ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە سەختترین هەڵبژاردن توانی سەرکەوتن بەدەست بێنێت کە لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتیدا ڕووبەڕووی بووەتەوە و توانی بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە. لە خولی نوێی سەرۆکایەتیدا ئەردۆغان ماوەی دەسەڵاتی خۆی بۆ نزیکەی چارەک سەدە درێژتر دەبێتەوە، ئەو قۆناغە لە مێژووی مۆدێرنی کۆماردا هیچ سەرکردەیەکی تورکیا پێشی نەکەوتووە. بڕیارە ئەمە دوا خولی ئەردۆغان بێت، چونکە دەستووری تورکیا ڕێگە نادات سەرۆک کۆمار خۆی بۆ خولی سێیەم کاندید بکات و ئەردۆغان خۆی پێشتر داوای کردبوو کە بۆ دواجار لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا پشتیوانی لێ بکەن. لە پێنج ساڵی داهاتوودا ئەردوغان ڕووبەڕووی شەش تەحەدای گەورە دهبێتەوە، بە جۆرێک ئەم شەش تەحەددییە وەک تاقیکردنەوەیەکی سەخت بەدی دەکرێت لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی تورکیادا.
“یەکەم: تەحەددییە ئابوورییەکان”
ئەو ڕێنێسانسە ئابوورییە گەورەیەی کە ئەردۆغان لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتی خۆیدا دروستی کرد، ئەو چەکە بوو کە لە ڕێگەیەوە توانی ڕووبەڕووی نەیارەکانی ببێتەوە و نزیکەی شانزە جار لە هەڵبژاردنەکاندا لەسەر یەک سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. ئەردوغان توانی تورکیا بخاتە لیستی بیست گەورەترین ئابووری جیهان و سنوورەکانی چینی ناوەند فراوانتر بکات کە بووەتە بنکەی سەرەکی پشتیوانی جەماوەری. هەروەها پڕۆژەی گەشەپێدانی بەرفراوانی بە ئەنجام گەیاند، وەک پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە خزمەتگوزارییە حکومییەکان و، پەرەپێدانی پیشەسازی بەرگری ناوخۆیی کە ئێستا کێبڕکێ لەگەڵ پیشەسازییە بەرگرییەکانی وڵاتە گەورەکان دەکەن. بەڵام پاشەکشەی ئابووری، کە وڵات لە سەرەتای دەیەی ڕابردوو دەستی پێکرد، کە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نائارامی ناوخۆیی وەک ناڕەزایەتییەکانی تەقسیم لە ساڵی ٢٠١٣ و هەوڵی کودەتا سەربازییە شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ و گێژاوی جیۆپۆلەتیکی دەورووبەری، هەروەها لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا. لە ئێستادا وڵات لەبەردەم دووڕیانێکی هەڵاوساندایە کە نزیکە لە سەدا ٤٥، کورتهێنان لە باڵانسی بازرگانیدا، دەرچوونی بەردەوامی وەبەرهێنانە بیانییەکان و تەحەددای ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ڕابردووەوە وێران بوون، و تێچووی ئاوەدانکردنەوەکە بە نزیکەی سەد ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزەندە دەکرێت.
ئەردۆغان هەوڵدەدات لە ڕێگەی پێکهێنانی ستافێکی نوێی ئابووری بۆ سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئابووری لە پێنج ساڵی داهاتوودا، چارەسەری ئەم تەحەددایانە بکات و پێدەچێت لە ئێستاوە توانیبێتی ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات چونکە باگراوەندێکی باشی هەیە کە پشتی پێ ببەستێت، بەڵام پێش هەر شتێک دەبێت دەسەڵاتی فراوان بە بەرپرسە ئابوورییە نوێیەکان بدات بۆ کارکردن. ڕاسپاردنی “مەحمەت شیمشەک” وەزیری دارایی و خەزێنەی دەوڵەت، ئاماژەیەکی بەهێز دەبێت بۆ سرووشتی ڕێبازی نوێی ئابووری ئەردۆغان لە قۆناغی داهاتوودا. دابەزینی بەهای لیرە لەم ساڵانەی دواییدا ئاستەنگی ژیانی زیاتری بۆ زۆرێک لە هاووڵاتیان دروستکردووە، بەڵام ئەردۆغان هەوڵی کەمکردنەوەی تێچووی گرانبەهای ژیانی داوە بە خەرجکردنی بەخشندەیی بۆ پاکێجی هاندانی ئابووری و بەرزکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و زیادکردنی کەمترین کرێ. بەڵام ئەم چارەسەرانە زیاتر لە دەرمانی ئازارشکێن دەچوو. بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی یەدەگی دراوی بیانی تورکیا لەگەڵ کورتهێنان کە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتە زیاتر لە سەدا ٦ی بەرهەمی ناوخۆیی و فشارەکانی سەر لیرە، تووندکردنەوەی سیاسەتی دراوی ڕەنگە بژاردەیەکی حەتمی بێت بۆ سنووردارکردنی هەڵاوسان. زانراوە ئەردۆغان زۆر دوژمنایەتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود دەکات، بەڵام ڕەنگە ئەمجارە لە توندکردنەوەی سیاسەتی دراودا نەرمتر بێت.
“دووەم: ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکان”
ئەردۆغان ڕووبەڕووی تەحەددای ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیان لێکەوتووەکانی باشووری وڵات دەبێتەوە لە ئەنجامی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مانگی شوبات ئەم ساڵدا تووشی بووە. بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی زۆری ئەم پرۆسەیە، ڕەنگە لە ماوەی داهاتوودا فشارە داراییەکان لەسەر گەنجینەی دەوڵەت گەورەتر بکات، بەڵام ئەردۆغان ئەزموونێکی بەرفراوانی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە تەحەددییانە.
جێگای سەرنجە، بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا دەنگیان پێداوە، چونکە تا ئێستاش پێیان وایە ئەو تاکە کەسە توانای زیندووکردنەوەی ناوچەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی ماڵە وێرانبووەکانیان هەیە. زۆرێک لە شارەزایانی ئابووری لەسەر ئەوە کۆکن کە تورکیا پێویستی بەهێنانی وەبەرهێنانی بیانی هەیە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکان. لەبەرئەوەی وەبەرهێنانە دەرەکییەکان بەزۆری کاریگەریی تووندی لەسەر سرووشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تورکیا هەیە، ڕێگەی گەڕانەوەی ئەو وەبەرهێنانانە بە داڕشتنی سیاسەتێکی نوێی دەرەکیدا تێدەپەڕێت کە لەسەر بنەمای پرەنسیپی باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە سەرمایەیان لەبەردەستدایە، وەک وڵاتانی کەنداو و ڕۆژئاوا.
“سێیەم: ڕێکخستنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی”
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ جاری سێیەم لەسەر یەک سەرکەوتوو بوو لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریدا، بەڵام سەرکەوتنی ئەم دواییە بە هەموو پێوەرەکان ناوازە بوو. نەک لەبەرئەوەی کەوتە ژێر هەلومەرجی سەختی سیاسی و ئابووری ناوخۆیی، بەڵکو لەبەرئەوەی بڕیارە دوا کێبڕکێی هەڵبژاردن بێت کە لەسەر ئاستی شەخسی خۆی کاندید بکات. ئەردۆغان کە بە تامەزرۆییەوە تاجی سەر چارەک سەدەی دەسەڵاتەکەی بە سەرکەوتنەکان دادەنێت، دەبێت مامەڵە لەگەڵ تەحەددییەکی دیکەدا بکات کە نوێنەرایەتی دەکرێت بە ڕێکخستنەوەی ماڵی ناوەوەی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و ئامادەکردنی سەرکردەیەکی نوێ کە بتوانێت سەرکردایەتی پارتەکە بکات لە دوای کۆتایی هاتنی خولی سێیەمی ئەردۆغان لە ئەگەری ئەوەی کە بڕیار بدات خۆی لە چالاکییە سیاسییەکان دوور بخاتەوە، ئەردۆغان کەسایەتییەکی سەرکردایەتی دیارە لە مێژووی مۆدێرنی سیاسەتی تورکیادا، زەحمەتە سەرکردەیەکی دیکە بە ئاسانی بتوانێت مۆدێلێکی هاوشێوەی ئەو مۆدێلەی ئەردوغان پێشکەشی کرد بێنێتە کایەوە، چ لەسەر ئاستی سەرکردایەتی حزب یان لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی وڵات. چاوەڕوان دەکرێ لە خولی نوێدا بەشێکی زۆری هەوڵەکانی لەسەر ڕێکخستنەوەی ماڵی ناوەوەی حیزب چڕ بکاتەوە.
“چوارەم: نۆژەنکردنەوەی شارەوانییە گەورەکان”
پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پێشووی ساڵی ٢٠١٩ تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بوو، کاتێک سەرۆکایەتی هەندێک شارەوانی گەورەی وەک ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە بە ئۆپۆزسیۆن لەدەستدا. ئەردۆغان لە یەکەم وتارەکەیدا دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی دووەمی سەرۆکایەتی لە ٢٨ی ئایاردا، پێشتر هەڵمەتی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شارەوانییانە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانیدا دەستیپێکردووە کە بڕیارە وایە ٣١ی مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت. سەرکەوتنی گەورەی هەڵبژاردنەکان لە ١٤ و ٢٨ی ئایاردا، لەگەڵ پاشەکشەی گەورە بۆ ئۆپۆزسیۆن، یارمەتی ئەردۆغان دەدات بۆ بەرزکردنەوەی چانسی پارتی دەسەڵاتدار بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی هاوشێوەی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی داهاتوودا. سەرەڕای ئەوەش، ڕێگای گەیشتن بە سەرکەوتنێکی دیکەی هەڵبژاردن لە خولی نوێی سەرۆکایەتی ئەردۆغان سەرەتا بە چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئابوورییەکان و چارەسەرکردنی مەلەفی پەنابەرانی سوریا بە تایبەتی بۆ ئەوەی دانیشتوانی ئەو شارانە قەناعەت پێبکەن کە ئایندەیەکی خۆشگوزەران بۆ ئەوان تەنیا لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان دەتوانێت بێتەدی.
“پێنجەم: دەستوورێکی مەدەنی و مڵکەچکردنی تەواوی سوپا”
لەو کاتەوەی ئەردۆغان دەسەڵاتی وەرگرتووە، سێ هەموارکردنی دەستووری کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بە گواستنەوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی گەیشتە لوتکە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە تەماحێکی گەورە بەدیبهێنێت کە بریتییە لە دامەزراندنی دەستوورێکی تەواو مەدەنی. هەوڵەکانی لە خولی نوێی سەرۆکایەتیدا لەسەر گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت کە دوو دەیە هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی مەدەنی و چەسپاندنی ملکەچی سەربازی بۆ دەسەڵاتی سیاسی دەگاتە لوتکە.
“شەشەم: تەحەدای سیاسەتی دەرەوە”
ئەردۆغان لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتی خۆیدا توانی ناسنامەیەکی نوێی جیۆپۆلەتیکی بۆ تورکیا بنیات بنێت لەسەر بنەمای گۆڕینی بۆ دەسەڵاتێکی سەربەخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە ڕۆژئاوا لە بوارە گرنگەکانی وەک ئاسایش، ووزە، بازرگانی و ئابووری. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە دەیەی ڕابردوودا، دوکتورینی هاوسەنگی بوو کە ئەردۆغان لە داڕشتنی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا و ڕۆژئاوا پەسەندی کرد. پێشتر سەرکەوتوو بووە لە چەسپاندنی ئەم ڕێبازە، بەڵام لە ژێر ڕۆشنایی ساڵێکی پڕ لە گێژاودا کە کێبڕکێی نوێی جیۆپۆلەتیکی نێوان زلهێزەکان بۆ داڕشتنی نەزمی جیهانی زاڵ بووە، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ساڵانی داهاتوودا ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ڕۆژئاواوە، کە دەیەوێت تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا کەم بکاتەوە. پێناچێت ئەردۆغان ملکەچی ئەم فشارە بێت، بەو پێیەی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ڕووسیا بۆ تورکیا هێشتا گرنگە. بەڵام دەبێت ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ هاوسەنگی زیاتری هاوبەشی لەگەڵ مۆسکۆ و ڕۆژئاوا.
لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی باشوور، گەورەترین تەحەددی بەردەم ئەردۆغان لە قۆناغی داهاتوودا مەلەفی سوریایە بە تایبەتی، چەند مانگێک لەمەوبەر ئەنقەرە دەستیکرد بە دانوستان بە ناوبژیوانی ڕووسیا لەگەڵ ڕژێمی سوریا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی، بەڵام هێشتا بەردەوامی ئامادەبوونی سەربازی خۆی لە باکوری سوریا بە پێویستییەک بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆی لەم وڵاتە و گەڕاندنەوەی پەنابەران و پێشخستنی پرۆسەکە دەبینێت لە یەکلاییکردنەوەی ململانێیە سیاسییەکانی سوریا.
تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا لە چوارچێوەی پلاتفۆرمی ئاستانەدا لەگەڵ ڕووسیا و ئێران هاوبەشی کرد، ئەردۆغان سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی چوارچێوەیەک کە یارمەتی وڵاتەکەی بدات باشتر لە سوریادا بجوڵێت بۆ کەمکردنەوەی کاردانەوەی ململانێکان لەسەری و بتوانێت فشار بخاتە سەر پڕۆژەی جوداخوازی لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت. پێدەچێت تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام بێت لە جووڵە و پێدەچێت لە ئێستاوە بتوانێت داواکارییەکانی بەسەر ئەکتەرە سەرەکییەکانی هاوکێشەی سوریادا بسەپێنێت، بەتایبەتی ڕووسیا و ئێران و تا ڕادەیەکی کەمتریش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
هەروەها لیبیا وه ک یه کێک له و بابەته ناوچەییانه دەردەکەوێت کە ئەردۆغان ناچار دەبێت سیاسەتێکی ڕوون بگرێتەبەر کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لەم وڵاتە بپارێزێت و پێگەی خۆی لە ململانێی جیۆپۆلیتیکی لەگەڵ یۆنان و باشووری قوبرس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە هێزتر بکات. هەروەها تورکیا لە ڕێگەی ئاشتەوایی لەگەڵ میسردا زیاتر دەتوانێت ڕۆڵێکی کارا و ئەرێنی لە لیبیا بگێڕێت، ئەمەش لە بەرامبەردا چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکاری نێوان ئەنقەرە و قاهیرە بۆ پێشخستنی ئاشتی لەم وڵاتەدا دروست دەکات.