بە تێپەڕینی کات ئەوەم بۆ دەرکەوت هەمووان لەسەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی ئەدەب لەلای من هەیەتی، کۆک نین و تا ئەندازەیەک لەم بابەتە سەرم سوڕما. ئەوەی بەر لە هەموو شت تووشی سەرسوڕمانی کردم، ناکۆکی ڕوانگە جیاوازەکان بوو، لەمەڕ وانەوتنەوەکانی[1] پێش زانکۆ. هیچ کات لە ئامادەییەکانی فەڕەنسادا وانەم نەوتووەتەوە و پێشینەی وانەوتنەوەم لە زانکۆشدا زۆر نییە، بەڵام کاتێک دەبیتە باوک و منداڵەکانت بۆ لات دێن، تا چاوێک لە ئەرکەکانی خوێندگەیان بکەیت یان شەوی تاقیکردنەوە سەعییان پێ بکەیت، ناتوانێت چاویان لێ بپۆشیت. ئەگەرچی هەموو چەشەی ئەدەبیم بەسەر منداڵەکانمدا نەدەسەپاند، لەگەڵ ئەوەشدا وردە وردە بۆم دەرکەوت، ڕێنوێنی و دەستوەردانەکانم بێ سوودن و کاریگەری نەرێنی لەسەر نمرەی منداڵەکانم هەیە! ئەم پرسە تەواو بێزاری دەکردم. دواتر (لە ١٩٩٤ تا ٢٠٠٤) بوومە ئەندامی ئەنجومەنی پەروەردە – کۆمیسیۆنی ڕاوێژی فرەبواری بوو سەر بە وەزارەتی پەروەردە – و ئەمە دەرفەتی بۆ ڕەخساندنم تاوەکوو گشتگیرانە لە پەروەردەی ئەدەب لە خوێندگەکاندا بڕوانم. لەو ماوەدا بۆم دەرکەوت کە ڕوانینی زاڵ بۆ ئەدەب و شێوەی وتنەوەی بە تەواوی لە ڕوانینی من جودایە. ئەو ڕوانینە نەوەک تەنیا لەناو هەندێ لە مامۆستا کۆنەکاندا باو بوو بەڵکو تیۆری زاڵی پەروەردەی ئەدەب و ڕێنوێنیی فەرمی وانەوتنەوەش لە خزمەتی ئەو ڕوانینەدا بوون.
با سەرێک لە بوڵتنی فەرمی وەرزارەتی پەروەردە (ژمارەی شەش، ٣١، ئەگۆست، ٢٠٠٠) بدەین و سەرباسی بەرنامەی وانەکانی ئامادەیی، بەتایبەت ئەدەبی فەڕانسا تاوتوێ بکەین. لە لاپەڕەی یەکەمدا لە ژێر ناونیشانی «ڕوانگەکانی لێکۆڵینەوە»دا هاتووە: «لێکۆڵینەوەی دەقە ئەدەبییەکان، شێوە بە ڕامانی مرۆڤ لەمەڕ مێژووی ئەدەب و کولتوور دەدەن، دەبنە هاوکاری بەردەنگەکان لە ناسینی ژانرەکان و شێوازە ئەدەبییەکا؛ هێزی تێگەیشتن لە واتای ئاخێنراوی نێو بەرهەمە ئەدەبییە دانسقەکان فراوان دەکات، بنەڕەتەکانی بەڵگاندن زیاد دەکات و کاریگەری هەر گوتارێک لەسەر خوێنەر دوو هێند دەکاتەوە.» لە درێژەدا هەرکام لەم مژارانە دانە بە دانە شرۆڤە دەکرێن و لە شرۆڤەکانیاندا ئەوە دەخوێنینەوە کە لێکۆڵینەوەی ژانرە ئەدەبییەکان «دەبێت میتۆددار بێت» شێوازە ئەدەبییەکان (بۆ نموونە تراژیک یان کۆمێدی) دەبێت لە پۆلی سێی ئامادەییدا فام و فراوان کرا بێتن «باسی ئافراندن و فامی دەقی ئەدەبی دەبێت لە قۆناغی ئامادەییدا وترا بێتنەوە» یان «ڕەگەزەکانی بەڵگاندن» لەم قۆناغەدا «شیکارییانە تاوتوێ بکرێن».
کەواتە کۆی ئەم ڕێنوێنییانە لە دەوری یەک تەوەر دەسوڕێنەوە: ئامانجی یەکەمی لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان ئەوەیە کە ئاشنای ئەو میتۆد و کەرەستانە بین کە لەو لێکۆڵینەوانەدا بەکار دەبرێن. وا بڕیار نییە خوێندنەوەی شیعر و ڕۆمان سەر بۆ بیرکردنەوە لەمەڕ دۆخی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا، ئەشق و ڕق، شادی و نائومێدی بکێشێت، بەڵکو دەبێت ببێتە هۆی ناسینی چەمکی کۆن و نوێی ڕەخنەی ئەدەبی. لە خوێندنگەدا فێری ئەوە نابین بەرهەمە ئەدەبییەکان باسی چی دەکەن بەڵکوو ئەوە فێر دەبین ڕەخنەگران باسی چی دەکەن.
لە هەموو وانەکانی پێش زانکۆدا، مامۆستا لەگەڵ بژاردەیەکدا دەرگیرە کە ئەوەندە بەڵگەنەویستە زۆرجار نایبنێت. ئەم بژاردەیە کە بێگومان بۆ سانا فامبوونی سادەی دەکەمەوە، بەم جۆرەیە: بۆ وتنەوەی زانینێک دەبێت لەسەر شێوەی وتنەوەکەی چڕ بینەوە یان لەسەر ناوەڕۆکەکەی؟ بۆ باسەکەی ئێمە واتە ئەدەب، ئایا دەبێت بەر لە هەموو شت بەرهەمە ئەدەبییەکان بکەینە ئامڕازێک بۆ فێربوونی شێوەکانی شیکردنەوە یان ئەوەی کە لە ڕێگەی شێوە جیاواز و جۆراوجۆرەکانەوە ڕووبەڕووی بەرهەمە گرنگە ئەدەبییەکان ببینەوە؟ ئامانج چییە؟ و ئامڕاز چییە؟ چ شتێک ناچارییە و چ شتێک هەڵبژاردنە؟
ئەم بژاردەیە لەبارەی وانەکانی ترەوە ڕوونترە: لەلایەک بیرکاری، فیزیا و زیندەزانی (یان وەک ئەوەی دەوترێت زانستەکان) دەڵێینەوە و بەباش یان خراپ ڕێڕەوی پەرەسەندنیان دەخوێنین. لەلایەکی تر مێژوو دەڵێینەوە و نەک میتۆدێک لە میتۆدەکانی لێکۆڵێنەوەی مێژوویی. بۆ نموونە لە پۆلی دووی ئامادەییدا لە ڕێگەی وتنەوەی مێژووەوە دەمانەوێت پچڕانە گەورەکانی مێژووی ئەوروپا لەبەرچاوی خوێندکاران وێنا بکەین: دیموکراسی یۆنان، دەرکەوتنی یەکتاپەرستی، هیومانیزمی سەردەمی ڕێنێسانس و… نە بە شوێن وتنەوەی مێژوویی هزرەکان یان مێژووی ئابووری یان مێژووی سەربازی، سیاسی یان مێژووی ئایینەکان دەڕۆین و نە بەشوێن میتۆد و چەمکەکانی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیان؛ سەرەڕای هەموو ئەمانە هەرکات هەستمان کرد ئەم میتۆدانە بەسوودن؛ کەڵکیان لێ وەردەگرین.
لەبارەی ئەدەبی فەڕەنساوە، لەگەڵ بژاردەیەکی لەم جۆرەدا دەستەویەخەین و ئاراستەی ئێستای وانەوتنەوە بەوشێوەی لە بەرنامە فەرمییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، ڕووی لە «لێکۆڵینەوەی بوارە»کەیە (وەکوو فیزیا) لەکاتێکدا دەکرا بە ئاراستەی «لێکۆڵینەوەی ناوەڕۆک»دا بووایە (وەک مێژوو). ئەو دەقەی پێشوتر ئاماژەم پێدا، هەروەها ژمارەیەکی زۆر ڕێنوێنی وانەوتنەوە، ئەم بانگەشەیە پشت ڕاست دەکەنەوە. خوێندکاری دووی ئامادەیی دەبێت بەر لە هەر شتێک «لەسەر بایەخی چەمکە پەیوەندیدارەکانی ژانرەکان و شێوازە ئەدەبیەکان» هەروەها بەسەر «هەڵوێستی ئاخاوتە»دا زاڵ بێت. بەدەربڕینێکی تر خوێندکار دەبێت ئاشنای نیشانەناسی، مەبەستناسی، ڕەوانبێژی و پۆتیکا بێت. نامەوێت لە بایەخی ئەم بوارانە کەم بکەمەوە، بەڵام هەر بەڕاستی دەبێت ئەم بوارانە بابەتی سەرەکی وانەوتنەوەی خوێندگاکان بن؟ هەموو ئەم زانین و بابەتانە ڕونراوی ئەبستراکتن، چەمکگەلێکن کە شیکردنەوەی ئەدەبی بۆ تاوتوێکردنی بەرهەمەکان دروستی کردوون. هیچ کام لەوانە ناپەڕژێنە سەر ئەو شتەی بەرهەمەکان بەیانی دەکەن؛ نە دەپەڕژێنە سەر ماناکانیان و نە ئەو جیهانەشی لە پێشچاومان وێنای دەکەن.
مامۆستای ئەدەب بەزۆری ناتوانێت تەنیا پشت بە ڕێنوێنییە فەرمییەکانی وانەوتنەوەی ژانرەکان، شێوازە ئەدەبییەکان، جۆرەکانی ئاماژەهەڵگری، کاریگەرییەکانی بەڵگاندن، میتافۆر و مەجاز، گۆشەنیگای ناوەکی یان دەرەکی ببەستێت بەڵکوو بیەوێت یان نا دەبێت بڕواتە سەر خودی بەرهەمەکان. بەڵام لێرەدایە بەر دووەم لادان لە وتنەوەی ئەدەبدا دەکەوێن. با نموونەیەک بهێنینەوە: ساڵی ٢٠٠٥ لە یەکێک لە ئامادەییە گەورەکانی پاریسدا، وانەوتنەوەی ئەدەب لە ساڵی کۆتایی دیپلۆمی ئەدەبیدا، لەسەر چوار بابەتی فراوان چڕ بووبووەوە، بابەتگەلی وەک «فۆرمە گەورەکانی ئەدەب»، «ئاخاوتن و وێنەی شیعری». بەرهەمگەلێکیش بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بابەتانە هەڵبژێردرا بوو، لەوانە پارسیفاڵ بەرهەمی شریتێن دو ترۆی و دادگایی کافکا (بێگومان ئەو فیلمەی کە ئورسن ویڵز لە ڕووی ئەم ڕۆمانەوە دروستی کردبوو). لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پرسیارانەی کە خویندکاران بە درێژایی ساڵی خوێندن و لە تاقیکردنەوەی کۆتایی دیپلۆم دەبێت وڵامی بدەنەوە، بەزۆری یەک جۆرن. ئەم پرسیارانە ڕوویان لە کارکردی یەک لایەنی بەرهەمەکەیە بەبەراورد بە بوونیادە گشتییەکەی و ئەویش ڕووی لە خودی لایەنەکە یان واتای گشتی بەرهەمەکە لە کاتی ئافراندنیدا یان لە ڕۆژگاری ئێمەدا نییە. کەواتە لە خوێندکارەکان ئەوە داوا دەکرێت لەبارەی فڵان کەسایەتی، فڵان پاژ یان لەسەر وردەکاری سۆراخی جامی پیرۆزی مەسیح بدوێن و تەنانەت [داواکارییەکە] لەبارەی مانای ئەم سۆراخکردنەوەوە نییە. لە جیاتی ئەوەی سۆراخی پێگەی کافکا لەناو هزری ئەوروپادا بکەن، دەپرسن دادگایی بەرهەمێکی ئەبزۆردە یان کۆمێدی.
روونە کە بۆچی هەندێ لە مامۆستایانی ئامادەییەکان ئەم شێوەیە پەسەند دەکەن. لە جیاتی ئەوەی خۆیان بە گڵۆڵەی ئاڵۆزکاوی واتاوە سەرقاڵ بکەن، دەست بۆ وتنەوەی «شەش کارکردی یاکوبسن»، «شەش کارای[2] گریماس» پاشنیگایی[3] و پێشنیگایی[4] و هاوشێوەی ئەوانە. بەم جۆرە هەم دانانی پرسیاری تاقیکردنەوە ئاسان دەبێت و هەم ئاستی سەرکەوتنی خوێندکاران لە فێربوونی وانەکاندا. ئایا هەر بەڕاستی گۆڕینی ئەم پرۆسەیە لە بەرژوەندی ئێمە نییە؟ بەزۆر هۆکار وانەوتنەوەی ئەدەب بە شێوەی مێژوو پەسەند دەکەم وەک لە شێوەی فیزیا؛ شێوەی دڵخوازی من بە ناسینی شتی دەرەکی – لێرەدا ئەدەب – کۆتایی دێت و نەک بە ناسینی لایەنە تەکنیکەکانی خودی بوارەکە. یەکەم لەبەرئەوەی وانەبێژ و لێکۆڵەرانی ئەدەب لەسەر چییەتی بوارەکە کۆک نین؛ بوونیادگەراکان ئەمڕۆ ڕوانگەکانی خۆیان بۆ قوتابخانەکان دەبەن، مێژووزانەکان دوێنێ وەهایان کردووە و چما سبەی سەرەی شیکەرەوە سیاسییەکان بێت. هەڵبژاردنێکی لەو جۆرە کەم تا زۆر ئارەزوومەندانەیە. لەمڕۆدا لێکۆڵەرە ئەدەبییەکان نە لەسەر ژمارەی «شێوازە» سەرەکییەکانی ئەدەب کۆکن و نە تەنانەت لەسەر زەرورەتی پڕژانە سەر ئەم چەمکە لە پانتایی لێکۆڵینەوەکانیاندا. لە ئەنجامدا هەرکەس بەهێز بێت قسەی ئەو دهیخوات.
جگە لەمانە، دەبێت سەرنج لە شێواوییەکی تر بدەین، ئەگەر لە فیزیادا کەسێک بە نەخوێنەر دەزانین کە قانونی هێزی ڕاکێشانی نازانێت، لە ئەدەبدا دەبێت کەسێک بە نەخوێنەوار بزانین کە گوڵەکانی خراپەی نەخوێندووەتەوە. گرەو دەکەم کە هەردەم ڕۆسۆ، ستاندال و پرۆست لە زیهنی خوێنەراندا دەمێننەوە بەڵام ناوی تیۆریستەکانی ئێستا و چەمک و بۆچوونەکانیان لەبیر دەچێتەوە. وتنەوەی تیۆرییە ئەدەبییەکان و نەپڕژانە سەر خودی ئەم بەرهەمانە شایەتی خۆبایانی تیۆریستەکانە. ئێمەی پسپۆڕان و ڕەخنەگرانی ئەدەب و مامۆستایان شتێک نین جگە لە قەمورگەلێکی سەر شانی دێوەکان. گومانم لەوە نییە کە خواستی دڵ و شاراوەی زۆرێک لە وانەبێژانی ئەدەب، چڕبوونەوەیە لەسەر وانەوتنەوەی دەقە ئەدەبییەکانە؛ ئەوان بوون بە مامۆستا لەبەرئەوەی کەیفیان بە ئەدەب هاتووە، لەبەرئەوەی واتا و جوانی بەرهەمە ئەدەبییەکان دەیانهەژێنێت و کام مرۆڤی ژیر ئەم تاسەیە لە دەروونیدا سەرکوت دەکات. نا، سوچی ئەم شێوازە وشکەی وتنەوەی ئەدەب لە ئەستۆی مامۆستایان نییە.
ئەوی ڕاستی بێت، ناکرێت واتای بەرهەم بۆ دادوەری تەواو سوبێکتیڤی قوتابی کورت بکرێتەوە بەڵکوو ئەم واتایە بەرهەمی ناسینە و بۆ دەستڕاگەیشتن بەم ناسینە، خوێندنەوەی مێژووی ئەدەب یان هەندێک لە بنەماکانی شیکردنەوەی بوونیادی دەشێت بەکەڵک بێت. بەڵام بەهیچ جۆرێک نابێت لیکۆڵینەوە لەم میتۆدانە ببێتە جێگرەوەی لێکۆڵینەوەی واتای بەرهەمەکە، لەبەرئەوەی دوائامانج گەیشتنە بەم مانایە. بۆ دروستکردنی بینا، ئەسکەلە پێویستە، بەڵام نابێت جێگەی سەرەکی و لاوەکی بگۆڕدرێت؛ بینا کاتێک دروستکرا، ئەسکەلە دەبێت نەمێنێت. نوێگەرییەکانی دەیەکانی کۆتایی بوونیادگەرایی بایەخدارە، بەو مەرجەی لە ئاستی ئامڕازدا بمێنێتەوە، نەوەک خۆی ببێتە ئامانج. نابێت هەموو شتێک بە ڕەش و سپی ببینرێت: ناچار نین لە نێوان گەڕانەوە بۆ حوجرە و دارکاری مامۆستا و مۆدێرنیزمی تەواوەتی یەکێکیان هەڵبژێرین. دەشێت دەستکەوتە باشەکانی ڕابردوو هەڵبگرینەوە بەبێ ئەوەی بە هەموو ئەو شتانەی ڕەگیان لە جیهانی هاوچەرخەوە دێت گاڵتە بکەین. دەستکەوتەکانی شیکردنەوەی بونیادگەرایانە بە تەنیشت دەستکەوتەکانی ترەوە، دەشێت بڕواتە خزمەتی تێگەیشتنی باشتری بەرهەمەوە. شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی بونیادگەرایانە خۆبەخۆ خراپتر نیە لە شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی فیلۆلۆژی، هەر ئەو شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەیەی کە سەد و پەنجا ساڵ لێکۆڵینەوەی ئەدەبییەکانی تەنی بوو. لەمڕۆدا هیچ کەس لە بەهای فیلۆلۆژی کەم ناکاتەوە، بەڵام پرسەکە ئەمەیە: ئەوە ناهێنێت هەموو کاتی خۆمانی پێ بدەین.
دەبێت زیاتر لەمەش بڕۆین ئەگەر تەنیا بە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی تەواو ناوەکی بپەڕژێینە سەر دەق، بەهەڵەدا چووین، لەبەرئەوەی هەمیشە دەق لە سیاقێکی فراوانتردا نیشتەجێیە و بەردەوام مامەڵەی لەگەڵ دەکات. نەک هەر نابێت ڕێگری لەوە بکەین کە ئامڕاز ببێتە ئامانج بەڵکوو دەبێت ڕێگە نەدەین تەکنیکە ئەدەبییەکان دوائامانجی ئێمە کە تێگەیشتنە لە مانا ئاراستە بکەن. دەبێت چاومان لە ئامانجی بەرهەمێک بێت کە پێمان وایە شایەنی خوێندنەوەیە. خوێنەری ناپیشەیی ئەمڕۆ، وەکوو ڕابردوو، بەگشتی بەرهەمی ئەدەبی بۆ ئەوە ناخوێنێتەوە کە بەسەر میتۆدێکی لێکۆڵینەوەی دەقدا زاڵ بێت و بە مەبەستی دەرهێنانی زانیاری لەو کۆمەڵگایەی بەرهەمەکە تێیدا بەرهەمهاتووە نایخوێنێتەوە بەڵکوو دەقەکە دەخوێنێتەوە، تاوەکوو ئەو مانایەی تێدا بدۆزێتەوە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانێت باشتر مرۆڤ و جیهان بناسێت و ئەو جوانییە بدۆزێتەوە کە وجودی فراوان دەکات و دەبێتە ئامڕازێک بۆ خودناسینی باشتر. ناسینی ئەدەب ئامانجێکی خۆبەخۆ نییە بەڵکوو یەکێکە لەو شاڕێگایانەی کە دەبێتە هۆی کامڵبوونی تاک. ئەو ڕێڕەوەی ئەمڕۆ ئەدەب پێیدا دەڕوات لەم ئاسۆیە ڕووی وەرگێڕاوە (ئەم هەفتەیە لەبارەی مەجازەوە قسە دەکەین و هەفەتەی داهاتوو لەبارەی گیانبەخشی[5]) و ڕەنگە بە بوونبەست بگات، چ ئەوەی ئەشق بۆ ئەدەب لە دەڵاندا بە خەبەر بهێنێت.
[1] Teaching
[2] actant
[3] analepse
[4] prolepse
[5]– personification
نووسین: تزڤێتان تۆدۆرۆف
وەرگێڕان: زەردەشت نورەدین