زۆرجار بەهەرای میدیا و سۆشیال میدیا حەقیقەتی مەسەلەکانمان لێ تێکدەدەن و زۆر باس و خواسی گرنگ و جەوهەری دەشێۆێنن و بارودۆخەکە ئەدەن بەسەریەکدا لە ئەسڵی مەسەلە دوورمان دەخەنەوە.
کاتێک کەسێک بەبێ ئەوەی رێکخراوێک لەپشتی بێت یاخود سەر بە هێزێکی ئایدۆلۆژی رێکخراوبێت دەگاتە قەناعەت زۆر بە مێشکێکی ساردەوە کەسێک سەرببڕێت یاخود دەیداتە بەر رێژنەی گوللە و دەیکوژێت پاشان زۆر بە ئاسودەیی بڵێت ئەوە بەجێهێنانی ئەرکێکی یاسایی بیرو باوەڕی خۆمە.
ئایا ئەم بابەتە دەچێتە چ بابێکەوە؟
ئەم مەسەلانە ناچنە چوارچێوەی ئەقڵێتی توندڕەویەک کە دەرئەنجامی تێگەیاندنی فیکری وسیاسی بێت، هەروەها ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە ئەو کەسە سەلەفییە یاخود ئیسلامییە یان سۆفییە یان ئەشعەرییە یاخود شیعەیە؟
ئەمە پەیوەندی بەرەگه قوڵەکەی ئەقیدەوە هەیە کە هەموو تیرە وتایفە و فیرەق ومەزهەبە ئیسلامییەکان تیایدا یەک ئەقیدەیان هەیە تیایدا، هەموویان چ ئەوانەی کووشتنەکە جێبەجێ دەکەن، چ ئەوانەش دەستخوشی لێدەکەن، چ ئەوانەش بێدەنگن، بەڵام لەناخەوە پێی ڕازین، ئەم کوشتنە بەحەق دەزانن، چونکە کەسی کوژراو هێڵە سورەکەی بەزاندووە هەموو مەزهەب و رێگا ورچە ئیسلامییەکان شتێکیان هەیە کە ئەولەویەتی هەیە لە فێربونداو یەکەم کتێبی خوێندنی ئاینیشە لای سۆفی و سەلەفی و ئەشعەری و وەهابی …هتد ئەویش بابەتی عەقیدەیە، پێدەچێت سەلەفی ئەقیدەی (الواسطية) بخوێنن یاخود مەزهەبیەکان ئەقیدەی (طحاوی) بخۆێنن یاخو کتێبی (شرح العقائد النسفیة) یان وەهابی (کتاب التوحید)ی محمد کوڕی عبدالوهاب بخوێنن، چەندینی تر، هەموو ئەمانە لە زۆربەی مەسەلەکاندا یەک رەگوریشەیان هەیە، بەتایبەتی لە مەسەلەی خواو و قورئان و پێغەمبەر، هەموو ئەمانە دەڵێن قسەووتن وجنێو دان بەزاتی ئیلاهی و قورئان و پێغەمبەر و خلفای راشیدین و سوکایەتی پێکردنیان کەسەکە دەخاته نێو کوفرەوە، ئەڵبەتە ئەمە هەروا بە سانایی نییە لەم کتێبانەدا، بەڵکو مەسەلەیەکی دوور و درێژە و هێنان و بردنێکی زۆری بەڵگەیە، ئەوکەسەش دەچێتەنێو کوفرەوە کە قسەکەی کردووە بە ئەنقەست بوو و عەمدەن قسەی کردووە یان بە نەزانی و تێنەگەیشتن، بەبیروباوەڕ کرودویەتی یاخود هەروا بە گاڵتەکردن، ئەمەش جێگای مشتو مڕێکی زۆرە لە نێو کتێبەکانی ئەقیدەدا، بەڵام لە نەتیجەدا دەیخاتە نێوکوفرەوە، بۆیە دەبێت بهێنرێتە بەردەم قازی بۆ تۆبەکری (استتابە)ئەگەر تۆبەی کرد بەرەڵا دەکرێت، وە ئیلالا ئیقامەی حددی لەسەر دەکرێت بەپێی نەوعی تاوانەکەی، ئەوەش تەفسیلاتێکی زۆرە ونیزامێکی تایبەت هەیە لەحوکمی شەرعیدا پپێدەوترێت (التعازیر)که قازی تیایدا دەستکراوەیە لە سزاداندا.
دواتر مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی ئایا کاتێک (حرمات اللە) لەبواری ئەقیدە ئینتیهاک دەکرێت ئایا کەسی ئاسایی موسڵمان دەتوانێت خودی تاک بەبێ گەڕانەوە بۆ قازی ئیقامەی حەدد بکات و سزای تاوانکارە بدات وئیقامەی حەدی لەسەربکات؟ ئەمەش جێگای مشتومڕە، بەڵام بەشێکی زۆر لەزانایان کۆکن لەسەر ئەوەی هەرکەسێک ئێنتهاکی حورومات بکات لە بواری ئەقیدەدا و بەردەوام بێت لەسەری وتەوبە نەکات خوێنی حەڵاڵە(دمە هدر) پێویست بەوە ناکات ببرێتە بەردەم قازی، بەشێکیش دەڵێن دەبێت ببرێتە بەردەم قازی شەرع و ئیستیتابەی پێ بکرێت ئەگەر تەوبەیکرد باشە وەئیللا ئیقامەی حددی لەسەر دەکرێت.
لە ئێستادا بەهۆی زۆربونی موفتی هەوایی لە سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە تەرویج بەوە دەدەن و فتوا دەدەن و دەڵێن لەبەر ئەوەی حوکمی شەرعی غائیبە و ئیمامەت نەماوە هەموو کەسێک لەلایەن خۆیەوە دەبێت ئیقامەی شەرعی خوا بکات. ئەڵبەتە لە ئێستادا جەماعاتی سەلەفی جیهادی لەسەر ئەم بۆچونەن و تەنزیرێکی زۆری بۆدەکەن. ئەمەش بەو مانایە نییە مەزهەب و فیرقە ئیسلامییەکانیتر پێی رازی نین، بەڵکو سوکایەتی بە ئەقیدە بوار ناهێڵێتەوە بۆ تەئویل وتەفسیر.
بۆیە ئەوەی هەندێک لە نووسەر و رووناکبیری ئیسلامی باسی دەکەن کاتێک ئەم جۆرە رووداوانە روودەدەن و دەڵێن ئەمە دوورە لە بیروباوەڕی ئیسلامەوەو ئازادی بیروڕا لە ئیسلامدا هەیە وئەم جۆرە رەفتارانە نامۆیە بە ئیسلام جێگای تێبنییە!، بەڵێ ئەم قسەیە بۆ بواری غەیری ئەقیدە راستە، ئەمما لە بواری ئەقیدەدا رێگەپێدراو نییە، چونکە زانایان لە بواری ئەقیەدەدا تاکی موسڵمانیان دەستکراوە کردوە بەرگری لە ئەقیدەکەی بکات، لەبواری ئەقیدەدا تەئویلی نوسەرە رۆشنگەرەئیسلامیەکان لەجێی خۆیاندا نییە ئەوان دەیانەوێت ئیسلام لەگەڵ جاڕنامەکانی مافی مرۆڤدا بگونجێنن، بەڵام ئەگەر سەرێک بکەنەوە بە کتێبەکانی ئەقیدەدا پێچەوانەکەی دەبینن. بۆیە ئەم بابەتانە چووەتە چوارچێوەی ئەقیدە کاتێک کەسێک رەفتارێک دەنوێنێت پێویستی بە فەتوا نییە لە هەموو مەزهەبەکاندا، سەدان نووسەر و چالاکوان بەبێ فەتوا پەلاماردراوە وکوژراوە و سەربڕدراوە هەر لە نجیب مەحفوزی رۆماننووس تاوەکو فەرەج فودە وحامد ابو نەسر و سەلمان روشدی ….هتد.
ئێستا لەجیهانی ئیسلامیدا تاکی دیندار بەبێ ئەوەی سەر بەرێکخراوێکی دیاریکراو بێت بووە بە کەسێکی جیهادی و ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات بۆیە ئەمە مەترسیدارترین دیاردەیە لە گەشەی فیکری جیهادیدا کە پێیدەوترێت (گورگی تەنها-الذئاب المنفردة) بۆیە ئەم مەسەلانە دەچنە چوارچێوەی مقدسات و بە دەستور و یاساکانیش لە هەموو ووڵاتانی جیهانی ئیسلامی پارێزراوە بەتایبەتی لە دەستوری ئێراق و یاساکانیدا بەتایبەتی یاسای سزادانی ئێراقی.
کاتێک مەلا بەختیار دەڵێت (خوا و پێغەمبەر و قورئان خەتی سورە)دەزانێت لەکوێوە قسە دەکات، چونکە ئەو ئەزمونێکی فراوان و زۆری هەیە لەگەڵ مەسەلە ئاینییەکان و بابەتە ئیسلامییەکان، دەزانێت قسەکردن و قسەووتن بەو سێ موقەدەسە یاریکردنە بە ئاگر، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک بەناو نووسەر و چالاکوان و رۆشنبیر کە خۆیان هیچ کێشەیەکی داراییان نییە و لەلایەن چەندین دام و دەزگاوە پارێرگارییان لێدەکەن منداڵی خەڵکی هەژار هاندەدەن بەناوی ئازادی و بوێری بۆ ئەوەی قسە لەسەر موقەدەسات بکات، دواتر دەبن بەقوربانی دەستی گورگە تەنهاکان، ئەوانیش خۆیان لەبەردەم رێکخراوە جیهانیەکان دەکەن بە پاڵەوان و فەنتی لەسەر وەردەگرن.
سەرەڕای ئەمانەش پێویستە کار لەسەر ئەو رۆشنبیریە یاساییە بکرێت ئەگەر کەسانێک قسە لەسەر موقەدەساتی ئایینی خەڵک بکەن دەبێت لەرێگای دادگاکانەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام چەندین خەڵکی دیندار هەیە چاوەڕێی دادگا ناکات یان هەر بڕوای پێناکات، هەرخۆی قازی و موفتییە و هەر خۆیشی حوكمەکە جێبەجێ دەکات. لەکۆتاییدا چەندین خواناس دەبێت بە قوربانی. ئەمە بۆ ئاینەکانیتریش هەر راستە.