ئەگەر سەرنجی دەورووبەرمان بدەین، ئەوا زۆر بەڕوونی درک بەو گۆڕانکارییانە دەکەین کە لەژیانی ڕۆژانەماندا ڕوودەدەن، گۆڕانکارییەکانیش دەکرێ خێرا یاخود هێواش و لەسەرخۆ بن. گۆڕانی کۆمەڵایەتی دیاردەیەکی هەمیشەییە و لە هەموو کۆمەڵگەیهکدا ڕوودەدات. هەروەها دەکرێ ئەو گۆڕانانە لە دەرەوەی بەرنامە و ویستی مرۆڤەوە بێت، وەکوو بورکان، لافاو، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، وشکەساڵی و…تاد، لە هەمان کاتیشدا دەکرێت بە پێی بەرنامە و پلانی مرۆڤەکانەوە ڕووبدات، وەک هەوڵەکانی بزووتنەوە فیمینیستییەکان، بۆ ئەوەی مافەکانی ئافرەت لەم ڕێگەیەوە دەستەبەر بکەن و ئەو جیاوازییە جێندەرییەی هەیە نەهێڵن.
هەروا ئەو گۆڕانەی لە کۆمەڵگەش دێنەکایەوە دەکرێت لایەنێکی ئەرێنی هەبێت وەکوو پێشکەوتن، زۆرجار گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە بوارە جیاوازەکاندا، وەکوو تەکنەلۆژیا، پەروەردە و مافەکانی مرۆڤ. یاخود لایەنێکی نەرێنی هەبێت، وەک نایەکسانی، لە کاتێکدا گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەتوانێت کار بۆ یەکسانی زیاتر بکات، بەلام لەهەمانکاتیشدا دەتوانێت نایەکسانی نوێش دروست بکات، لەوانەیە کاتێک گۆڕان لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، سیستەمی ئابووری و سیستەمی سیاسی ڕوودەدات، ئەوا لە بەرژەوەندی گروپێکدا بێت، کە دەبێتە هۆی زیاد بوونی دابەشکاری کۆمەڵایەتی و نایەکسانی. ئەمەش بەو واتایەدێت، کە دەکرێت گۆڕانی کۆمەڵایەتی ببێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە بەرەو گەشە سەندن و پێشکەوتن، یاخود بەرەو چەق بەستووی و دواکەوتووی ببات. هەڵبەتە زۆر هۆکار هەنە کە دەبنە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، وەک هۆکاری سیاسی، ئابووری، کولتووری، ژینگەی، سرووشتی، تەکنەلۆژیا و…تاد. هەر گۆڕانێکیش لە کۆمەڵگەدا ڕوو بدات، ئەوا ئەو گۆڕانە دەبیتە جێگای سەرنج لای تاکەکانی کۆمەڵگە و هەوڵدەدەن لە هۆکار و دەرئەنجامەکانی ئەو گۆڕانانە تێبگەن.
زۆرێک لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵیانداوە لە بارەی گۆڕانی کۆمەڵایەتییەوە بدوێن و هۆکار و دەرئەنجامی ئەم گۆڕانانە بخەنە ڕوو، یەکێکیش لەو زانستانەی کە بایەخێکی زۆری بە گۆڕانی کۆمەڵایەتی داوە و بووتە جێگای سەرنجی، زانستی کۆمەڵناسی بووە. ئەگەربێت و پێناسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی ئەو زانستەوە (کۆمەڵناسی) بکەین، ئەوا گۆڕانی کۆمەڵایەتی بریتییە لە “دیاردە گەڵێکی شیاوی دیتن، تاوتوێ کردن و هەڵسەنگاندن، لە ماوەیەکی کورتی زەمەنیدا، بە شێوەیەک کە هەر تاکێکیش لەماوەی ژیانی خۆی یان لە ماوەیەکی کورتی ژیاندا دەتوانێت وەشوێن گۆڕانێک بکەوێ، دەرئەنجامه مسۆگەرەکەی ببینێ یان لە دەرئەنجامە کاتییەکەی تێ بگات. بێجگە لەمەش، گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەتوانرێ لە چوارچێوەی ژینگەیەکی جوگرافی و کۆمەڵێکی دیاریکراو بێتە دی”.
ئەمەش ئەوە دەگەینێت، کە هەر گۆڕانێک لە ژینگەی مرۆڤایەتیدا ڕووبداد، ئەوا دەبێتە جێی سەرنجی مرۆڤەکان و هەوڵدەدەن درک بەو هۆکار و پاڵنەرانە بکەن، کە بوونەتە هۆی ئەم گۆڕانە. لە هەمان کاتیشدا هەوڵدەدرێت بزاندرێت، ئەم گۆڕانە چ دەرئەنجامێک و کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگە و ژینگەی کۆمەڵایەتی دروست کردووە. هەروا گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵناسیشدا بە مانای گۆڕینی میکانیزمەکانی ناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دیت. واتە ئاماژەیە بۆ گۆڕینی هەڵوێست، ڕەفتار، نۆڕم و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، بە تێپەڕبوونی کات.
گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەتوانێت لە چەند بوار گەلێکی جیاوازی وەک سیاسەت، ئابووری، ڕۆشەنبیری، تەکنەلۆژیا، پەروەردە و…تاد، ڕووبدات. هەڵبەتە دەتواندرێت ئەوەش باس بکرێت، کە پڕۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، لەچەند پێکهاتەیەکی جیاوازیشدا دەردەکەوێت، کە وادەکات ئیمکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ڕووبدات، گرینگترین ئەو ئیمکانییانەش بریتین لە هۆشیاری و بە ئاگابوونی تاکەکانی کۆمەڵگە، بەرامبەر بە گرفتێکی دیاریکراو، وەکو نایەکسانی ڕەگەزی، نایەکسانی ئابووری، ژینگە و…تاد، کاتێک یەکێک لەم گرفتانە دەبێتە ئامانجێکی هاوبەشی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەوا کۆمەڵێک کەس بەدەوری ئەو ئامانجە کۆ دەبنەوە، کە دەیانەوێت ئەم ئامانجەیان لە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، یاخود لە ڕێگەی دەربڕینی نارەزای و خۆپیشاندان، یان لە ڕێگەی شۆڕشەوە بێنەدی، هەڵبەتە ئەمەش دەبێتە هۆی هێنانە کایەوەی گۆڕانکارییەکی دامەزراوەیی، وەک گۆڕانکاری لە یاسا و سیاسەت و دامەزراوەکاندا کە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، بۆ وێنە گۆڕینی سیستەمێکی سیاسی وڵاتێکی دیکتاتۆر بۆ سیستەمێکی دیموکراسی، یاخود دەستەبەرکردنی مافە مەدەنییەکان لەڕێگەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، وەك بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمریکادا، کە بووە هۆی دەرکردنی یاسای مافە مەدەنییەکان لە ساڵی ١٩٦٤دا، ئەم یاسایە بووە هۆی ئەوەی جیاوازی ڕەگەزی، ڕەنگ، نەژاد، ئایین و …تاد، قەدەغە بکرێت.
هەروا دەکرێت گۆڕانی کۆمەڵایەتی ببێتە هۆی گۆڕانی کولتووریش، وەکوو گۆڕان لە هەڵوێست، بەها، بیر و باوەڕەکانی نێو کۆمەڵگەدا بکات، هەروەک ئەوەی لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا، ڕێگە بە هاوسەرگیری هاوڕەگەز خوازان نە دەدرا چونکە پێچەوانەی بەها و داب و نەریتی کۆمەڵگە بوو، بەڵام ئێستا لە هەندێک کۆمەڵگەدا ڕێگە پێدراوە. هەرەها لێرەدا گرنگە باس لە تیۆرەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بکەین، بۆ ئەوەی هۆکار و شێوازی گۆڕانی کۆمەڵایەتیمان زیاتر بۆ ڕوون ببێتەوە، گرنگترینشیان تیۆری گۆڕانی کۆمەڵایەتی خوڵگەیی (بازنەی) و تیۆری گۆڕانی کۆمەڵایەتی ئاسۆییە. هەڵبەتە هەریەک لەم تیۆرانە، لایەنگر و بیرمەندی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەگەر لە سەرەتاشدا باس لە تیۆری گۆڕانی کۆمەڵایەتی خوڵگەیی بکەین، ئەوا لە ڕوانگەی ئەم تیۆرەوە؛ شارستانییەت لە خاڵێکەوە دەست پێدەکات و لە خاڵێکیشدا کۆتایی دێت و دەگەرێتەوە بۆ خاڵی سەرەتایی.
واتە شارستانییەت لەم تیۆرەدا بە سەر چەند قۆناغێکدا دابەشکراوە، کە لە قۆناغێکدا لەدایک دەبێت و لە قۆناغی دواتردا گەورە دەبێت و گەشە دەسەنێت، دواتریش قۆناغی پیری دەستپێدەکات و تووشی گرفت و لاوازی دەبێت، لە دوا قۆناغیشدا کۆتایی پێ دێت و دەگەرێتەوە بۆ قۆناغی دەستپێک. ئەگەر بێت و لەڕوانگەی یەکێک لەو بیرمەندانەی لایەنگری ئەم تیۆرە بڕوانینە گۆڕانی کۆمەڵایەتییەوە، ئەویش “فلفریدۆ پارێتۆ”یە. هەڵبەتە “پاریتۆ” ئابووریناس و کۆمەڵناس و فەیلەسوفێکی ئیتاڵییە، لە ١٥ی تەمموزی ١٨٤٨ لە ئیتاڵیا لە دایکبووە و لە ١٩ ئابی ١٩٢٣ کۆچی دوایی کردووە و میراتێکی بەرچاوی لە بواری ئابووری و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی لەدوای خۆیدا بەجێهێشتووە. “پارێتۆ” بیر و بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، لە پەرتووکەکەی بەناوی ” پێشەکییەک بۆ کۆمەڵناسی” لە ساڵی ١٩١٦ خستۆتە ڕوو. “پارێتۆ” کۆمەڵگەی دابەشی سەر دوو چینی کۆمەڵایەتی دژ بەیەک کردووە، ئەم چینانە بەردەوام لەگەڵ یەکتریدا لە ملمڵانێدان، چینێکیان چینی دەستەبژێرە و دابەشی سەر دوو چینی تر دەبێت، ئەوانیش چینی دەستەبژێری فەرمانڕەوا و نا فەرمانڕەوایە. مەبەست لە چینی دەستەبژێری فەرمانڕەوا ئەوەیە، کە خاوەنی هێزی سەربازی و دەستەڵاتی ئابووری و سیاسین، هەرچی چینی دەستەبژێری نافەرمانڕەواشە، هونەرمەند، مامۆستا، پزیشک و..تاد، لەخۆ دەگرێت. هەروەها چینی دووەمیش، چینی ڕەشۆکە، کە زۆرینەی خەڵک لە خۆ دەگرێت و هیچ پێگە و ڕۆلێکیان لە کۆمەڵگەدا نییە، هەمیشە پاشکۆی یەکێک لە چینە دەستە بژێرەکان بوونە.
“پارێتۆ” پێی وایە: چینی دەستە بژێری فەرمانڕەوا و چینی دەستەبژێری نا فەرمانڕەوا، بەردەوام لە ململانێدان، ئەم ململانێیەش دەگەرێتەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، کە دەستەبژێری فەرمانڕەوا هەوڵی پاراستنی دەستەڵاتی دەدات و دەیەوێت دەسەڵاتەکەی بپارێزێت، هەرچی دەستەبژێری نا فەرمانڕەواشە، دەیەوێت دەستەڵات لە دەستەبژێری فەرمانڕەوا بستێنێت و خۆی ببێتە دەستەڵاتدار، لە ململانێی نێوان ئەم دەستەبژێرانەدا، ئەوا چینی رەشۆکی خەڵک، بە هۆی ئامانجی هاوبەشیان لەگەڵ دەستەبژێری نافەرمانڕەوادا، کە ئامانجیان لادانی دەستەبژێری فەرمانڕەوایە لەدەستەڵاتدا، ئەوا هاو سۆزی لەنێوانیاندا دروست دەبیت و بەرەیەکی هاوبەش دژی دەستەبژێری فەرمانڕەوا پێک دێنن و لە دەستەڵات لای دەدەن. هەڵبەتە ئەم ململانێیە لە لایەن “پارێتۆە” ململانێیەکی خولییە. ئەمەش بەو واتایە دێت، کە دوای ماوەیەکی تر چینێکی نوێ دژی ئەم چینەی کە ئێستا دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە بەدەردەکەوێت و دووبارە ململانێ لە نێوانیاندا دروست دەبێت.
کەواتە لیرەدا دەتوانین بڵێین: گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی “پارێتۆ”وە گۆڕانێکی خولگەییە، کە لە ئەنجامی ململانێی نێوان چیینەکانی کۆمەڵگە دێتە کایەوە، هۆکاری ئەو ململانێیەش بەدەست هینانی دەسەڵاتە. هەروەها لە پاڵ تیۆری گۆڕانی کۆمەڵایەتی خولگەییدا، ئەوا تیۆرێکی تری گۆڕانی کۆمەڵایەتی هەیە، کە ئەویش تیۆری گۆڕانی کۆمەڵایەتی ئاسۆییە. هەڵبەتە مەبەستیشمان لە تیۆری گۆرانی کۆمەڵایەتی ئاسۆیی ئەوەیە، کۆمەڵگە لە قۆناغێکی سادەوە بەرەو قۆناغێکی ئالۆز و پێشکەوتووتر دەڕوات و هەر قۆناغێکیش دریژکراوەی قۆناغی پێش خۆیەتی، واتە کۆمەڵگە لە بوونیادێکی سادەوە بۆ بوونیادێکی ئالۆز و پێشکەوتووتر دەگۆڕێت، هەر وەک ئەوە گۆڕانی لە کۆمەڵگەی کشتوکاڵییەوە هاتە کایەوە، کاتێک بۆ قۆناغی پیشەسازی گۆڕا.
ئەم تیۆرەش چەند بیرمەند و لایەنگری هەیە، یەکێکیش لەو بیرماندانەی کە لایەنگری تیۆری گۆڕانی کۆمەڵایەتی ئاسۆییە “ئۆگۆست کۆنت”ە. هەلبەتە کۆنت (١٧٩٨- ١٨٥٧) فەیلەسۆف و کۆمەڵناسێکی فەرەنسی بووە و بەیەکیک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵناسی دادەنرێت. هەروەها ئامانجی کۆنتیش بریتیبوو لە تاوتوێکردنی ڕابردوو و پێشبینیکردنی داهاتووی کۆمەڵگەی مرۆیی. “کۆنت” گۆڕانی کۆمەڵایەتی وەک لایەنێکی سەرەکی چوارچێوەی کۆمەڵناسی سەیر دەکرد، پێی وابوو کۆمەڵگە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی لە پێشخۆی کاملتر دەگۆڕێت. “کۆنت” بڕوای وایە:- هزری مرۆڤایەتی بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە و هەر قۆناغێکیش تەواوکەری قۆناغی پێش خۆیەتی. قۆناغەکانیش بە یاسای سێ قۆناغی کۆنت ناو دەبرێت، کە بریتین لە:-
یەکەم: قۆناغی تیۆلۆژی (لاهوت)، ئەم قۆناغە قۆناغێکە، کە هێزە ئەو پەری سرووشتییەکان و کەسایەتییە ئایینیەکان بە سەر هەموو شتێکدا زاڵن. واتە مرۆڤە سەرەتاییەکان پێیان وابوو هەموو شتەکان ڕوحێکی نادیاریان تێدایە، جا شتەکە گیانداربێت یان بێ گیان بێت. ئەم قۆناغە تا ساڵی ١٣٠٠ دریژەی کیشاوە. کۆنت ئەم قۆناغەشی دابەشی سەر سێ وەردە قۆناغ کردووە:-
Fitishism: ئەم قۆناغە قۆناغی سەرەتای بیرکردنەوەی خوداناسانەی مرۆڤ بووە. لەمیانەی ئەم قۆناغەدا، مرۆڤی سەرەتای پێی وابووە ڕەگی هەمووشتێک لە سەرچاوەیەکی نادیار سەرچاوەدەگرێت و گیانی پیرۆز لە شتە بێگیانەکاندایە، هەر بۆیە دەیان پەرستی.
Polytheism: قۆناغی فیتیشیزم بووە هۆی دروستکردنی گومان لە لای مرۆڤی سەرەتایی، کە ئەمەش وایکرد مرۆڤ بەرەو قۆناغێکی تر هەنگاو بنێت، ئەویش قۆناغی فرە خواپەرستی بوو. لەم قۆناغەدا مرۆڤەکان لە ڕێگەی کۆمەڵیک خوداوەندەوە لێکدانەوەیان بۆ هەموو شتێک دەکرد. واتا بۆ هەر دیاردەیەک خودایەکیان دادەنا، وەک خودای باران، خودای زەوی، خودای ئاگر و …تاد.
Monotheism: لەم قۆناغەدا یەک خودا جێگای خوداکان دەگرێتەوە. واتە ئەم قۆناغە قۆناغی یەک خودا پەرستییە. ئەمەش ئەو واتایە دەگەینێت، کە تەنها یەک خودا بەرپرسە لە دەرکەوتنی جیهان و هەموو ڕوداوەکان پەیوەستکران بە یەک خودا.
دووەم: قۆناغی میتافیزیکی، ئەم قۆناغە تاڕادەیەکی زۆر درێژکراوەی قۆناغی تیۆلۆژیکە. ئەم قۆناغە لە ١٣٠٠ هەتا ١٨٠٠ درێژەی کێشاوە. لەم قۆناغەدا ئەقڵانییەت دەست بە گەشەسەندن دەکات، کە دەگەن بەوەی کە لەپشت هەموو دیاردەیەکەوە کە روودەدات، ئەوا خودا ڕاستەوخۆ لە پشتییەوە نییە، بەڵکوو چەند هۆکارێک هەن لەپاڵ ئەم ڕووداوانەوە.
سییەم: قۆناغی زانستی، کۆنت پێی وایە ئەم قۆناغە بەرزترین و گەشەسەندترین قۆناغە، چونکە لەم قۆناغەدا مرۆڤ لەسەر میتۆدی زانستی پێداگری دەکات و هەوڵدەدات لەڕێگەی زانستییەوە لە جیهانی کۆمەڵایەتی و فیزیکی بکۆلێتەوە. بۆ “کۆنت”، گۆڕانی کۆمەڵایەتی بریتییە لە گۆڕانی قۆناغی تیۆلۆژی و میتافیزیکی، بۆ قۆناغی زانستی، کۆنت پێی وایە:- هەر یەک لەم قۆناغانە، تەواوکەری قۆناغی پێش خۆیەتی.
هەروەها گرنگیشە باس لەوە بکەین کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگ و بەر بەستێک دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات گۆڕانی کۆمەڵایەتی ڕوونەدات، یاخود هێواش بێت. هەروەها ئەم ئاستەنگانە دەکرێت جیاواز بن بەپێی زەمینە تایبەتەکە و سرووشتی گۆڕانکارییەکەی. هەڵبەتە یەکێک لەو بەربەستانەی کە رووبەڕوو گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، ئەوا داب و نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵگەن، چونکە تاکی نەریتی پابەندی داب و نەریتە کۆنەکانییەتی و هەوڵدەدات پارێزگاریان لێبکات. هەروا ئەوەی لەم نووسینەشدا گەرەکمانە بیخەینە بەرباس، ئەوەیە بزانین تاچەند داب و نەریته کۆنەکانی کۆمەڵگەی کوردی بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا.
هەڵبەتە داب و نەریتەکان ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک بیروباوەڕ و بەها، کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی مرۆڤ لەخۆی دەگرێت، هەر کۆمەڵگەیەکیش داب و نەریتی تایبەت بەخۆی هەیە و تاکەکانی پێیەوە پابەندن و دەی پارێزن، لادانیش لەم داب و نەریتانە، ئەوا ڕووبەڕووی سزایان دەکاتەوە، چونکە ئەو داب و نەریتانە بوونەتە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگە. بە تێڕامان لە کۆمەڵگەی کوردی کەوا وێنادەکرێت کۆمەڵگەیەکی نەریتییە و پابەندە بە داب و نەریتە کۆنەکانییەوە و شێوازی رێکخستنەکانی لەسەر بنەمای ئەم داب و نەریتانەیە و تاکەکانی پارێزگاری لێدەکەن و ڕێگە بە گۆڕانیان نادەن، بەمەش هێنانە کایەوەی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا قورس دەبێت، چونکە کۆمەڵگەی نەریتی کۆمەڵگەیەکی داخراوە و بەرنگاری هەر گۆڕانێک دەبنەوە کە لە گەڵ داب و نەریتەکانی نەگونجێت.
لە کۆمەڵگەی نەریتیدا بەهاکان لە لایەن تاکەکانییەوە دەپارێزرێن و هەوڵدەدرێت ئەم بەهایانە بۆ نەوەکانیان بگوازنەوە، ئەم بەهایانە جەخت لەسەر سەقامگیری و یەکسانی و پابەند بوون بەرۆڵ و پله بەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە و لادان لێیان توشی سزایان دەکات، ئەمەش وادەکات گۆڕانی کۆمەڵایەتی لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا ئاسان نەبێت.
لە گۆشە نیگایەکی تریشەوە دەتواندرێت بگوترێت، لە کۆمەڵگەی نەریتیدا بە هۆی وابەستەبوونی تاک بە دۆخی ئێستاوە و پارێزگاری کردنیان لە دۆخی باو، ئەوا ڕێگری لەهەر گۆڕانکارییەک دەکەن کە ببێتە هۆی گۆڕینی داب و نەریتە کۆنەکان، چونکە تاکەکانی کۆمەڵگەی نەریتی، ئارەزووی پاراستنی میراتی کولتووری دەکەن و ترسیان لە تێکچوونی پێکهاتە کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان هەیە، هەربۆیەش بەردەوام هەوڵیانداوە کۆمەڵگە لەو دۆخەی هەیە بیهێڵنەوە و ڕێگە بەهیچ گۆڕانێک لە کۆمەڵگە نەدەن، چونکە هەر گۆڕانێک لە کۆمەڵگەدا بە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دەزانن، بەم هۆکارەشەوە بەرەنگاری هەر گۆڕانکارییەک و نوێگەرییەک دەبنەوە کە لە کۆمەڵگەدا بێتە کایەوە.
هەروەها لە کۆمەڵگەی نەریتیدا دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە و زانیاری سنووردارە، هەرچەندە لە زۆربەی کۆمەڵگە نەریتییەکاندا دامەزراوەی پەروەردەی مۆدێرن بوونیان هەیە، بەڵام ئەم دامەزراوانە بەو جۆرە بوونیان نییە کە پێویستە هەبن. دامەزراوەی پەروەردەی مۆدێرن کاتێک دێتە کۆمەڵگەیەکی نەریتی، ئەوا لەگەڵ داب و نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵگە دەکەوێتە ململانێ، کاتێک نەیتوانی بەسەر داب و نەریتەکان زاڵبێت، ئەوا هەوڵدەدات لەگەڵ کۆمەڵگەی نەریتیدا خۆی بگونجێنێت و برەو بە داب و نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵگە بدات، ئەمەش وادەکات تاکی ئەم کۆمەڵگەیە، هۆشیاری و تێگەیشتنێکی باشی بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی نەبێت و نەتوانێت تاکێکی نوێگەر و داهێنەر بۆ کۆمەڵگە بەرهەم بێنێت، هەر بۆیەش کۆمەڵگەی نەریتی کۆمەڵگەیەکی داهێنەر و نوێگەر نییە، بەڵکوو کۆمەڵگەیەکی کۆنەپارێز و نایەوێت ئەوەی هەیە گۆرانی بەسەردابێت و بەردەوام بەرگری لە داب و نەریت و بەها باوەکانی کۆمەڵگە دەکات و دەی پارێزێت. کەچی خودی داهێنان و نوێگەری بە هۆکار گەلێکی گرنگی گۆڕانی کۆمەڵایەتی دادەندرێت، بەتایبەتی لایەنی تەکنەلۆژیا، کە وادەکات کۆمەڵگە لە هەموو ڕووێکەوە گەشە بسەنێت و پێش بکەوێت، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی داهێنەر نییە و ئەو زەمینەیە بۆ تاک نەرەخساوە، کە هان بدرێت بۆ ئەوەی بیرۆکە و داهینانی نوێ لە کۆمەڵگەدا بێنێتەکایەوە، چونکە لە کۆمەڵگەی نەریتیدا تاک خاوەن بیرکردنەوەی خۆی نییە. واتە تاکێک لە بازنەی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە دەخولێتەوە و پێی وایە دەبێت وەک کۆمەڵگە بیربکاتەوە، بەمەش هیچ بیرۆکەیەکی نوێ لەدایک نابێت.
ئەگەر سەنجی لایەنی ئاینیش بدەین لە کۆمەڵگەی نەریتیدا، ئەوا ئەوە بەدی دەکەین، کە ئایین لە کۆمەڵگەی نەریتیدا ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زۆری بەسەر تاکەکانییەوە هەیە و ڕێگە بە هیچ گۆڕانێک نادات کە پێچەوانەی بەها ئایینییەکانیەوە بێت، چونکە تاکی نەریتی پابەند بوویەکی تووندی عەقیدەی بە بەها و نەریتە ئایینییەکانەوە هەیە و بەرەنگاری هەر گۆڕان و نوێگەرییەک دەکەن، کە لەگەڵ بنەما و دەقە ئایینییەکاندا ناکۆک بێت، ئەمەش وادەکات بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، پرسیاردکردن و کرانەوە بەڕووی بیرۆکەی نوێدا بێ هیوابکات. دژایەتی کردنی ئایینیش لە گەڵ دۆزینەوە زانستی و تەکنەلۆژییەکاندا، وەکوو بوارەکانی پەرەسەندن، لێکۆڵینەوە لە خانە بنەڕەتییەکان و…تاد، دەتوانێت ڕێگری لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگە سنووردار بکات. هەرچەندە دەکرێت ئایین سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بێت بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی، واتە کاریگەری ئایین وەک بەربەستێک لە بەردەم گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا لە هەموو نەریتە ئاینییەکاندا گشتگیر نییە، زۆرێک لە پێکهاتە ئایینییەکان و تاکەکان کار بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی ئەرێنی دەکەن، ئەمەش لەڕێگەی لێکدانەوە و گونجاندنی دەقە ئایینییەکان لەگەڵ بەرەو پێشچوون و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا.
لە کۆمەڵگەی کوردیشدا، کە کۆمەڵگەیەکی نەریتییە و تاکەکانی پابەندی بەها و نەریتە ئایینییەکانن، ئەوا ئەمەش وایکردووە لە هەندێک چوار چێوەدا ئاستەنگ بۆ هێنانە کایەوەی گۆڕانکاری و نوێگەری لە کۆمەڵگەدا دروست بکات، بەتایبەتی لە لایەنی قانوونیدا، چونکە قانوون لە کۆمەڵگەی کوردیدا، سەرچاوەی لە ئایینەوە وەرگرتووە، کە ئەمەش وایکردووە کۆمەڵگە لەم ڕووەوە بە نەگۆری و دواکەوتووی بمێنیتەوە. هەروەها لە کۆمەڵگەی نەریتیدا شتێک بەناوی سەقامگیری سیاسی بەدی ناکرێت، چونکە کۆمەڵگەی نەرریتی پشتی بە ناوچەگەری و عەشایری بەستووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە حکومەت بەو شێوازی حوکمڕانی مۆدێرن بەڕێوە نەچێت، ئەمەش لە کۆی گشتی حکومەتەکە لە شێوەی حکومەتێکی ناوچەیی یان خێلەکی بەدەر دەکەوێت، کە ناتواندرێت چوارچێوەیەکی گشتی یاسا بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێتن و هەموویان بەیەک شێواز بخاتە ژێر دەستەڵاتی یاسای حکومەتدا، بە نەبوونی سەقامگیری سیاسیش، ئەوا کۆمەڵگەیەکی نا ئارام دروست دەبێت، کە ئەمەش کۆمەڵگە لە هەموو ڕووێکەوە بەرەو وەستان دەبات.
ئەگەر لە ڕووی ئابووریەوەش بڕوانینە کۆمەڵگەی نەریتی، ئەوا دەبینین ئابوورییەکی ناوچەیی و دواکەوتووی هەیە. واتە هەر ناوچەیەک سیاسەتێکی ئابووری تایبەت بەخۆی هەیە. ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە لە کۆمەلگەی نەریتیدا شتێک بەناوی سیاسەتێکی ئابووری یەکگرتوو نییە، کە خاوەن بەرنامە و پلانێک بێت بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی بەهێزی بکات. بە نەبوونی ئابوورییەکی بەهێزیش ئەوا کارێکی ئەستەمە کۆمەڵگە گەشەبکات و پێشبکەوێت، چونکە ئابووری ڕۆلێکی چارەنوسساز دەگێرێت لە گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا، ئەو وڵاتانەی خاوەن ئابوورییەکی بەهێزن، ئەوا بەردەوام لە گۆڕان و گەشەسەندن دان، چونکە ئەو وڵاتانەی داهاتێکی زۆریان لەبەردەستدایە، بۆ ئەوەی وڵات لە هەموو ڕووێکەوە پەڕەپێبدن، وەک لایەنی خزمەتگوزاری، تەندروستی، پەروەرد، تەکنەلۆژیا و…تاد، کەچی ئەو وڵاتانەی کە هەژارن و ئابوورییەکی لەرزۆکیان هەیە، هەمیشە بە چەقبەستوویی دەمێننەوە، چونکە گۆڕانی کۆمەڵگە لە هەر ڕووێکەوە پێویستی بە تێچوویەکی زۆرە، وڵاتانی هەژاریش ناتوانن ئەو تێچووە زۆرە دابین بکەن.
ئەگەر بێت و لە ئێستای ئابووری کوردستانیش بڕوانین، ئەوا زۆر بە ڕوونی ئەوە بەدی دەکەین، کە خاوەن ئابوورییەکی لەرزۆک و دابەشبووی ناوچەییە و هەر ناوچەیەک لە ڕووی ئابوورییەوە سیاسەتێکی تایبەت بەخۆی هەیە. ئابووری ناوچەیش وایکردووە کە کورد نەبیتە خاوەن ئابوورییەکی بەهێز و هەنگاو بەرەو بەپیشەسازی و مۆدێرنبوون بنێت. بە واتایەکی تر، کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرە و نەیتوانیوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەرهەم هێن هەنگاوبنێت و سەرچاوەی داهاتەکانی زیاد بکات، بەڵکوو لە ئێستەشدا تەنها خاوەنی یەک سەرچاوەی سەرەکییە، کە ئەویش نەوتە. ئەم سەرچاوەیەش بەردەوام رووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە و توانای دابینکردنی ئەو داهاتەی نییە، کە بتوانێت پەرە بە لایەنەکانی تری کۆمەڵگەبدات و بەرەو پێشەوەیان ببات.
لێرەشدا دەتوانین بلێین، داب و نەریتەکان کۆنەکانی کۆمەڵگەی کوردی، یەکێکن لە ئاستەنگەکانی بەردەم گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا، کە وایکردووە کۆمەڵگەی کوردی بە چەقبەستوویی بمێنێتەوە یاخود گۆڕانی تێیدا هێواش بێت، چونکە ئەم داب و نەریتانە کاریگەرییان بەسەر تەواوی لایەنەکانی کۆمەڵگەدا هەیە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی لەو ئاستەنگە (داب و نەریت) دەربازبێت، ئەوا دەکرێت لە ڕێگەی داڕشتنی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتییەوە، کە بتوانێت کۆمەڵگە بە ئاڕاستەیەک ببات، کە ببێتە هۆی لاوازکردنی ئەو داب و نەریتانە کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرەو پێشچوون و بە مۆدێرن بوونی کۆمەڵگە، چونکە سیاسەتی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی ئەو یاساو ڕێسایانەی کە بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە دایاندەنێت، ئەوا دەتواندرێت داب و نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵگە کاڵ بکاتەوە، بەمەش سیاسەتی کۆمەڵایەتی ڕۆلێکی گرنگی دەبێت لە هاندانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا.
هەروەها بوونی سیستەمێکی پەروەردەی مۆدێرن ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرێت لە گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا، چونکە دامەزراوەی پەروەردەیی، دامەزراوەیەکی مۆدێرنە و ئەرکی پێگەیاندنی تاكێکی مۆدێرنە، ئەگەر بێت و ئەم دامەزراوەیە سیاسەتیکی ڕێکوپێک لە کۆمەڵگەدا پەیڕەو بکات، ئەوا دەتوانێت بەسەر داب و نەریتە کۆنەکاندا زاڵ بێت و کۆمەڵگەی لەو چەقبەستوویە رزگار بکات. هەروەها دامەزراوەی پەروەردەی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرێت لە دروستکردنی تاکێکی خاوەن مەعریفە، بەمەش تاکێکی هۆشیار و ڕەخنەگر لەکۆمەڵگە دێتە کایەوە، کە ئەم تاکەش هەوڵدەدات گۆڕانێکی ئەرێنی لە کۆمەڵگە بێنێتە کایەوە. لە لایەکی تریشەوە، داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووری، کە ئامانج لێی بەرەو پێشبردن و بەهێزکردنی ئابووری وڵات بێت و هەوڵبدات کۆمەڵگە بەرە و بەپیشەسازی بوون ببات، چونکە بەپیشەسازی بوونی وڵات و بەهێز بوونی ئابووری، ئەوا داهاتێکی زۆر دەستەبەر دەبێت، کە ئەمەش وادەکات بتوانێت بودجەیەکی باش بۆ پەرەپێدانی تەواوی لایەنەکانی کۆمەڵگە تەرخان بکات و کۆمەڵگە لە هەموو ڕووێکەوە بەرەو پێشەوە ببات، چونکە هێنانە کایەوەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، پێویستی بە داهاتێکی زۆرە.
لە کۆتایی ئەم نووسینەشدا؛ دەگەین بەو دەرئەنجامە کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی ئاماژەیە بۆ پڕۆسەی گۆڕانکاری لە شێواز کۆمەڵایەتی، هەڵسووکەوت، کولتوور و…تاد، ئەو گۆڕانەش کاریگەری بەسەر تەواوی لاینەکانی کۆمەڵگەدا دەبێت. هەروا دەکرێت ئەم گۆڕانانەی لە کۆمەڵگەشدا دێنە کایەوە، ئەوا لایەنێکی ئەرێنی یاخود نەرێنیان هەبێت، هەر گۆڕانێکش لە کۆمەلگەدا بێتە کایەوە، ئەوا چەند هۆکار و پاڵنەرێک لە دواوەیەتی، کە ئەمەش بوونەتە جێی سەرنج و لێ وردبوونەوەی مرۆڤەکان، بۆ ئەوەی لە هۆکار و دەرئەنجامی ئەو گۆڕانانە تێ بگەن. هەروەها گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک دەبێتەوە، وەک، ئاستەنگی سیاسی، ئابووری، داب و نەریتەکان و…تاد. یەکێکیش لەو ئاستەنگانەی کە بووتە بەربەست لەبەردەم گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەوا داب و نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵگە بوونە، چونکە داب و نەریتە کۆنەکان ڕێگە بە هیچ گۆڕانێک نادەن، کە پێچەوانەی داب و نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە بن، هەر ئەمەش وایکردووە گۆڕان لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕوونەدات، یاخود هێواش بێت. ئەوا بۆ ڕزگاربوون لەم ئاستەنگەش، دهکرێت لە ڕێگەی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیەکی مۆدێرنەوە، هەوڵبدرێت کۆمەڵگەی کوردی لەو چەقبەستووییە ڕزگار بکات. لە لایەکی تریشەوە، گرنگیدان بە لایەنی ئابووری وڵات و بەپیشەسازی کردنی کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی داهاتەکەی زیاد بکات، چونکە بۆ هێنانە کایەوەی گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە، ئەوا پێویستی بە تێچوویەکی زۆرهەیە.
سەرچاوەکان:
- دیلانی، تیم، (١٣٩٥).تێئورییە کلاسیکەکانی کۆمەڵناسی. و:خالید شێخی، چاپی یەکەم، سەقز، بیریار.
- گیدنز، ئەنتۆنی، (٢٠١٢). کۆمەڵناسی. و: حەسەن حەحمەد مستەفا، چاپی دووەم، هەولێر، چاپخانەی ڕۆژهەڵات.
- وسوقی، مەنسوور و خوڵق، عەلی ئەکبەر نیک، (٢٠١٣). بنەماکانی کۆمەڵناسی. و: سیروان محەمەد حاجی، چاپی یەکەم، هەولیر، چاپخانەی موکریانی.
- ئەکرەم، سورێن، (٢٠٢٢). تیۆرەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی. چاپی یەکەم، هەولێر، ناوەندی فێر بوون.
- ئەلحەسەن، د.ئیحسان محەمەد، (٢٠١٢). ئینسایکلۆپیدیای کۆمەڵناسی. و: دانا مەلا حەسەن، چاپی یەکەک، سلیمانی، چاپ و پەخشی سەردەم.