ماددە ھۆشبەرکان یەکێکە لە کێشە ھەرە ترسناکەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گرتووە، کێشەیەکە لە ھەموو جیھاندا ریشەیەکی مێژووییان ھەیە، ھەرەشەیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی، چەکێکی کۆمەڵکوژی بێدەنگە. ماددە ھۆشبەرکان کە ھەرێمی کوردستان بێ بەش نیە لەم چەکە کۆمەلکوژە، شەری ئەمرۆی رێخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتان ھەر لەگەل تێرۆر نیە، بەڵکو ھاوکات جەنگێکی تریش ھەیە کە بەرنگار بوونەوەی خراپ بەکار ھێنانی ماددە ھۆشبەرکانە، بازرگانی پێکردنی ئەم مادانە ئەمرۆکە بابەتێکی سیاسی و ئابوورییە، ھەروەھا پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە ھەیە، لە کوردستانی لەمەڕ خۆشماندا ئالوودەبوون بە ماددە ھۆشبەرکان وەکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی جیدی و نوێ دەرکەوتووە، ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە کاری کردۆتە سەر ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانمان کە ژمارەیان رۆژ بە رۆژ لە زیاد بوونە، لە ئەنجامی کارلێکردنی لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی تر، وەک تەلاق، خۆکوژی، ھەلاتن لە مالەوە و لادانی سێکسی… هتد. ماددە ھۆشبەرکان ئێستا بە یەکێک لە چوار تەنگژە و پرسە جیھانیەکان دەژمێردرێت:- تەنگژەی لەناو چونی ژینگە، تەنگژەی ھەرەشەی ئەتۆمی، تەنگژەی ھەژاری، تەنگژەی ماددەھۆشبەرکان.
سێیەمین بازرگانییە لە دوای چەک و نەوتەوە دێت، بێگومان چەمکێکی زۆر ھەیە کە پەیوەندی دارە بە ماددە ھۆشبەرکان. دەتوانین بە شێوازە زانستیەکەی ئاوا بیناسێنین:-
ماددەی ھۆشبەر (هەموو ئەو ماددە خاو و ئامادەکراوانەن کە تایبەتمەندى وریاکەرەوە و ئازارشکێنیان تێدابێت و بەکاربهێنرێت، جگە لەبوارى پزیشکى و پیشەسازى سودبەخش، بارى راهاتن دروست دەکەن لە رووى جەستەیی و دەرونیەوە زیان بە تاک و کۆمەڵگە دەگەینن)
ماددەى هۆشبەر سێ جۆرە:-
1-وریاکەرەوەکان(stimulants)
2-هێمن کەرەوەکان (depressants)
3- هەڵوەسەهێنەرەکان (hallucinogens)
ئەم ماددانە ئەگەر بە شێوەیەکی نازانستی و زیاد لە پێویست و بە ڕێگای هەڵە بەکاربێن دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە بەکارهێنەر یان کەسانی چواردەوری بەکارهێنەر، لە هەندێک بارودۆخدا کەسی ئالوودە بوو لەکاتی بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەردا تاوان ئەنجام دەدات، یاخود ھەڵسوکەوتی نامۆ دەنوێنێت، هەروەها کەسایەتی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوروبەریدا دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ بەکارهێنەر و دەورووبەری هەیە، بەکارھێنانی ماددەی هۆشبەر بەکارهێنەرەکەی تووشی سزای یاسایی دەکات، کە جۆری سزاکان لێرەدا باسی لێوەدەکەین. کەسی تووش بوو بە مادە ھۆشبەرەکانیش بە کەسێک دەوترێت کە پێویستییەکی زۆری دەروونی و جەستەیی بە مادەی ھۆشبەر ھەیە، کە لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی پێویستییەکانی دەبێت لە ماددەھۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ھەمیشەیی و لە کاتێکی دیاری کراودا کەڵک وەر بگرێت و پێوەی ئالوودە دەبێت.
“ئاڵوودەبوون” نەخۆشییەکی دەروونی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە، کە ھۆکارەکەی کەڵک گرتن لە مەوادێکی وەکوو ئەلکحول، تلیاک، حەشیشە، کە دەبنە ھۆی پابەندبوونی مرۆڤ لە بواری دەروونی و فیزیۆلۆژییەوە و کارکردی لەش، دەروون و نێو کۆمەڵگەی مرۆڤ دادەبەزێنن.
ئالودەبوون، دەکرێت پەیوەست بێت بە شتێکی کۆمەڵایەتی، وەک قومارکردن، یاخود بە کردەیەکی دەروونی وەک سێکس یان یارییە ئەلکترۆنییەکان. بەشێوەیەکی گشتی، هەر شتێک یاخود کردارێک کە ببێتە هۆی چالاککردنی سیستەمی پاداشت لە مرۆڤدا، دەکرێت ببێتە ئالوودەکەر.
-ھۆکارەکانی ئالوودەبون :-
- باوەڕ بە خۆنەبوون و لەدەستدانی ھەست.
- ھاوڕێی خراپ و خستنە داوی بێ ئومێدی.
- خراپی باری کۆمەڵایەتی و رۆچون بەرەو تاریکی.
- باری ئابووری خراپ، کەم دەرامەتی یا بەپێچەوانەوە کەمی یاخود خراپی پەروەردەی خێزان.
- کەمی ئاستی زانست و زانیاری.
- بێ کاری و بی پیلان.
- نەخۆشی دەروونی.
- ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی.
لەپاڵ ھەموو شتێ “نەبوونی پلانی تۆکمە بۆ ڕووبەر بوونەوەی کێشەو گرفتەکان”
- خۆشاردنەوە یاخود راکردن لەچارەسەر کردنی کۆسپ و تەنگ و چەڵەمە.
- بەکارھێنانی تووندوتیژی لەکاتی پەروەردە کردن یەکێکە لە ھۆکارەسەرەکییەکان.
“چارەسەرکردنی ئالوودەبوون”
بەگشتی ئالوودەبون بە ماددە ھۆشبەرەکان زۆر سەختە، کاتی زۆری دەوێت ھەروەھا زۆری تێ دەچێت، کێشەیەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگا و دەوڵەت لەبەرئەوەی کۆمەڵگا لە جیاتی بایەخ و پەرەپێدانی بواری تەندروستی، خوێندن، پیشەسازی، ژینگە و بەرفراوانترکردنی کاروبار و چالاکیی لاوان و گرنگی دان بەژیان و گوزەرانی منداڵ و خێزان ناچارە مەسرەف بکات لەچارەسەرکردنی دیاردەی ئاڵوودەبون بەکردنەوەی بەندیخانە و شوێنی تایبەت بۆ چارەسەرکردن ئەمەش بێگومان دەبێتە ئەرکێکی گەورە لەسەر کۆمەلگا لەبەر ئەوەباشترین چارەسەر ئەوەیە تاک بەھەموو شێوەیەک خۆی دوور راگرێت لەم دیاردە نابەجێیە، بەپێی توانا ھەوڵی ئەوە بدرێت باس لە زیانەکانی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بکرێت لەناو کۆمەڵگا بە تایبەتی لەناو گەنجەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا. پەرلەمانی کوردستانیش ئەم بابەتەی بە ھەند وەرگرتووە، ھەر بۆیە لە دوو توێی چەند مادەیەک جۆری سزاکانی دیاری کردووە.
“سزای یاسایی بۆ کەسانی بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەر”
یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکارە ئەقڵییەکان-لە هەرێمی کوردستان-ئێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠
بڕگەیشەشەم لەمادەی (١)ی یاساکە بەم جۆرە پێناسەی ماددەی هۆشبەر دەکات:-
هەر ماددەیەکی سرووشتی یان پێکهێنراوە لەو ماددانەی لە خشتەکانی (١،٢،٣،٤) ی هاوپێچی ئەم یاسایەدا هاتوون. وەک: ئەلفامیتادۆل، بەنزیل مۆرفیل، کۆکایین، هێرۆیین، ئەفیۆن و…هتد.
– ماددەی (٢٥) ی یاساکە ئاماژە بەوە دەدات کە هەر کەسێک یەکێک لەم کردارانەی خوارەوە ئەنجام بدات، بە لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی هەتاهەتایی سزا دەدرێت:-
1- بازرگانی کردن بەو ماددانەوە کە یاساکە ئاماژەێ پێداوە، بەدەر لە حاڵەتانەی کە یاساکە مۆڵەتی پێداون هاوردە یان هەناردەی کردبێت.
2- بەرهەم هێنان و دروستکردنی ئەو ماددانە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساکە بەمەبەستی بازرگانی پێوەکردن.
3- چاندنی ڕووەک بە مەبەستی بازرگانی پێوەکردن کە ماددەی هۆشبەری لێ بەرهەم بێت یان هاوردە و هەناردەی تۆووی ئەم ڕووەکانە بەدەر لە حاڵەتانەی کە یاسا ڕێگەی پێداون.
هەروەها ماددەی (٢٦)ی یاساکە ئاماژە بەوە دەدات کە هەر کەسێک یەکێک لەمانەی خوارەوە ئەنجام بدات ئەوا سزادەدرێت بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان کاتی یاخود پێبژاردن بە بڕی ٣٠ بۆ ٩٠ ملیۆن دیناری ئێراقی هەر کەسێک کە بازرگانی پێوە کردبێت، کڕیبێتی، فرۆشتبێتی، گواستبێتیەوە، بەکاریهێنابێت، نێوەندگیری و بازاڕگەرمی بۆ کردبێت، پێشکەشی کەسی تری کردبێت، هاندەری بەکارهێنانی بوبێت، شوێنێکی بۆ ماددەی هۆشبەر یان کارتێکەری ئەقڵی بەڕێوەبردبێت یان ئامادەکردبێت یان ڕەخساندبێت.
“دەرەنجام”
ئالودە بوون بە مادە ھۆشبەرەکان لە ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا زەنگێکی ترسناکە و کێشەیەکی گەورەیە، بۆتە مۆتەکە بۆ ئێستا و داھاتووی نەوەکانی دوا رۆژی میللەتەکەمان، گەر ئاوا بەردەوام بێت بێگومان ئەم وڵاتە دەخاتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە، رەنگە ئەمەش پلان و بەرنامەی دارێژراوی دوژمنان و نەیارانی گەلەکەمانی لە پشتەوە بێت، کێشە و قەیرانەکان و نەبوونی کار، رەنگە کۆمەڵێ ھەلی لەباربن بۆ بلاوبوونەوە و بەرپابوونی ئەم دیاردە نەخوازراوە لە نێو کۆمەڵگەدا، بە پێی راپۆررت و ئامارە نھێنیەکان ژمارەی بەکاھێنەران و تێوە گلاوانی ماددە ھۆشبەرەکان لە ھەڵکشاندایە ئەمەش ھەڵوێستەیەکی جدی دەوێ لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ بە گژاچوونەوەو بنەبڕکردنی ئەم حاڵەتانە کە ھەرەشەی گەورەی دروست کردووە لە سەر داھاتووی گەنجان و ڕۆلەکانمانئو پێویستە بایەخێکی تەواوی پێ بدرێت لە رووی مادی و مهعنهوییەوە ئەگەرنا لە سنوری خۆی تێپەرێت چارەسەرکردنی کارێکی دژوار دەبێت و ئاسان نابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ڕۆڵی دەزگا تایبەتمەندەکانی لایەنی ئەمنی و ئاسایش کە رۆڵی بەرچاویان ھەیە لە باشکردن و کەم کردنەوەی بازرگانی بەمادە ھۆشبەرەکان، بەکەم سەیر بکرێ. ھەروەھا رۆڵی دەزگا راگەیەندەکانیش لە بیر نەکەین کە لە ھۆشیاری تاک رۆڵێکی کاریگەر دەبینن، بەڵام لە سەروی ھەمویەوە باشبوونی باری ئابووری، چارەسەری بنەڕەتیە بۆ کەم بوونەوەی ئەم دیاردە کوشندەیەی کۆمەڵگا.
تێبینی :- بەسوود وەرگرتن لە کۆمەڵێ بابەتی زانستی و یاسایی لە ئەنتهرنێت