردبوو. لیژنەی دادوەریی ئەنجومەن، پاش ئەوەی گوێی لە بەرگرییەکەی گرت، ڕاپۆرتی ئەوەی دا کە هیچ کردەوەیەکی لەگەڵ نەکرێت و لە 22ی تەمووزی 1922 ڕاپۆرتەکە وەک خۆی وەرگیرا، سەرەرای ناڕەزایی و دەنگ هەڵبڕین لە لایەن هەندێک لە نوێنەرانەوە و بەتایبەتی فەیزی ئەفەندیی نوێنەری مەڵاتییە. هەرچۆنێک بوو نیهاد پاشا گوێزرایەوە بۆ ئەنقەرە و کرا بە سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سەربازی50. مستەفا کەمال لەمەدا دەستێوەردانی نەکرد، وەک پێشتر کردی لە کێشەی نوورەدین پاشای “ریشندا” لە سوپای ناوەند، کاتێ کە لە نێوان نیسان و حوزێرانی 1921دا ڕاپەڕینی کوردەکانی قۆچگیریی دامرکاندەوە لە قەدپاڵی باکووری چیاکانی دەرسیمدا.
ئەم تووندوتیژی و دڵڕەقییەی نوورەدین پاشا سەرکۆنە کرا، بەتایبەتی بەکارهێنانی کەسانی نانیزامی بە فەرماندەیی لام عوسمانی بەدناو (تۆپاڵ عوسمان) ی خەڵکی گیرەسون، لە سەر پێشنیازی ئەمین بەگی نوێنەری ئەرزنجان، کە لە بازنەی هەڵبژاردنی ئەمدا راپەڕیەکە ڕوویدابوو.
ئەمین بەگ، لە کاتی قسەکردنی لە دانیشتنێکی نهێنیی ئەنجومەندا، 4ی ئۆکتۆبەری 1921، رایگەیاند کە ئەو کاری سزادانەی دەرهەق بە خەڵکی دەرسیم ئەنجامدراوە بە هیچ شیوەیەک قبووڵکراو نییە، بگرە لە بەرانبەر “بەربەرەکانی ئەفریقاشدا” و ئەم کار و کردەوە دڕندانە تەنانەت لەگەڵ ئەرمەنەکانیشدا نەکراوە. 51 ئەنجومەن بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بنێرێت، کە مەبەست تەماشاکردنی لێکەوتە و دەرەنجامەکانی رەفتاری نوورەدین پاشاش بووە لە کاتی راگواستنی گریکەکاندا لە سامسۆن. ئەنجومەن ویستبووی نوورەدین پاشا بدرێتە دادگا، بەڵام لە دانیشتنی نهێنیی ڕۆژی 16ی کانوونی دووەمی 1922دا، مستەفا كەمال پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کەوا هەرچەندە نوورەدین لە پۆستی فەرماندەیی بەخشراوە، بەڵام ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراوە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە. پاشان ئەمە قبووڵ کرا52 و دواتر هەرگیز دادگایی نەکرا. مەسەلەکە وەک دەڵێن لە دەر چاوی کاڵی نوورەدین نەبوو، بەڵام وەک مستەفا كەمال لە برووسکەیەکیدا بۆ “کازم قەرەبەکر” لە 13ی نۆڤەمبەری 1921دا، دەڵێ کەوا نیگەرانە لەو هێرش و گەلەکۆمەکییەی دژ بە فەرماندە سەربازییەکان کە بۆ جەنگ پێویستی پێیانە53.
رۆبەرت ئۆڵسن54 لەبارەی هێزی ڕاپۆرتەکانی هەواڵگریی بەریتانیاوە دەڵێت کەوا بێجگە لە کۆمیسیۆنەکەی قۆچگیری، کۆمیسیۆنێکی تر نەخشەی پرۆژە یاسایەکیان داناوە سەبارەی بۆ ئیدارەدانی کوردستان، کە بڕیاردرابوو لە دانیشتنی نهێنیی 10ی شوباتی 1922دا گفتوگۆی لە سەر بکرێت. ئەم پرۆژە یاسایە، کە دەقەکەی لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیادا هاتووە، بە زۆرینەی 373 دەنگ لە بەرانبەر 64 دەنگدا بەئاشکرا رەتکراوەتەوە و زۆربەی نوێنەرە کوردەکان لەدژی دەنگیان داوە. دێڤيد ماکدواڵ باس لە گفتوگۆیەک دەکات لە سەر دەرسیم لە دانیشتنێکی نهێنیی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 9ی ئۆکتۆبەری 1921دا، کە بڕیاریکی لە 10ی شوباتدا بەدوادا هاتووە بە دامەزراندنی “بەڕێوەبەرێتییەکی سەربەخۆ بۆ میللەتی کورد کە بگونجێت لەگەڵ دابونەریتی نەتەوەییاندا”55. بەڵام بەپێی ئەو کۆنووسانەی بڵاوکراونەتەوە، هیچ کۆبوونەوە و دانیشتنیکی نهێنیی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا نەکراوە نە لە 9ی ئۆکتۆبەری 1921 و نە لە 10ی شوباتی 1922دا، بەڵکوو لە ٣ی ئۆکتۆبەردا گفتۆگۆیەک بووە لەبارەی یاخیبوونەکەی قۆچگیری و (دەرسیمەوە) و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ هەڵبژاردووە لە پێنج ئەندام. گفتوگۆکە ڕۆژانی 4 و 5ی ئۆکتۆبەر بەردەوام بووە. لە کۆتاڕۆژدا؛ کۆمیسار (یان وەزيری) ناوخۆ، رەفعەت (بەلە) پاشا، دژ بەو داواکارییانەی خەڵکی دەرسیم وەستاوەتەوە کە ناوچەکەیان دۆخێکی بەڕێوەبەرێتیی جیایان هەبێت و وتوویەتی مەسەلەکە وا باشتر و پەسەندترە کە بەشیک نەبن لە ویلایەتی مەعمورەتولعەزیزی دەوڵەمەندتر. ٥٦ لە ماوەی نێوان 16 – 17ی کانوونی دووەمی 1921، کاتێ کە ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا گفتوگۆی لە سەر ئەگەری دادگایی کردنی نوورەدین پاشا کردووە، یوسف عیززەت پاشای ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوە وتوویەتی کەوا لیژنەکە کاری خۆی تەواوکردووە، بەڵام چاوەڕێی گەڕانەوەی دوو کەس پە پێنج ئەندامەکە دەکەن بۆ تەواوکردنی ڕاپۆرتەکە. بەڵام هەر لەو سەروبەندەدا، ئیددیعای ئەوەی کردبوو کە نوورەدین پاشا دەسەڵاتی خۆی تێنەپەراندووە. 57 بەڵام لە گفتوگۆکەدا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ لیژنەیەکی دووەم یان هەر نەخشە و پلانێک بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان.
پێدەچێت ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە بێ هیچ شوێنەوارێک نوقم بووبێت و هیچ ئاماژەیەک بۆ هیچ پلانێکی ئۆتۆنۆمی نییە لەو بەرگرییە دوورودرێژەی نیهاد پاشای فەرماندەی بەرەی جزیرە بەرزی کردووەتەوە، کە بە سادەیی دەڵێ “ویلایەتەکانی كوردستان دەتوانرێت تەنها لەو رێگایەوە دڵبەندی حکوومەتی نیشتمانی بکرێت کەوا کاربەدەستان بەتەواوی دەستپاک بن”58. تا ئەو کاتەی بەڵگەی پێچەوانەی ئەمەمان دەستدەکەوێت، وای بۆدەچم کە ئەو ڕاپۆرتە بەریتانییانەی ئۆڵسن و ماکدواڵ دەیانکەنە سەرچاوەی خۆیان سەبارەت بە بوونی بلانێکی دیاریکراوی تورکی بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان بە وردیان نازانم، هاوچەشنی زۆرێکی تر لە ڕاپۆرتەکانی هەواڵگریی بەریتانیا. ڕەنگە ئەم زانیارییانە لە سەرچاوە کوردییەکانەوە دەستکەوتبن، لەوانەیە لە سەید عەبدولقادرەوە بووبێت لە ئەستەمبووڵ و پشتیان یان بەو بەڵگەنامانە بەستووە کە شەرعییەتی یاساییان نییە یان بە سادە و ساکاری بڵێین تەنها بیرکردنەوە بووە لە خولیا و ئاوات.
مستەفا كەمال ڕای خۆی نەگۆڕیبوو، بەڵکوو بەردەوم بوو لە بیرکردنەوەی ئۆتۆنۆمیی کورد لە چوارچێوەی حکوومەتی ناوخۆیی لە سەرانسەری وڵاتدا و بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە ئیشارەت بۆ کورد دەکات لەو کورتە وتەیەدا کە لە 16/17ی کانوونی دووەمی 1923دا لە ئیزمیت بۆ ڕۆژنامەنووسانی باسکرد، لە کاتێکدا کەوا کۆنگرەی لۆزان لە پشوودا بوو. جارێکی تر دەڵێینەوە کە ڕاگەیاندنەکە شایانی ئەوەیە بەتەواوی بگوێزرێتەوە و مستەفا كەمال وتوویەتی:-
“کێشەیەکی کوردیی وا نییە کە ئێمە تووشی نیگەرانی بکات وەک تورکیا، لەبەرئەوەی وەک دەزانن، توخم و ڕەگەزە کوردییەکان بە شێوەیەک لە ناو سنووری نیشتمانیماندا چارەسەر کراوە کە تەنها لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی تەواو سنوورداردا چڕبوونەتەوە. ئەوان لەگەڵ کەمبوونەوەی چڕییان و تێکەڵبوونیان لە ناو توخمە تورکییەکاندا، سنوورێکی [ئیتنیکی] درووستبووە بە شێوەیەک وامان لێدەکات کە ئارەزووی سنوورکێشانیک بکەین بە ناوی کوردبوونەوە [كورتلك] کە وا پێویست بکات تورکبوون و تورکیا تێکبشکێنرێت. بۆ نموونە، ئەمە وا پێویست دەکات کە سنوورێک هەبێت درێژببێتەوە بۆ ئەرزڕووم و ئەرزنجان و سيواس و خەرپوت. هەروەها نابێت هۆزە کوردەکانی بیابانی قوونییەش لەیادبکرێن. لەبەرئەوە، لەبری وێناکردنمان بۆ کوردبوون بەم ڕەنگە، ئەوە ئۆتۆنۆمییە ناوچەییەکان هەر چۆنێک بێت بەپێی دەستوورەکەمان (کە یاسای ڕێکخستنی بنەڕەتییە) جێبەجێ دەبن. لە ئەنجامدا، لە هەرکوێیەک دانیشتووانی ناوچەیەک یان [لیوایەک] کورد بن، ئەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان حوکمی خۆیان دەکەن. بەدەر لەمە کاتێ کە باس لە گەلی تورکیا دەکرێت دەبێت ئەوانیش (واتە کوردەکان) بگرێتەوە. خۆ ئەگەر نەیگرتنەوە دەکرێت سکاڵا بەرز بکەنەوە. ئێستا ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵای تورکیا لە نوێنەرانی بەتوانای هەردوک تورک و کورد پێکهاتووە و هەردوو توخم و ڕەگەز بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆیان یەکخستووە و دەزانن کە ئەمە شتێکی هاوبەشە. بۆییە هەوڵدان بۆ سنوورکێشانێکی جیا ڕاست نییە”٥٩.
هەڵبەت عیسمەت (ئینۆنو)، بەو پێیەی کە سەرۆکی وەفدی تورکیا بوو بۆ کۆنگرەی لۆزان، هەمان هێڵ و رێبازی گرتەبەر و داکۆکیی لە داواکاریی وڵاتەکەی کرد بۆ ویلایەتی موسڵ، بە بەڵگەیەی کە حکومەتی تورکیا حکوومەتی کوردیش بووە60. بەڵام من باوەڕم وایە کەوا هەڵەیە هەڵوێستی مستەفا كەمال بگێڕینەوە بۆ حوکمکردنی کورد لە تورکیادا بە ئومێدی گێڕانەوەی موسڵ، چونکە لە هەمان ئەو چاوپێکەوتنە کورتەی کە لە ئیزمیت لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ئەنجامیدا، ئەو هەر بیروڕای شەخسیی خۆی دەربڕی کەوا مەحاڵە موسڵ بە شەڕ وەربگیرێتەوە، یان بە واتایەکی تر لە ڕێگەی شەڕکردنی بەریتانییەکانەوە، هەرچەندە وتی کەوا بەریتانییەکان دەیانەوێت حکومەتێکی کوردی لە موسڵدا درووست بکەن و ئەگەر ئەوە بکەن ڕەنگە ئەو ئایدیایە لە ناو کوردەکانی سنووری تورکیادا بڵاوببێتەوە. ٦١
مستەفا کەمال، لە وتاردانێکی زۆر دوورودرێژدا بۆ خەڵکی ئەزمیر لە 2ی شوباتی 1923دا، جارێکیتر ئاماژەی بە خەسڵەتی فرەئیتنیکی تورکیا کردەوە و وتی: “توخمێکی سەرەکی هەیە کەوا دەوڵەتی تورکیای دامەزراندووە و پاشان توخمەکانی تر کۆشش و مێژووی خۆیان بەستەوە بەو توخمە سەرەکییانە و هەروەها هاووڵاتیانێکیش لەم توخمانەدا هەن”62. ئەو نموونەیەی کە ئەمجارە مستەفا کەمال هێنایەوە چەرکەس یان کورد نەبوو، بەڵکوو جوولەکە بوون، کە حازربەدەست لە ئەزمیردا بیرکەوتنەوە، چونکە گەڕەکەکەیان لە شاردا ساڵی پێشتر لە ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە ڕزگاری بوو و کۆمەڵگەی جوولەکە ڕێگەیان بە نوێنەرانی یەکەم کۆنگرەی ئابووریی دا، کە مانگی پێشتر بەسترابوو، خانەیەکی منداڵانی بێسەرپەرشت و هەتیوان دامەزرێنن63.
سیاسەتمەداری سۆشیالیستی تورک دۆغۆ پەرنچەک، کە سەرنجی ئێمەی ئێمەی بۆ راسپاردەکانی مستەفا کەمال ڕاکێشاوە بۆ نیهاد پاشا و ڕاگەیاندنەکەی ئیزمیتی لە سەر کورد و لە ڕووداوەکانی دوای ساڵی 1923 دەپرسێ بۆ ڕێگرتن لە تێهەڵکێشی بیر و ئایدیاکانی مستەفا کەمال لە دەستووری ساڵی 1924. 64 بەواتایەکی تر، ئاخۆ چارەسەر چارەسەر لە چوارچێوەی ئەو ئەحکامانەی دەستووردا نەبوو کە تایبەتن بە دابینکردنی حوکمی ناوخۆیی و لە سەر بنەمای دانپیانان بە کورد و توخمە ئیتنیکییەکانی تر لە تورکیادا؟
لە پاش ماوەیەکی کەم لەم ڕاگەیاندنەی مستەفا کەمال لە هەردوو شاری ئیزمیت و ئیزمیر هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. لە 13ی ئابی 1923دا مستەفا کەمال دانیشتنی یەکەم دووەم ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵای بە وتاردانێک کردەوە کە تێیدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە بەڕقەرارکردنی یاسا و نیزام ئەرکی یەکەمی حکوومەت دەبێت، بەڵام ئەوەشی وت کەوا دەوڵەتی تازەی تورکیا دەوڵەتی خەڵکە65. ئەنجومەن کۆمیتەیەکی هەڵبژارد بۆ دانانی دەستوورێکی نوێ (Kanunu Esasi Encumeni) و سەرۆکەکەی ڕۆژنامەنووس یونس نادی بوو، کە تورکێکی نەتەوەپەرستی بیر و بۆچوون ڕادیکاڵ و چەپڕەو بوو، بەو واتایەی کە فاشیزم لە سەرەتادا بزووتنەوەیەکی چەپڕەو بووە. یەک لە ئەندامە کاریگەرەکانی تری کۆمیتەکە ئەحمەد ئاغائۆغڵوو بوو، کە ڕۆشنبیرێکی لەدایکبووی ئازەربایجان و کەسێکی چالاکی جارانی جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەڕەقی CUP بوو، کە بەلای هەڵوێستێکی نەتەوەیی لیبراڵدا دایدەشکاند. سەبیحە (سەرتەل)، کە خۆی وا لەقەڵەمدەدا لەو کاتەدا سۆشیالیستێکی تووباوی بووە و تازە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەڕابووەوە و کاتێ چووبوو بۆ ئەنقەرە بۆ لای زەکەریای هاوسەری کەوا بە بەڕیوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن دامەزرابوو، چاودێریی گفتوگۆکانی کۆمیتەکەی کردبوو.٦٦ سەبیحە دەڵێ کەوا مستەفا کەمال فرەجار لە کاری کۆمیتەکەی دەستووردا بەشداریی کردووە کاتێ کە لە ماڵی بەڕێوەبەری وێستگەی شەمەندەفەردا لە ئەنقەرە کۆدەبوونەوە. بەپێی سەبیحە سەرتەل بێت، مشتومڕیکی زۆر بەرپابووە لە سەر مادەی چوار (لە دەستووری 1921دا) کە دەقەکەی بەم شێوەیە “ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لەو ئەندامانە پێکدێت کە خەڵکی هەرێمەکان هەڵیاندەبژێرن”67. بە پێی قسەی ئەو بێت وشەی “ویلایەت یان هەرێم” واتای “شاری سەرەکیی هەرێمیکی” دەگەیاند و ئەوانەی بەرپەرچی ئەم ئەم بۆچوونەیان دەدایەوە چەندوچوونیان لە سەر پێویستیی نوێنەرایەتیکردنی شارۆچکە و گوندەکان دەکردەوە و وای بۆدەچوو کە مەترسیی ئەو ناڕەزایەتیانە لەوەوە بووە لە دەستەبژێری ویلایەت یان هەرێمەکان-کە لە فەرماندە سەربازییەکان و کەسایەتییە ناودارەکان و خاوەن زەوییەکان پێکدەهاتن – بەزۆری لە گیرفانی مستەفا کەمالدا بوون و ئەو ئەندامە هەڵبژێردراوانەی ئەنجومەنیش پێگەی ئەویان وک دکتاتۆرێک بەهێزدەکرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەقەکە بەم شێوەیە گۆڕانکاری تێدا کرا “ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵای تورکیا لەو نوێنەرانە پێکدێت کە لەلایەن گەل/ نەتەوەوە هەڵدەبژێردرێ بە پێی یاسای پەیوەندیدار”.
نووسین: ئەندرو مانگۆ، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کتێب دانەرێکی بەریتانییە
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق