“خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێ ڕووداو و ورده ڕووداوی ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان”
“کییهرکیگارد” فه‌یله‌سووفی دانیمارکی له شوینێکدا باسی “مرۆڤی بڵاوکراوه” یان “مرۆڤی دابه‌شکراو”، ده‌کات و به‌مه‌ش ویست و به‌شێک له خواستی مرۆڤ له لایه‌ک و هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌مه‌که‌ی له لایه‌کی دیکه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مرۆڤ له ناوه‌ندی که‌ڵکه‌ڵه و خه‌ون و دڵه‌ڕاوکێکانی، ڕوون بکاته‌وه که ئه‌مه‌ش له‌و حاڵه‌ته‌دا دێنه ئاراوه مرۆڤ بیه‌وێت به‌ر له‌وه‌ی خۆی و ئازاره وجوودییه‌کانی ببینێت خۆی بۆ خه‌ڵک و دونیا نومایش بکات و له ڕاستیدا ئیتر “ئه‌و” واته مرۆڤ(تاک) ده‌بێت به خه‌ڵک و له خۆی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه، ئه‌مه ئه‌و بڵاوبوونه‌وه یان دابه‌شبوونه‌یه که “کیهرکیگارد” وه‌کوو مه‌ترسییه‌ک له‌سه‌ر وجوودی ڕه‌سه‌نی مرۆڤ باسی کردووه، ئێسته و له‌م جیهانه نوێیه‌ی خۆماندا ڕووبه‌ری جیهانی مه‌جازی و تۆڕه کۆمه‌لایه‌تییه‌کان بووه به جۆرێک کیبڕکێی ده‌رکه‌وتن و ئاره‌زووی ناوبانگ ده‌رکردن و خۆنواندن، جێگه‌ی خواست و ئاره‌زووه ڕه‌سه‌ن و ئۆرژیناڵهکانی مرۆڤی ئێمه‌ی گرتووه‌ته‌وه.
ڕه‌نگه مرۆڤ وه‌کوو “فرۆید” ده‌ڵێت سیخناخ بێت له ئاره‌زووی نه‌زانراو و تاریک، به‌ڵام که‌ش و ژینگه‌که ده‌توانێت له ئاڕاسته‌کردنیدا، ماهییه‌ت و چۆنێتی که‌سه‌که و که‌سایه‌تیی ئه‌و دیاری بکات. ئێمه وه‌کوو کورد به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام دابه‌شبوون و بڵاوبوونه‌وه‌مان ئه‌زموون کردووه، له جه‌نگی چاڵدێرانه‌وه تاکوو سایکس پیکۆ و لۆزان جوگرافیامان دابه‌ش بووه، به‌ڵام کێشه‌کان و گرێکانی ئێمه له جوگرافیادا کورت نه‌کراوه‌ته‌وه و بووه به کۆمه‌ڵێک خواستی گرێدار و ناکامیی ده‌روونیی سه‌یر و سه‌مه‌ره و تووڕه‌یی، هه‌روه‌ها هه‌وڵ و خه‌باتی شووناسخوازانه واته ئه‌م دابه‌شبوون و بڵابوونه‌وه له ئاسته جوگرافییه‌که‌یه‌وه هاتووه‌ته ئاستێکی ڕه‌مزی و سهمبوولییهوه و ئێسته‌ش پێده‌چیت به‌شێک له‌م دابه‌شبوون و بڵاوبوونه‌وه میدیاییه‌ش پاڵنه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و مێژوویه بن، ئه‌گه‌رچی ناتوانین له هه‌مان کاتا کاریگه‌ریی و خاڵه ئه‌رێنییه‌کانی ئه‌و که‌ش و فه‌زایه‌ی که میدیا و به‌تایبه‌ت تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕه‌خساندوویه‌تی به سووسه‌یه‌ک که‌م بکه‌ینه‌وه. به‌ڵام ده‌بێ لایه‌نه ڕه‌ش و نه‌رێنییه‌کانیشی ببینین و له درێژه‌دا و له ژێر تیشکی ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌وه باسی ده‌که‌م.
ئێمه که ڕۆژانه بۆ کاروباری ژیانی ڕۆژانه‌مان هه‌ڵده‌ستین تا کاتێک ده‌خه‌وین به‌زۆری له‌گه‌ڵ هه‌واڵ و باس و خواسانێکدا ڕووبه‌ڕووین که په‌یوه‌ستن به دونیای ئێمه‌وه، ئێمه ڕۆژانه وێنه‌کان ده‌بینن و په‌رچه‌کردارمان تێدا دروست ده‌که‌ن، من وه‌کوو ئه‌زموونی خۆم له‌م ده ڕۆژه‌ی ڕابردوودا ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به کوردستانه‌وه زۆرترین هه‌واڵم له‌سه‌ر کوشتن و لێدان و تووندوتیژی بینیوه، هه‌ڵبه‌ت وه نه‌بێت ئه‌م شته هه‌ر تایبه‌ت بێت به کوردستان، جیاواز له‌وه‌ی شتێکی جیهانگیره، به‌ڵام ده‌رکه‌وتنی له میدیای کوردی‌دا زۆر ڕووشێنه‌ر و بریندارکه‌ره، من ئه‌م هه‌واڵانه ده‌خوێنمه‌وه، وێنه‌کان ده‌بینم و ئه‌م زام و برینانه ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ده‌روونی منیش، ئه‌مه بڵاوبوونه‌وه‌ی مرۆڤه له ئاستێکی دیکه و بڵاوبوونه‌وه و گشتگیرکردنی زامه‌کانه که خۆی ده‌توانێت وه‌کوو جۆرێک په‌ره‌پێدانی تووندوتیژیی ببینرێت، به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه نابێت و ناتوانین ئه‌و ڕووداوانه‌ی که له‌م چه‌شنه‌ن له کۆمه‌ڵگاکه‌مان پشتگوێ بخه‌ین، به‌ڵام شێوازی گه‌یاندنی هه‌واڵه‌که له لایه‌ک و هه‌روه‌ها شیکاری و ڕوونکردنه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی هه‌واڵ و ڕووداوه‌که له لایه‌کی دیکه، ده‌توانێت له‌وه‌ی که من له‌م تووندوتیژییه تێفکرم و جۆره هیورێیهک له ڕێگه‌ی تێڕامان بگه‌ڕێته‌وه بۆم کاریگه‌ر بێت.
مه‌به‌ستمه بڵێم ڕووداوه‌کان له ناو میدیاکاندا مانا وه‌رده‌گرن و هه‌ست و سۆز دروست ده‌که‌ن و هه‌ر له‌وێشه‌وه به ئاسانی ده‌گوازرێنه‌وه بۆ بینه‌ر و به‌رده‌نگ، ئه‌گه‌ر ئێمه وشیار و ئاوه‌زمه‌ند نه‌بین ئه‌وا دوای ماوه‌یه‌ک ئیتر سوژه‌بوون و ئاوه‌زمه‌ندێتی خۆمان له کیس داوه و بووین به بووکه‌شووشه‌ی یاری ده‌ستی میدیاکان، میدیاکانی ئێستاش چوارچێووه و پێوه‌رێکی دیاریان بۆ کارکردن نییه ئه‌گه‌ریش هه‌یان بێت ئه‌وا به‌هۆکاری سیاسی، حیزبی و… ناوه ناوه لێی لاده‌ده‌ن و ئێمه شتی له‌ناکاو و تازهباویان به‌رده‌وام لێ ده‌بینن. لێره‌دا ده‌که‌وینه‌وه بیر ئه‌و ڕسته‌یه‌ی نیچه که ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر (چاو له چاڵێک بکه‌ی ئه‌ویش چاو له تۆ ده‌کات!) مادام ئێمه خۆمان له ناو میدیادا ده‌بینینه‌وه ئه‌وا میدیاش له ئێمه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه واته په‌یوه‌ندییه‌که دوولایه‌نه و له‌م ململانێیه‌شدا بێگومان میدیا ماندوونهناستره، میدیا به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان هۆش و زیره‌کیی ده‌سکرده، زۆر شت ده‌توانێت به‌رهه‌م بهێنیت، ده‌بێت به ده‌مڕاست و تریبۆنی زۆر لایه‌ن و ده‌سته و که‌سایه‌تی و گرووپ، له که‌سێکی خوێنده‌واره‌وه بگره تاکوو که‌سێکی ئایینی یان بازرگان یان مۆدێل و به‌گشتی له‌ڕێگه‌یه‌وه جۆره مه‌عریفه‌یه‌کی بێ که‌ڵکی تێکه‌ڵ پێکه‌ڵ ده‌رخواردی به‌رده‌نگ ده‌درێت که له ئه‌نجامدا جگه له ماندووبوونی هیچی دیکه بۆ مرۆڤ نامێنێته‌وه.
ڕه‌نگه ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌وه بێت که ئێمه میدیای جیدیی که به‌ها به بابه‌ته مێژووسازه‌کان بدات نیمانه یان ئه‌گه‌ر هه‌مانه ناسراو و جێگرتوو نییه، کام میدیای ئێمه پرۆژه‌یه‌کی جیدی مه‌عریفی و ڕۆشنگه‌رانه‌ی له‌باره‌ی دۆخی ئێستای تاکه‌کان له جیهان و کوردستاندا، په‌یوه‌ندی مرۆڤ و میدیا له کوردستان و جیهان، مه‌عریفه‌ی میدیایی و مه‌عریفه‌ی غه‌یری میدیایی و ده‌یان باس و بابه‌تی په‌یوه‌ندیداری دیکه‌ی خستۆته ڕۆژه‌ڤه‌وه و سه‌رنجی خه‌ڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه؟، هه‌ر ئێسته که من ئه‌م بابه‌ته ده‌نووسم خواناس؛ کوڕه گه‌نجێکی خه‌ڵکی چه‌مچه‌ماڵ له لایه‌ن که‌سێکی تووندڕه‌وی ئایینییه‌وه به پاساوی جیاوازیی بیروڕا کوژراوه! ئه‌م ئاسته له تووندوتیژی و خوێنخۆریی بۆچی دوای سی و چه‌ند ساڵ سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری مۆدێرنیته له کوردستان به ئاسانی ڕوو بدات؟ و ئه‌مه‌ش هه‌موو ڕووداوه‌که نییه، به داخه‌وه له زۆربه‌ی زۆری ئه‌و په‌یجه فه‌رمی و نافه‌رمییانه که ڕووماڵی هه‌واڵه کراوه زۆربه‌ی زۆری کۆمێنته‌کان ده‌ستخۆشی له بکوژ بووه! ئه‌مه دیسان کوشتنه‌وه‌ی خواناسه‌کان و ئێمه و که‌سانێکه که له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی بیرکردنه‌وه‌یکی تووندڕهانه و تووندئاژۆیانه‌ی وادا هه‌ناسه ده‌کێشین، ته‌نانه‌ت کوشتنی ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ی ئایینه که قائیل به چاکسازی و نه‌رمینواندن و چه‌مانه‌وه له هه‌مبه‌ر ڕووداو و نه‌زمه نوێکان هه‌یه.
لێره‌دا ئێمه له ناو تۆڕێکدا گیر ده‌خۆین که وا ده‌زانین به ئاگاداربوون له نه‌فسی هه‌واڵه‌کان و ئاستی خه‌م و ئازاری مهکیاجکراویان و هه‌ڵوێست نواندنێکی سه‌رپێیی ئه‌وا کێشه‌که چاره‌سه‌ر بووه! لانیکه‌م هه‌ستێکی ناوشیار و ناسکی وا ده‌مانگرێت و پێم وانییه که‌سێک که ئه‌زموونی به‌کارهێنانی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی هه‌بێت حاشا له‌م بابه‌ته بکات، به‌ڵام ئه‌مه پرۆسه‌یه‌کی چاو بهستبوونه، پرۆسه‌یه‌که که کۆمه‌ڵێک په‌یج و سیسته‌می ههواڵسازییان ئاڕاسته‌ی ئێمه‌ی ده‌که‌ن و هه‌موو هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه که ئێمه ببین به لۆگۆی ئه‌جێندا و ناوه‌رۆکی ئایدۆلۆژییه‌کانی ئه‌وان، شتێک که له‌م نێوانه‌دا ده‌فه‌وتێت وه‌کوو له زاری “کییهرکیگارد”ه‌وه گێڕامه‌وه ئینسانبوون و که‌ڵکه‌ڵه ڕهسهنهکانێتی، ڕاسته هه‌موو که‌سێک که له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندایه به ڕه‌هایی شموولی ئه‌م بابه‌ته نابن، به‌ڵام بۆ زۆرینه به‌ڕاست ده‌گه‌ڕێت و ته‌نانه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌م دوایی ده‌ریانخستووه ئالووده‌بوون به تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هاوشێوه‌ی ئالووده بوونه به ماده‌ی هۆشبه‌ری کوکائین و ئه‌مه زه‌نگی مه‌ترسییه ڕاگهینهدراوهکهی ئه‌و فه‌یله‌سووفه زیاتر به گوێماندا ده‌ده‌ن! و خودی ئه‌و ئالووده‌بوونی ده‌ستپێکی به‌میدیایی بوونیشه، ڕه‌نگه نموونه‌یه‌کی هه‌ره دیار که په‌یوه‌ندیی زیانباری میدیا و مرۆڤ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زیاتر به‌رجه‌سته بکاته‌وه ئه‌و نموونه‌یه بێت که ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ته‌نانه‌ت په‌یجی که‌ناڵه زه‌به‌لاحه تهلهڤیزیۆنییهکانیش ڕووماڵیان کرد، ئه‌ویش ڕێوڕه‌سمی ژنهێنانی پیاوێک بوو له سیده‌کان که له لایه‌ن ژنی یه‌که‌مییه‌وه ژنی دووهه‌می خوازبێنی کراوه بۆی و دیدار و لێدوانیان لێ وه‌رگرتوون و به جووت ئه‌م جووته خوشکه سه‌ربه‌رزیی و به‌خته‌وه‌ریی خۆیانیان بۆ هه‌موو گه‌لی کورد له سه‌ر شاشه‌کان دووپات کرده‌وه.
جیاواز له‌مه‌ی که خودی به میدیاییکردنی ئه‌م ڕووداوه لێدانه له پانتای تاکه‌که‌سیی تاکه‌کان و به‌زاندنی ڕووبه‌ری ژیانی تاکه‌که‌سیی مرۆڤه، گاڵتهکردنێکیشه به‌و هه‌موو چالاکی و مافخوازییه‌ی ژنان که له بیست ساڵی ڕابردوودا هه‌زران که‌س و ده‌یان ڕیکخراوی ناوخۆیی و بیانیی له پێناویدا کاریان کردووه، سه‌دان کتێب و نامیلکه و وتاری ڕۆشنگه‌رانه په‌یوه‌ست به فیمینیزم و وشیارکردنه‌وه‌ی ژنان به‌رهه‌م هاتووه که‌چی میدیایه‌کی زۆر زه‌به‌لاحی مۆدێڕن داده‌نیشێت به پڕوپاگه‌نده‌ی ئاوه‌ها به‌هاگه‌لێکی سواو و نا ئه‌وڕۆیی و ده‌بێت به تریبۆن و بڵیندگۆی که‌سانێک که قایل به پاراستنی سنووره‌کانی ژیانی خۆیان نین، ئه‌مانه نه هونه‌رمه‌ندن نه سیاسیین نه ئاکادیمین بۆیه حه‌قمانه پرسیار بکه‌ین شووکردنێک به پیاوێکی ژندار یان ژنهێنانی پیاوێکی ژندار و ژنهێنان بۆ مێردی خۆت، ده‌چیته خانه‌ی کام بابه‌تی سه‌رنجڕاکێشه‌وه له جیهان تاکوو میدیا فۆکۆسی بخاته سه‌ر؟ لێره‌دا کاره‌ساتی به میدیاییکردنی ڕۆتینات و ژیانی سوواوی ڕۆژانه ئه‌و ڕسته دیسان به گوێماندا ده‌دات که مرۆڤی بڵاوکراوه هه‌مان مرۆڤی دابه‌شبووه که دیسان له میدیادا دابه‌ش و دابه‌ش و دابه‌ش ده‌بێت و ڕه‌نگه سبه‌ی نموونه‌ی هاوشێوه‌ی وا دیسان خۆی بنوێنێته‌وه، ئه‌گه‌رچی به‌پێی یه‌کێک له په‌یجه‌کان ئه‌م ڕێوڕه‌سمه له نومایشکردنێک زیاتر هیچی دیکه نه‌بووه و مێرده‌که‌ی بڕیاری داوه ئه‌گه‌ر ڕازی بێت ژنی دووهه‌م بهێنیت ده‌یباته سه‌ر شاشه‌کان و ناوبانگی بۆ په‌یدا ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه گاڵته‌جاڕێ و سووکایه‌تیی به تێگه‌یشتن و ئه‌قڵی خه‌ڵک نه‌بێت که‌واته چییه؟ میدیا و میدیازهدهکان ده‌بن به یه‌ک و ده‌یانه‌وێت کۆی زه‌ین و مێشک و به‌هاکانی جیاواز داگیر بکه‌ن و یه‌کده‌ستیان که‌ن و ئه‌مه مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه، هه‌ر میدیایه‌ک له سه‌ره‌تادا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی پێ نه‌بێت و پێڕه‌وی له تیشکی ئه‌م پرسیاره نه‌کات که شتی گرینگ کامه‌یه له کۆمه‌ڵگا؟ ئه‌وه بێگومان نه میدیایه و نه خزمه‌تیش ده‌کات!