بە پشت بەست بە چەندین سەرچاوەی ئاست بەرزی مێژوویی، پێم باش بوو چەند زانیارییهك لە سەر پەیمانی لۆزان بخهمە ڕوو، هەتا ئێمەی کورد زیاتر ئاشنای مێژووی خۆمان بین و مێژوومان بنووسینەوە و ئاشنای بکەین بە نەوەکانی ئێستامان و ڕابردوومان هەتا بتوانین ئەم مێژوویەمان بکەینە وانەو پلانی دابڕێژین بۆ ئێستامان و ئایندەمان. لە ۲٤ تەموزی ساڵی۱۹۲۳ کۆنفرانسێکی نوێ لەلایەن دەوڵەتانی ئینگلیز و فەرەنسا و ئیتالیا و ڕووسیا، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا بەسترا، مەبەست لە بەستنی ئەو کۆنفرانسەش داڕشنەوەی سەرلەنوێ قەوارەی سیاسی و جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کەبە (پەیمانی لۆزان) ناوی دەرکرد
بەسەرکردایەتی ئەم نوێنەرانە پەیمان نامەکە واژۆکرا:- عیسمەت ئینۆنۆ (تورکیا)، لۆرد کورزون (شانشینی یەکگرتوو)، ئەلیفتھیرۆس ڤێنیزێلۆس (یۆنان)، بەچاودێری جۆزەف گروو، نوێنەری ئەمریکا لە سویسڕا.
پەیمانی لۆزان ئەو پەیمانەیە کە کوردستانی گەورەی تیێدا دابەشکراو بوو بە ژێر دەستەی دەوڵەتە گەورەکان و زلهێزەکانی جیهان، پاش ئەوەی “کەمال ئەتا تورک” سەرۆک و دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیا، بە هەوڵی دیپلۆماسی و پاڵیشتی یەکێتی سۆڤێتی جاران توانی (پەیمانی سیڤەر) هەڵوەشێنێتەوە.
پەیمانی (سیڤەر) پەیمانێکی ئاشتی بوو لە نێوان دەوڵەتانی فڕەنسا، بهریتانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن و ھاوپەیمانان لە کۆتاییی جەنگی یەکەمی جیهانی لە (۱۰ـی ئابی ۱۹۲۰) بەسترا نوێنەری کورد (شەریف پاشا) بوو و بە گوێرەی ئەو پەیمانە بهریتانیا دەیویست بەشی کوردستانی باکوور لە تورکیا جیابکاتەوە و ولایەتی موسڵیشی بخاتە سەر و دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بۆ کورد لەژێر سەرپەرشتیکردنی خۆیدا دابمەزرێنێت.
مەبەست لە کۆنگرەکە باسکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و بەستنی ڕێکكەوتنێکی نوێی ئاشتی بوو لەگەڵ تورکیای کەمالی بۆ ئەوەی پەیمانی لۆزان شوێنی پەیمانی سیڤەر بگرێتەوە، ئەو پەیمانەی کە نە تورکیای کەمالی و نە ھاوپەیمانان ناوەڕۆکیان جێبەجێ کردبوو، لەم کۆنگرەیەدا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و ڕامیارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووسڵ و سیستەمی تەنکە دەریایییەکان و کێشەی سیستەمی مافی بێگانە و کێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ. کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە بابەتی کورد و کێشە ڕەواکەیدا و نەیھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سیڤەر بێتە دی.
پەیمانی لۆزان لەچەند بەش و بڕگەیەکی سەرەکی پێك هاتبوو:- بڕگە سیاسییەکان، بەشی بڕگە دارایییەکان، بەشی بڕگە ئابوورییەکان، بەشی گەیاندن و پرسە پاکسازییەکان، بەشی دابینکار جیاجیاکان، بەشی ڕێکكەوتن و ڕێزگرتن لە مەرجەکانی نیشتەجێبوون و کار و دەسەڵات بەشی ڕێکكەوتنی بازاڕ. بەشی ڕێكکەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی ھاووڵاتی تورکی و یۆنانی. بەشی ڕێکكەوتنی نێوان یۆنان و تورکیا ڕێزگرتنی قەرەبووکردنەوەی دوولایەنەی ھاووڵاتیان و گۆڕینەوەی گیراوانی جەنگ. بەشی جاڕنامە دەربارەی دەرکردنی لێبوردنی گشتیبەشی جاڕنامە دەربارەی موڵکی موسڵمانانی ناو یۆنان. بەشی جاڕنامە دەربارەی مەسەلە پاکسازییەکانی ناو تورکیا. بەشی جاڕنامە دەربارەی بەڕێوەبردنی دادپەروەری لە تورکیا. بەشی پرۆتۆکۆلی دابینکردنی ھەندێ دانپیانان دەربارەی دەوڵەتی عوسمانی.
لە پەیمان نامەی لۆزاندا باسی کورد و کوردستان نەکراوە، باسی ئەرمەنەکانیش نەکراوە، تەنانەت باسی پەیمانی سیڤەریش نەکراوە، بەڵام ناوەڕۆکی پەیمانی سیڤەر ھەڵدەوەشێتەوە بۆ نموونە لە پەیمانی لۆزاندا کورد وەک نەتەوە یان تەنانەت وەک کەمینەیەکی بچووک لە تورکیا دانپێدانراو نییە. خاڵێک ئەوەیە کە تورکیا دەبێ مافی زمانەوانی و ھەروەھا مافی کەمینەکانی جگە لە موسڵمانان دابین بکات. لۆزان وەک ئەوە باسی کوردی كردووە وەک ئەوەی کە نەبێت، تەنانەت ئەرمەنەکان ھەلومەرجیان باشتربووە، چونکە ئەوان وەکو کەمینەیەکی ئایینی لە تورکیا دانیان پێدانراوە و ناویان نەھاتووە، بەڵام وەکو کەمینەیەک دانیانپێدانراوە.
بۆنمونە، بەپێی ماددەی ٣٨: (میری تورکیا بەڵێن دەدات بەرگری لە ماف و خاوەندارێتی و ئازادیی ھاووڵاتیانی تورکیا بکات بەبێ ڕەچاوکردنی زمان و ڕەگەز و ئایین)
لە ماددەی ٣٩ زیاتر دەڵێت: (میری تورکیا نابێت ڕێگری لە ھیچ کەسێک بکات کە ملکەچی سەروەری تورکیا بێت». دەتوانن بەشداری ھەر چالاکیەکی ئایینی، بازرگانی، ڕۆژنامەوانی، یان ڕامیاری بکەن)
لەو ڕۆژەدا بوو بڕیارێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەموو یاساو پرانسیپێکی مرۆڤی و نێودەوڵەتی لە دژی نەتەوەی کورد درا، بەبێ ویست و ئاگاداری نەتەوەی کورد خاکی کوردستان و تێکرا دانیشتووانەکەی لەنێوان هەر چوار دەوڵەتی ئێران و ئێراق و تورکیا و سووریا دابەشکرا. پارچەی پێنجەمی کوردستانیش کەبە کوردستانی سوور ناو دەبرا، کەوتە ژێر دەستی یەکێتی سۆڤێتەوە، دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان، پاش داڕشتنی قەوارەی سیاسی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی درێژخایەنی خۆیان لە ناوچەکەدا، دەستیان کرد بە یارمەتیی دانی سەربازیی و فرۆشتنی چەکو پشتیوانی کردنی سیاسی و دیبلۆماسی لەو ڕژێمانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکرا بوو.
لەدوای پەیمانی لۆزانەوە ڕاپەڕینی کوردان لەنێوان ساڵانی (۱۹۱٨ ت- ۱۹۳٨) لە باشوورو باکوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ وەدەست هێنانەوەی مافی زەوتکراوی خۆیان لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بە دڕندانەترین شێوە بەرپەرچ درانەوە. دەوڵەتەکانی گەورەی کۆڵونیالیستەکانیش بە مەبەستی هاوکاری کردن لە ئەو دەوڵەتانە ڕاستە خۆو ناراستەو خۆ پشتگیری سەریازیی و لۆجستیکییان پێشکەش دەکردن، پشتیوانی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتی ستالین لە تورکیا و دژایهتی کردنی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و ڕووخانی مەملەکەتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەلیکی کوردستان (شێخ مەحمودی نەمر) بە هاوبەشیکردنی سوپای عەرەب و ئینگلیز، هەروەها ڕووخانی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محمەد، لەلایەن سوپای ئێران و پشتیوانی کردنی ئەمریکا و ئینگلیز لە ڕژێمی حەمە ڕەزا شا، چەند نموونەیەکی ئەو گەلەکۆمە نێودەوڵەتی و ناوچەییەن کە دەرهەق بە گەلی کورد، لە دوای بەستنی پەیمانی لۆزان ئەنجام دران.
دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان پاش سەرکەوتنی جێبەجێکردنی بەندەکانی پەیمانی لۆزان لە دژی کورد سیاسەتێکی هاوبەشیان لە دژی کورد گرتەبەر و دەستیمانکرد بە جینۆسایدی ئابووری و فەرهەنگیی و ڕەگەزی و تاڵانکردنی کانزا و بەرو بوومی کوردستان و دەرکردنی کورد لەسەر زێدی باو باپیرانیان، بە نیازی ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە نیو زمان و نەتەوەی خۆیاندا بتوێننەوەو ناوی کوردستانیش لەسەر نەخشەی جوگرافی جیهان بسڕنەوە.
پەیڕەوکردنی ئەو پلانەی کە لە پەیمانی لۆزاندا هاتبوو لە ئاکامدا بە درێژی کات کاریگەریی سامناکی بۆ سەر کورد بەدواوە بوو، دەوڵەتە داگیر کەرەکان لە پاش لۆزان دەستیان کرد بە تووندکردن و بەستنی سنوورەکانیان و بەدەیان و سەدان هەزار خزم و بنەماڵە لە یەکدی دابڕان. لە سایەی پەیمانی لۆزاندا، لە سوریا و تورکیا حاشا لە بوونی کورد وەک نەتەوەیەک کراو لە ئێراقیش سیایەتی بەعەرەبکردن و بنەبڕکردن و ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کورد هەمیشە لە ئارادا بوو، لە ئێرانیش هەر لە دەسەڵاتی ڕەزا شاوە و دامەزراندنی دەوڵەتی فارسەوە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوی کوردستانیان لە سەریان لابراو تەنیا چەند شار و شارۆچکەیەکیان ناونا کوردستان. هەرلە سایەی پەیمانی لۆزانەوە بوو داگیرکەرانی کوردستان لە ڕووی ئابووری و گەشەی پیشەسازییەوە بەردەوام پێشیان لە ڕەوتی گەشەسەندنی ئاسایی و سرووشتی گرتووە و، داهاتی نەوت و کانزا و سامانی کوردستان لە ماوەی ئەو هەشتا-نەوت ساڵەدا کە لە هەزاران ملیۆن دۆلار تێپەر دەکات لەپێناوی پێشخستنی ئابووری و پیشەسازی خۆیاندا دەستەبەر کرد. بەدەیان و سەدان کوردیش بەهۆی بێکاری و نەبوونی بژێویی وەک هێزی کار، ڕویان کردە ناوچەکانی ئەوان و بەنرخێکی کەم کاریان پێکراوە.
لەسایەی پەیمانی لۆزاندا بوو کوژرانی زیاتر لە ملیۆنێک کورد لە ڕاپەڕێنەکانی شێخ سەعید و ئیحسان نووری پاشاو سەید ڕەزای دێرسیم و ڕاگواستنی ملیۆن و نیوێک کورد لە باکوور بۆ ناوچە تورک نشینەکان و لە ناوچونی کۆماری ئۆتۆنۆمی کوردستانی سوور لەلایەن سۆڤێتەوە و بڵاوەپێکردنی دانیشتووانەکەی بەناو کۆمارەکانی دیکەی سۆڤێتدا دا و هێرشی سەربازیی بۆ سەر باشووری کوردستان و ڕووخانی حکومەتەکەی مەلیک مەحمود و وێرانکردنی پێنج هەزار گوند لە باشوور و کیمابارانکردنی شارو شارۆچکەکانی کوردستان و ئەنفال کردنی گەلی کورد لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە و ڕوخانی کۆماری مەهاباد و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی و سەدان ڕۆڵەی گەلی کورد لە کوردستانی باشوور و دەرکردنی فتوای جیهاد لە دژی کورد و هەموو ئەو کوشت و بڕو ماڵوێرانییەی کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە سەر کورد هاتن هەمووی لە سایەی پەیمانی نەگریسی لۆزانەوە بوو، هەر بۆیە پەیمانی لۆزان بە سەرەتاو سەرچاوەی هەموو بێبەختی و نەهامەتی و ماڵوێرانی و دواکەوتنێکی کورد لە کاروانی سەرفرازیو پێشکەتن دادەنرێت.