لە بەشی یەکەمی کتێبی «ئەدەب لە مەترسیدا» تزڤێتان تۆدۆرۆف باس لە ڕەوشی وتنەوەی ئەدەب لە خوێندگاکانی فەڕەنسا بەتایبەتی و جیهان بە گشتی دەکات. پێی وایە لە فەڕەنسا و ئەمریکا شێوازی وتنەوەی ئەدەب لە قوتابخانەکان و تەنانەت لە زانکۆکانیشدا بەو شێوەی کە لە درێژەی ئەدەب و ژیاندا بێت نییە. هەر بۆیە بە تووندی ڕەخنەی دەکات و لە بەشی یەکەمی کتێبەکە بەناونیشانی «ئەدەبی کورتکراوە بۆ ئەبزۆرد» دەتوانین بیخوێنینەوە و ئاگاداری ڕوانگە و ڕەخنەکانی بین. ئەوەی لێرەدا گرنگە ڕەوشی وتنەوەی ئەدەب لە قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستاندایە. ئەوە ڕاستە پەروەردە لە کوردستاندا نەک هەر بە فەڕەنسا و ئەمریکا بەراورد ناکرێت تەنانەت ناتوانین بە وڵاتە دراوسێکانیشمان بەراوردی بکەین.
هەمووان ئەوە دەزانن پەروەردە لە باشوور ناتوانێت تاکێکی شایستە بە ١٦ ساڵ خوێندن لە هەر بوارێکدا بە هەر پێوەرێک بەرهەم بهێنێت. ڕەنگە تەنیا یەک دوو پۆلی قۆناغی سەرەتایی بۆ قوتابی گۆڕانساز بێت؛ لانیکەم فێری خوێندنەوە و نووسین دەبێت بە زمانی کوردی. لێرە ئەگەر کەسێک لە نیوەی سەرەتاییدا واز لە خوێندن بهێنێت، پێناچێت شتێکی گەورەی لەکیس بچێت و تا قۆناغەکان بەرەو سەرتر بڕۆن لەکیسچوون کەمتر دەبێت و لەناو قۆناغەکانی خوێندندا، قۆناغی زانکۆ لە هەموو ئەوانیتر بێکەڵک تر دەردەکەوێت. ئەمە بانگەشە نییە بۆ وازهێنان لە خوێندن بەڵکوو تیشک خستنەسەر ئەو پرۆسە نەزۆکەیە کە ناوی پەروەردەی هەڵگرتووە، ئەگەرنا بەبێ بەردەوامی پەروەردەی دروست و تەندروست هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە هیچ بوارێک و هیچ کایەیەکی ژیاندا نایەتە کایەوە. دەشێت تاکە بەرهەمی پەروەردە تەنیا فێرکاری زمانی کوردی بێت و ئیدی هیچ. ئەویش ئەوەندەی بۆ کار و بەرهەمی نووسەران، وەرگێڕان و ئەدیبانی سەربەخۆی کورد دەگەڕێتەوە بۆ خودی پرۆسەی خوێندن ناگەڕێتەوە. لە هەلومەرجێکی لەم شێوەدا ئایا پرسیار لە ڕەوشی وتنەوەی ئەدەب لە قۆتابخانە و زانکۆکاندا بۆ ئێمە لە نوکتەیەکی بێتام بەولاوە هیچیتر بە زەینماندا دەهێنێت؟
تۆدۆرۆف باس لەوە دەکات کە ڕوانگەی خۆی بۆ وتنەوەی ئەدەب و تەنانەت بۆ خودی ئەدەبیش لەگەڵ زۆر کەس جیاواز بووە و لەگەڵ پەروەردەی باویشدا هەر جیاواز بووە. تۆدۆرۆف ناکارامەیی و ناپەیوەندیداری ڕوانگە زاڵەکانی ناو وانەوتنەوەی ئەدەب لە خوێندگا و زانکۆکاندا دەخاتە ڕوو و دواجار ڕوانگەی خۆی لەو بارەوە پێشکەش دەکات. لەڕاستیدا لە بەرنامەی خوێندنی قوتابخانە و زانکۆکانی ئێمەدا هیچ ڕوانگەیەکی دیاریکراوی پەیوەندیدار بە کایەی ئەدەب یان وتنەوەی ئەدەب لەئارادا نییە، هەرچەند ناپەیوەندیدار و ناکارامەش بێت. واتە ڕوانگەی هیچ قوتابخانەیەکی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لە بەرنامەی وتنەوەی وانەکانی ئەدەبدا لە قوتابخانە و زانکۆکاندا لە ئارادا نییە وەک ئەوەی تۆدۆرۆف باسی دەکات؛ نە دەتوانین بڵێین بەرنامەی فۆرمالیستەکان، بوونیادگەراکان زاڵە و نەدەتوانین بانگەشەی ئەوەش بکەین ڕوانگەی پاش بوونیادگەری یان هەڵوەشانەوەگەرایی زاڵە. ئەوی ڕاستی بێت تەنیا بێسەروبەرەیی، بێبەرنامەیی و بێ ڕوانگەیی تێکەڵوپێکەڵ زاڵە. دۆخەکە زیاتر وا دێتە پێشچاو کۆمەڵێک نەخوێندەواری سیاسی کۆمەڵێک نەزان لە پەیوەند بە کایەی ئەدەبەوەیان ڕاسپاردبێت تاوەکوو لەخۆیانەوە بەبێ ئەوەی بۆ هیچ شتێکی دەرەوەی خۆیان بگەڕێنەوە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری هیچ تیۆرێک بن، دەست بکەن بە دانانی بەرنامەی وتنەوەی وانەکانی ئەدەب. تەنانەت لە وەرگێڕان یان کۆپیکردنی بەرنامەی خوێندنیشدا سەرکەوتوو نەبوون لەبەرئەوەی هەر لە بنەوەڕا نە کولتوور و کۆمەڵگای کوردی دەناسن و نە سەریان لە پەروەردە دەر دەچێت.
وەک تۆدۆرۆف ئاماژەی پێدەدات ئەمە بە هیچ جۆرێک سوچی مامۆستای وانەبێژ نییە و لە ڕاستیدا لە دەسەڵاتی ئەودا نییە. هەموو ئەوەی مامۆستایەک ڕەنگە بتوانێت بیکات ئەویش ڕەنگە لە سەت مامۆستا یەکی وا هەڵکەوێت، کە لە ڕێگەی خوێنەواری و خوێنەربوونی خۆیەوە بتوانێت وەکو زانیاری دەرەکی خوێندکارەکان بە ئەدەب ئاشنا بکات و خۆشەویستی و گرنگی ئەدەب لە ژیان و لە دڵیاندا بچێنێت. بۆ نموونە من خۆم تەنیا دوو مامۆستام بەو جۆرە مامۆستایانە دەزانم: یەکێکیان مامۆستای یەکی سەرەتاییم بووم کە زۆر کاریگەری لەسەرم دانا و فێری خوێندنەوەی دەرەکی کردم؛ ئەویتریان مامۆستای ئینگلیزی پۆلی سێی ئامادەییم بوو، کە ئەویش بە هەمان شێوە خوێنەوار و خوێنەرێکی بێوێنەی ئەدەب بوو و بەرەو خوێندنەوەی جیدی بردم بەوجۆرەی کە بزانم چی دەخوێنمەوە و بۆ دەیخوێنمەوە. وەکوو ئەزموونی کەسی خۆم لە سەرەتاییەوە تاوەکوو تەواوکردنی زانکۆش تەنیا بەر دوو مامۆستا کەوتووم کە هەوڵیانداوە خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکانی بەرنامەی وانەوتنەوەی ئەدەب ڕوانگەی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ فێرکردن. بۆیە ناکرێت مامۆستایان بە بەرپرس لەم بارەوە دابنرێت. بە دیوێکی تردا خودی مامۆستاکان خۆیان بەرهەمهێنراوی هەمان بەرنامەی وانەوتنەوە و هەمان ڕوانگەی دانانی کتێبە وانەییەکانی خوێندنن. مامۆستاکان خۆیان پێویستیان بەوەیە ڕابهێنرێنەوە و بخرێنەوە بەر پرۆسەی خوێندن.
دەبوو ئەوانەی ئامادەیی تەواو دەکەن لانیکەم ئاشنای ئەدەب بە گشتی بوونایە و بیانزانیبا ئەدەب چییە، چۆنچۆنی سەری هەڵداوە و بۆ سەری هەڵداوە؟ و نموونەی دەقی ئەدەبی کوردی و جیهانی بخوێنرایە لەگەڵ ماناکانیان ئیدی ئەگەر سنورداریش بووایە و لە ئاستی مامناوەندیش بوایە کێشە نەدەبوو؛ پاشان پەیوەندیی ئەدەب بە ژیانەوە ڕوون کرابایەوە و خوێندکار لە قوتابخانەدا فێری ئەمانە بووایە. دەکرا لە زمان و ئەدەبی عەرەبی، ئینگلیزی و کوردی ئەمانە بەدیهاتبان؛ مەخابن هەموومان ئەوە دەزانین، ئەوەی فێری بووین تەنیا چەند دێڕە شیعرێکی زۆرە ملێ و چەند ناوێک و ژمارەیەک هیچی تر نەبووە و ئەویش جگە لە ڕەق و بێزراوی بۆ خوێندنەوە و ئەدەب نەیانتوانی هیچی تر بەرهەم بهێنن. دەبوو لە زانکۆکدا لە بەشە ئەدەبییەکاندا، کە بەزۆری زمان و ئەدەب پێکەوەن و جگە لە زمان و ئەدەبی کوردی زمان و ئەدەبی، عەرەبی، تورکی، فارسی، ئینگلیزی، فەڕەنسی و ئەڵمانیش لەئارادان؛ خوێندکار لە ئاستی پێشکەوتوودا شارەزای ئەدەب بە گشتی و ئەدەبی بەشەکەی خۆی بەتایبەتی ببوایە. دەقە گەورە جیهانییەکانی ناسیبا، قوتابخانە ئەدەبییەکانی لێک جیا کردبایەوە و لەبارەی ژانرە ئەدەبییەکان و شیکردنەوە ئەدەبییەکانەوە فێر ببووایە؛ هەروەها توانیبای خۆی لە مانای ئەو دەقانەی دەیخوێندنەوە بە جوانی تێگەیشتبا و توانیبای لەسەریان بدوێت. کەچی دەبینین هیچ لەمانە بەناو خوێندنی زانکۆدا ڕوو نادات.
زۆربەی ئەو خوێندکارانەی بەشی ئەدەب تەواو دەکەن نەوەک هیچ خۆشەویستییەکیان بۆ ئەدەب بۆ دروست نەبووە بەڵکوو تەنانەت لە گرنگی ئەدەبیش تێنەگەیشتوون و پەییان بەوە نەبردووە کە دەشێت ئەدەب چەنێک یارمەتیدەریان بێت بۆ ژیانێکی شایستەتر و لەگەڵ ئەوەشدا لە چێژی خۆی پێ بچێژێت کە جیاوازە لە هەموو جۆرە چێژەکانی تر. لە بەرانبەردا هەموو ئەوەی بەرهەم دێت ئەدەببێزی، کات بە فیڕۆدانی خوێندنەوە و ڕقهەڵگرتن بووە لە کتێب. ئەگەر بەشە ئەدەبییەکان نەتوان زۆرینەی ئەوانەی پێیدا تێپەڕیوون و تەواویان کردووە بکات بە خوێنەری ئەدەب و بوارەکانی تر؛ ئەوا بێگومان نەک گرفتی بنچینەیی بەڵکوو هەر لە بنەوەڕا ئەو بەشانە وەها دارێژراوە کە بە هیچ جۆرێک بەو ئاراستەدا کار نەکات و بگرە بە پێچەوانەوە کار بکات. لە ڕاستیدا ئەو بەشانە ناتوانن خوێنەری ئەدەب و بوارەکانی تر بەرهەمبهێن و ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە؛ کۆمەڵێک نەخوێنەواری سیاسی کە ورد ودروشتی کاروبار و سامانی ئەم وڵاتەیان قوتداوە، کۆمەڵێک نەزانی پەیوەندیداریان ڕاسپاردووە، ئەو ئەرکە جێ بەجێ بکەن.
دەتوانێن بەجۆرێکی تر پرسیار لە ڕەوشی وتنەوەی ئەدەب لە دەرەوەی قۆتابخانە و زانکۆکاندا بەم جۆرە دابڕێژینەوە: لەناو کایەی ئەدەبیی کوردیدا چ ڕوانگەیەک بۆ ئەدەب زاڵە و ئەو ڕوانگەیە تا چەنێک بەری بەوە گرتووە هەموو ئەدەب بۆ ئەبزۆرد کورت نەبێتەوە؟ لێرەدا قسە لەسەر فۆرمێکی ئەدەبی بەناوی ئەبزۆرد (پووچگەرایی)ـەوە لەئارادا نییە، بەڵکوو قسەکە لەسەر ئەوەیە خودی کایەی ئەدەبی نەبێت بە ئەبزۆرد و بەسەر خۆیدا دانەخرێت و پەیوەندییەکانی بە دەرەوەی خۆی نەپچڕێت. وتنەوەی ئەدەب لەم بەستێنە نوێیەدا بەمانای وانەوتنەوە یان فێرکاری نییە هەروەها بە مانای ئەوە نییە ڕوانگەیە بۆ ئەدەب زاڵ بکرێت؛ زیاتر بە مانای ئەوە دێت کایەی ئەدەب بۆ یەک ڕوانگەی ئەدەبی کورت نەبێتەوە؛ ئەگەر وتنەوە لەپەیوەند بەم پنتەوە مانای هەبێت تەنیا دەشێت مانای تەنینەوەی و پەلهاویشتنی هەبێت لە ڕێگەی هەڵگرانی ڕوانگەکەوە.
ئەگەرچی ئەدیبە دیارەکانمان کەمترینیان جگە لە بەرهەمهێنانی خودی دەقی ئەدەبی بەرهەمی نا-گێڕانەوەییان لەسەر ئەدەب بەرهەم هێناوە. لە ژمارەکانی پەنجەی یەک دەست؛ ژمارەی ئەو ئەدیبانەمان تێپەڕناکات؛ کە بەرهەمی ناگێڕانەوییان بەرهەم هێنابێت. جگە لەوەش لە نێوانیاندا بە ئەستەم موناقەشە یان دیالۆگ لەسەر ئەدەب بەدی دەکرێت. لە بەرانبەردا ڕەخنەگری ئەدەبی جیدیش بەهەمان شێوە لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕناکات؛ کەچی سوپایەک بەناوی ڕەخنەگری ئەدەبییەوە لەسەر بەرهەمی ئەدەبی ”بەحساب” ڕەخنەی ئەدەبی دەنووسن؛ ئەمانیش بەهەمان شێوە، کەمترین نووسینیان هەیە کە ڕاستەوخۆ لەسەر ئەدەب بدوێت، بێگومان ئەدەب لەناو کایەی ئەدەبیی کوردیدا؛ نەوەک نووسینی کتێب لەسەر قوتابخانە، شیکردنەوە، تەکنیکە ئەدەبییەکان کە پێشوخت لەناو زمانەکانی تردا ئامادەیی هەیە. چ لەلای خودی نووسەران خۆیان و چ لەلای ڕەخنەگرانی ئەدەبی نووسین لەسەر ئەدەب لەم مانایەدا زۆر کەمە، کەواتە دەشێت کەسێک دەرەنجامگیری ئەوە بکات، قورسە لە ڕەوشێکی وەهادا بکرێت باس لە ڕوانگەی زاڵی ئەدەبی لەناو کایەی ئەدەبیی کوردیدا بکرێت.
لەبەرانبەر ئەم گومانەدا بەڕاشکاوی دەتوانین بڵێین مەرج نییە نووسەرێک لەسەر ئەدەب، دەقی ناگێڕانەوەیی نەبوو، ئیدی ڕوانگەی بۆ ئەدەب نییە، هەروەها ئەمە بۆ ڕەخنەگری ئەدەبیش ڕاستە. هەردووک لەناو بەرهەمەکانیاندا ڕوانگەیان لەسەر ئەدەب دەردەکەوێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە نابێتە پاساوی ئەوەی مادام ڕوانگەی ئەدەبی خۆی لەناو دەقدا شاراوەیە بۆیە چیدی پێویست بە موناقشە، دیالۆگ و نووسینی ناگێڕانەوەیی لەسەر ئەدەب ناکات.
جیاوازی زۆرە لە نێوان ئەوەی ئەدیبێک ڕاستەوخۆ و بەڕاشکاوی ڕوانگەی لەسەر ئەدەب لە دوو توێی بەرهەمێکی ناگێڕانەوەیدا دەخاتەڕوو و نووسەرێکی تر ڕوانگەی بۆ ئەدەب ناڕاستەوخۆ و بەشاراوەیی لە دەقە ئەدەبییەکانیدا نووستووە. ئەوەی یەکەم هەموو خوێنەرێک ڕاستەوخۆ دەتوانێت بەر ڕوانگەی نووسەرەکە بکەوێت و بەچاوێکی ترەوە و بە تاسەیەکی زۆرەوە دەقە ئەدەبییەکانی بخوێنێتەوە و باشتر بتوانێت لەگەڵیان تەماس، تێگەیشتن و دیالۆگ دروست بکات و قووڵتر لە ماناکانیان تێبگات و باشتر بتوانێت پەیوەستی بکاتەوە بە ژیانی خۆیەوە. لەوەی دووەمدا ڕوانگەی بۆ خوێنەران دەرناکەوێت و ناتوانن بەری بکەون بەڵکوو تەنیا ڕەخنەگڕان و پسپۆڕانی بواری ئەدەب دەتوانن درکی پێ بکەن؛ ئەمەش وا دەکات خوێنەران لە چاو ئاستی یەکەمدا کەمتر بەر دەقەکە بکەون. بێگومان ئەمە بەمانای ئەوەی نییە؛ جۆری دووەم بە کەمتر تەماشا بکرێت یان دەقەکە ئەدەبییەکانی کەمتر بنرخێنرێت؛ بەپێچەوانەوە دەقی جیدی ئەدەبی هەمیشە شێوەی خۆی بۆ دروستکردنی تەماس دەدۆزێتەوە. گرنگی جۆری دووەم لە پەیوەند بە قسەکردن لەسەر ئەدەبەوە بەدیار دەکەوێت.
ئەوەی ئایا چ جۆرە ڕوانگەیەکی ئەدەبی لەناو کایەی ئەدەبیی کوردیدا زاڵە و ئایا ڕێگرە لە کورتبوونەوەی ئەدەب بۆ ئەبزۆرد یان هاودەستە لەگەڵی و یان هەر لە بنەوەڕا دەکرێت باس لە ڕوانگەی ئەدەبی زاڵ بکەین یان نا؟ ئەم پرسیارە و چەندین پرسیاری تر لە پەیوەند بە ئێستای ڕوانگەی زاڵ بۆ ئەدەبی جیهانی و بۆ کایەی ئەدەبیی کوردی لە نووسین و وەرگێرانی داهاتوودا کە بەشی دووەمی کتێبەکە هەم وهڵام دەدرێنەوە و هەم وڵامە هەبووەکانیش دیسانەوە بە کێشە دەکەنەوە و لە هەناوی وڵامە نوێکانیشەوە پرسیاری نوێ بەدیار دەکەون.