لە ساڵیادی کۆچی دوایی گەورە فەرهەنگ نووس و ئەدیب و پەرۆشی پیت و وشەو و رستەی کوردی (گیوموکریانی)
هەتاوى گیوى موکریانى تیشکێک بۆ هەستى نەتەوەخوازى کوردى
لە نێو دونیاى ڕۆشنبیرى و ڕۆژنامەگەرى کوردى کەسێک نییە بە هەوارى پڕ وشەى گیو و سەروکارى لەگەڵ پیت و وشە و شیعر و فەرهەنگى کوردى و وێنەگرى و چاپخانەکەى ئاشنا نەبێت، لایەنێک ڕەنگە کەمتر باسى لێوەکرابێت، دیدگە و ڕوانگەى بێت لە مەڕ پرسى نەتەوایەتى کوردى، توێژەرێک بیەوێت لێکۆڵینەوە بکات بە ئاسانى دەتوانێت لە هەڵوێست و نووسینەکانى خەمى قووڵى وڵات و خاک و داهاتووى نەتەوەکەى بخوێنێتەوە.
گۆڤارى هەتاو یەکێکە لە وێستگە سەرەکییەکانى ژیانى گیو، بەکورتى دەتوانین ئاماژە بە هەوڵوێستێکى بکەین، چۆن گۆڤارەکەى کردبووە سەکۆیەک بۆ دەربڕینى ڕاى ئازادیخوازى کورد و دنەدانى ڕۆشنبیرانى شارى هەولێر و کوردستان.
لە دوا مانگەکانى ساڵى 1960 ڕێک ئەوکاتەى دەرکەوت حکومەتەکەى عەبدولکەریم قاسم (1958-1963) کەوتبووە ژێر کاریگەرى هەلپەرست و ناسیۆنالیستە پەڕگیرەکانى عەرەب، پەیوەندییەکانى ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ کورد بەرەو لێکدابڕان دەڕۆیشت، ئەم ڕەوتە عەرەبییە لە هەڵمەتى ڕاگەیاندنەکانى ئێراقى ڕەنگدانەوەى هەبوو، کە نەتەوەى کوردى ڕەنجاندبوو، ئیتر بە پاڵپشتى حکومەتى قاسم زنجیرەیەک وتارى ڕۆژنامەوانى بێبنەما لە دژى میللەتى کورد بڵاوکرانەوە، گیوى موکریانى خوێنەرى هەموو بڵاوکراوەکان بوو، سەرکردایەتى سیاسیی کورد لە ڕەوشەکە نیگەران ببوو، نیگەرانییەکە لەوە بوو وتارەکان لە ڕۆژنامە فەرمییەکانى (بغداد، الثورة) بڵاو دەکرایەوە، کە ئۆرگان یان زمانحاڵى فەرمى حکومەت بوون.
لە 20ى ئابى 1960 لە ڕۆژنامەى بەغدا، خاوەنى گۆڤارەکە کە ناوى خضر العباسیبوو، وتارێکى لەسەر بنەچەى مێژوویی هۆزەکانى کورد و میرنشینە کوردییەکان نووسیبوو، بە جۆرێک هۆزەکانى (خۆشناو و پشدەر و بلباس)ى گەڕاندبووەوە سەر (بەنى مەخزوومى)عەرەبى و ڕەچەڵەکى میرنشینە کوردییەکانى (بادینان و سۆران و بابان)ى گەڕاندبۆوە بۆ (عەباسى و طائـی و خالیدى)بۆ ئەو مەبەستە گیوى موکریانى لە هەوڵەکانى حکومەت بۆ سڕینەوەى ناسنامەى کوردى و چەواشەکارى مێژووى نەتەوەکەى نادیدە نەبوو، بەڵکو چاپخانەکەى ببوە مەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەى ڕؤشنبیرانى شار و هاوکات سەکۆیەک بوو بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پڕوپاگەندە بەرنامە بۆ داڕێژراوانەى حکومەتى ئێراقى.
ئەم هەڵوێستە و هەڵوێستەکانى ترى ڕۆژنامەى بغداد و الثورة، یا هەر وتارێک دژى کورد دەنووسرا، لە لایەن گیوى موکریانى و نووسەرانى هەولێر لە گۆڤارى هەتاودا بەردەوام وەڵام دەدرایەوە، لەگۆڤارى هەتاو هاتووە: کاک خدرى عەباسى ڕەنگە تەنها ئەو دەرسەى ڕەوان بێت کە کلکى ئیستیعمار پێیداوە…
هاوکات گیوى موکریانى بۆ ئەم مەبەستانە پرس و ڕاوێژى بە پارێزەرانى شارەکە کردووە، هەر بۆ ئەم مەسەلەیە چەندین پارێزەرى هەولێر لەوانە (محەمەد شەریف دەباغ، محەمەد سائیب، شەمسەدین موفتى، نازم یونس، تاهیر سلێمان دەباغ، ئیسماعیل یەعقوبى، ئەحمەد عەلى دزەیی، عەبدوللا عەزیز و محەمەد شەهابەدین) ئەم ڕۆژنامەیان بە هاندان و پاڵپشتى گیوى موکریان کردە بڵندگۆیەک بۆ وەڵامدانەوەى ناسیۆنالیست و ڕەگەزپەرستانى عەرەب، تەنانەت داخوازییان لە وەزارەتى ئیرشاد کرد ڕێگە بەم جۆرە وتارانە نەدات توانج و پلارى بێ بەڵگە بهۆنێتەوە و هەستى پیرۆزى نەتەوەى کورد بریندار بکات و بە توندى سەرکۆنەى ڕۆژنامەکەیان کرد، بێگومان ئەم هەڵوێست و نووسینانەى گیو هۆشیارى و ئاستێکى بەرزى هەستى نەتەوایەتى گیو دەسەلمێنێت.
بە سوپاسە دوای گەنگەشە و پەرۆشی بۆ یادی دوا کۆچی (گیو موکریان)لەگەڵ ئەکادیمی و پەرۆشی مێژوو دکتۆر شوان خۆشناو، ئەو زانیاری و نوسینە موڵکی ئەوە.