هەشت ساڵ لەمەوبەر سوپاى روسیا بە رەزامەندى پارلەمانى وڵاتەکەى گەیشتە سوریا، لەو ماوەیەدا (335) کۆمەڵکوژى ئەنجامداوە کە بووەتە هۆى کوژرانى هەزاران هاووڵاتى سورى و دەربەدەربوونى زیاتر لە سێ ملیۆن کەس. دەستکەوتى روسیا لە سوریا دروستکردنى دوو بنکەى سەربازى و تاقیکردنەوەى چەکەکانى و وەرگرتنى چەندین گرێبەستى پیشەسازییە. لە مانگى ئازارى (2011) لە چوارچێوەى بەهارى عەرەبیدا، دانیشتوانى سوریا خۆپیشاندانیان لەدژى رژێمى وڵاتەکەیان بە سەرۆکایەتى بەشار ئەسەد دەستپێکرد، بەڵام بەپێچەوانەى تونس و میسر و لیبیاوە، ئەسەد بە پشتیوانى روسیا و ئێران تائێستا لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە، بەڵام هەزاران هاوڵاتى وڵاتەکەى کوژراون و ملیۆنانى دیکەش ئاوارە بوون.
“روسیا لە دیمەشق و نیویۆرک”
لە (٣٠/ئەیلوول/٢٠١٥) لە کۆی (١٧٠) ئەندامى پارلەمان “دۆما”ى روسيا (١٥٨) ئەندام ڕەزامەندییان لەسەر جێگیرکردنی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر خاکی سوریا دەربڕی، ئەوكات میدیای ڕووسیا و سوریا وەهايان بڵاوکردەوە ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنیە لە گروپە چەکدارەکان، بەڵام دواتر دەرکەوت ئامانج لێى هێشتنەوەى ئەسەد و قایمکردنى جێ پێى روسیایە نەک تەنها لە سوریادا، بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.
پاڵپشتی ڕووسیا بۆ ئەسەد تەنها یارمەتی سەربازیی مەیدانی نەبوو، بەڵکو لە ئاستى نێودەوڵەتیشدا رەنگدانەوەى هەبوو. بەجۆرێک مۆسکۆ (١٣) جار ڤیتۆی لەدژى ئەو بڕیارانەى ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێناوە کە تایبەت بوون بە سوریا، بەدرێژایى ئەم ماوەیە مۆسکۆ دەنگى لەدژى هەر بڕیارێک داوە کە تایبەت بووە بە: درێژکردنەوەی کارەکانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە سوریا، دامەزراندنی میکانیزمێکی لێکۆڵینەوەی بێلایەنی سەربەخۆ، کارەکانی لێژنەی چەکداماڵینی چەکی کیمیایی، جگە لەوەى هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤى نەتەوە یەکگرتوەکانى لەبارەى سوریاوە رەتکردۆتەوە.
“پێنج ساڵ و (335) کۆمەڵکوژى”
بەگوێرەى ڕاپۆرتەکانی تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەنێوان (٣٠/ئەیلول/٢٠١٥ تا ٣٠/ئەیلوول/٢٠١٩)، لەو کاتەی هێزەکانی ڕووسیا هاتوونەتە سوریا، نزیکەی (٦٦٨٦) هاووڵاتى لە (٣٣٥) کۆمەڵکوژی مۆسکۆدا کوژراون، هەروەها لانیکەم (١٠٨٣) هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە مەدەنیە گرنگەکان، لەنێویاندا (٢٠١) هێرش بۆ سەر قوتابخانەکان و (١٩٠) پەلامار بۆ سەر دامەزراوە پزیشکییەکان. راپۆرتەکان دەریدەخەن لەنێو قوربانییەکاندا (1928) منداڵ و (908) ژن (مێینەی پێگەیشتوو) هەبوون، لە ساڵی یەکەم و دووەمی دەستێوەردانەکەدا زۆرترین ژمارەی قوربانی تۆمارکراوە، شارى حەلەبیش لە پێشەنگی لیستی ئەو شارانەیە کە زۆرترین ڕێژەی قوربانی تێدا تۆمارکراوە کە (2799) کوژراوە، دواتر ئیدلب (2408) کوژراو، دێرەزۆر (417) کوژراو.
لە درێژەى ڕاپۆرتەکاندا هاتووە، لە ماوەی ساڵانى (2015 تا 2016)، (3734) هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە (1047) کەسیان منداڵ و (414)یان ژن بوون، هەروەها لە ساڵانى (2016 تا 2017) هەزار و (547) هاووڵاتی مەدەنی کوژراون کە (448)یان منداڵ و (236) ژن بوون، هاوکات لە ساڵانی (2017 تا 2018)، (958) هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، لەنێویاندا (354) منداڵ و (211) ژن هەبووە، لە ساڵانى (2018/2019)دا (447) مەدەنی کوژراون کە (79)یان منداڵ و (47)یان ژن بووە.
سەبارەت بە ژمارەی کۆمەڵکوژییەکان، لە ساڵانی (٢٠١٥ و ٢٠١٦)دا هێزەکانی ڕووسیا (١٧٢) کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، لە ساڵانی (٢٠١٦/٢٠١٧)دا نەوەد کۆمەڵکوژی، لە (2018)دا (٥٩) کۆمەڵکوژی، لە (2019)دا چواردە کۆمەڵکوژی.
هێرشەکانى روسیا فەرمانگە حکومیەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیشى گرتۆتەوە، لە راپۆرتەکاندا هاتووە هێزەکانى روسیا لانیکەم (1083) هێرشیان بۆ سەر ناوەندە مەدەنییە گرنگەکان ئەنجامداوە، لەنێویاندا (201) هێرش بۆ سەر قوتابخانەکان و (190) هێرش بۆ سەر دامەزراوە پزیشکییەکان، لە دەستێوەردانی سەربازی روسیاوە تا (٣٠/ئەیلوول/٢٠١٩)، بەهۆى هێرشەکانەوە (١٠٧) کارمەندی پزیشکی و بەرگری شارستانی کوژراون، جگەلە (٢١) میدیاکار.
“گۆڕەپانى تاقیکردنەوەی چەکە جۆراوجۆرەکان”
ڕووسەکان خاک و گەلى سوریایان کردە گۆڕەپانى تاقیکردنەوەى چەکە نوێیەکانیان، هەروەک سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕووسیا ریگەیاند وڵاتەکەی “زیاتر لە (٣٠٠) جۆر چەکی ڕووسی لە سوریا” تاقیکردۆتەوە کە زۆرێک لە نموونەى چەکە مۆدێرنەکانى ڕووسیا لە بارودۆخێکی سەختدا لە ناوچە بیابانییەکان تاقیکراونەتەوە، ئەم چەکانە بە گشتی کاریگەری و بەهێزى خۆیان سەلماندووە، ڕوونیکردەوە کە فڕۆکە ستراتیژییەکانی ڕووسیا بۆ یەکەمجار لە سوریا مووشەکی ئاسمان بۆ زەمینى “X101” بەکارهێناوە، کە مەوداکەی زیاتر لە (٤٥٠٠) کیلۆمەترە.
پێشتریش سەرۆکى روسیا “ڤلادیمێر پوتین” رایگەیاندبوو “جەنگی سوریا گۆڕەپانێکی بەنرخى بۆ تاقیکردنەوەی چەکی ڕووسیا دابینکردووە، لە هەلومەرجێکی مەیدانی ڕاستەقینەدا کە گۆڕەپانى مەشق و ڕاهێنان هەرگیز دابینی نەدەکرد”. پێش ئەویش “ئیگۆر ماکوشێڤ” سەرۆکی لیژنەی سەربازی لە دۆمای ڕوسیا ڕایگەیاندبوو کە تاقیکردنەوەی چەکەکانی سوپای وڵاتەکەی لە سوریا ڕێگەی پێداون تواناکانیان شیبکەنەوە و دەستکاری پلانەکانی دیزاین و مۆدێرنکردنیان بکەن. گۆڤاری ئەمەریکی “ناسیۆناڵ ئینترێست”، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، ڕووسیا سوودی لە بوونی خۆی لە سوریا وەرگرتووە بۆ تاقیکردنەوەی زۆرێک لە فڕۆکەکانى، لەوانە فڕۆکەی جەنگی (su – 35)، فڕۆکەى هێرشبەری ستراتیژی (Tu – 160) و فڕۆکەی جەنگی شەبەحى (Su – 57)، جگەلە مووشەک و بۆمبی زیرەک.
لەوبارەیەوە سەرچاوە فەرمییەکان لە مۆسکۆ پشتڕاستیان کردەوە کە وەزارەتی بەرگری دوای تاقیکردنەوەی (12) نمونەی چەک لە سوریا و سەلماندنی شکستەکەیان، بڕیاری وەستاندنی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە چەکانەى داوە. ژەنەڕاڵ “ڤلادیمێر شامانۆڤ”، لە بەیاننامەیەکدا لەبەردەم دۆمای ڕووسیا ڕایگەیاند:- لەمیانى پاڵپشتیمان بۆ گەلی سوریا (ڕژێمی ئەسەد)، زیاتر لە (٢٠٠) جۆری نوێی چەکمان تاقیکردۆتەوە”، لە درێژەی قسەکانیدا وتى “ئەوە کاریگەریی چەکی ڕووسیای لەبەردەم هەموو جیهاندا نیشانداوە”.
“ئاوارەبوونى (3.3) ملیۆن هاووڵاتی سووری”
بۆ ڕزگار بوون لە کۆمەڵکوژی ڕووسەکان، هاووڵاتیانى سوریا ناچاربوون وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێرشەکانی روسیا هاوتەریب لەگەڵ هێرشەکانی ئێرانى هاوپەیمانی سوریا، بووەتە هۆى ئاوارەبوونى نزیکەی (٣.٣) ملیۆن کەس.
ڕاپۆرتى ڕێکخراوەکانى تایبەت بە مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕووسیا هاوشان لەگەڵ میلیشیاکانی ئەسەد و تاران، لە شەڕەکەیاندا دژی نەیاران و خەڵکی سڤیل، هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتییان بەکارهێناوە. ئەو رێکخراوانە ئاشکراى دەکەن لەساتى دەستێوەردانی سەربازیی روسیاوە لە سوریا لە (٢٣٦) هێرشدا تەقەمەنی هێشوویى بەکارهێنراوە، ئەمە جگەلە بەکارهێنانى چەکی سووتێنەر لەلایەن ڕووسەکانەوە (بە هاوکاری هێزەکانی ئەسەد و میلیشیا ئێرانیەکان) لە (١٢٥) هێرشدا.
شارەزای بوارى سەربازی و ستراتیژی سوریا، “عەبدولناسر ئەلعاید”، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، پشتڕاستی کردەوە کە بەکارهێنانى بۆمبى هێشوویى لەسەر خاکى سوریا بە بەڵگەوە تۆمارکراوە، جگەلەوەى چەندین بۆمبی بچووکی نەتەقیویان لەبەردەستدایە، کە دروستکراوی ڕووسیایە، سەربارى چەندین گرتەى ڤیدیۆیی کە بەردانەوەى ئەو بۆمبانەى لەلایەن فڕۆکەکانى ڕووسیا و فڕۆکەکانی ڕژێمی سوریاوە تۆمارکردوە.
وتەکانى ئەلعاید لەکاتێکدایە، پێشتر رێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ مۆسکۆی بە بەکارهێنانی ئەو بۆمبى هێشویى تۆمەتبار کردبوو.
“دەستکەوتەکانى روسیا لە سوریا”
لەبەرانبەر پشتیوانیکردن لە رژێمى ئەسەد و هێشتنەوەى لە دەسەڵاتدا، روسیا چەندین دەستکەوتى سەربازى و ئابوورى لە روسیا بەدەستهێناوە. تەنها دواى چوار مانگ لە دەستێوەردانى هێزەکانی ڕووسیا، واتا لە مانگی ئابی (٢٠١٥)، مۆسکۆ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد واژۆ کرد بۆ دامەزراندنى “بنکەی ئاسمانی حمەیمیم” لە پارێزگای لازقییە لە کەنارەکانی سوریا، تاوەکو لەوێوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەنجام بدات. ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە ڕووسەکان دەدات بۆ چل ساڵ لەو بنکە ئاسمانیە بمێننەوە، جگەلە مانەوەیان لەسەر زەوی، هەروەها یازدە کەشتی جەنگییان هەبێت، لەنێویاندا کەشتی کە بەهێزی ئەتۆمی کاردەکات، جگەلەوەى بژاردەی درێژکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنەیان بۆ بیست و پێنج ساڵی دیکەش دەبێت.
لە مانگی کانونى دووەمى ساڵی (٢٠١٧) مۆسکۆ پێگە سەربازیەکانی خۆی لە ناوچەکانی سوریا بەهێزتر کرد. دواى ڕەزامەندی وڵاتەکەى، لەگەڵ سوریا رێکەوتن لەسەر فراوانکردنی دامەزراوە سەربازییەکانی ڕوسیا لە بەندەری تەرتووس لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، کە دەبێتە بنکەیەکی هەمیشەیی هێزی دەریایی ڕوسیا. لە ڕووی ئابوورییەوە، ڕۆژنامەی “فاینانشیاڵ تایمز” لە مانگی ئەیلولی (2019) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، تیایدا ئەو دەستکەوتانەی ئاشکراکرد کە ڕووسەکان و هاوپەیمانەکانیان لە ماوەی ساڵانی مانەوەیان لەسەر خاکی سوریا بەدەستیانهێناوە، بەجۆرێک زۆرێک لە دەستکەوتە ئابورییەکان لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە بۆ جینادی تیمچێنکۆ، دۆستی ڤلادیمێر پوتینى سەرۆکی ڕوسیا بووە.
تیمچێنکۆ بەهۆی ئەو هاوکارییە داراییانەی کە لە ساڵی (٢٠١٤)دا، لەکاتى لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر کریمیا پێشکەشی سوپاى وڵاتەکەى کردووە، کەوتۆتە ژێر سزاکانی ئەمەریکاوە. بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو دۆخە، حکومەتەکەى ئەسەد پیشەسازی فۆسفاتى بەخشیوەتە کۆمپانیایەک کە لەلایەن تیمچێنکۆوە بەڕێوەدەبرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامە بەریتانیەکە، میدیای فەرمی و لایەنگری ڕژێم ڕایانگەیاندووە، ئەنجومەنی گەلی سوریا (پەرلەمان) لە مانگی ئازاری (2018)دا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی گرێبەست بە کۆمپانیاکەى تیمچێنکۆ، بۆ بەڕێوەبردنی کانێکی فۆسفات لە نزیک شاری تەدمور، هەروەها کۆمپانیای تیمچێنکۆ هاوبەشی لەگەڵ (کۆمپانیای گشتی پەیین) لە کارگەی حومس بەدەستهێناوە. جگەلەوەى کۆمپانیا ڕووسییەکە گرێبەستێکی بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری تەرتوس بەدەستهێناوە، کە لەوێوە بەردی فۆسفاتی خاو و پەیین رەوانەى دەرەوەی وڵات دەکرێت.
* ئەم راپۆرتە پوختەى راپۆرتێکى درێژى دکتۆر عیماد عەنان، ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری میسری و بەڕێوەبەری سەنتەری ڕۆژهەڵاتی نزیک بۆ میدیا و توێژینەوەی ستراتیژییە (NEC)، کە لە رۆژى (21/3/2020) لە ماڵپەڕى (نون بوست) بەناونیشانى (روسیا البوتینیه.. الصعود عالمیًا علی أشلاء السوریین وثروات بلادهم) بڵاوکراوەتەوە.