“كۆچ چییە؟”
لە ڕۆژگارى کۆنەوە ئادەمیزاد بەردەوام لە کۆچ و کۆچکردندا بووە، بە تایبەت هەرکات بارودۆخى ژیان گونجاو لەبار نەبووبێت، بار و بارگەى تێکناوە، ڕوو لە ئاسۆ ڕێگاى گرتۆتەبەر، ئەوکات زۆربەى کۆچەکان هۆکارى سرووشتی پاڵنەریان بووە، وەک گەڕان بەشوێن لە وەڕگا و ئاو و یاخود هۆکارى لاوازبوونەوەى ئایین و تێکۆشان لە پێناو ڕەزامەندى پەروەردگاردا. ئەو ڕۆژگارە مرۆڤ بەسەر سرووشتدا زاڵنەبووە، کوردیش لە مێژە گوتویەتى:- شەرتە لە داخت سەرم هەڵگرم، بە دوای ئاواتما هەتا دەیگرم. ئەمێستاکە کارەکە پێچەوانە بووەتەوە، کۆچى کەسەکان بە مەبەستى کار و ژیانێکى خۆشترو باشترە، لە ئێستادا مرۆڤ چوار لاى زەوى دەپشکنێت و بەناخى گۆی زەویدا ڕۆدەچێت، گەنجینەکانى دەردەهێنێت و نهێنێکانى ئاشکرا دەکات، دۆزینەوەى دنیاى نوێ (ئەمریکا) بە نموونە. کۆچیش هۆکارگەلێک پاڵنەرێتى وەک ویست و خواستى کەسەکان، بارى نا لەبارى ژیان، ناسەقامگیرى وڵات و ناتەبایی کۆمەڵگا و لە کۆتایشدا جیهانگیرى.
“کوردو کۆچ”
زیاد لە دوو هەزار ساڵە کورد خاکى نییە و بە شێوەیەکى ناسرووشتى کۆمەڵگاکەى گەشەى کردووە، کورد گووتەنى هەمیشە ماڵى بە کۆڵێوە بووە، کۆچى زۆرەملێى کوردان هۆکار بووە، کورد بە دوورى هەزاران کیلۆمەتر لە زێدى باوباپیرانى دوور بکەوێتەوە، هاوکات ببێت بە به شێک لە دانیشتوان، کولتوورو ئابوورى ئەو کۆمەڵگایانەى کورد تیاندا نیشتەجێ کراوە، بۆ نموونە وڵاتانى ئوردون، لوبنان، میسر و خۆراسانى ئێران و شارى ئیستەنبوڵ، لە ئێستادا کۆچى کوردان بۆ وڵاتانى ئەوروپا نموونەیەکى بەرچاوە. یاخود سەرباز و چەک هەڵگربووە لە دەربار و سوپاى داگیرکەرانى وڵاتەکەیدا ئەوانیش بە ئارەزووى خۆیان پەڕاگەندەى وڵاتانیان کردووە. “مەریوان وریا قانع” لە کتێبى “ناسیۆنالیزم و سەفەردا” دەنووسێت:- سەدەى بیستەم سەدەى کۆچى بە کۆمەڵى هەزاران کوردە بۆ دەرەوەى کوردستان سەدەى سەرهەڵگرتن و ئاشنا بوونە بە چەندان وڵات، کۆمەڵگا، کولتوور وخەڵک، وێنە و سومبولى جیاواز. کە هۆکارو ڕەهەندەکانى زۆر و جیاوازن بۆ نموونە خوێندن، کرێکارى و پەناهەندەى ڕامیارى و …هتد.
“جیهانگیرى و کۆچ”
جیهانگیرى، بریتییە لە سەر لەنوێ بونیادنانەوەى پەیکەرى بەرهەمهێنان لە جیهاندا، بە شێوەیەک نەک تەنها سەر زەمینە نەتەوەییەکان بەڵکو هەموو دنیا ببێتە شوێنى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارییانە، شایەد لە قۆناغى بەر لە جیهانگیرى جیهان سەر زەمینى (بازرگانى سەرمایەدارانە بووبێت) لە ئێستادا جیهان سەرزەمینى (بەرهەمهێنانى سەرمایەدارانەیە)، بۆ نموونە بەرهەمهێنانى کۆمپیوتەر و تەکنیکى نوێ بەشێکى زۆرى لە بازارە گرانبەهاکانى ئەمریکادا بەرهەم ناهێنرێت، بەڵکو ڕاستەو خۆ بۆ کارگە و بازاڕەکانى هندستان، سەنگافورە و هۆنگ کۆنگ گواستراونەتەوە، ئەم بۆچونە بەسەر بەرهەمهێنانى جل و بەرگیشدا دەسەپێنرێت لە ئێستادا وڵاتانى ئەفریکا لە جیاتى وڵاتانى ئەوروپا بوونەتە شوێنى ئەم بازرگانییە. سەرمایەداریى لەو وڵاتە گەشە بۆ کردوانەدا ئەوەندە گەشەى کردووە دەتوانێت هەلومەرچى بەرهەمهێنانى ئەو پیشەسازیانە بڕەخسێنێت، لەکاتێکدا بەر لەم قۆناغە ئەو کارە ناکردە بووە. بەر لە قۆناغى جیهانگیرى کارى ئاڵووگۆڕى شمەکە دروستکراوەکان و … هتد لە ئاردا بووە.
“کۆچ وەک هۆکارێکى گەشە کردن و خۆشگوزەرانى”
ئایا مشتووماڵ کردنى سیاسەتى کۆچ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنى خۆشگوزەرانى هەموو وڵاتێکدا؟ لەگەڵ زۆربوونى ژمارەى بە تەمەنەکان و لە پێناو گەشەی دوورمەودادا لە نێوان وڵاتانى دەوڵەمەند و تازە وەخۆکەوتوودا بە شێوەیەکى چاوەڕوانەکراو ڕکابەرى لە سەر کرێکارى هاوردە دەبینرێت. ڕاپۆرتى چاپکراو لە بارەى گەشەکردنەوە بۆ ساڵى ٢٠٢٣ بە ناونیشانى کۆچبەران، پەنابەران و کۆمەڵگاکان دەنووسێت:- ئەم ئاراستەیە هەلێکى دەگمەنە بە مەبەستى باشترکردنى ڕۆڵى کۆچبەران لە خزمەت ئابوورى و کۆمەڵگاکاندا، ژمارەى دانیشتوان لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەردەوام لە کەم بوونەوەدایە، هەروەها وڵاتانى تازە وەخۆکەوتوو سەرچاوەیەکى سەرەکى کۆچبەرانن، ئەوکارەش هۆکارە بۆ ڕکابەرى لە سەر کرێکارو خاوەن بەهرەکان، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانى کەم دەرامەت ڕێژەى دانیشتوان تیاندا بە شێوەیەکى خێرا گەشە بکات. ئەو کارە لە پێناو هەلى کاردا فشارى زۆر دەخاتە سەر ئەو وڵاتانە.
لە سەر ئەم بۆچوونە (ئەکسیل فان ترونسبرگ) بەڕێوەبەرى بریکارى یەکەم لە بانکى نێودەوڵەتى دەڵێت:- ئەگەر کۆچ بە شێوەیەکى دروست بەڕێوە ببرێت، دەکرێت بکرێت بە هێزێکى پاڵنەر بۆ بەدیهێنانى گەشە و خۆشگوزەرانى، ئەوکات کۆچ لە وڵاتانى دایک و بۆ وڵاتانى بە ئامانج کراودا بە سوود و کەڵکى گشت لایەک تەواو دەبێت.
لە دەیەکانى داهاتوودا ژمارەى پێگەیشتوان لە زۆر وڵاتدا بەشێوەیەکى بەرچاو کەمدەکات، بۆ نموونە وڵاتێکى وەک ئیسپانیا تا ساڵى ٢١٠٠ ژمارەى ئەو کەسانەى تەمەنیان لە سەرووى شەست و نۆ ساڵیەوەن لە ٢٠%ەوە هەڵدەکشێت بۆ ٣٩% لە کۆى ڕێژەى دانیشتوان، وڵاتانى مەکسیک، تایلاند، تونس و تورکیا زیاتر پێویستیان بە کرێکارى بیانییە، چونکە ڕێژەى گەشەکردنى دانیشتوان تیایاندا دەوەستێت. بە پێچەوانەى ئەم گۆڕانگاریە دیموگرافییەوە، هێزى پاڵنەرى کۆچ ڕوویەکی ترى ئەو کارەیە کە پرۆسەى گواستنەوە لە سەر سنوورەکان ئالۆزتردەکات و جۆراجۆرتریش دەردەکەوێت، بۆ نموونە وڵاتانى مەکسیک، نایجیریا و شانشینى یەکگرتوو (ویڵز، سکۆتلەند و بەریتانیا)، لە یەکاتدا هەناردەو هاوردەى کۆچبەران دەکەن، لە دە ساڵى ڕابردوودا ژمارەى پەنابەران بە نزیکەى سێ بەرانبەر زیادى کردووە، گۆڕانکارى کەش و هەوا ژمارەى پەنا خوازانى زیاد کردووە، لە ئێستادا تەنانەت لە ناوخۆى وڵاتاندا کەش و هەوا هۆکارى پەنابردن و هەوار گواستنەوەیە، ئێستا ٤٠% ژمارەى دانیشتوانى گۆی زەوى واتە سێ ملیار نیو کەس لە جێگایەکدا نیشتەجێن بە توندى کاریگەرى کەش و هەوایان لە سەرە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ ڕاستییەک دەکات کە ئەم پەیڕەو پرۆگرامەى ئێستا نەبووەتە هۆکارێکى گەشەى چاوەڕوانکراو، بە پێچەوانەوە کۆچ و کۆچبارى هۆکارى نەهامەتییە بۆ ئەو کەسانەى باروبارگەیان بە هۆى دەست کورتى و نائومێدیەوە دەپێچنەوە، لە ئێستاد ٢.٥% لە دانیشتوانى جیهان لە دەرەوەى ئەو وڵاتانە دەژین کە هەڵگرى ناسنامەى وڵاتەکەیانن، لەو ژمارەیە زۆرترین ڕێژە کە٤٣ %ى دانیشتوان لە وڵاتانى تازە پێشکەوتوودان.
ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە کە چاککردنى بەڕێوەبردنى پرۆسەى کۆچ پێویستییەکى بەرچاوە، پێویستە پلان داڕێژەرانى کارەکە هاوسەنگى ڕابگرن لە نێوان تواناکانى کۆچبەر و پێداویستى وڵاتانى بە ئامانجکراودا، هاوکات کار بکرێت بۆ پاراستى کۆچبەر و کەمکردنەوەى پرۆسەى کۆچ بە هۆى کەمدەستى و نائومێدیەوە.
ڕاپۆرتەکە لە مەڕ چۆنێتى پیادەکردنى پلانەکە چوارچێوەیەکى دیاری کردووە بۆ ئەو کەس و لایەنانەى داڕێژەرى پلانەکەن، لە لاى خۆیەوە “ئەندرمیت گێل” سەرۆکى شارەزایانى ئابوورى لە کۆمەڵەى بانکى ئابوورى و جێگرى یەکەمى سەرۆک بۆ کاروبارى گەشەى ئابوورى، لە ژمارەیەکى ئەو چاپکراوەدا و لە ڕاپۆرتێکى سادەدا چوارچێوەیەکى ساکارى بۆ گەشەکردن نوسیووە، بەڵام لە بارەى هاوکارى بە مەبەستى سیاسەتى پەیوەست بە کۆچ و کۆچبەرانەوە کاریگەرە، یارمەتى دەرە لە بارەى داڕشتنى سیاسەتێکى تاک لایەنە لە بارەى وڵاتانى بە ئامانجکراودا، چکات کارەکە باشتر دەبێت ئەگەر لە دانانى پلانەکەدا هەر یەک لە وڵاتانى سەرە ڕێ، ئامانجکرا و دایک تیادا بەشداربن، چکات بەر پرسیاریتیەکە هەمەلایەنە دەبێت؟
پێویستە کۆچی کرێکاران ستراتیژیێکى ئاشکراى وڵاتى دایک (بنەڕەتى) بێت، هاوکات دەبێت تێچونى کۆچیش کەمبکاتەوە، لە کۆمەڵگا پەرتەوازەکانیشدا کارئاسانى بۆ کۆچ بکات، کار بۆئەو توانا و لێهاتووییانە بکات کە لە سەر ئاستى دنیا پێویستن تاوەکو لە کاتى کۆچکردندا هاووڵاتیان بتوانن باشترین کارو پیشەیان دەستبکەوێت، کاریگەرى خراپى کۆچى تواناکان (کەسانى شارەزا و پسپۆڕ) کەمبکاتەوە. لە وڵاتانى بیانییدا پارێزگارى لە هاووڵاتیان بکات و لەکاتى گەڕانەوەشیاندا پشتگیرییان بکات، پێویستە وڵاتانى بە ئامانجکراو پشتیگیرى کۆچبکەن، لە کاتیێکدا ئەو وڵاتانە ئاتاجیان بەو شارەزایى و پسپۆڕییانەیە کە کۆچبەران بە دەستى دەهێنن، کاریگەرى کۆمەڵایەتى کۆچیان لەسەر کەمبکاتەوە و لە خۆیان بگرێت، هاوکات دەستبار و هاوکاریان بێت لە وەرگرتنى پۆست و پلەو پایە و خزمەتگوزاریە گشتیکاندا.
بۆ ئەوەى کۆچ بزوێنەرێکى بە هێزى گەشەکردن بێت ئالیکارى نێونەتەوەیى پێویستە، لە پێناو چارەسەرى و بێ هیوایی و کەم دەرامەتییدا شایەد هاوکارى دوو لایەنە تەواوکارى لە نێوان توانستى کۆچبەران و کۆمەڵگا بە ئامانجکراوەکاندا دروستبکات، هەروەها بەمەبەستى دابینکردنى تێچوونى پێویست کارەکە ئاتاجى بە کۆششى هەموو لایەکە، دەبێت گوێ بۆ هەموو ئەو دەنگانە شل بکرێت لە بارەى کۆچەوە گتووبێژ دەکەن، ئەرکەکە وڵاتانى تازە گەشە سەندوو، کەرتى تایبەت، خاوەن بەرژەوەندێکان، کۆچبەران و پەناخوازانیش لە خۆ دەگرێت.
“ئەنجام”
زیاد لە سەد ساڵە کورد ڕووى لە پایتەختى وڵاتانى دراوسێ و دورتر کردووە، لە کوردستانى باشووردا لە حەفتا و هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا کۆچ بووە بە دیاردەیەکى بەرچاو، لە نەوەدەکان و سەرەتایی سەدەیی تازەدا کۆچى بە کۆمەڵ ڕوو لە وڵاتانى ئەوروپاو دنیاى دەرەوە بەردەوامە، ئەم کۆچە هۆکارێک بووە بۆ زیندبوونەوە و گەشەى ناسیۆنالیزمى کورد لە ئاوارەیی، دیاسپۆرا دەکرێت وەک هۆکارى نەتەوەیى و ئابوورى کەڵکى لێوەربگیرێت، چونکە سەربارى خوڵقاندن و دروستکردنى جۆرەها توانا و لێهاتووى لە ناو ڕەهەندى کوردى لەو ولاتانەدا ئـیستا نەوەى دووەمى و سێیەمى کوردیش کە باب و باپیرانیان کرێکارى کۆچبەربوون پێگەیشتوون، ئەگەر حکوومەت پلانى ستراتیژو دوور مەودا لەو بوارەدا دابرێژێت دەکرێت وەک ڕەهەندێکى مەعریفى ئابوورى کەڵکیان لێوەربگیرێت لە ناوچەکەدا دەکرێ وڵاتانى میسرو تورکیا لە بەرچاو بگیرێت و کەلک و سوود لە ئەزموونیان لە بورەکەدا وەرگیرێت. ئەو تواناو لێهاتوویانە هۆکارێکبن بۆ گەشەو خۆشگوزەرانى کۆمەڵگاى کوردەوارى.
سەرچاوە:
- ناسیۆنالیزم و سەفەر، مەریوان وریا قانع سلێمانى ساڵى ٢٠٠٥ چاپخانەى ڕەنج
- ماڵپەڕى بانکى نێو دەوڵەتى