“بەشی یەکەم: سەرەتای کۆتایێکی نوێ”
بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بودجەی ٢٠٢٣ی ئێراق تەرخانکراوە بۆ ساڵێک، نزیکەی ١٩٩ تریلیۆن دینارە و ١٦ تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە. پەسندکردنى پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى لەدواى ئەوە هات کە لە شەوى ١١ـی حوزەیرانەوە تاوەکو بەرەبەیانی ١٢ـى حوزەیران ئەو ماددانەى کە مابوون و چوار رۆژ بوو گفتوگۆیان لەسەر دەکرا دەنگیان لەسەردرا و پەسندکران، هاوکات چەند ماددەیەکى تریش بۆ پڕۆژە یاسای بودجە زیادکران. ئەمە یەکەم جارە لەدواى ساڵى ٢٠٢١ـەوە پەرلەمانى ئێراق بودجەى گشتى پەسهند دەکات. لە دواتردا پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى ڕەوانەى سەرۆککۆمار دەکرێت بە مەبەستى پەسندکردنى و ناردنى بۆ رۆژنامەى وەقائیعى ئێراقى بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بۆ یەکەمجارە لە یاساى بودجەى گشتیی ئێراقدا ئەوە بچەسپێندرێت کە رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى ئێراق “سۆمۆ” بکرێت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنەرى نەوتى هەرێمى کوردستان بکەوێتە ئەستۆى حکومەتى فیدراڵى.
“پیلانی لاوازکردنی پێگەی هەرێم”
بودجەی ٢٠٢٣ی ئێراق لەپاڵ ڕەهەندی ئابووری و دارایی، چەندین لایەنی سیاسی، بەڕێوەبردن و کارگێڕی هەروەها ئاسایشی لەخۆگرتووە. چاوەڕوان دەکرێت لە لایەنی وزەی سرووشتییەوە دابەشبوونی هەرێمی لێ بکەوێتەوە، لە داڕشتنی بڕگەکانی پڕۆژە یاسای بودجەدا ڕاوێژکارە ئێرانییەکان کاریگەری زۆریان هەبوو، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ئێرانییەکان زۆر بە ستراتیجی و بەرنامە لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی توانیویانە هەژموونی خۆیان بەسەر ئێراقدا بسەپێنن. ئەمجارە لە ڕێگەی پڕۆژە یاسای بودجەوە کاریان بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان کرد، کە هەمیشە هەندێک لایەنی نێوخۆیی پاڵپشتی جێبەکردنی ئەو جۆرە پیلانانەن بۆ پەرتەوازەکردن و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، کە هەموو ئەمانەش مەبەستی ئاشکرایە بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان.
تێپەڕاندنی بڕگەکانی بودجە بەو شێوەیە نەبوون كە حکومەتی هەرێم پلانی بۆ داڕشتبوون، لە زۆر بواردا بەغدا و لایەنە شیعەكان مەرجەكەنیان بەسەر ھەرێمدا چەسپاند، تەنانەت هەندێک مەرج لەنێو بڕگەکانی بودجەدا ھەن کە دەکرێت لە هەر كاتێكدا بێت دژی ھەرێم بەكاربھێندرێن. لێرەدا ئەوەی زۆر جێگای مەترسییە خاڵەكانی تری ڕێككەوتنی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە کە لایەنە شیعەكان بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ ھەرێمدا بكەن، ھەرچەندە ئاشکرایە لایەنە شيعەكان پابەندی ھیچ رێككەوتنێكی زارەکی یان نووسراو نابن و ڕێككەوتنەكان وەکو کەرستەیەک بۆ بەھێزكردنی پێگەکانیان و لاوازکردنی بەرامبەرەکانیان بەکاردەهێنن. ئەوەی جێگای داخە لە دانوستاندنەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، بەرپرسان بە بەڵێن و ڕێککەوتنەکانیان ھەڵدەخەڵەتێن کە ئەمەش لە کاتێکدایە ئەوان پابەندی هیچ بەڵێن و ڕێککەوتنێک نابن. ئەوەی لە ماوەی پرۆسەی پەسەندكردنی بودجە بەدیکرا ئەوەیە، کە ئەوان زۆر بە بەرنامە كار بۆ لێدان لە كیانی ھەرێم، تەنانەت ھەڵوەشاندنی قەوارەی سیاسی ھەرێم دەکەن.
پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵەی ئێراق ئەوەی نیشاندا، کە بە پیلانی لاوازکردنی پێگەی هەرێم لە ڕێگەی مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکان و نەگەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان شتێکی نوێ نییە، بەڵکو لە ڕابردوودا لە لایەن چەند لایەنێکی نێوخۆیی بە پاڵپشتی هێزە دەرەکی و هەرێمییەکان پیلانی بۆ داڕێژراوە. ئاشکرایە کە ئەو لایەنانەی لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕادەستکردنی ٥١٪ی خاکی هەرێم بوون، هەمان ئەو لایەنان کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەن شۆڤینییەکان لە بەغدا کردووە بۆ ئەوەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پارێزگایەکانی هەرێم بکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ سەروەری هەرێم و حکومەتەکەی. پیلانی لاوازکردنی هەرێم لە ڕێگەی مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکان لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە لایەن عەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو خرایەڕوو، کە بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی لە ١٧٪ەوە کەم کردووە بۆ ١٢.٦٧٪، هەروەها پیلانیان وابوو کە بۆ ناردنی بەشە بودجە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکاندا بکەن نەوەک حکومەتی هەرێم. ئاشکرایە کە ئەو پیلانە لە لایەن هەمان ئەو لایەنانە لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پێشنیارکراوە، کە لە بەرامبەر ڕادەستکردنی ٥١٪ی خاکی هەرێم، بەغدا بەشە بودجەی هەرێم لە ڕێگەی مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکان دەنێرێت.
“سەرەتای کۆتایێکی نوێ”
بەداخەوە لەلایەنی یاری سیاسی و دیبلۆماسییەوە ھەرێم پلان و بەرنامەی ستراتیجی و چاکی نییە. دەبێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد ھەرێم ھێڵە سوورەكانی دیاربكات كە بە ھیچ شێوهیەك كەس بۆی نەبێت بیانبەزێنێت یانیش سازشیان لەسەربكات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەبێت پلان و بەرنامەی ئەی، بی و سی (A, B and C) ھەبێت، بەتایبەت لە كاتێكدا لایەنە شیعییەكان کاریگەریان بەسەر ڕێككەوتنەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتەکەی سوودانیدا ھەبێت. ھەرێم پلانی ستراتیجی و وردی كراوەی نەبوو بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات. ھەموو ئەو بڕگانەی دواتر لە دۆخی لەناکاو بەپەلە نووسران. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، کە ھەرێم بۆ داڕشتنی ھەر بڕگەیەك پێویستە چاوەڕێی دوو یان سێ سیناریۆ ببێت، کە پێویستە دەکات هەمیشە ئەگەری گۆڕانکاری لەو بڕگانە پڕۆژەی یاسای بودجە بە کراوەیی بهێڵێتەوە بۆ ئامادەسازی بۆ هەر جۆرە دۆخێک کە دەبنە هۆکاری زیان پێگەیاندن بە بەرژەوەندییە نیشتمانی و گشتییەکانی هاونیشتمانییان هەرێم. ئەوكاتە ھەرێم دەتوانێت پلانی بی و سی (B and C) بۆ هەر بڕگەیەک هەبێت، بۆ ئەوەی لە ئەگەری ھەر گۆڕانكارییەک نەكەوێتە شڵەژان و دواتر ھەندێك شت بەسەریاندا تێبپەڕن، کە بەداخەوە هەموو ئەمانە لە نێردە کوردییەکان بۆ وتووێژ لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانی لە بەغداد نەبیندران.
ھەندێک لە لایەنەکان، بەتایبەتی یەكێتی ڕۆڵێكی خراپی ھەبووە لەوەی لایەنە شیعییەكان ھان بدات بۆ دژایەتی كردنی مافە دەستوورییەكانی ھەرێم و ھەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا. لەم ڕووەوە سیاسەتەکانی یەکێتی تەواو دژ بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەرێم بووە، بەتایبەتی ڕێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ “عەسایبی ئەھلی حەق” و چەند لایەنێکی تری شۆڤێنی بووە ھۆی لەناوبردنی ڕێككەوتنەکەی نێوان هەرێم و حکومەتەکەی سوودانی. ھەر لە سەرەتای یاریەکەدا ئاشکرا بوو لە بەرامبەر سازشکردنی یەكێتی لە سەر زۆر پرس و مافی پەیوەست بە ھەرێم، بەڵێنیان بە یەكێتی دابوو لە پرسی مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سلێمانی و تێپەڕاندنی بودجە یارمەتیان دەدەن و ئەو بڕگەیە لەسەر داخوازی یەکێتی دەچەسپێنن. زۆربەی بەندەكانی ڕێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا گۆڕانكاری بنەڕەتی بەسەردا ھات و ئەندامەكانی یەكێتی واژۆیان لەسەر كرد لەوانەش پرسی دابڕینی کێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی كەركوك و موسڵ، پرسی دەروازە سنوورییەكان، نەوتی ھەرێم لە نێوخۆ بەكاربھێندرێت، هەروەها پرسی دەرھێنانی هەژماری بانكی لە دەستی ھەرێم. گومانی تێدا نییە ئەگەر ئەو خاڵانە لە بودجەدا پەسەند كرابان ئیتر شتێك نەدەما بەناوی ھەرێم، بەڵام پێداگیری زۆری پارتی و ھەندێك لە فراكسیۆنی تری كوردی تواندرا بەشێك لەو خاڵانە لاببردرێن، لەگەڵ ئەوەشدا گومانی تێدا نییە ئەو پیلانەی یەكێتی و عەسایبی ئەهلی حەق بە پاڵپشتی ئێران وایكرد ڕێككەوتنەكەی نێوان ھەرێم و بەغداد گۆڕانكاری بەسەردا بکرێت.
شایەنی باسە وەك ئاماژەیەك بە لاوازكردنی پێگەی ھەرێم لایەنی شيعییەكان بەتایبەت ھاوپەیمانەكانی یەكێتی لە گرووپە میلیشیاكان لە ڕاگەیاندنەکانی ‘عەھد’ بە مانشێتێکی گەورە ئاماژەی بەوە کردووە، كە ئەو بودجەیە سەرەتایەكە بۆ كۆتاییھێنان بە ئارەزوو و خواستەكانی کوردستان (الإطار الشيعي يمرر الموازنة الثلاثية… انتصار لحقوق العراقيين و “نهاية” لأطماع كردستان)
“ماددەی ١٣ و ١٤ی بودجەی سێ ساڵە”
ئەو دوو ماددەیەی، کە زۆر جێگای مشتومڕ بوون لە پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵی ئێراق، کە پەیوەست بوون بە هەرێم و ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغداد، هەر دوو ماددەی ١٣ و ١٤ بوون، لێرەدا ئاماژە بە هەردوو ماددە و بڕگە و خاڵەکانیان دەکەین.
ماددەی ١٣
ماددەی ١٣ لە پرۆژە یاسای بودجە، کە تایبەتە بە هەرێم لە دوای گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیە پەسندکرا:-
بڕگەی یەکەم
پاکتاوی حساباتی ساڵەکانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٢ لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم.
بڕگەی دووەم
ا. حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە هەناردەکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆ یانیش بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی، داهاتەکەشی وەکو داهاتی کۆتایی گەنجینەی فیدراڵی تۆمار دەکرێت.
ب. حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە ناردنی داهاتی وزە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی.
ج. حکومەتی ناوەند پابەندبێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
د. حکومەتی هەرێم پابەندبێت بە گەڕاندنەوەی قەرزەکانی بانکی بازرگانی ئێراقی بە قیستی مانگانە، کە لە لای بانکە حکومی و تایبەتەکانەوە هەیە بە قیستی مانگانە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە لەم ساڵەوە بۆ ماوەی حەوت ساڵ.
لە ماددەی ١٣ی بودجە ‘بڕگەی دووەم، خاڵی ا’ خاڵێکی هەرە مەترسیدارە، کە بەسەر لایەنە کوردییەکان تێپەڕیوە، کە مەترسی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بودجە و سەرچاوەکانی وزە و داهاتی هەرێم.
لە مادەی ١٣ی ‘بڕگەی دووەم، خاڵی ا’ هاتووە کە دەبێ هەرێم ڕۆژانە ‘٤٠٠ هەزار بەرمیل’ نەوتی بەرهەم هێندراوی ئەو کێڵگە نەوتیانەی کە دەکەونە سەرسنووری ناوخۆیی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکات بە مەبەستی هەناردە و فرۆشتنی یانیش ڕادەستی وەزارەتی نەوتی ئێراقی بکات بەمەبەستی ساغ کردنەوەی لە ناوخۆدا.
مەترسییە گەورەکە ئەوەیە، کە لە مادەی ١٣ ‘بڕگەی دووەم، خاڵی ا’ هاتووە: دەبێت نەوتە ڕادەستکراوەکەی هەرێم ڕۆژانە کەمتر نەبێت لە ‘٤٠٠ هەزار بەرمیل’ و دەبێت ئەو ڕێژە نەوتە لە سەرسنووری کێڵگە نەوتییەکانی ناوخۆیی هەرێم بێت، بەم شێوەیە کێڵگە نەوتیەکانی ‘موسڵ و کەرکوک’ ناگرێتەوە کە ئێستا لەدەست هەرێمن، وەک کێڵگەکانی خورمەڵە، کۆرمۆر، سەفیە، عەین زالە و بەعشیقە، چونکە لە دەرەوەی سنووری هەرێمن هەروەها لە ژێر دەستی ‘کۆمپانیای نەوتی باکوور’ن.
لە ڕابردوودا ئەم پرسە لە ‘مادەی ١٤ی بڕگەی دەیەم-ی هەموارکراوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراق بوو، هەرچەندە ئەو بڕگەیە لادرا بەڵام بەهۆی ناکۆکی ناوخۆی لایەنەکانی هەرێمەوە بە بڕگەکانی پارێزگایە ناڕازییەکان و بڕگەکانی پەیوەست بە گەڕاندنەوەی پاشەکەوت لایەنە شۆڤینییەکان لە بەغدا هەمان پرسیان لە مادەی ١٣ ‘بڕگەی دووەم، خاڵی ١’ جێگیرکرد.
لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو مادەیە وەک خۆی لە لایەن حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوت و داراییەوە مەترسی گەورە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم دروست دەبێت، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت، چونکە لە بودجە لە هەمان مادەی ١٣ بڕگەی دووەم، خاڵی ها’ هاتووە کە لە دوای جێبەجێکردنی ئەم خاڵە و خاڵەکانی سەرەوە وەزارەتی دارایی ئێراق پابەند دەبێت کە بودجەی هەرێم بنێرێت. ئەگەریش پابەندی دەقەکە ببێت یان ئێراق بیەوێت بڕگەکە بە تووندی جێبەجێ بکات وەک خۆی، ئەوا هەرێم ناتوانێت کێڵگەکانی وزەی دەرەوەی سنووری خۆی بەکاربهێنێت و بە تەواوی سەرچاوەکانی وزەی نەوت و غاز، هەروەها کارەباش لەدەستدەدات و دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی بەغدا.
ماددەی ١٤
ماددەی ١٤ لە پرۆژە یاسای بودجە، لە دوای گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیە پەسندکرا:-
بڕگەی یەکەم
ا. داهاتی نەوتی هەناردەکراو بۆ دەرەوە و فرۆشراو لەنێوخۆدا، ئەوانەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێن، لە یەک هەژماری بانکی کە وەزارەتی دارایی ئێراق لە بانکى ناوەندى دەیکاتەوە، هەڵدەگیرێن، کە لە هەناردە یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانەوە بەدەستدێن بەبێ هیچ لێبڕینێک، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەکان دادەخرێن.
ب. وەزارەتى دارایی ئێراق شایستە داراییەکانی حکومەتى هەرێمى کوردستان بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەدات و لە هەژماری بانکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بانکێکى باوەڕپێکراوەوە لەلایەن بانکى ناوەندى ئێراقەوە دەکرێتەوە، سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان یان ئەو کەسەى کە سەرپشکی دەکات، دەسەڵاتى خەرجکردنى پارەکەى دەبێت کە لەژێر چاودێریى حکومەتى فیدراڵى و دیوانى چاودێریى دارایی ئێراق دەبێت.
بڕگەی دووەم
دیوانى چاودێریى دارایی و وەزارەتى نەوت بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی هەرێمى کوردستان وردبینى لە هەردوو هەژمارە بانکییەکەدا دەکەن و چاودێریی دەکەن، ئەگەر نەتوانرا ئەوە بکرێت، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى وردبینیى نێودەوڵەتى دەکرێت بەدەر لە ڕێنمایی و رێکارەکانی گرێبەستکردن بۆ چاودێریکردنی جووڵەی هەژمارەکە و مافی ئەوەى دەبێت وردەکاریى گواستنەوە و گرێبەستەکان و وردەکارییەکانی دیکەی پەیوەندیداری دەبێت، لەگەڵ شایستەى دارایی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستی دەرهێنان و گواستنەوە و هەناردەکانیان لەگەڵدا کراوە، وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان ژمێرەى مانگانە رادەستى دیوانى چاودێریى دارایی فیدراڵى بکات بۆ ئەوەى بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی ئێراقی بۆ ئەوەی بیخاتە نێو هەژمارەکانی دەوڵەتەوە.
بڕگەی سێیەم
هەردوو هەژماری ئاماژەبۆکراو لە بڕگەی یەکەم بەتەواوی هاتوو و دەرچووەکانییەوە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتیی وردبینیەوە وردبینینی دەکرێت، راپۆرتی خولی لەوبارەیەوەشەوە دەداتە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
بڕگەی چوارەم
خشتەى داتای دارایی نیوەساڵ و ساڵانە بە واژۆى وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردسان و چاودێریى هەژمارەکان (کۆمپانیای وردبینیی نێودەوڵەتی) پێشکێش دەکرێت و وێنەی دەدرێتە وەزارەتی دارایی ئێراق.
بڕگەی پێنجەم
لیژنەیەکى هاوبەش لە هەردوولا بۆ پێداچوونەوەی گشتگیر بە قۆناخەکانى رابردوو پێکدەهێنرێت، کە تایبەتن بە کەرتى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و پەیوەندیى نێوان وەزارەتى نەوت و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بۆ دەرچوون بە تێڕوانینێکى هاوتاى دەستوور کە مایەى جێبەجێکردن بێت بۆ ئەوەى قۆناخى رابردوو پاکتاو بکرێت.
بڕگەی شەشەم
بڕگەکانى یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەمى مادەى 14 جێبەجێ دەکرێت لە رۆژی دەرچوونی ئەم یاسایە تاوەکو ئەوکاتەى یاسای نەوت و گاز دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بڕگەی حەوتەم
لەکاتی هەر ناکۆکییەک لەنێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ماف و پابەندبوون و رێکارەکانی هاتوو لەم یاسایەدا، لیژنەکى هاوبەش لە نێوانیان پێکدەهێندرێت بۆ تاوتوێکردنى ئەو ناکۆکییانە و بەرزکردنەوەى راسپاردەکانی بۆ پەرلەمان لەماوەی 30 رۆژدا، بۆ ئەوەى بڕیارى پێویست لەبارەیەوە بدرێت.
بڕگەی هەشتەم
ا. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی لەپێشترێتی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە جێگیرکراوەکان لەم یاسایەدا
ب. بەپێچەوانەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییە، رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ‘خاڵی ١’ لەنێویاندا پارەدارکردن.
لەڕاستیدا یەكێتی ھەموو جۆرە سازشێکی لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانی و بەرژەوەندییە گشتییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێم کرد بۆ لایەنە شيعییەكان، تەنها بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بكریت، بەڵام لە “ماددەی ١٤، بڕگەی هەشتەم” بەو شێوەیە نەبوو كە یەكێتی ئارەزووی دەكرد، یەكێتی زۆر بەتایبەتی ھەوڵیدا ئەو بڕگەیە بەو شێوەیە بێت كە پارێزگایەکانی ھەرێم مافی ئەوەیان ھەیە ڕاستەوخۆی مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەن، بەڵام دووبارە لەمەدا سەركەوتوو نەبوون. لەبیرمان نەچێت ئەگەر مەبەستی یەكێتی تەنها ئەوە بووایە كە دەبێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بودجە دابەشبكرێت یان مووچەی فەرمانبەران بدرێت، ئەوا لە ‘بڕگەی حەوتەم، خاڵی ا’دا ئاماژە بەوە کراوە کە حكومەتی ھەرێم پابەند كراوە بەوەی پێشینەی خەرجکردنی بودجەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بێت، بەڵام یەكێتی لە ‘بڕگەی هەشتەم، خاڵی ب’ مەبەستێكی تری ھەبووە. چاوەڕوان دەکرێت، کە لە کاتی پرۆسەی دابەشکردنی بودجەشدا یەکێتی داوا لە حکومەتی سوودانی بکات بۆ ئەوەی مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکانی هەرێمدا بکات، بەلام جارێکی تریش سەختە ئەمە ڕووبدات.