دڵنیام کەم کەس بۆ ئەوە دەژین کە چیرۆکی مردنیان ببێت بە ھەواڵ، بەڵام کە ئاوڕێک لە ھەواڵەکانی چواردەوریش دەدەیتەوە، چیرۆکی یەک لەدوای یەک مردنی خۆمان و پووچیی ھۆکارەکانی دەبیستیت و دەبینیت کە تەنانەت بۆ خوێی چێشت_یش؛ رەگەزێکی ھەواڵییان تیانادۆزرێتەوە!
جاران؛ کتێبی قووتابخانەکانمان پڕبوون لەو چیرۆکانەی کە پەروەردەیان دەکردین کە «برا لە پشت برا بێت، مەگەر قەزا لەلای خوا بێت». ئێستا خوا ھەر ئاگادار و برا بە خوێنی سەری برا تینوو و ھیچ قەزایەکیش لەئارادا نییە، مەگەر «فوول لایتی وێڵ» و «کەپری سەیران» و «میراتی باوان» و «دەمەوەریی و ناحاڵییبوونی» ھاوخوێن و ھاوزمان و ھاوشاریی و ھاوپیشە نەبێت! ئێستا «زیندووکوژی؛ مردووپەرست» خۆمانین و نەوەی خوێنیی خۆمان پێ دژ و دووژمن و نامۆیە و کوردبوون؛ تاقە قەدەرمانە کە «دووژمنی ناوخۆیی» لە «دۆستی دەرەکیی» پێ سک و زا دەکرێت!
چ رۆژ و رۆژگارێک تێکەوتووین کە دەمرین و بۆ نەمانمان کەس ئاخ و حەسرەتێکی بینینەوەی نییە! دەمرین و کەس ناگری و ناکەوێ و تەنانەت باکی بەوەش نییە بە دیار جەستەی ساردەوەبوومان، «سفرە»و «سەفرە»و «سەیران» و «سکرین»ەکەی بوەستێنێت! دەمرین و نە «خزم» و خوێش؛ نە شێخ و دەروێش، تەنانەت نە خەڵک و «خۆشەویستان»یشمان داناچڵەکێن! دەمرین و لە پاش خۆمان کەسێک نادۆزرێتەوە؛ سەرەی بۆ بگیرێت و سەرەخۆشیی لێبکرێت!
چ رۆژگارێکی پووچە کە مردنیش پووچیناکاتەوە، چ رۆژێکە کە ھەموو ھاوارمانە: مردن تۆ لە کوێی؛ ژیان کووشتینی. چ قەدەرێکە «پیرەمێرد»ەکەی دوێنێ لە پووچیی رۆژگاری ئەمڕۆ؛ باشتر تێگەیشتبوو کە دەیووت: مردن بە دەردی خوایی؛ نیعمەتێکە خوا بە نسیبی ھەمووانی ناکات، چوونکە ئێستا رۆژانە دەمرین و ناشبین بە ھەواڵ. ھەواڵێک کە وەڵامی رەگەزەکانی: کێ، کەی، لە کوێ، چی، چۆن و بۆچیی رووخسار و رووداوی مردنمان بداتەوە!