قەیران و ئاڵنگارییەکان پێویستیان بە سیاسەتمەداری حەکیم و ئەقلانییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە یان دەوڵەت بە کەمترین زیان دەربچێت، ئەگەر هاتوو دۆخەکە پێچەوانە بوو ئەوا لەوانەیە ئەو دەوڵەتە یان کۆمەڵگەیەی کە بەرەو ڕووی ئاڵنگاری و قەیران بووەتەوە، سەرئەنجام بەرەو داڕمان و لەناوچوون یان پووکانەوە لاوازی بچێت بە جۆرێک کە نەتوانێت جارێکی ئەو فۆرمە هەڵسێتەوە کە بەدی دەکرێت. لەبەر ئەمە گرنگە سیاسەتمەدار خاوەن دونیابینی و دیدگای تایبەت و بەهێز بێت بۆ داهاتووی دەوڵەت و نەتەوەکەی.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسرور بارزانی لە ١٠ی تەممووزی ساڵی ٢٠١٩ متمانەی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێ درا، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە بە کۆمەڵیك پڕۆژەی ستراتیژیی مەزنەوە دەستی بۆ چەندین پرسی گرنگ و هەستیار برد کە لەنێو کارنامەکەیدا بە وردی خرابوونە ڕوو. گرنگترین ئەو پرسانەش خۆی دەبینییەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەندەڵی، ئەنجامدانی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی، بووژانەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێنان، زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بونیادنانی بنەماکانی حکوومەتی دیجتاڵی، دروستکردنی پەیوەندیی تەندروست لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و چەندان پرسی تری کە بوونەتە بەرمەبنای کارکردنی کابینەی نۆیەم لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا.
دوای تەنیا لە شەش مانگ لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم دوو قەیرانی گەورەی جیهانی سەریان هەڵدا کە کاریگەرییان لەسەر تەواوی وڵاتانی دونیا هەبوو، ئەوانیش قەیرانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە وڵاتی چین دەستی پێ کرد و تەواوی دونیای گرتەوە. هەرێمی کوردستان وەک هەر وڵاتێکی تری جیهان کەوتە ژێر کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم پەتایە، لە چەندین بوارەوە ئەم پەتایە کاریگەری گەورەی کردە سەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پرسی سنوردارکردنی بازرگانی و وەستانی جووڵەی ئابووری و خەرجیی زۆری سێکتەری تەندروستی.
قەیرانی دووەم بریتی بوو لە قەیرانی ئابووری کە لە دەرئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت بەرەو ڕووی ئەو دەوڵەتانە بووبووەوە کە داهاتی سەرەکییان پشت بە نەوت دەبەستێت، بە جۆرێک لە هەندێک مانگی سەردەمی کورۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ کە داهاتی نەوت نزیک دەبووەوە لە سفر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی بەرگەی ئەو قەیرانە تاقەتپرووکێنە بگرێت کە بەشێک لە دەوڵەتانی جیهانی تووشی داڕمانی ئابووریی گەورە کردەوە کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بەرۆکی بەشێک لە دەوڵەتانی جیهانی بەرنەداوە.
کابینەی نۆیەم سەرەڕای ئەم دوو قەیرانە کە بەرەو ڕووی بووەوە وەک دوو ئاڵنگاریی گەورە، بەڵام توانی هەردووکیان تێپەڕێنێت و بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئاسایی بکاتەوە. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج و قسە لەسەرکردنە دونیابینی و دیدگای خودی سەرۆکی حکوومەتە بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کە هۆکاری سەرەکییە لەوەی کە کابینەی نۆیەم بتوانێت بەرگری لە بەرنامە و بنەما سەرەکییەکانی خۆی بکات.
سەرجەم ئەو سێکتەر و بابەتانەی لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد وەک بنەما و ڕەگەزی سەرەکیی کارنامەی کابینەی نۆیەم، حکوومەت توانیویەتی لەڕووی واقیعییەوە بیانخاتە بواری جێبەجێکردن، ئەگەرچی گرفت و بەربەستی بەردەوام دروست دەکرێ بۆ ئەوەی ئەم کابینەیە تووشی قەیران بێت یان ئەو کێشانەی هەن فراوانتر بکرێن، ئەمەش تەنیا لەپێناو نیشاندانی ئەوەیە کە بڵێن ئیدی ئەم کابینەیە ناتوانێت سەرکەتوو بێت! بەڵام بەڕێز سەرۆکی حکومەت لە ڕێگەی ئەو ئیرادە بەهێزەی کە هەیەتی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگاری و قەیرانەکان توانیویەتی ئەو خەونە پووچەڵ بکاتەوە کە هەندێک کەس و لایەن خەونی پێوە دەبینن، لە هەمان کاتدا جەنابیان کار دەکات ئۆمێدێک بۆ خەڵک و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بنیات بنێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا کوردستانێکی بەهێز، ئارام و خۆشگوزەران بێتە ئاراوە، ئەمەش ستراتیژییەتی سەرۆکی حکوومەتە بۆ پرسی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.